کفری
کفری | |
---|---|
بە عەرەبی: کفری بە ئینگلیزی: Kifri | |
پۆتانەکان: 34°41′23″N 44°57′38″E / 34.68963°N 44.96057°Eپۆتانەکان: 34°41′23″N 44°57′38″E / 34.68963°N 44.96057°E | |
وڵات | عێراق |
ھەرێمی فێدراڵ | ھەرێمی کوردستان[١] |
پارێزگا | پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان |
قەزا | کفری |
ڕووبەر | |
• سەرجەم | ٧٫٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٫٩ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ٢٢٩ مەتر (٧٥١ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١١) | |
• سەرجەم | ٣٢٬٨٧٠ |
سەرناوی دانیشتوو | کفریی |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی(سۆرانی) و تورکمانی |
• ئایین | ئیسلام (موسوڵمان) و (سوننە و شیعە) و یارسان |
• ب پ م(٢٠١٧) | ٠٬٧٥٨[٢] بەرز · ٢٦مین |
ناوچەی کاتی | UTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی) |
• ھاوین (DST) | UTC+٤:٣٠ (ھاوین) |
تەلەفۆن | ٠٠٩٦٤ |
کفری شارێکی دێرینی کوردستانە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە، لەم شارەدا نەتەوەی کورد و تورکمان و عەرەب تێیدا دەژین کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن، کفری لە ڕووی ئاو و ھەواوە کەشێکی مام ناوەندی ھەیە بەڵام لە وەرزی ھاویندا ھەندێک گەرمە.
مێژوو
[دەستکاری]کفری شارێکی دێرینە و پێگەیەکی گرنگ و پڕبایەخی لە مێژووی گەرمیاندا ھەیە، کفری مەڵبەندێکی دێرینی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە بەڵام وەکو پێویست ئاوڕ لە مێژووەکەی نەدراوەتەوە، کەمترین کتێب بە شێوەی تێروتەسەل لەسەر شاری کفری و مێژووەکەی نوسراوەتەوە ئەوەی کە ھەبووە خۆی لە باسی کورت و بابەتە پەیوەستەکانی بە ناوچەکانی ترەوە دەنواند، تاکو کۆتای سەدەی بیست تەنھا دوو کتێب تەرخان کراوە کە باس لە تێکڕای بوارەکانی ژیان دەکات لە شاری کفریدا ئەویش کتێبەکانی (ابراھیم خان ثائر من کردستان- مکرم الطالبانی) و (شۆڕشی ئیبراھیم خانی دەلۆ ١٩٢٠-مستەفا نەریمان). کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژووی دیکە ھە یە کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی نوسراونەتەوە کە گرنگترینیان کتێبەکانی (د. کەمال مەزھەر ئەحمەد - گەشتی ڕیچ) کەلەساڵی ١٨٢٠ بەشاری کفریدا تێپەڕیووە. (طە باقر) و (فواد سفر) کە دوو مێژوونوسی دیاری عەرەبن سەردانی ناوچەکەیان کردووە و لە سەریان نوسیووە. باسی دانیشتووانی دەوروبەر و ناو شاری کفری و باسی تورکمانەکانی کفری و بەشێک لە ھۆزە کوردییەکانی ناوچەکە کە باس لە سێ ھۆزی سەرەکی لە ھۆزە کوردییەکانی کوردی ناوچەکە وەک (ھۆزی داودە – دەلۆ- زەنگەنە) ھەروەھا کفری (١٥٨) گوندی ھەبووە بە گوێرەی قاموس ئیعلامی عوسمانی چاپی ساڵی ١٨٩٨ لە لاپەڕەی ٢٩٦ باس لە سەرژمێری کفری دەکات کە ٤٠٠٠ کەس بووە.
کفری و گەشتیاران
[دەستکاری]- نیبوری گەشتیار کە ھاتووەتە کوردستان لە ساڵی (١٧٦٦ز) دا بە شاری کفریدا تێپەری کردووە ناوی (کفری) بە شێوەی (کرفە) ھێناوە.
- جیمس بکنغھام لە ١٢ تەممووزی ١٨١٦ ز بەکفریدا گوزەر بووە بابەتی لەسەر نوسیوە و وێنەیەکیشی بۆ کێشاوە.
- کلودیوس ڕیچ لە گەشتەکەیدا بەرەو سلێمانی لەرۆژی ٢٦ی نیسانی ١٨٢٠ ز دا بۆ کفری ھاتووە و ٣ ڕۆژ تێدا ماوەتەوە و زۆر بەوردی ناوچەکەی پشکنیوەو گوتویەتی کە شاری کفری دێرین لە باوەشی بەرزایییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوچەکەدا بووە.
- جیمس بیلی لە ساڵی ١٨٣٤ز وەک گەشتیارانی تر بەم ناوچەیەدا تێپەڕیووە و باسی ناوچەکەی کردووە.[٣]
شوێنەوار
[دەستکاری]ئەو شوێنەوارانەی کە تاکو ئێستا ماون کە لە شێوەی دەست کردن لە چاخ و سەردەمە جیاوازەکاندا دروست کراون وەک ئاسکی کفری و ئاشتۆکان و (تلیشان) و (دوازدە ئیمام) و (سەرقەڵا) و (گردەگۆزینە) و چەندان شوێنی تر لە ناوچەی کفری. لە نزیک شاری کفری ژمارەیەک کەلاوەی شوێنەواری فراوان ھەیە وەک (قەرە ئۆغڵان) کە پاشماوەی خانووەکان لە بەرد و گەچ و نەخش و نیگاری گەچ کاری دەبینرێت و بە دووری (٥)کم لە باکووری کفرییەوە گردێکی شوێنەوار ھەیە کە پێی دەگوترێت قەڵای کچان (قز قلعەسی). شارەکە لای خۆرھەڵاتییەوە، لەژێر ئەو زۆرگانەدا کە لەرۆخی چەمەکە بوون (دیوی لای خۆراوایان ھەڵوەریبوو) گردێکی بەرز و تەخت و زۆریان ھەیە، کە شێوەی چوارگۆشەی ھەبوو دیوی ناوەوەیان کوت و مت لەو ڕەنگە ڕەشە دەچوو کەلە (سلوقییە و بابل) دۆزرابوونەوە.
ناو و واتای شاری کفری
[دەستکاری]تاکو ئێستا بەتەواوی نەزانراوە ناوی شاری کفری لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو ناوەی بەباڵادا بڕاوە، وشەی کفری لە عەرەبیدا گەلێک مانا دەبەخشێت وەک (کفر ـ کفرا) داپۆشینی شتێک، (کفر ـ کفرانا) دژی ئیمان ھێنان بە خوا، (کفر) ئەرزیکی دوور لە خەڵکە، (الکفر) شەوەزەنگ، (کفر) لادێ. سەبارەت بە ناوی (کفری) ھەندێک بیروبوجون ھە یە:
- لە وشەی (کفر)ی عەرەبییەوە ھاتووە کە بەکوردی مانای دار (گەز) دەبەخشێت، چونکە کاتی خۆی ئەم جۆرە دارانە لە ناوچەکەدا زۆر بوون.
- کفر بەمانای قیر یان بەردە خەڵوز دێت کە لەدێر زەمانەوە کانزاکانیان لەدەور و پشتی کفریی ئێستادا دۆزراوەتەوە.
- و ڕایەک ھەیە کە وشەی کفری لە (قار – قیر – کار)ی سۆمەرییەوە وەرگیراوە، بەتێپەڕ بوونی کات لە سەردەمە جیاوازەکاندا ئاڵوگۆڕ بە سەر ئەو وشەدا ھاتووە.
لە دەقە بزمارییە ئەکەدییەکان و پاشتر بابلییەکان و ئاشورییەکاندا پێی وتراوە (کبرو) لە ئارامییەکاندا بە (کبرا) ھاتووە و لە عبرانییەکاندا بە (کوبیر)یان کوفیر ھاتووە. لە سەردەمی (سوڵتان عبدالحمید) حوکمراِنییەتی عوسمانیشدا ناوی کفری گۆڕی بۆ (سەلاحییە). ڕایەک ھەیە سەبارەت بەناوی کفری کە دەگەڕیتەوە بۆ وشەی (کفر) کە وشەیەکە لەزمانی تۆرانییەدا کە بەرامبەر بە (تەروو) لە زاروەی سۆرانی کوردیدا دێت. ئەوا ھەموو ئەو ناوو دەسنیشانکردنە مێژوویانەی لە ھەر سەردەمێکدا بەسەر ناوەکەیدا بڕاوە و تائێستاش ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا بۆخۆیان دەلالەت لەو یادەوەریانە دەکەن کەبەسەر شار و ناوچەکەدا ھاتوون وەک ناوە دێرینەکانی (کیماش، لاخیرۆ، کیرۆ، فرجیا).[٤]
ڕەسەنایەتی کورد بوونی شاری کفری
[دەستکاری]یەکێک لەو بەڵگە کۆنانەی کە ڕەسەنایەتی کوردبوونی شاری کفری دەسەلمێنێ شێوەی بینا کردنی چوار تاقی سەر گۆڕستانەکەی باوەشاسوارە کە بەشێوەی چوار تاقی پەرستگاکانی ئایینی یارسان/کاکەیی دروست کراون، زۆربەی بینا و خانووەکانی کفری کۆن بەشێوەی کەمەر (کەوانە)ی دروست کراون ئەم جۆرە بیناسازییە لە دێر زەمانەوە لە ناوچە کوردییەکاندا باو بووە.
جوگرافیا
[دەستکاری]کفری شارێکی بچووکە دەکەوێتە لای ڕۆژاوای لووتکەی باوەشاسواروە، درێژبوونەوەی ئەو زنجیرە چیایەیە کە لە کەرکووکەوە دەست پێ دەکات. کفری دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٥) پلەو ھێڵی درێژی (٤٥) پلە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی کەرکووک و ١٢٠ کم دوورە لێیەوە، باشوورەکەی جیا دەبێتەوە لە پارێزگای دیالە بەھۆی زنجیرە چیای حەمرین و ناحیەی قەرەتەپە دەکەوێتە ناو سنوورەکەیەوە کە بەکشتوکاڵ دەوڵەمەندە، لە باکوورەوە تاکو شارەدێی سەنگاو دەڕوات، لە باشوورەوە چیای حەمرینە، لە ڕۆژاواوە شارەدێی قادر کەرەم و ئاوە سپی جیای دەکاتەوە لە قەزای دووزخورماتوو. لە ڕۆژھەڵاتەوە زێی سیروان ڕووبەرەکەی (٥٢٧٥) کم٢ کفری کۆن لەشوێنی ئێستایدا نەبووە شوێنی یەکەمی شارەکە (ئاسکی کفری) گردێکی گەورە بوو کە(١٠–١٢)م لەسەر ڕووی زەوییەکەوە بەرز بوو؛ و (٨)کم لە شوێنی ئیستای کفری دوورە. تاکو ئێستا ئەو گردە ماوە و وەکو شوێن و ئاسەوارێکی مێژووی تەماشا دەکرێت، دوای خاپور بوونی کبرو یان کیماش شوێنی دووەمی شارەکە لە قەرە ئۆغڵان بنیات نرا کە کەوتووتە ڕۆژاوای شوێنە کۆنەکەیەوە. بوونی شاری کفری لە شوێنی ئێستایدا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دووسەد ساڵێک لەمەوپێش.[٥][٦][٧]
ناحیەکانی ئەم قەزایە
[دەستکاری]لە ماوەی ساڵانی (١٨٧٧ – ١٩٠٨) بریتی بووە لە ناحیەکانی
لە ماوەی ساڵانی (١٩٢٠ – ١٩٢٦) بریتی بووە لە ناحیەکانی
- دووز
- قەرەتەپە
- قەڵای شێروانە ئێستا بووە بە شاری کەلار.
ناحیەکانی ئێستا
گەڕەکەکانی شاری کفری
[دەستکاری]- ڕاپەرین
- ڕزگاری
- ئازادی
- ئازادی ٢
- ئیمام محمەد
- مامۆستایان
- باوەشاسوار
- شەھیدان
- گوندی ئەڵمانی
- [هەواری نوی]
- نەورۆز
٭ [شۆڕش] ٭ [لەتیف هەڵمەت] ٭ [ئەوبەری] ٭ [ئاشتی
ھۆزە سەرەکییەکانی کفری
[دەستکاری]ئەلبوومی وێنە
[دەستکاری]-
دەستپێکی شاری کفری، هێمایەک کە بەخێرهاتنی خەڵک دەکات.
-
ئاشی دێرینی کفری (ئاسیاوی قازی)
-
مۆزەخانەی کلتووریی کفری.
-
کۆشکی مەجید پاشای بابان
-
بەشێک لە قەیسەری ڕووخاوی کفری.
-
سەرای کفری
-
گۆڕستانی کفری
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «Kurdistan Regional Government». KRG. لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٩ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
- ^ «Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab». hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە.
- ^ http://kurdipedia.org/?q=20150921014425127062&lng=3
- ^ د. عەبدوڵڵا غەفوور. «پێڕستی گوندەکانی باشوور» (PDF) (بە کوردی).
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ http://wikimapia.org/
- ^ http://www.krso.net/ ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ جەمیل ڕۆژبەیانی. «وڵاتەکەت بناسە» (بە کوردی).
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ https://books.google.iq/books?
- Pages using the JsonConfig extension
- Pages using infobox settlement with bad settlement type
- Pages using Lang-xx templates
- Infobox mapframe without OSM relation ID on Wikidata
- گوندەکانی باشووری کوردستان
- کفری
- ناوەندەکانی قەزاکانی عێراق
- شوێنە ئاوەدانەکانی پارێزگای دیالە
- گوندەکانی سلێمانی
- شوێنە ئاوەدانەکانی پارێزگای سلێمانی
- نیشتەجێبوونی کوردەکان لە عێراق