ئەم وتارە ھەتیوە. بە زیادکردنی بەستەرێک لە وتارێکی پەیوەندیدارەوە یارمەتی بدە

قانوونی حامۆرابی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
بەشی ژوورینی کێلی قانوونی حامۆرابی

قانوونی حامۆرابی[١]، کۆمەڵە قانوونێکە لە لایەن حامۆڕابی شەشەمین پاشای زنجیرەی بابلی، لە سەر کێلە بەردێک، بە شێوەیەکی لوولەیی داتاشراوە، گێپەڕەکەی ٦٠ سمە، بەرزاییەکەی ٢٢٥ سمە و نووسینەکەی لە ٤٤ خانەدا جێگەی کراوەتەوە. سەرجەم مادەکانی قانوونەکە بە ٣٠٠ مادە خەمڵێنراوە، هەرچەندە هەندێکی ڕووشێندراوە یا کڕێنراوە، بەڵام هێشتا ٢٨٢ مادەی ماوە. لە بەشی سەرەوەی کێلەکەدا پەیکەری شاماش، خودای ڕۆژ، بە دانیشتوویی لە سەر تەخت هەڵکەنراوە و بە دەستی ڕاستی قانوونەکانی بە حامۆرابی دەسپێرێ و حامۆرابیش لە بەردەمیدا بە گوێڕایەڵی ڕاوەستاوە قانوونەکانی لێ وەردەگرێ. ئەم کۆمەڵە قانوونە، بە زمانی بابلی، بە هێڵی بزماری، بە هەڵکۆڵین لەسەر کێلی بەردی ڕەشی بازلت نووسراوە و لە ناوجەرگەی شاری بابلدا چەقێنراوە، بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێ بیبینێ و بیخوینێتەوە و ماف و ئەرکەکانی خۆی بزانێ.

بەسەرهات و دۆزینەوە[دەستکاری]

ئیلامییەکان لە سەردەمی شا "شتروک ناخونتی"دا هێرشیان کردۆتە سەر بابل(١١٧١ پ . ز)؛ یەکێک لەو شتانەی لەم هێرشەدا بە تاڵان بردوویانەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، ئەم کێلە بووە. هەندێ مادەیان لێ کوژاندۆتەوە، بەڵام دەسکاری ئەوی دیکەیان نەکردووە، ڕەنگە لە ترسی ئەو نەفرین و توکە بێ کە لە کۆتایی قانوونەکدا نووسراوە. کێلەکە ساڵانی(١٩٠٢-١٩٠١) لە لایەن تیمێکی فەڕەنسییەوە لە شووش لە وڵاتی ئێران دۆزراوەتەوە و هەر ئەوسا براوە بۆ فەڕەنسا. ئێستا کێلەکە لە مۆزەخانەی لووڤر لە پاریس دانراوە، کۆپییەکی بە گەچ دروستکراوی لە مۆزەخانەی بەغدادە.

هەندێک لە مادەکانی قانوونی حامۆرابی[دەستکاری]

مادەی ١: ئەگەر پیاوێک تۆمەتی کوشتن بداتە پاڵ پیاوێکی تر، بەڵام نەیتوانی بیسەلمێنێ، تۆمەت بە پاڵدەر دەکوژرێ. مادەی٢: ئەگەر پیاوێک تۆمەتی جادوگەریی دایە پاڵ پیاوێکی تر، بەڵام نەیتوانی بیسەلمێنێ، پیویستە ئەوەی تۆمەتی جادوگەریی دراوەتە پاڵ بچێتە سەر ڕووبار، خۆی بهاوێژێتە ناو ڕووبارەکەوە، ئەگەر ڕووبارەکە نوقمی کرد، ئەوەی تۆمەتی داوەتە پاڵی دەبێ دەست بە سەر داراییەکەیدا بگرێ. ئەگەر ڕووبارەکە سەلماندی کە ئەم پیاوە پاکە و بە ساغی لێی هاتە دەرەوە، ئەوەی تاوانی جادوگەریی بەپاڵ داوە دەکوژرێ. ئەوەی لە ڕووبارەکە بە ساغی هاتۆتە دەرەوە، دەبێ دەست بەسەر دارایی ئەوەی تۆمەتی بەپاڵ داوە، بگرێ.

مادەی ٣: ئەگەر پیاوێک سکاڵایەکی کرد و شایەتیەکی درۆی دا. ڕاستی قسەکەی بۆ نەسەلمێنرا، ئەگەر سکاڵاکەی سکاڵای ژیان بێ، ئەو پیاوە دەکوژرێ.

مادەی ٤: ئەگەر بۆ شایەتی(لە سکاڵایەکی درۆی تایبەت بە) دانەوێلە یان زیو، دەبێ ئۆباڵی سزای ئەو سکاڵایە هەڵبگرێ.

و ....

مادەی ٢٨٢: ئەگەر کۆیلەیەک بە خاوەنەکەی گوت تۆ گەورەی من نیت و سەلمێنرا کۆیلەی ئەوە، گەورەکەی دەتوانێ گوێی ببڕێ.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مستەفا، نەوشیروان (٢٠١٢)، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین؛ کتێبی یەکەم، چاپی یەکەم، دارالعربیە للعلوم الناشرون. ISBN 978-614-01-0519-5
  1. ^ ژیاری میزۆپۆتامیا چەند کۆمەڵە قانوونی بەرهەم هێناوە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا جێگەی تایبەتیان هەیە، لەوانە قانوونەکانی ئور نمو، ئیشتار، ئەشنونا، حامۆڕابی. هەندێ بەشی ئەو کۆمەڵە قانوونانە بە ناتەواوی و پچڕ پچڕی دۆزراونەتەوە. ئەو کۆمەڵە قانوونەی تا ڕادەیەکی باش بە ڕێکوپێکی و بە هەندێ ناتەواوییەوە دۆزراوەتەوە "کۆمەڵە قانوونەکانی حامۆرابی"یە.