فەنابوون (کتێب)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فەنابوون (کتێب)
سەرناوMortality
بابەتی سەرەکیژیاننامە
چەشنوتار
چاپەکانMortality
دانەرکریستۆفەر ھیچنز
بڵاوکەرەوەHachette Book Group، Atlantic Books
وڵاتی بنەڕەتویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمانئینگلیزی
ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە١ی ئەیلوولی ٢٠١٢
شوێنی گێڕانەوەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
کەسایەتییەکانکریستۆفەر ھیچنز

فەنابوون کتێبەکە لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن نووسەری ئەمریکی کریستۆفەر ھیچنزەوە بڵاوکراوەتەوە. لە حەوت وتار پێکھاتبوو کە لە باسی ململانێکەی دەکات لەگەڵ شێرپەنجەی گەروودا کە لە گەشتەکەی ساڵی ٢٠١٠ دا نەخۆشیەکەی بۆ دەرکەوتبوو[١] کە دواتر لە ۱٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دەبێتە ھۆی گیان لە دەستدانی.[٢] ئەو کۆمەڵە وتارە بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری Vanity Fair دا بڵاوکرابوونەوە. چاپی کتێبەکە بەشی ھەشتەمیش لەخۆ دەگرێت، بەشی ھەشتەم پێکھاتووە لە چەند پارچە بەستەرێک، پێشەکییەک لەلایەن سەرنووسەری گۆڤاری Vanity Fair (گرایدۆن کارتەر) وە کۆتایی کتێبەکە لەلایەن ھاوسەرەکەی ھیچنز (کارۆڵ بلوو).[٣]

تایبەتمەندییەکانی کتێبەکە[دەستکاری]

ھیچنز وەک سەرنووسەری گۆڤاری Vanity Fair دەستبەکاربوو لە ساڵی ١٩٩٢ ھەتا کاتی گیان لە دەستدانی.[٤] بەو ھۆیەوە ساڵانە نزیکەی ١٠ وتاری تەرخان دەکرد بۆ گۆڤارەکە لە چەندەھا بابەتی جۆراوجۆردا وەک سیاسەت و بەرەوپێش بردنی خۆیی و چەندەھا بواری تر تەنھا وەرزش نەبێت.[٥] بۆیە خۆی بە بەرپرسیار دەزانی کە داوای لێ کرا لەسەر نەخۆشیەکەی بنووسێت بۆ گۆڤارەکە و توانی حەوت وتار بۆ (Tumour ville) ڕەوانەبکات پێش ئەوەی نەخۆشیەکەی بەتەواوی بۆ کۆتا جار لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١ زاڵ بێت بەسەری دا لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا.[٢] ناوەڕۆکی وتارەکان دەربارەی ئەمانە بوون: ترسی لەدەست دانی توانای نووسین، ئەشکەنجە و نارەحەتی چارەسەری کیمیاوی شێرپەنجە و شیکارکردنی دەقەکانی نیچە دەربارەی "ئەوەی نەتکوژێت بەھێزترت دەکات" و "چێژی گفتووگۆکردنی و مانای تەواوەتی ژیان".[٦]

پێشوازیی ڕەخنەدار[دەستکاری]

وەڵامی کتێبی فەنابوون Mortality بەشێوەیکی زۆر ئەرێنی بوو لەلایەن ھاورێ و ھەوادارنی ھیچنزەوە کە ھەڵیان دەدا بەسەر کەسایەتی ھیچنز خۆی دا، بەسەر شێوازی ڕووبەروبوونەوەی مردنەکەی و شێوازی دەربڕینی ھەموو ئەمانە لەسەر لاپەڕەکانی کتێبەکە. لە ھەڵسەنگاندنێکی گەرموگوڕی کتێبی فەنابوون لە گۆڤاری The New York Times دا، کریستۆفەر بەکڵی باسی حەوت وتارەکەی ھیچنزی دەکرد بەوەی کە "وەک ئەڵماس پتەو و پرشنگدارە" و خاوەنی وشەسازییەکی نایابە. ھەروەھا دەنووسێت کە "خوێندنەوەی کتێبەکە بەو شێوە ئازای و بەجەرگییە لە کاتی نەخۆش کەوتنی ھیچنزدا خەمناکە کە ھیچ یەکێک لە ڕکابەرەکانی سەرکەوتوو نەبوون لەبەرامبەر ھیچنزدا تەنھا مەرگ نەبێت."[٧] کۆڵم تۆیبن لە گۆڤاری The Guardian لەسەر ئەزموونەکانی لەگەڵ ھیچنز دەنووسێت و پێی وایە کە "ھیچنز باشترین ھاوەڵ و ھاوڕێ بووە لە ھەموو دونیادا" و بەسەر کتێبی فەنابوون دا ھەڵی دەدا و دەنووسێت " لەم کتێبەدا ھیچنز ھەموو شتێک دەکات کە لە توانای دا بێت بۆ ئەوەی بە ڕۆشنبیری بمێنێتەوە، دەگەرێت و ئامادەیە کە سەربکەوێت بەسەر ھەموو نەیارەکانی دا کە لەم باروودۆخەدا دیارترینیان مەرگی کپ و بێ دەنگە."[٣]

لە گۆڤاری The Observer، بەھەمان شێوە ئەلێکساندەر لینکلاتەر بە کتێبەکی دا ھەڵدەدا و ئاماژەی دەکرد بە وتەکەی جۆن گرەی کە بە ھیچنز دەڵێت "یەکێک لە باشترین نووسەرەکانی پەخشانی ئینگلیزی"[٨] و لینکلاتەر تەنھا دێرێکی بۆ زیاد دەکات "تەنھا شتێک لەو دەستەواژەیە کە ڕاست نەبێت ئەوەیە کە ھیچنز بەداخەوە ئێستا لە ژیان دا نییە." ھەروەھا دەڵێت کە "کۆششی ڕاستی لە کتێبی فەنابوون دا مەرگ نییە. بەڵکو ھەوڵی ھیچنزە بۆ ئەوەی لانەدات لە فەلسەفە ژیربێژیە ماددیەکەی و ئەو ترسەیە کە خۆی لەدەست بدات بەھۆی ترس و ئازارەوە لە کۆتا سات دا بەوەی شتێکی بێ مێشکانە یان ئایینی بڵێت کە دەبووە ھۆی دڵخۆش کردن و ڕەزامەند کردنی نەیارەکانی. تێکۆشان و ھەوڵی ڕاستەقینەی بۆ ئەوە بوو لە کۆتا نووسینەکانی دا بەوردی وەک خۆی بمێنێتەوە تا ئەوپەڕی توانای سەرەڕای نەخۆشی و ئازارە جەستەیەکانی".[٩]

یەکێکی تر لە ھەڵسەنگاندنە ئەرێنییەکان لەلایەن ئەو گۆڤارەوە بوو کە یەکەمین جار ھیچنز دەستی کردبوو بە پیشەکەی، گۆڤاری The New Statesman. جۆرج ئیتۆن نووسیویەتی کە کۆتا بەرھەمی ھیچنز بریتی بووە لە کارێکی "نەمرانە و پەندێکی بەنرخ".[١٠]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Bowcott, Owen (1 July 2010) "Author Christopher Hitchens diagnosed with cancer" from The Guardian
  2. ^ ئ ا Grimes, William (16 December 2011) "Christopher Hitchens, Polemicist Who Slashed All, Freely, Dies at 62" in The New York Times
  3. ^ ئ ا Buckley, Christopher (30 August 2012) "Review of Mortality: Staying Power" in The New York Times
  4. ^ Christopher Hitchens contributor page at Vanity Fair: http://www.vanityfair.com/contributors/christopher-hitchens ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ Hitchens, Christopher (2012). Mortality. Atlantic Books Ltd. , p.103 ISBN 978-1-4555-0275-2
  6. ^ Hitchens, Christopher (2012). Mortality. Atlantic Books Ltd. ISBN 978-1-4555-0275-2
  7. ^ Tóibín, Colm (31 August 2012) "Mortality by Christopher Hitchens – review" in The Guardian
  8. ^ Gray, John (6 October 2011) "Review: Arguably by Christopher Hitchens" in The New Statesman
  9. ^ Linklater, Alexander (26 August 2012) "Mortality by Christopher Hitchens – review" in The Observer
  10. ^ Eaton, George (7 September 2012) "Mortality by Christopher Hitchens – review" ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. in The New Statesman