فەقی حوسێن ساغنیچ
فەقی حوسێن ساغنیچ (بە کوردیی ژۆروو: Feqi Hüseyin Sağnıç) ناسراو بە ئاپێ فەقی یان مامێ فەقی، ( ١٩٢٦ لە خیزان - ١٢ی ئاداری ٢٠٠٣) زمانەوان و نووسەری کوردی خەڵکی باکووری کوردستان بوو.
ژیان
[دەستکاری]فەقی حوسێن ساغنیچ لە ساڵی ١٩٢٦ لە شاری خیزان لە پارێزگای بدلیس سەر بە باکووری کوردستان لە دایک بوو. ماوەی منداڵیی بە کاری بەردتاشی و دارتاشی دەبردە سەر. لە ساڵی ١٩٣٨ چووە مەدرەسە و لە ئەنجامی وانە خوێندنەکەی بوو بە فەقی. ئەو خوێندن و نووساندن بە پێتی لاتین فێر بوو و ھەروەھا جگە لە زمانی زگماکیی زۆی کە کوردیی کرمانجی بوو، زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسییش دەزانی. لەو سەردەمە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان بە تەواوی قەدەخە بوو و فەقی ساغنیچ دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەی زانستی لە سەری زمانی کوردی.[١]
ساغنیچ بەدوای چەندین کەڕەت دەستبەسەرکران و دارودرەوش، لە ساڵی ١٩٨٤ بە دوا لە شاری ئەستەمبوڵ نیشتەجێ بوو و درێژە بە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی دا. لە ساڵانی سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ لە تورکیا قەدەخەبوونی مانی کوردی سڕاو و چالاکیی چاندی و وێشەیی کوردەکانی باکوور پەرەی گرت، و بنکەکانی مانی کوردی دامەزراو و چاپەمەنی و پەرتووک بە زمانی کوردی بڵاو کراو. فەقی ساغنیچیش وێڕای زانایانی دیکەی کورد لەوای مووسا عەنتەر، جەمشید بەندەر، ئیبراھیم گوربوز، ئیسماعیل بێشیکچی، یاشار کایا، عەبدولڕەحمان دوررە و سولەیمان ئیماموغلو لە ١٨ی نیسانی ١٩٩٢ لە شاری ئەستەمبوڵ ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵی دامەزراند و خۆی لەتێدا وانەی زمانی کوردی دەدا و ھاوکات دەستی کرد بە نووسینی وەتار سەبارەت بە زمانی کوردی لە گۆڤارەکانی جیاجیا و بە تایبەت گۆڤاری ڕەوشەن.[١]
مردن
[دەستکاری]فەقی ساغنیچ شەو و ڕۆژ سەرقاڵی لێکۆڵێنەوە و سەرنجدانەوە سەبارەت بە زمانی کوردی بوو و تا دواھەمین دەمی ژیانی سەرقاڵی کار کردن لە پێناوی وێشە و زمانی کوردی و چاندی کوردەکان بوو. لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٣ فەقی ساغنیچ کە خەریکی کاری لێکۆڵێنەوە لە سەر یەکێک لە بەرھەمەکانی بوو، سەکتەی مێشکی پێ ھات و لە حاڵی کار کردن چوو لەناوی کۆما و بە دوای ٤٤ ڕۆژ کووچی دوایی کرد. دواھەمین کتێبی دیرۆکا وێژەی کوردی بوو کە بەدوای مردنی گەیشت بۆ چاپ و نەیتوانی نوسخە چاپییەکەی بیبینێت.[١]
حەسەن کایا کە لەو کاتە بەرپرسی ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵ بوو، دەڵێت کە لە کاتێک کە فەقی ساغنیچ لە کۆمادا بوو، چووم بۆ سەری سەرینەکەی و پێ گۆتم کە دواھەمین کتێبەکەت لە چاپخانە لە ژێری چاپدایە، ئەو کاتە چاوەکانی نەختێک بزووت. بەدوای ئەوە پێ گوتم لە عێراق دەوڵەتێکی کوردی دامەزراوە، و بەڵێنت پێ دەدەم کە بەدوای ساغبوونەوەت پێکەوە بڕۆین بۆ ئەورە و سەبارەت بە کتێبەکەت وەتارێک بخوێنیتەوە.[١]
فەقی ساغنیچ بەدوای مردنی لە ناوچەی تاتوان لە پارێزگای بدلیس بە ئاخ سپیردراو.[١]
دەستبەسەر کردن
[دەستکاری]فەقی ساغنیچ بەھۆی لێکۆلینەوە زانستییەکانی لە سەر زمانی کوردی، چەندین کەڕەت لە لایەن حکۆمەتی تورکیا دەستبەسەر کراو. لە دەیەی ٦٠ەکان چەندین جار لە دەستی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەرچوو و ھەردەم لە ھەیواییندا بوو. لە ١٢ی ئاداری ١٩٧١ و ھەروەھا بەدوای کوودەتای ١٩٨٠ی ئەرتەشی تورکیا دەستبەسەر کراو. تاوانی کە لە دادگا نیسبەت پێ درا، کوردبوون بوو.[١]
مەدرەسەکان
[دەستکاری]فەقی ساغنیچ کە خۆی لە مەدرەسە وانەی خوێندبوو، گۆتووە کە کاری توێژینەوە لە سەر زمانی کوردی لە بەڵگەکانی دەستیپێکردووەتەوە کە لە مەدرەسەکانی دەورەی عوسمانی لە گوندەکان و باژارەکانی کوردنشین بە زمانی کوردی بە جی مابووەتەوە.[١]
بەرھەمەکان
[دەستکاری]- یووسڤ و زولەیخا، ١٩٩٨.
- چیرۆکێن کوردی، ١٩٩٩.
- پۆرترەکان، ٢٠٠٠.
- دیرۆکا وێژەیا کوردی، ٢٠٠٢.
خەڵاتی فەقی ساغنیچ
[دەستکاری]ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵ بە شانازیی فەقی ساغنیچ خەڵاتیکی وێژەیی بە ناوی خەڵاتی فەقی ساغنیچ پێشکەش دەکات.[١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح بیا نێت: فەقی حوسێن ساغنیچ، نووسینی ئیبراھیم گەنچ، نووسراو لە ١٢ی ئاداری ٢٠١٧؛ ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٧ی حوەیرانی ٢٠١٩.