بۆ ناوەڕۆک بازبدە

فیدراسیۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەخشەیەک کە فیدراسیۆنە فەرمییەکانی ئێستا پیشان دەدات

فیدراسیۆن یان یەکێتییبوون جۆرێکە لە حکوومەت کە دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی دەستووری لە نێوان حکوومەتێکی ناوەندی یان فیدراڵی و یەکە حکوومییە بچووکەکان (ھەرێمەکان، ویلایەتەکان) دابەش دەکرێن و ھەردوو ئاستی حکوومەت وابەستەی یەکترن و سەروەری لە وڵاتەکەدا ھاوبەشن. سەبارەت بە ھەرێم و ویلایەتەکان، ئەوان بە یەکەیەکی دەستووری دادەنرێت، ھەریەکەیان سیستەمی بنەڕەتی خۆیان ھەیە کە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری خۆیان دیاری دەکات. دۆخی خۆبەڕێوەبەری بۆ ھەرێمەکان، یان قەوارەکان یان ویلایەتەکان لە دەستووری دەوڵەتدا دیاری کراوە، بەجۆرێک کە بە بڕیارێکی تاکلایەنەی حکوومەتی ناوەندی نەتوانرێت بگۆڕدرێت.

فیدرالیزم لە ئاستی جیھانیدا بەربڵاوە و ھەشت وڵاتی جیھان بەپێی ڕووبەر بە شێوەیەکی فیدراڵی بەڕێوەدەبرێن. ئەو وڵاتانەی نزیکترینن لە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە فیدراڵییە لەسەر ئاستی عەرەبی بریتین لە کۆماری عێراق و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی جیھانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

فیدراسیۆن شێوازێکی حووکمڕانییە کە تایبەتمەندییەکانی ھەردوو دەوڵەتی فیدراڵی و دەوڵەتی یەکگرتووی (مەرکەزی) تێدایە. لە فیدراسیدا، لایەنی کەم یەکێک لە پێکھاتەکانی دەوڵەت خۆبەڕێوەبەرە (ئۆتۆنۆمە)، لەکاتێکدا بەشەکانی دیکە یان خۆبەڕێوەبەر نین یان بە بەراورد کەمتر خۆبەڕێوەبەرن. نموونەیەک بۆ ئەم جۆرە ڕێکخستنە وڵاتی فینلەندایە، کە تێدا «ئۆلاند»، کە پێگەی ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری ھەیە، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی زۆر زیاتری ھەیە بە بەراورد بە ھەرێمەکانی دیکە. ئەو بەشە پێکھێنەرەی کە خۆبەڕێوەبەرە چێژ لە ئاستێک لە سەربەخۆیی وەردەگرێت وەک ئەوەی بەشێک بێت لە فیدراڵییەک، لەکاتێکدا بەشە پێکھێنەرەکانی دیکە ھێندەی یەکە ئیدارییەکانی ناو دەوڵەتێکی یەکگرتوو سەربەخۆن. ئەم خۆبەڕێوەبەرییە لە دەستووری وڵاتدا مسۆگەر کراوە. یەکە خۆبەڕێوەبەرەکان زۆرجار موڵکی داگیرکراوی (کۆلۆنیاڵی) پێشوون یان نیشتمانی گرووپێکی نەتەوەیی جیاوازن لە چاو باقی وڵاتەکە. ئەم یەکە خۆبەڕێوەبەرانە زۆرجار پێگەیەکی تایبەتیان ھەیە لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا.[١]

فیدراسیۆن بە حوکمی ئەمری واقیع-دی فاکتۆ

[دەستکاری]

جیاوازیکردن لە نێوان دەوڵەتی فیدراڵی و دەوڵەتی یەکگرتوودا کارێکی ئاسان نییە. دەوڵەتی یەکگرتوو لەوانەیە لە پێکھاتەی ئیداریدا لە دەوڵەتی فیدراڵی بچێت، و سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ناوەندی لە ڕووی تیۆرییەوە مافی ئەوەی ھەیە خۆبەڕێوەبەری لە ھەرێمێک وەربگرێتەوە کە ھەیەتی، بەڵام ئەم کارە لە ڕووی سیاسییەوە ڕەنگە زۆر ئەستەم بێت. بەڵکو ھەندێک لەو لایەنانەی کە خاوەنی خۆبەڕێوەبەرین لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا زۆرجار دەسەڵاتی فراوانتریان ھەیە لەوەی کە ھەندێک لە سیستمە فیدراڵییەکان دابینی دەکەن. لەبەر ئەم ھۆکارانە، ھەندێک مشتومڕی ئەوە دەکەن کە ھەندێک لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی سەردەم، بە حوکمی ئەمری واقیع فیدراڵین.

ئیسپانیا

[دەستکاری]
ھەرێمەکانی ئیسپانیا

ئیسپانیا وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی بە حوکمی ئەمری واقیع پێشنیار دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی یاسا دامەزرێنەرەکانی دەق لەسەر ئەوە ناکەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بە ھەرێمەکانی دەبەخشێت ھاوشێوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە بەشە پێکھێنەرەکانی فیدراڵی ھەیانە. ئەگەری ئەوەی پەرلەمانی ئیسپانیا خۆبەڕێوەبەری لە ھەرێمەکانی وەک گالیسیا، کەتەلۆنیا یان ھەرێمی باسک وەربگرێتەوە، لە ڕووی سیاسییەوە شتێکی مەحاڵە، ھەرچەندە لە ڕووی یاسایییەوە ھیچ شتێک ڕێگری لێ ناکات. جگە لەوەش، ناوچەکانی وەک ناڤارا و ھەرێمی باسک خاوەنی دەسەڵاتی تەواون بەسەر باج و خەرجییەکاندا، و بەشێکی بچووکی لێ دەگوازنەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی لە بەرامبەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان (سوپا، پەیوەندییە دەرەکییەکان، و سیاسەتە ئابوورییە گەورەکان). شارەزایەکی یاسایی ئاماژە بە "سروشتی فیدراڵیی حکوومەتی ئیسپانیا دەکات (وەک ئاراستەیەک کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات). بەڵام دوای گشتپرسییەکەی ھەرێمی کەتەلۆنیا لە پاییزی ٢٠١٧، ئیسپانیا ھەندێک ڕێوشوێنی گرتەبەر کە زیاتر مەیلیان بەلای لێسەندنەوەی حوکمی فیدراڵی بوو لە ھەرێمەکە، وەک ھەڵوەشاندنەوەی گشتپرسییەکە بە زەبر و دەستگیرکردنی دەنگدەران لەژێر ھەڕەشەی چەک و لێسەندنەوەی ئەندامێتی لە نوێنەرانی ھەرێمی کەتەلۆنیا لە ئەنجومەنی نوێنەران. ھەر ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەریش پەیڕەوی یاسایەکی خۆبەڕێوەبەری دەکات بەپێی دەستووری ئیسپانیای ساڵی ١٩٧٨.

کۆماری گەلی چین

[دەستکاری]

چین وەک فیدراڵییەک بە حوکمی ئەمری واقیع گەشەی کردووە بەبێ ئەوەی یاسایەکی فەرمی دەقی لەسەر کردبێت. ئەمەش لە ڕێگەی بەخشینی دەسەڵاتی فراوان بە ھەرێمەکان بە شێوەیەکی نافەرمی ڕوویدا، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتە نیشتمانییەکان. ئەمەش ئەوەی بەرھەمھێنا کە ھەندێک پێی دەڵێن «فیدراڵی بە حوکمی واقیع و بە تایبەتمەندیی چینی» (وەک ئاماژەیەک بۆ سیاسەتەکانی «دینگ شیاو بینگ»ی کۆمۆنیستی بە تایبەتمەندیی چینی). لە ڕووی دەستوورییەوە، دەسەڵاتی ھەرێمە خاوەن ئیدارە تایبەتەکان لە کۆماری گەلی چین لە ڕێگەی بڕیارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەلەوە بەخشراوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]