فوئاد مستەفاسوڵتانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فوئاد مستەفاسوڵتانی

لەدایکبوون١٩٤٩
مەرگ١٩٧٩ (٩ی خەرمانانی ١٣٥٨)
نەتەوەکورد
ڕێکخراوکۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ئایینبێخوایی

فواد مستەفا سوڵتانی ناسراو بە کاک فواد (١٩٤٩ - ١٩٧٩) تێکۆشەری سیاسی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی کورد بوو.

پوختەی ژیان[دەستکاری]

فواد مستەفا سوڵتانی ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئەڵمانە سەر بە شارستانی مەریوان لەدایک بوو. ساڵی ١٩٦٨ چووە زانکۆی سەنعەتی شەریف لە تاران و لە بواری کارەبا دەستی بە خوێندن کرد. ھەر لەوێوە چالاکییە سیاسییەکانی دەست‌پێکرد. ساڵێک دواتر لەگەڵ ھێندێ لە ڕفیقانی لە پاییزی ١٩٦٨ ڕێخراوێکیان پێک ھێنا کە دواتر بە کۆمەڵە ناسرا. لە ساڵی ١٩٧٦، ساواک دەست‌بەسەری کرد بەڵام ئەو لە بەندیخانە بوو بە سەرۆکی شۆڕشەکان و بزووتنەوە ناڕەزایییەکانی ناو بەندیخانە. لە ١٩٧٨ (گەلاوێژی ١٣٥٧) لە بەندیخانە ڕزگاری بوو.

فواد مستەفا سوڵتانی و ھاوڕێکانی ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو لە ڕووناک کردنەوەی زەحمەت‌کێشانی کوردستان لەژێر زۆری دەستگای شای ئێران. ئەو ڕۆڵێکی گرینگی لە پێش‌کەوتن و یەک‌گرتنی شەپۆلەکانی شۆڕشی دژە دەسەڵاتی شای ئێران لە شارەکانی مەریوان و سنە ھەبوو. پێک‌ھێنانی یەکیەتی جووتیاران و چالاک کردنی یەکەمین دەستەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە (ئۆرگانی سەربازیی زەحمەتکێشانی کوردستان) یەکێک بوو لە گرینگرین دەست‌کەوتەکانی لەو بوارەدا. فواد مستەفا سوڵتانی لە ساڵی ١٩٧٩ (٩ خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨) بە دەستی ھێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕێکی چەکداریدا کوژرا.

خەبات بۆ گەل[دەستکاری]

فواد مستەفا سوڵتانی ڕێبەرێکی سیاسیی کورد بوو کە کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا. پێش تەواوبوونی خوێندن لە ڕووداوێکدا ھێزەکانی گاڕدی پاشایەتی ئێران ھێرشیان کرد لەسەر شوێنی حەسانەوەی خوێندەکارەکان. فواد مستەفا سوڵتانی کە ئەودەم تەمەنی نزیک بیست ساڵ بوو، لە ئاکامی پاراستنی مافەکانی خۆی و ھاوڕێکانی بە ئاجور ھێرش دەکات بۆ فەرماندەیەکی گاڕد. ھەر بۆیە قۆڵ‌بەست و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. دوای ڕزگار بوون و تەواو کردنی خوێندن لە چەن پۆستی باش بۆ کار کردن دادەمەزرێ بەڵام ھەمیشە لەژێر چاودێری ساواک بووە و ھەر بۆیە قەت ڕێگەی پێ‌نەدراوە لە کوردستان خەریکی کار ببێت.

لەو سەردەمەدا و دوای کوودەتای ١٩٥٣، پارلەمان دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆی لەدەست دابوو و لە ئاکامدا ھیچ ڕێکخراوێک بە شێوەی تەواو دەسەڵاتی نەمابوو مەگەر پاشایەتی. بۆ پاراستنی ئاسایشی دەزگای پاشایەتی بە یارمەتی وەر گرتن لە سی ئای ئەی ڕێخراوەیەکیان پێک‌ھێنا بە ناوی ساواک. دوای ١٩٥٣ ئۆپۆزیسیۆنی بەرەی نەتەوەییی ئێران و حیزبی توودەی ئێران بە تەواوی سەرکوت کران بەڵام چەند بزووتنەوەی تر درووست‌بوون کە بڕوایان بە شەڕی چەکداری بوو. لە ساڵی ١٩٦٩دا فواد مستەفا سوڵتانی و چەن‌کەس لە ھەڤالەکانی کە زیاتر خوێندەکارەکانی زانکۆ بوون، ڕێخراوێکی سیاسی پێک‌دێنن کە دواتر ناوی بوو بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان. ئەوان بڕوایان بە مارکسیسم و سۆشیالیزم بوو.

نزیکی ڕاپەڕینی ئێران فواد مستەفا سوڵتانی لە بەندیخانە دەبێ و لە ئاکامی مانگرتنێکدا لە گەلاوێژی ١٩٧٩ لەگەڵ بەندکراوە سیاسییەکانی دیکە ڕزگار بوون. کاتێ فواد مستەفا سوڵتانی لە بەندیخانە ڕزگاری بوو گۆڕانکارییەکی گەورە و گرینگی سیاسی بەسەر کوردستان دەھات. لە ماوەیەکی کەم و بە گەڕانەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵە بۆ شارەکانی خۆیان و بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی بەڕێکەوت و جگە لە فواد، کەسانێک وەکوو حەمە حسەین کەریمی، جەعفەر شەفیعی و سدیق کەمانگەر ڕۆڵێکی گرینگیان تێدا بوو. ڕیخراوی کۆمەڵە ھەتا چەن ڕۆژ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران نھێنی بوو، بەڵام بە دوای کوژرانی محەممەد حوسێن کەریمی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە ڕووداوی داگیرکردنی بنکەی پۆلیسی شاری سەقز لە ١٥ی شوباتی ١٩٧٩ (٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧)، بزووتنەوەی کۆمەڵە خۆی ئاشکرا کرد.

لە کەمتر لە ساڵیکدا خەڵکی کوردستان قۆناغێکی ئازاد و دیموکراتیان ڕابردبوو، بەرامبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەوەستان و لە مافەکانی خۆیان بەرگیریان دەکرد. بەڵام ڕووحوڵڵا خومەینی ڕابەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی دەستووری کردە سەر ھێزە تازە پێک‌ھاتەکەی سوپای پاسداران کە ھێرش بۆسەر کوردستان ببەن. ھەروا ئەبولحەسەن بەنیسەدر یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند تاکوو ھێزەکان کاریان لە کوردستان تەواو نەبووە نابێت پۆتینەکانیان دەرھێنن.

لەو کاتەدا لە سەرانسەری وڵاتی ئێران، ڕۆژھەڵاتی کوردستان تەنیا شوێنێک بوو کە فەزای ئاوەڵای سیاسی ھەبوو بویە دەسەڵاتی ناوەندی دەیەویست سەرکوتی بکات. لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٨) شار و گوندی ڕۆژھەڵات بوو بە ئامانجی ھێرشەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران و لە ئاسمان و زەویەوە و ھیزەکانی ئەرتەش و سپا ڕەوانەی شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کران. بەڵام لە پاییزی ھەر ئەو ساڵەدا بو دەربڕینی ناڕەزایی گشتیی جەماوەری شارەکان، مەجبوور بوون شارەکان جێ بھێڵن. چەندین شار لە ڕۆژھەڵات کوردستان ھەتا بەھاری ١٩٨٠ (١٣٥٩) ئازاد مایەوە تاکوو دیسان بووە ئاکامی ھێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەوە بووە دەستپێکی دووھەمین بەرەنگار بوونەوەی گەلانی ڕۆژھەلاتی کوردستان بەرامبەر ھیزەکانی کۆماری ئیسلامی. فواد مستەفا سوڵتانی لەو قۆناخە ئەرکێکی دیاری ھەبوو لە ڕیخستنی گەل.

دەست‌کەوتە بەرچاوەکان[دەستکاری]

فواد مستەفا سوڵتانی لەو سەردەمەدا بووە ھۆی چەن سەرکەوتن لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان‌دا، لەوانە:

  • ھان‌دان بۆ ڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی بێ‌وێنە لە کوردستان
  • کردنەوەی درگەی وتووێژ لەگەڵ داگیرکەران
  • ھێنانە ناوەی ژنان بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
  • گەیاندنی ئەنجامەکانی وتووێژەکان و دانیشتنەکان بە جەماوەر
  • سووربوون لەسەر بڕیاردان لەلایەن ھەڵبژێردراوەکانی خەڵک
  • پەیوەندی نێوان حیزبەکانی کوردستان
  • ئامادە کردنی کوردستان بۆ ھێرشەکانی دواتر
  • ڕێخستنی ڕێخراوێکی بەرگری پێک‌ھاتوو لە پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان و مافەکانی لە ھێرشەکانی نامرۆڤانەی ئەرتەش و بەتایبەت سوپای پاسدارانی ئێران
  • بەرگری لە شەر و توندوتیژی کە باشترین بەڵگە بۆ ئەوە، لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٨) خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە جیاتی توندوتیژی بەرامبەر بە داگیرکەران، شار جێ‌دەھێڵن.

ڕۆڵی فواد مستەفا سوڵتانی لە مێژووی بزووتنەوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوای ١٩٧٩ بێ‌وێنەیە. تەنھا ٨مانگ دوای ڕزگاری لە بەندیخانە و تا کاتی کوژرانی لە تەمەنی ٣١ساڵیدا، لەو ماوە کەمەدا، توانی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئازادیخوازی گەلی کورد بنەخشێنێت.

گیانبەختکردن[دەستکاری]

گیانبەختکردنی فواد مستەفا سوڵتانی ئەگەرچی خەمێکی یەکجار گەورە بۆ جەماوەر و بزووتنەوە بوو، ئەما لەراستی‌دا شێوازی ڕووداوەکە بۆخۆی دڵ‌تەزێن و دوور لەوەی بوو کە بتوانرێت چاوەڕێ بکرێ. ڕووحوڵڵا خومەینی ڕابەری کاتی کۆماری ئیسلامی، سادق خەڵخاڵی دەکات بە حاکمی شەرع لە کوردستان و ئەویش لە کوشتنی ڕۆڵەکانی کوردستان ھیچ کەم‌کاری نەدەکرد. لە یەکێک لە ھەڵمەتەکانی لە شاری مەریوان دوو دانە لە براکانی فواد مستەفا سوڵتانی بە تاوانی ئازادی‌خوازی لە سێدارە دەدات. بە بڵاوبوونەوی ئەو ھەواڵە شاری مەریوان تووشی ئاڵۆزی ئەبێت. فواد مستەفا سوڵتانی کە لەو کاتەدا لە دەرۆی شاری مەریوان دەبێ، بۆ ھێمن کردنەوەی شار و بۆ لای دایکی جەرگ‌سووتاوی (نەھیە خان) بە نھێنی دەگەڕێتەوە مەریوان. دوای دیتنەکانی، کاتی گەڕانەوە، لە گۆندێک بە ناوی بەستام، لە نێوان شاری سەقز و مەریوان، زۆر بە ھەڵکەوت تووشی دەستەیەک خۆفرۆش و پاسداری سوپا دەبن و بەشەڕ دێن. ژمارەی ھەواڵانی فواد مستەفا سوڵتانی زۆر کەم دەبێ و بۆ شەڕ نەڕۆشتبوون بۆیە لە ئاکام‌دا، فواد و چەن‌دانە لە ھاوڕێکانی گیان بەخت دەکەن.

مستەفا چەمران کە خوێندنی لە وڵاتی ئەمریکا تەواو کردبوو و زانای شەڕی پارتیزانی بوو، ھەر بۆ بەرەنگاری دەگەڵ بزووتنەوی خەڵکی کوردستان و پووچەڵ کردنەوەی خەباتی چەکداری پێشمەرگەکانی کوردستان ڕەوانەی کوردستان دەکرێت. وەک ئەوەی باسی دەکەن ئەگەرچی دژمنایەتی ھەبووە دەگەڵ فواد مستەفا سوڵتانی بەڵام ڕیزیان ھەبووە بۆ یەک. دەڵێن دوای دیتنی تەرمی فواد مستەفا سوڵتانی فرمێسک دەڕێژێت و دەڵێن ھەر بە دەستووری چەمران بوو کە نەوەک ھەمیشە کە بێڕێزیان دەکرد بە تەرمی شەھیدانی کورد، تەرمی فواد مستەفا سوڵتانی ھەتا شاری مەریوان دەبەن و ئەیسپێرنە دەستی خەڵک. تەرمی فواد مستەفا سوڵتانی لە قەبرانی تاڵەسواری گوندەکەی، لە تەنیشتی دو براکەی حسەین و ئەمین دەنێژرێت، ھەر ئەو دوو برای کە بۆ دیتنی تەرمی ئەوان گەڕابوویە مەریوان و ببوە ھۆی گیانبەختکردنی؛ ھەر ئەو گۆڕستانەی دوو ساڵ دوای ئەوە دوو برای دیکەی فواد مستەفا سوڵتانی و ژمارەیەک زۆرتر لە بنەماڵەکەی و ھاوڕێکانی تێیدا بوونە میوان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]