فشار (دەروونناسی)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

فشار (بە ئینگلیزی: Stress) واتە فشارو پەستان لەژیانی ڕۆژانەماندا. ئاشکرایە ئەو بارودۆخانەی بۆکەسێک لەئێمەدەبنە فشار و فشارمان لەسەر دروستدەکات، بۆکەسێکی دیکە زۆر ئاسایین و ھیچ جۆرە فشارێکی لەسەر دروست ناکەن. ئەوەی کەکەسێک لەئێمە بەترس و پشێوی و دڵەڕاوکێ و ڕەشبینییەوە دەیبینێت، بۆ کەسێکی دیکە تەنیا کلیکردنەلەسەر زیادبوون و گۆڕانی چالاکی و ئەرکەکانی ژیانی ڕۆژانەی. ئەمەش پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە فشارو پەستانەکانی ژیانی ڕۆژانەمان لەچەندین شێوەو وێنەدا دەردەکەون: وەک بوونی ئیش و کاری زۆرو کەڵەکەبوو لەشوێنی کارکردنداو ھەڵچوون و توڕەبوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا. نەخۆشیی قورس و درێژخایەن، خراپی باری ئابووری و ھەژاری، جیابوونەوەو کۆتایی ھێنان بەژیانی ھاوسەرێتی، ماڵ گواستنەوە، گەشتکردن، بۆ یەکەمجار دەست بەکاربوون لەشوێنێکی نوێدا، لەدایکبوونی منداڵ و زیادبوونی خێزان لەکاتێکدا کە مرۆڤ ئامادەی ئەو گۆڕانە نەبێت. ھەندێک لەم بابەتانەی باسمانکردن لەوانەیە مرۆڤ تووشی فشار بکەن ھەرچەندە گۆڕانکاری باش و بەسوودبن و دەشێت ئەوە خۆزگەمان بووبێت کە شوێنی کارەکەمان بگۆڕین و لەشوێنێکی باشتر کاربکەین و پلەمان بەرزبێتەوە، یان ماڵەکەمان بگوازینەوە شوێنێکی خۆشترو ئارامتر. لەڕاستیدا دەتوانرێت فشار وەک حاڵەتێکی ئاڵۆزو سەرسوڕھێنەر دابنرێت. کاردانەوەی فشار کاتێک دەستپێدەکات کەئێمە لەژێرفشاری بارودۆخێکی گران و نائاساییدا بین، یاخود ئەو کاتانەی کە گۆڕانێک لەژیانماندا دروست دەبێت کەخوومان پێوە نەگرتووە یان تازەگەرییەک دێتە ئاراوە کەبەئێمە نامۆیە. بۆئەوەی بەرەنگاری ئەو فشارو فشارانەی ژیانی ڕۆژانە ببینەوە کەپەیوەندییان پێمانەوە ھەیە پێویستە سەیری گۆڕان و بارودۆخە تازەکان بکەین و ھەڵیان بسەنگێنین ئایا ھەڕەشە ئامێزو نائاسایین یاخود ئاسایین و وەکو ئارەزوویەک خۆمان حەزیان پێدەکەین. ئەمەش گرنگەو کاریگەری باشی ھەیە لەسەر بەھێزکردنی تواناکانی مرۆڤ بۆ بەخۆشییەوە قبوڵکردنی گۆڕانکاری و تازەگەری لەژیانداو وەرگرتنی ئەو شتانەی کەلامان نامۆن و پێشوازیکردن لێیان. فێری ئەوەمان دەکات کە بتوانین زەمینەی وەرگرتنی شتە نوێیەکان خۆش بکەین و ھەست و نەستمان ڕەھا بکەین لەو بارودۆخانەی کەدەبنە قورسایی و فشار لەسەرمان و بەشێوەیەکی ڕاست و دروست بەسەریاندا زاڵ ببین. بۆئەمەش پێویستمان بەپەروەردەکردنی توانایەکی ڕۆحی ھەیە لەخۆماندا بۆناسینەوەی فشارو پەستانی پۆزەتیڤ و کەمکردنەوەی کاریگەری فشارو پەستانی نێگەتیڤ.

زاڵبوون بەسەر فشارو پەستانە نێگەتیڤەکاندا[دەستکاری]

ئەم سیناریۆیەی کەباسی دەکەین زۆرێک لەئێمە شارەزایەو لەژیانی ڕۆژانەی خۆماندا ڕوویداوە. کاتێک بۆماوەیەکی زۆر کاردەکەیت و بەدرێژایی ڕۆژەکە لەدەرەوەی ماڵەوەیت و کاتێکیش لەکار تەواو دەبیت لەدەرەوە دەمێنیتەوەو شەویش بەھیلاکی و ماندوویی دەگەڕێیتەوە بۆڕۆژی دوایی ناتوانیت لەجێگەکەت بێیتە دەرەوە لەشێکی قورس و گرانت ھەیەو توانای چوونە سەرکارت نییە. ھەست بەبێ تاقەتی دەکەیت و دەم و چاوت لەتوڕەییدا ترشاوە و سەرت ئازاری ھەیە. بۆئەوەی لەئازاری سەریەشەکەت دوورکەویتەوە یەک دووحەب دەخۆیت بەبێ ئەوەی چایەک یان قاوەیەکت خواردبێتەوە.ئەمەش خراپترت دەکات. کاتێکیش دەتەوێت بچیتە سەرکارەکەت لەڕێگا دووچاری قەرەباڵغی ڕێگاو بان و ھاتوچۆی ئۆتۆمبیل دەبیت و کاتێکی زۆرت دەبێت چاوەڕێ بکەیت تاڕێگەی ڕۆیشتنت ھەبێت . کەدەگەیتەسەر کارەکت ھەست بەپشێوی و ماندوویی دەکەیت و لەسەر سکی برسی دەست دەکەیت بەچاو قاوە خواردنەوەو خواردنی شکۆلاتەو شیرینی، ئەمەش تەنیا ماوەیەکی کورت یارمەتیت دەدەن و دووبارە ھەست بەھیلاکی و ماندویی دەکەیت و بێ توانایی باڵت بەسەردا دەکێشێت. سەریەشەکەت بەردەوامەو کاتێک کە قسەدەکەیت ھۆشت لای خۆت نییەو بیرکردنەوەکەت پەرت و بڵاوو ماندوو دەردەکەویت. زۆر لەخۆت دەکەیت بۆئەوەی کارەکانت ئەنجام بدەیت. چاوەڕێی ئەوەی ئێوارە بێت و کاتی کارکردنت تەواو بێت و بەپەلەبگەڕێیتەوە ماڵەوەو پشوویەک بدەیت. کەدەگەڕێیتەوە ماڵەوە بیرت لای ئەوەیە کە زۆربەی کارەکانت بەناتەواوی ماونەتەوەو جێبەجێ نەکراون و لەسەرت کەڵەکە بوون. ئەمەش جۆرە فشارێک دروست دەکات لات و ھەست بەقورسی و بێزاری کارەکەت دەکەیت. باسکردنی ئەمشتانە کە ڕۆژانە بەسەرماندا دێن یان دەیبینین بۆئەوەیە بزانین چۆن دەتوانین فاکتەری ئەو فشارانە کەمبکەینەوەو بەشێوەیەکی راست و بەرنامە داڕێژراو مامەڵە لەگەڵ کاروباری ڕۆژانەدا بکەین.لەپێناوی ئەوەی کەئەو جۆرە فشارانە بگۆڕین بەوزەیەک و لەپێناو گەشەکردنی گۆڕانکارییە باشەکاندا سەرفیان بکەین. لەوڕاستیە بگەین کەفشار خۆی لەخۆیدا ئاسایی و بێ زیانە، ئەگەر بتوانیت بەشێوەیەکی واقعییانە کارگەریمان لەسەری ھەبێت و مامەڵەی لەگەڵ بکەین.

فشاری پۆزەتیڤ[دەستکاری]

چۆن دەتوانین ھەمان حاڵەتی سەرەوە بەبێ فشارو پاڵەپەستۆ ئەنجامبدەین و بەدەروونێکی کراوەوە قبوڵی بکەین؟ کاتێک ئێمە دەزانین کە کارێکی گرنگ زۆرمان لەپێشەو خۆئامادەکردنی دەوێت، کات دەدەین بەخۆمان و زۆر بەوریاییەوە ئەوکاتەی ھەمانە بەفیڕۆی نادەین و بۆ پشوودان و خۆئامادەکردن کاتەکانمان بەشێوەیەکی دروست ڕێکدەخەین. دوای گەڕانەوەت لەسەر کار ھەوڵبدە حەمامێکی باش بکەیت و ئێوارەکەشی زۆر بەئاسودەیی و ئارامییەوە دوای نانخواردن و پشوودان خەریکی خۆئامادەکردنبە بۆ ڕۆژیی دوایی و لەکاتی خۆیدا بخەوە، بۆئەوەی کاتێک لەخەو ھەڵدەستیت ماندوو ھیلاک دەرنەکەویت لەبەر بێ خەوی. بەخۆشییەوە بەدەروونێکی فراوانەوە بەرەو کارەکەت بڕۆو ھەمیشە کارکردن وەک شێوازێک بۆگەشەکردنی کەسێتی سەیربکە نەک وەک زەحمەتی و دژواری یان ئامڕازێک بۆدابینکردنی بژێوی ژیان. لەڕێگادا گوێ لەمیوزیکێک بگرە کەخۆت لات خۆشە، کاتێک دەگەیتەسەر کارەکەت چایەکی سەوزبخۆرەوە. بەمێشکێکی سافەوەو لەشێکی پڕ وزەوەپێشوازی لەکاری ڕۆژانەت بکە. نیوەڕۆ بەشێوەیەکی دروست نان بخۆو لەجیاتی شیرنی و قاوەی زۆر، زەڵاتەیەک بخۆ بەنانی بۆرەوە لەگەڵ میوەدا، شوشەیەک ئاو لەگەڵ خۆت بەرە سەر مێزی کارەکەت و چەند دڵۆپێک ئاوی لیمۆی تێبکە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا دەتوانیت کوپێک قاوەش بخۆیتەوە. بەوریایی و داناییەوە کەشێکی لەبارو ئاسودە لەسەر کارەکەت بۆخۆت بخوڵقێنەو بەشداری بکە لەدروستکرن و گەشەسەندنیدا. کاتێک کەلەکار دەگەڕێیتەوە پشوو بدەو کات بدە بەخۆت و خزمەتی ئەو ئارەزووانە بکە کەحەزی لێدەکەیت و ئارامی و ئاسوودەییت پێدەبەخشن و ھاوسەنگی و ھەم ئاھەنگیت لەژیانی ڕۆژانەدا بۆدروست دەکات.

ھاوسەنگی ڕاگرتنی فشارو پەستانەکانی ژیان[دەستکاری]

بەھۆی باش بەڕێوەبردنی کارەکانی ڕۆژانەمان دەتوانین ھاوسەنگی دروست بکەین و نەکەوینە ژێر فشارو پاڵەپەستۆی بێ کاتی و پرش و بڵاوی و کەڵەکبوونی کارەکانمان. ھەرکاتێکیش بەوجۆرە مامەڵەمان کرد، دەزانین کەلەژیانماندا زۆر فشارو پەستانی پۆزەتیڤ ھەن بۆئەوەی حەز بەکارەکانمان بکەین و بەسەرنج و ئارەزوویەکی زۆرەوە قبوڵیان بکەین و زۆر سەرچاوەھەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ناوھەست و سۆزو فسیۆلۆژی جەستەمان. ئەگەر ھەر ئەو نمونەیەی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان وەربگرین بۆمان دەردەکەوێت کەھەموو ئەو فشارو پاڵەپەستۆ دەروونیانەی کەڕۆژانە ھەمانە، پەیوەندییان بەکۆنترۆڵکردنی کارەکانمانەوە ھەیە. یان پەیوەندییان بەبێ بەرنامەیی و بڕیاری کتوپڕو سەرکێشەوە ھەیە. ئەگەرھات و ئێمە لەحاڵەتی دووەمیشدا کەزۆر بەبەرنامەوە کارمان تیادا دەکرد، بەقورس و گران کارەکانمان وەربگرین و زیادەڕوییان تیادا بکەین دووبارە لێرەشدا دەکەوینەوە ژێر باری فشاری دەروونی و ماندوو بوون وەڕسمان دەکات و ئەمەش ھۆکاریکە بۆ گۆشەگیربوون و تەنیایی و بێزاری دەوروبەر لێمان. ئێمە لێرەدا جیاوازی نێوان فشارو پەستانی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤمان بۆدەردەکەوێت و دەگەینە ئەو باوەڕەی کە فشارە نێگەتیڤەکان قورساییەکی زۆرمان دەخەنەسەرو تووشی پشێوی و بێ تواناییمان دەکەن. بەپێچەوانەشەوە فشارو پەستانە پۆزەتیڤەکان وزەیەک لەھەست و نەستماندا، لەجەستەماندا دروستدەکات بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارەکانمان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەرنامە داڕێژراو بەجۆرێک قبوڵکردنی ئەو واقیعەی تیایداین کارئاسانیمان لەجێبەجێکردنی کارەکانماندا بۆ دەستەبەر دەکات.

سەرچاوە[دەستکاری]

پەراوێز[دەستکاری]