فەرەیدوون بیگلەری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە فریدوون بگ لریەوە ڕەوانە کراوە)
فەرەیدون بیگلەری
لەدایکبوونڕەشەمە ١٣٤٨ی کۆچی ھەتاوی (ئازاری ١٩٧٠)
کرماشان
پیشەشوێنەوارناس
زمانکوردی، فارسی
نەتەوەکورد، ئێرانی
خوێندنشوێنەوارناسی
کارە دیارەکانڕێستن یەکەمین مۆزەخانەی تایبەتی کۆنەبەردی ئێران

فەرەیدون بیگلەری (لەدایکبووی ٩ی ئازاری ١٩٧٠ لە قەسری شیرین) شوێنەوارناسی کورد (ھۆزی جاف، تیرەی نیرژی)، خاوەن دکتۆرای شوێنەوارناسی کۆنەبەردی لە زانستگای (بوردۆ)ی فەرەنسایە و بەرپرسی بەشی کۆنەبەردی مۆزەخانەی نەتەویی ئێرانە. لە شوێنەوارناسی خولەکانی کۆنەبەردی قەدیم و ناوەندی ئێران و عێراق پسپۆرایەتی ھەیە و لەم بوارەدا لێکۆڵینەوە و پشکنینی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ئەنجامداوە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە لێکۆڵینەوە لە دوو ئەشکەفتە، پشکنین لە ئەشکەوتی مە ڕتاریک (بیستون، کرماشان)، پشکنین لە ئەشکەوتی یافتە (لورستان)، پشکنین لە ئەشکەوتەکانی قلعە بزی (ئیسفەھان) و لەم دواییانەشدا پشکنین لە ئەشکەوتی دەربەند (گیلان). ھەروەھا لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی زۆری لە ئێراندا بەتایبەت کرماشاندا ئەنجامداوە. لەکاتی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی ناوچەی کرماشان لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠، بە ھاوکاری سۆنیا شیدرەنگ (پسپۆری شوێنەوارناسی کۆنەبەردی نوێ) زۆرتر لە ١٥٠ ئەشکەوت و پەناگەی بەردییان لە پارێزگای کرماشان بەتایبەت لە ھەورامان و سەلاس باباجانی ناسیوەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا یەکەمین مۆزەخانەی تایبەتی کۆنەبەردی ئێرانی بە ھاوکاری ڕێکخراوەی میراتی کولتوری و شوێنەوارناسی کرماشان بەناوی «مۆزەخانەی کۆنەبەردی زاگرۆس» لەم شارەدا ڕێستووە. ئێستا سەرنووسەری گۆڤاری نێونەتەوەیی شوێنەوارناسی ئێرانی بەئەستۆیە.

ھەروەھا بیگلەری تا ئێستا سەپەرشتیاری سێ لێژنەی شوێنەوارناسی ھاوبەشی ئێران-فەرەنسا و ئێران-بەلجیکا و ئێران-ژاپۆنی بەئەستۆبووە کە ھەندێک پشکنینیان لە کرماشان و لورستان و ھەندێک لێکۆڵینەوەیان لە پارێزگاری فارس ئەنجامداوە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا بە ھاوکاری دوو شوێنەوارناسی فەرەنسی و بەلجیکی یەکەمین گردبوونەوەی پسپۆرانەی شوێنەوارناسی کۆنەبەردی ئێرانیان لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی پێش لە مێژووی جیھان لە وڵاتی پۆرتوگال پێکھێنا کە وتەبێژەکانی ناوەند و ڕێکخراوەکانی تۆژینەوەیی ئێران و ئەڵمانیا و بەلجیکا و ئەمریکا و چەند وڵاتی تر ئەنجامی نوێترین تۆژینەوەکانی خۆیان لەم بوارەدا پێشکەشکرد و ئەنجامەکانی لە پەرتووکێکدا لە ھاوینی ساڵی ٢٠٠٩ لە بەریتانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. سەرەڕای ئەمانە تا ئێستا نزیک سی وتاری لە گۆڤارە پسپۆرانە نێونەتەوەیییەکاندا وێنەی ئەڵمانیا، ئینگلیز، ئەمریکا، فەرەنسا، کۆماری چیک، ژاپۆن و مەکسیک بڵاوکراوەتەوە و لە ئێران و فەرەنسا و سویسرا و ژاپۆنیش ھەندێک لێدووانی سەبارەت بە شوێنەوارناسی کۆنەبەردی ئێران پێشکەشکردووە.

بیگلەری تا ئێستا چەند کۆنفرانسی شوێنەوارناسی لە مۆزەخانەی نەتەوەیی ئێران پێکھێناوە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە کۆبوونەوەی زانستی یەکڕۆژە بە ناوی «شوێنەوارناسی و خەڵکناسی گەلە کۆچەرەکان لە ئێراندا» لە بەفرانباری ساڵی ٢٠١٢ی و کۆبوونەوەی زانستی یەکڕۆژە بە ناوی «لێکۆڵینەوەی پێوەندی مرۆڤ و گیانلەبەرەکان لە ڕوانگەی شوێنەوارناسی و جۆراوجۆری زیندەوەری» لە خەرمانانی ٢٠١٤.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]