فرەڤەرتیش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە فرۆرتیشەوە ڕەوانە کراوە)

فرەڤەرتیش یان فرۆرتیش (بە یۆنانی: Phraortes) دووھەم پاشای ماد بوو. فرۆرتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەست و بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لە نێوان ساڵانی ٦٥٥ و ٦٣٣ پێش زایین حوکمی گێڕا.

لە کاتی ھاتنە سەر تەختی فرۆرتیش، ھۆزی سەکا کە تیرەیەکی شەڕخڕ و جەنگاوەر بوون لە دەوروبەری گۆلی ورمێدا دەژیان. پارسه‌کانیش لە باشوور دەژیان. فرۆرتیش ھەردەم ھەوڵی دەدا کە سنوورگەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو ھێرشی بردە سەر پارسەکان و مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد. بەڵام ئەو لە خولیای ئەوەدا بوو کە ھێرشیش بەرێتە سەر ئاشوور و کۆتایی بە زۆڵم و ستەمی ئاشوورییەکان بێنێ و گەلێ نەتەوە کە ناچار بوون باج و پیتاک و سەرانە بە ئاسوورییەکان بدەن لە ژێری ئەو بێدادییەدا ڕزگار بکات.

سوپایەکی گرانی کۆ کردەوە و بەرەو نەینەوا پایتەختی ئاشوورییەکان کەوتە ڕێ. ھەواڵ گەیشتە ئاشوورییەکان، ئەوان لە پێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سەکاییەکانیش کە لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێدا دەژیان و ھاوپەیمانی ئاشوورییەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لە پشتەوە خستەڕێ بۆ ھێرشبردنە سەر مادەکان و پشتیوانی لە ئاشوورییەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورس و گران لەو نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سەکاییەکان و ئاشوورییەکانەوە.

لە یەکێ لەو شەڕانەدا لە ساڵی ٦٣٣ی پێش زایین فرۆرتیش کوژرا و دەوڵەتی ماد کز بوو و سەکاییەکان کە ھەلیان بە لەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتن و تاڵانکردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی ٢٨ ساڵ ھەتەران و تەتەرانیان لە وڵاتی ماددا دەکرد و کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]