فرانچێسکۆ تۆتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فرانشیسکۆ لۆرینزۆ تۆتی

لەدایکبوون٢٧ ى سێپتێمبه‌رى ساڵى ١٩٧٦ز
نەتەوەئیتاڵی
پیشەیاریزان
باڵا١،٨٠ سم


فرانشیسکۆ لۆرینزۆ تۆتی (بە ئیتاڵی: Francesco Totti) لە ساڵی١٩٧٦ لە شاری رۆمای ئیتاڵی بە تایبەتی لە ناوچەی بۆرتۆ میترونیا لە دایکبووە، باوکی تۆتی رۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە ژیانی ئەو یاریزانە و یارمەتیەکی زۆری داوە، دایکی تۆتی کە ناوی فیوریلا یانەی رۆمای زۆر خۆش دەوێ یارمەتیکی زۆری داوە تا گەیشتۆتە ئەو ئاستە. کە تەمەنی گەیشتە (٥) ساڵ دایک و باوکی سوور بوون لەسەر ئەوەی بیبەنە یانەیەک ، تۆتی لە تەمەنی (٥) ساڵیدا پەیوەندی بە یانەی فورتیتودو کرد، کاتی مناڵی تۆتی جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ مناڵانی دیکە ھەبوو، فیوریلای دایکی دەڵێ تۆتی کوڕم مناڵێکی سادە نەبوو و بە پێچەوانەی ھەموو مناڵێکی جیھان بوو ھیچ کاتێک سەیری کارتۆن و وێنەی جولاوی نەدەکرد و گرنگیەکی زۆری بە تۆپی پێ دەدا، ساڵی (١٩٨٦) یەکەمین ھەنگاوی تۆتی بوو لە ژیانی وەرزشی دوای ئەوەی پەیوەندی بە یانەی لودیجیانی کرد و ھەر لەوێ بەخێرایی ئاستی بەروە لوتکە رۆیشت ھەردوو یانەی رۆما و لازیۆ ھەوڵیان دا بۆندی لەگەلچدا ببەستن سەرەرای ئەوەی تەمەنی (١٠) ساڵ بوو، لە (٢٨)ی مارسی ساڵی (١٩٩٣) کە یەکەمین یاری بوو بۆ تۆتی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەی رۆما بەرامبەر یانەی برێشیا .

کە لۆرینزۆ تۆتی تەمەنی گەیشتە (١٤) ساڵی لەگەڵ برادەرە مناڵەکانی چاویان بە سەرۆکی یانەی رۆما فیولایان کەوت و لەسەرووی ھەموویان زۆر قسەی لەگەڵ تۆتی کرد و داوای لێکرد کە زیاتر ھەوڵ بدات و ئەم قسەش زیاتر ورەی تۆتی بەرزکردەوە و لە (٢٨)ی مارسی ساڵی (١٩٩٣) لۆرینزۆ تۆتی لەتەمەنی (١٧ ) ساڵیدا یەکەمین یاری خۆی لەگەڵ یانەی رۆمادا ئەنجامدا ، ھەر لەو کات و ساتەدا دەوری تۆتی لە یانەی رۆما و ھەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا بە دیار کەوت و بۆندێکی وەکو یاریزانێکی پێشەگر مۆرکرد وەکو یاریزانێکی پێشەگر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، نزیکترین پاڵەوانیەتی لە دڵی تۆتی مۆندیالی (٢٠٠٦) بوو کە گەیشتە بەرزترین ئاستی و بووە خۆشحاڵی گەڵی ئیتاڵیا. ئیملاری بلازی شاجوانی ئیتاڵیای پێشوو و بێژەری تەلەڤزیۆنی ئیتاڵیا،لە دوای ئەوەی کە ناوبانگی وەرزشی تۆتی سەرنجی رادەکێشێت دەبێە ھاوسەری و پاشان تۆتی فلیمی ئاھەنگی ھاوسەریەکەیانی بە (سی ھەزار) یۆرۆ فرۆشت کە تیاییدا بنەماڵەی ھەردوو لا و برادەران و ھاندەرانی یانەی رۆما ئامادەبوون، سەبارەت بە ئیلاری دەڵێت: ئیلاری دوو گوڵی جوانی پێشکەش کردم ئەویش ھەردوو منداڵەکانمان ( تریستیان و شانێل )بوون کە دوو منداڵی ئازیز و خۆشەویستن لەلام .

فرانچیسکۆ تۆتی بەئەستێرەی ئەستێرەکانی ڕۆما دادەنرێت و بەخۆشەویسترین کەسایەتی شاری ڕۆما و بەناوبانگترینیانە،لە ٢٧/٩١٩٧٦ لە ڕۆما لەدایکبووە،تۆتی بەر لەوەی یاریزانی ڕۆما بێت،بەئەمەکترین ھاندەری یانەکەیەتی و لەبەر خۆشەویستی بێسنووری بۆ یانەکەی بۆندی چەندین یانەی بەناوبانگی جیھانی ڕەتکردووەتەوە لەپێشیانەوە ڕیاڵ مەدرید،یۆڤانتۆس، میلان،ئەنتەر میلان و مانچستەر یونایتد…ئەو یاریزانی ژمارە ‌یەک و گۆڵکەر و خاوەنی زۆرترین نازناوە لەمێژووی یانەکەدا. “ئیر پوپۆنی” کە ھاندەرانی یانەکەی لەخۆشەویستیاندا بۆی وای پێدەڵێن بە یەکێک لەمەزنترین یاریزانانی سەردەمەکەی خۆی دادەنرێت و ھەروەھا باشترین یاریزانە لەمێژووی یانەکەیدا. تۆتی لەژیانی وەرزشی خۆیدا بەچەندین نازناوی جۆراوجۆر شادبووە کە گرنگترینیان بەدەستھێنانی جامی جیھانی ٢٠٠٦ و خولی ئیتاڵی و کوپا ئیتاڵیا و …

تۆتی لە شارۆچکەی پۆرتا میترۆنیای سەر بەشاری ڕۆما لەدایکبووە و ساڵانی سەرەتایی تەمەنی ھەر لەوێ بەسەربرد.تۆتی جۆسێپی جیانینی کاپتنی پێشووی یانەی ڕۆمای بەسەرمەشقی خۆی دەزانی و دەیویست کە گەورەبێت،ڕێچکەی ئەو یاریزانە مەزنە بگرێت و ژیانی وەرزشی لەڕۆما دەستپێبکات و ھەر لەوێ کۆتایی پێبھێنێت.تۆتی لەگەڵ منداڵانی لەخۆی گەورەتر بەشێوەیەکی بەردەوام یاریی دەکرد…تۆتی یەکەم ھەنگاوی ڕاستەقینەی بەرەو جیھانی تۆپی پێ لەگەڵ یانەی فۆرتیۆدۆ بوو،بەھۆی نزیکیی بارەگای ئەو یانەیە لەماڵی خۆیانەوە و ھەروەھا ھەندێک لەھاوەڵانی لەھەمان یانە یارییان دەکرد،تۆتی سەرەڕای بچووکی تەمەنی لەچاو یاریزانە لاوەکانی دی،بەڵام ھەر زوو بەھرە و توانای لە یارییکردن بەتۆپ و بڕینی یاریزانان و ژیری وی لەپاسی درێژ دەرکەوت،بۆیە بووە جێی سەرنجی زۆرێک لەیانە وەرزشییەکان و ئەکادیمیای وەرزشی یانەکانی میلان و ئەنتەر و لازیۆ،بەڵام یانەی لۆدیجیانی توانیان لەڕێی باوکییەوە تۆتی ڕازی بکەن بەپێدانی ڤێلایەک بۆ نیشتەجێ بوون تیایداو دۆزینەوەی کارێک بۆ باوکی…پاش دوو ساڵ یارییکردن لەگەڵ یانەی لۆدیجیانی،کاتی ئەوە ھاتبوو تۆتی بەرەو جیھانی پیشەگەری ھەنگاو بنێت و بچێتە یەکێک لەیانەکانی بەشدار لە کاڵچیۆ…لەشاری ڕۆما ھەردوو یانەی ڕۆما و لازیۆ ھەبوو،لەبەربوونی پەیوەندییەکی پتەوی دۆستانە فەرمی لەنێوان یانەی لۆدیجیانی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی لازیۆ،بەڵام خانەوادەکەی تۆتی بەتایبەتی دایکی و ئەمیدیۆ مێرۆنی،ئاراستەی تۆتی ـیان بەرەو یانەی ڕۆما گۆڕی و بووە سەرەتای دەرکەوتن و گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی تۆتی.

فڕانشیسکۆ تۆتی ئەستێرەی گورگەکان ڕۆما

تۆتی لەگەڵ ڕۆما،پاشان ڕۆما..دواتر ھەر ڕۆما[دەستکاری]

تۆتی ئەو کاتەی چووە ڕیزی لاوانی یانەی ڕۆما تەمەنی تەنھا ١٣ ساڵ بوو،لەو ماوەیەدا تۆتی بەقۆناغی پێگەیشتنی تەواودا ڕۆیشت و بەتەواوی ئامادەبوو بۆ ھەنگاوی دواتری،ساڵێک دواتر،واتا لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا سەرۆکی مێژووی یانەی ڕۆما دینۆ ڤیۆلا ئاھەنگێکی بۆ ڕێکخستن بەھۆی بوونیان بەپاڵەوانی پێشبڕکێی “لاوانی داھاتووی ئیتاڵیا” و لەو ئاھەنگەدا ڤیۆلا بە تۆتی گووت:بیستوومە کە یاریزانێک نایابی،من لەداھاتوودا چاوەڕوانت دەکەم”.پاش سێ ساڵ یاریی کردن لەڕیزی لاوانی یانەکە،ڤۆیادین بۆشکۆڤ بۆ یەکەمجار تۆتی بانگھێشتکرد بۆ ئەوەی یەکەم یاریی فەرمی خۆی لەگەڵ ڕۆما بکات لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا بەرامبەر یانەی بریشیا کە بەدوو گۆڵی بێبەرانبەر یارییەکەیان بردەوە لە ٢٨/٣/١٩٩٣…ساڵانی دواتر،تۆتی زیاتر ھەلی یاری کردن و نمایش کردنی تواناکانی بۆ ھەڵکەوت و یەکەم گۆڵی خۆی لەگەڵ ڕۆما لە ٢٤ ی ئەیلولی ١٩٩٤ کرد کەگۆڵی یەکسانبوونی یانەکەی بوو لەگەڵ یانەی فۆجیا.تۆتی لەساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ ھەلی زیاتری یاریی کردنی پێدرا و توانی ١٦ گۆڵ تۆمار بکات.لە ١٩٩٧ ـەوە شارەی کاپتنی یانەی ڕۆمای پێدرا و وەکو سمبوڵ ێک لەلایەن ھاندەرانەوە سەیر دەکرا،زدینک زیمان-ی ڕاھێنەری ئەو کاتەی ڕۆما بە پلانی ٤-٣-٣ـی ھێرشبەریی یاریی دەکرد و تۆتی وەکو یاریزانی باڵی چەپ یاریی پێدەکرا،لەو دوو ساڵەدا لەگەڵ ئەو ڕاھێنەرە توانی ٣٠ گۆڵ تۆماربکات. ھەرچەندە تۆتی بۆ دوا یارییەکانی جامی جیھانی ١٩٩٨ـی فەڕەنسا بانگھێشت نەکرا،بەڵام خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی تازەھەڵکەوتووی وەرزی ١٩٩٨-١٩٩٩ـی پێدرا.

٢٠٠٠-٢٠٠١ ،تۆمارکردنی سەروەریی[دەستکاری]

پاش ئەوەی ڕاھێنەری بەئەزموون(فابیۆ کاپێللۆ)بووە ڕاھێنەری ڕۆما،داوای لە فرانکۆ سینسی باشترین سەرۆکی یانەی ڕۆما لەمێژوودا کرد کە چەند یاریزانێکی بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی خولی ئیتاڵی بۆ بەدەستبھێنێت،سینسی داواکەی کاپێللۆی بەجێھێنا و باتیستوتا و واڵتەر ساموێلی بۆ کڕی کە ئەوەی یەکەمیان لەگەڵ تۆتی بوونە ترسناکترین دوانەی خولی ئیتاڵی و تۆتی بەتۆمارکردنی ١٣ گۆڵ توانی سەرکردایەتی یانەکەی بکات بۆ بەدەستھێنانی خولی ئیتاڵی بۆ دووەمجار لەمێژووی ڕۆمادا.لەھەمان ساڵدا جامی سوپەری ئیتاڵی”سوپەر کوپا ئیتالیانۆ”ـی بەدەستھێنا و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لەیانەی فیۆرێنتینا یان بردەوە کە تۆتی یەکێک لە گۆڵەکانی تۆمارکرد…لەساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١ تۆتی بەباشترین یاریزانی ئیتاڵیا و خولی ئیتاڵی ھەڵبژێردرا.لە وەرزی دواتردا ھێندەی نەمابوو بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک تۆتی و جیالۆڕۆسۆییەکان نازناوی خولی ئیتاڵی بەدەستبھێنن،بەڵام یانەی یۆڤانتۆس تۆرینۆ بەھۆی ژیری مارچیلۆ لیپی ـیەوە نازناوەکەیان لەژێر دەست دەرھێنان. لەساڵانی دواتردا تۆتی لەشێوە پلانی ٣-٥-٢ ـدا وەکو ھێرشبەری دووەم یاریی دەکرد،توانی ٢٠ گۆڵ تۆماربکات لەو وەرزەدا”٢٠٠٣-٠٤″ و پلەی دووەمیان لەدوای یانەی میلان بەدەستھێنا و ھەروەھا بۆ دووەمجار بەباشترین یاریزانی ساڵ لە ئیتاڵیا ھەڵبژێردرا.وەرزی ٢٠٠٤-٠٥ بۆ ڕۆما و تۆتی زۆر ناخۆش بوو،چونکە کاپێللۆ لەڕۆما ڕۆیی لە یۆڤانتۆس لەنگەری گرت،بەھۆی گۆڕینی چوار ڕاھێنەر تەنھا لەو وەرزەدا ڕۆما پلەی ھەشتەمی بەدەستھێنا،لە ٣/١٠/٢٠٠٤ تۆتی گۆڵی ١٠٠ ھەمینی خۆی لەیانەی ئەنتەرمیلان تۆمارکرد،دوو دواتر،لە ١٩ی کانوونی یەکەم فرانچیسکۆ بووە گۆڵکەری یەکەمی ڕۆما لەمێژووی خولی ئیتاڵیدا بە تۆمارکردنی گۆڵی ژمارە ١٠٧ لەدژی یانەی پارما،بەو گۆڵە تۆتی توانی ڕیکۆردی ڕۆبێرتۆ پرۆزۆی یاریزانی پێشووی یانەکەیان بشکێنێت.

تۆتی وەکو ھێرشبەر لەگەڵ سپالێتی[دەستکاری]

لە وەرزی ٢٠٠٥-٠٦ لۆچیانۆ سپالێتی پۆستی ڕاھێنەرایەتی ڕۆمای گرتە دەست و پلانی یاریی کردنی یانەکەی بۆ ٤-٢-٣-١ گۆڕی،لەو پلانەدا تۆتی وەکو ھێرشبەر یاریی دەکرد،بەڵام تەکتیکی سپالێتی ئەوەبوو کەتۆتی بگەڕێتە دواوە و وەکو ھێرشبەری نادیار یاریی بکات و پاس بدات و گۆڵ بکات و …ئەو پلانە ڕێخۆشکەر بوو بۆ ھێرشبردن لەلایەن یاریزانانی ناوەندی ھێرشبردن بەھۆی گەڕانەوەی تۆتی بۆ ناوەندی یاریگا کە ببووە ھۆی سەرلێشێواوی بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر.تۆتی لەو شێوەپلانەدا توانی گۆڵی زیاتر تۆماربکات،بەجۆرێک ١٥ گۆڵی لە ٢٤ یارییدا تۆمارکرد و یانەکەی ١١ یاریی یەک لەسەر یەکی بەو پلانە نوێیە بردەوە.

لە ١٩/٢/٢٠٠٦ تۆتی لەیاریی یانەکەیدا بەرامبەر ئیمپۆلی بەسەختی لەلایەن ڕیچارد ڤانجیلی ـیەوە لێیدرا کە بووە ھۆی ئەوەی مەترسی دوورکەوتنەوەی لەجامی جیھانی ٢٠٠٦ ـی لێبکرێت،بەڵام دواتر لە ١١/٥/٢٠٠٦ لەپێکان گەڕایەوە و لەیاریی کۆتایی کوپا ئیتاڵیا وەکو یاریزانی یەدەگ یاریی پێکرا کە یارییەکەیان بەئەنجامی ٣-١ لە ئەنتەرمیلان بردەوە.

وەرزی ٢٠٠٦-٠٧ بۆ تۆتی وەرزێکی زۆر تایبەت بوو چونکە سەرقافڵەی گۆڵکەرانی ئیتاڵیا و ئەوروپای بە ٢٦ گۆڵ گرت،و یانەی ڕۆما ئەو وەرزەی بە پلەی دووەم تەواوکرد پاش ئەنتەرمیلانی یەکەم و پاڵەوان،بەڵام لەیاریی کۆتایی کوپا ئیتاڵیادا تۆڵەیان لە نێرادزۆری”ئەنتەرمیلان”کردەوە و بوونە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا ٢٠٠٧ .ھەروەھا خەڵاتی پێی ئاڵتوونی وەکو سەرلیستی گۆڵکەرانی ئەوروپای پێبەخشرا. تۆتی گۆڵی ژمارە ٢٠٠ ـەمینی خۆی لەگەڵ ڕۆما لە یانەی تۆرینۆ لە کوپا ئیتاڵیا تۆمارکرد لە ١٦/١/٢٠٠٨ ،وە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئیتاڵیای پێبەخشرا بۆ جاری پێنجەم لەژیانی وەرزشی خۆی لەھەمان ساڵدا.نیوەی دووەمی ئەو وەرزە بەھۆ‌ی بەپێکانەوە لە ئەژنۆی ڕاستیدا نەیتوانی ھیچ یارییەک بکات و ماڵئاوای لەو وەرزە کرد.ھەر لەو وەرزەدا یانەی ڕۆما جامی ئیتاڵیای بەدەستھێنا بەبردنەوە لەیانەی ئەنتەرمیلان بەئەنجامی ٢-١،ھەرچەندە تۆتی بەھۆی پێکانەوە یاریی نەکرد،بەڵام ڕێگەی پێدرا بە سیفەتی کاپتنی یانەکە جامەکە بەرزبکاتەوە،بۆیە تۆتی بە بەدەستھێنانی ئەو نازناوە بووە سەرکەوتووترین یاریزان لەڕووی نازناوەوە لەمێژووی یانەی ڕۆمادا.

تۆتی لەگەڵ ڕانێری[دەستکاری]

پاش ئەوەی دوو یاریی یەک لەسەر یەکی دەستپێکی لەگەڵ ڕۆما دۆڕاند،لۆچیانۆ سپالێتی وەرزی ڕابردوو ٢٠٠٩-٢٠١٠ وازی لەپۆستی ڕاھێنەری یانەکە ھێنا و کڵاودیۆ ڕانێری شوێنی وی گرتەوە.تۆتی لەگەڵ دەستبەکاربوونی ڕانێری ـیدا بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرزبۆیەوە و سێ ھاتریکی تۆمارکرد،لەخولی ئەوروپی(جامی یەکێتی ئەوروپای پێشوو)ـیدا یەکەمیانی ٧-١ لە یانەی گێنت و دووەمیانی لەیانەی کۆسیچە و سێھەمیانی لەخولی ئیتاڵی لەیانەی باری تۆمارکرد،پاشان جارێکی دیکە پێکان بەرۆکی گرتەوە و چەند مانگێک دووریخستەوە لەیاریی کردن،لە ٣٠/١١/٢٠٠٩ تۆتی بۆندەکەی لەگەڵ ڕۆما بۆ پێنج وەرزی دیکە درێژ کردەوە بۆ ئەوەی ژیانی وەرزشی خۆی لە جیالۆڕۆسۆ کۆتایی پێبھێنێت. پاش ئەوەی لە ٢٤ یاریی دوای یەکدا یانەی ڕۆما ھیچ یارییەکی نەدۆڕاند،بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و دراماتیکی لەپلەکانی کۆتایی ڕیزبەندەوە گەڕایەوە کێبڕکێی بەدەستھێنانی نازناوەکە لەگەڵ یانەکانی ئەنتەرمیلان و ئەیسی میلاندا،دوای ئەوەی ھەردوو یانەی شاری میلان لەچەند یارییەکدا تووشی شکست ھاتن یانەی ڕۆما پلەی یەکەمی ڕیزبەندی گرتە دەست،پاشان بەیانەی سامپادۆریا دۆڕان و پلەی دووەمیان بەدەستھێنا.لەجامی ئیتاڵیاشدا گەیشتنە یاریی کۆتایی و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بەیانەی ئەنتەرمیلان دۆڕان.ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە لەو یارییەدا تۆتی ڕەفتارێکی ناشرینی نواند و بەتوندی لە ماریۆ بالۆتێلی یاریزانی پێست ڕەشی یانەی ئەنتەرمیلان-ییدا.

تۆتی و ھەڵبژاردەی نیشتیمانی[دەستکاری]

تۆتی لەسەرەتادا لەچوارچێوەی پاڵەوانێتی یوفا(جامی یەکێتی ئەوروپا) بۆ ھەڵبژاردەکان بۆ خوار تەمەن ٢١ ساڵ ‌کاروانی یارییە نیشتیمانییەکانی دەستپێکرد،دوای یاریی کردن لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیای ژێر ١٩ ساڵ و ژێر ٢١ ساڵ،بۆ یەکەمجار تۆتی بانگھێشتی ڕیزی یەکەمی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا کرا لەپاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی ٢٠٠٠ و یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر ھەڵبژاردەی سویسرا کرد لە ١٠/١٠/١٩٩٨.

یۆرۆی٢٠٠٠[دەستکاری]

ئیتاڵیا یارییەکانی یۆرۆی ٢٠٠٠ـی دەستپێکرد و تۆتی ئاستێکی بەرزی نمایش کرد،دوو گۆڵی تۆمارکرد،یەکەمیان لەھەڵبژاردەی بەلجیکا لەقۆناغی گرووپەکان و ئەوی دی لەھەڵبژاردەی ڕۆمانیا لە قۆناغی چارەگی کۆتایی…پاش ئەوەی گەیشتنە یاریی کۆتایی بەرامبەر فەڕەنسییەکان،ئیتاڵیا بەگۆڵی زێڕین یارییەکەی دۆڕاند و تۆتی وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریی کرا.ھەروەھا ناوی لەپێکھاتەی نموونەی یۆرۆی ٢٠٠٠ بوو.

تۆتی لەدەرەوەی یاریگا

جامی جیھانی ٢٠٠٢ و یۆرۆی ٢٠٠٤[دەستکاری]

ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و تۆتی لە جامی جیھانی ٢٠٠٢ ی کۆریا و یابان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەقۆناغی ١٦ ھەڵبژاردەیی بەھەڵبژاردەی کۆریای باشوور دۆڕان و کرانە دەرەوە،لەو یارییەدا بەھەموو پێوەرێک ناوبژیوان بڕیارەکانی دژی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو،بێ ھیچ ھۆکارێکی دیاریی کراو تۆتی کارتی سووری پێدرا و گۆڵێکی تەواوی تۆماسی ڕەتکردەوە…لە یۆرۆی ٢٠٠٤ـی پورتوگالدا،تۆتی ڕەفتارێکی نەشیاوی نواند و تفێکی لە کریستیان بۆڵسن-ی یاریزانی ھەڵبژاردەی دانیمارک کرد،بەھۆیەوە تۆتی بۆ سێ یاریی ڕاگیرا و لەئاکامدا بووە ھۆی چوونە دەرەوەی ئیتاڵیا لەقۆناغی یەکەم.

جامی جیھانی ٢٠٠٦[دەستکاری]

تۆتی تازە لەپێکان گەڕابۆوە،بەڵام توانی لەگەڵ ھاوڕێکانیدا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن،تۆتی لەو مۆندیالەدا لەدوای لۆکا تۆنی-ـیەوە وەکو ھێرشبەری دووەم لەلایەن مارچیلۆ لیپی ڕاھێنەرەوە یاریی پێدەکرا،لەقۆناغی ١٦ ھەڵبژاردەییدا،تۆتی تاکە گۆڵی بردنەوەی لە دوا خولەکی یارییەکەدا لە ھەڵبژاردەی ئوستورالیا تۆمارکرد و پاش گەیشتنیان بەیاریی کۆتایی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکانی خاڵی سزا لە ھەڵبژاردەی فەڕەنسایان بردەوە وجامەکەیان بۆ جاری چوارەم بۆ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و بۆ جاری یەکەم لەژیانی وەرزشی خۆیدا بەدەستھێنا.ھەر پاش تەواوبوونی جامی جیھانی تۆتی وازھێنانی یەکجارەکی خۆی لەیاریی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و تاکو ئێستا لەبڕیارەکەی پاشگەزنەبووەتەوە.

ژیانی تایبەتی[دەستکاری]

ئیلاری بلاسی،خێزانی فرانچسکۆ تۆتییە و نمایشکاری جلوبەرگە،لەڕابردوودا وەکو بێژەری تەلەفیزیۆن بووە و چەندین بەرنامەی جیاوازی پێشکەش و ئامادەکردووە لەکەناڵی میدیاسێت.منداڵی یەکەمیان ناوی کریستیانە و لە ٦/١١/٢٠٠٥ لەدایکبووە،منداڵی دووەمیان کە کچە “شانێڵ”ـی ناوە و لە ١٣/٥/٢٠٠٧ لەدایکبووە.ڕیکاردۆی برای تۆتی،کەلەڕابردوودا یاریزان بووە،ئێستا بەڕێوەبەری کارەکانێتی.ھەروەھا تۆتی قوتابخانەیەکی تۆپی پێ بەڕێوەدەبات بە ناوی”ژمارە ١٠″ کە ھێمایە بۆ ژمارەی درێسەکەی خۆی و،تیمێکی پێشبڕێکێی مۆتۆڕسکیلی ھەیە بەناوی”باشترین(خوازراوترین)یاریی تۆتی”،ئەوەیش عەشقی بێسنووری تۆتی بۆ پێشبڕکێی مۆتۆڕسکیل دەردەخات. تۆتی لەساڵی ٢٠٠٣ بووە نوێنەری نیازپاکی یونیسێف،ھەروەھا لەگەڵ فیفا دا ھەڵمەتێکیان بۆ یارمەتیدانی منداڵانی ھەژار دەستپێکرد لە ٢٠٠٦،ھەروەھا تۆتی کتێبێکی قسەی نەستەق و نوکتەی بڵاوکردەوە کە چەندین بەسەرھاتی خۆشی ژیانی منداڵی و یاریکردن و ژیانی تایبەتی تێدا بوو و ھەموو سوود و قازانجەکەی بۆ منداڵانی کەم دەرامەتبوو،جگە لەوانەش لەگەڵ ئەلیساندرۆ نێستا و ئەلیساندرۆ دیلپیرۆ و دیلفیکیۆ مارکۆ و کریستیان ڤێری و بوفۆن و جیۆڤانی تراباتۆنی ڕاھێنەر فیلمێکی دۆکۆمێنتارییان بەرھەم ھێنا کە قازانجەکەی بۆ منداڵە ھەژارەکانی سۆماڵ نارد.

تۆتی لەکاتی بەرزکردنەوەی جامی ئیتاڵیا لەساڵی ٢٠٠٨

نازناو و دەستکەوتەکان[دەستکاری]

پاڵەوان

پاڵەوانی کاڵچیۆ(خولی ئیتاڵی):٢٠٠١

جامی سوپەری ئیتاڵی(سوپەر کوپا ئیتاڵیانۆ) ٢جار:٢٠٠١،٢٠٠٧

کوپا ئیتاڵیا(جامی ئیتاڵیا) ٢جار:٢٠٠٧،٢٠٠٨

پلەی دووەم

خولی ئیتاڵی ٦جار:٢٠٠٢،٢٠٠٤،٢٠٠٦،٢٠٠٧،٢٠٠٨،٢٠١٠

کوپا ئیتاڵیا ٤جار:٢٠٠٣،٢٠٠٥،٢٠٠٦،٢٠١٠

جامی سوپەری ئیتاڵیا ٢جار:٢٠٠٦،٢٠٠٨

نێودەوڵەتی(ھەڵبژاردە)

پاڵەوان

جامی یەکێتی ئەوروپای ژێر تەمەن ٢١ ساڵ :١٩٩٦

پاڵەوانێتی ئەوروپای ناوەند(ژێر ٢٣ ساڵ):١٩٩٧

جامی جیھانی فیفا:٢٠٠٦

پلەی دووەم

جامی یەکێتی ئەوروپا ژێر ١٨ ساڵ:١٩٩٥

جامی یەکێتی ئەوروپا:یۆرۆی ٢٠٠٠

دەستکەوت و نازناوە تایبەییەکان

خەڵاتی Guerin d’Oro دوو جار:١٩٩٨،٢٠٠٤

باشترین یاریزانی تازە ھەڵکەوتووی ساڵ:١٩٩٩

پێکھاتەی نموونەی یۆرۆی ٢٠٠٠

باشترین یاریزانی کاڵچیۆ(خولی ئیتاڵی) ٢ جار:٢٠٠٠،٢٠٠٣

باشترین یاریزانی ساڵی ئیتاڵیا ٥جار:٢٠٠٠،٢٠٠١،٢٠٠٣،٢٠٠٤،٢٠٠٧

پێکھاتەی نموونەی ئەوروپا ٣جار: ٢٠٠٠-٢٠٠١ ، ٢٠٠٣-٢٠٠٤ ، ٢٠٠٦-٢٠٠٧

باشترین ١٠٠ یاریزان لەلایەن فیفاوە

گۆڵکەری خولی ئیتاڵی:٢٠٠٦-٢٠٠٧

خەڵاتی پێی زێڕێن(گۆڵکەری ئەوروپا):٢٠٠٦-٢٠٠٧

گۆڵکەری یەکەمی ڕۆما لەمێژوودا

خاوەنی زۆرترین دەستکەوت و نازناو لەمێژوودا

سەرچاوە[دەستکاری]

ماڵپەڕی ڕادیۆ نەوا