ڤینسێنت ڤان گۆخ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە فان کوخەوە ڕەوانە کراوە)
ڤینسێنت ڤان گۆخ
بە هۆڵەندی: Vincent van Gogh
لەدایکبوون٣٠ی ئازاری ١٨٥٣
Zundert، ھۆڵەندا
مردن٢٩ی تەممووزی ١٨٩٠(١٨٩٠-٠٧-٢٩) (٣٧ ساڵ ژیاوە)
Auvers-sur-Oise، فەڕەنسا
ناوی کاتی لەدایکبوونVincent Willem Van Gogh
ھۆی مەرگبرینی فیشەک
شوێنی ناشتنAuvers-Sur-Oise Communal Cemetery
باوکTheodorus van Gogh
دایکAnna Carbentus van Gogh
خوشک و براWil van Gogh، Theo Van Gogh، Cor van Gogh، Elisabeth van Gogh، Anna Cornelia van Gogh
ھاوسەربێ نرخ
هاوژین (بێ هاوسەرگیری)Sien Hoornik، Margot Begemann
زمانەکانی ئاخاوتنھۆلەندی، فەڕەنسی
زمانی نووسینفەڕەنسی
پیشەوێنەکێش، drawer، printmaker
بواری کاروێنەکێشی
شوێنی کارکردنGoupil & Cie
پەروەردەAcadémie royale des Beaux-Arts، Royal Academy of Fine Arts
خوێندکارAntoon Hermans
قوتابییAnton Mauve، Constantinus Cornelis Huysmans
دانیشتوویMonastery of Saint-Paul-de-Mausole، Cuesmes، Maison Van Gogh
نەژادDutch
ڕەنگی قژred hair
باری تەندرووستیخەمۆکی
سپۆنسەرTheo Van Gogh
بەشداربووە لەDocumenta III
ئەرشیڤەکان لەمۆزەخانەی ڤان گۆخ
بزووتنەوەی ڕۆشنبیریpost-impressionism، Expressionism
ئەندامیSociété française de gravure
خاوەنیThe Potato Peeler، The Night Café in Arles
ڕووداوە بەرچاوەکانself-injury
بەستەری وەسفکراوhttps://keeswouters.files.wordpress.com/2015/12/gek-van-van-gogh1.pdf
دۆخی مافەکانی لەبەرگرتنەوەمافەکانی لەبەرگرتنەوە بەسەرچوون
ڤینسێنت ڤان گۆخ

ڤینسێنت ڤان گۆخ (بە ھۆڵەندی: Vincent Willem van Gogh, گۆکردنی ھۆڵەندی: [ˈvɪnsənt ˈʋɪləm vɑŋ ˈɣɔx]) (لەدایکبووی ٣٠ ئازاری ١٨٥٣ - کۆچی دوایی لە ٢٩ تەممووز ١٨٩٠) نیگارکێشێکی ھۆڵەندیی بوو، وەک یەکێک لە ھونەرمەندانی ئیمپڕێشنیزم پۆلێن کراوە. نیگارەکانی بە گرانترین و میللییترین و بە بەھاترین نیگارەکانی جیھان دەخەمڵێندرێن. ماوەیەکی زۆر بەھۆی ھێرشی نەخۆشیی مێشکییەوە ناڵاندی (سەبارەت بەمەش زۆرێک گریمانە و تێڕوانین ھەیە) کە یەکێک لە ناوبانگترین لەو ڕووداوانەی ڕوویاندا ئەوەبوو بەشێکی لە گوێچکەی چەپی خۆی بڕی. یەکێک بوو لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی وێنەیی شێوەکاریی و بۆ دەربڕینی ھەست و سۆزی خۆی ڕووی لە وێنەیی شێوەکاریی کرد. لەدوایین پێنج ساڵی کۆتایییەکانی ژیانیشیدا زیاد لە ٨٠٠ نیگاری ڕۆنی کێشا و لە ناوبانگرترینیشیان پەتاتەخۆرەکانە.[١][٢]

ژیان[دەستکاری]

ڤینسێنت ڤان گۆخ لە شاری زوندێرتی ھۆڵەندا لە ٣٠ی ئازاری ١٨٥٣ لەدایکبووە، لەدایکبوونی ڤان گۆخ ساڵێک دوای ئەو ڕۆژە ھات کە دایکی منداڵێکی مردووی لەدایکبوو، کە ناوی ڤینسێنتیش بوو. زۆر چاوەڕوان بوو ڤینسێنت ڤان گۆخ لە ئەنجامی «منداڵێکی جێگرەوە» دا تووشی زەبر و زەنگی دەروونی ببێت و برایەکی مردووی ھەبێت کە ھەمان ناو و ڕێکەوتی لەدایکبوونی ھەبێت؛ بەڵام ئەم گریمانەیە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە و ھیچ بەڵگەیەکی مێژوویی ڕاستەقینە نییە کە پشتگیری لێ بکات.[٣][٤]

ڤان گۆخ کوڕی تیۆدۆرۆس ڤان گۆخ (١٨٢٢–١٨٨٥) بووە کە قەشەیەکی چاکسازیخوازی ھۆڵەندی بووە و دایکی ناوی ئانا کۆرنێلیا کارپێنتۆس بووە (١٨١٩–١٩٠٧). بە کردەوە ھیچ زانیارییەک لەبارەی دە ساڵی یەکەمی ڤینسێنت ڤان گۆخەوە نییە. ڤان گۆخ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خوێندنگای بەشەناوخۆیی لە شاری زیڤێنبێرگن خوێندوویەتی و دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە بەردەوام بووە لە خوێندنی ئامادەیی لە خوێندنگای شا ویلێمی دووەم لە شاری تیلبۆرگ. لەو کاتەدا و لە ساڵی ١٨٦٨ ڤان گۆخ لە تەمەنی پازدە ساڵیدا خوێندنی بەجێھێشت و ھەرگیز نەگەڕایەوە.[٥][٦]

لە ساڵی ١٨٦٩ ڤینسێنت ڤان گۆخ پەیوەندی بە کۆمپانیای (Goupil & Cie) کرد کە کۆمپانیایەکی بازرگانی ھونەری بوو لە لاھای. بنەماڵەی ڤان گۆخ لە مێژە پەیوەندییان بە جیھانی ھونەرەوە ھەبوو، بەو پێیەی مامی ڤینسێنت، کۆرنێلیس ("مام کۆر") و ڤینسێنت ("مام سەنت")، دوو بازرگانی ھونەری بوون. برا بچووکەکەی بەناوی تیۆ ڤان گۆخ، ژیانی وەک بازرگانێکی ھونەری بەسەر بردووە و لە ئەنجامدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی دواتری ڤینسێنت ھەبووە وەک ھونەرمەندێک و نیگارکێشێک.[٧]

ڤینسێنت وەک بازرگانێکی ھونەری تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، و بۆ ماوەی حەوت ساڵی دیکە لەگەڵ گوپیل و سی مایەوە. لە ساڵی ١٨٧٣ گواسترایەوە بۆ لقی کۆمپانیاکە لە لەندەن، و بە خێرایی سەرسام بوو بە کەشوھەوای نەریتی ئینگلیزی. لە کۆتایی مانگی ئابدا ڤینسێنت ڕووی لە ٨٧ ھاکفۆرد ڕۆد کرد، و لە کۆمپانیای مێسرس. گۆپیل و کۆ-Goupil & Co، ١٧ شەقامی ساوسھامپتۆن. لەگەڵ ئۆرسولا لاوەر و کچەکەی یوجینی دەژیا. دەوترێت ڤینسێنت ھەست و سۆزی بۆ یوجینی ھەبوو، بەڵام زۆرێک لە ژیاننامەنووسانی سەرەتایی ناوی یوجینییان بە ھەڵە گەڕاندووەتەوە بۆ دایکی ئۆرسولا. ڤینسێنت ڤان گۆخ بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە لەندەن مایەوە. لەو ماوەیەدا سەردانی زۆرێک لە پێشانگای ھونەری و مۆزەخانەکانی کردووە، و بووەتە سەرسامێکی گەورەی نووسەرانی بەریتانی وەک جۆرج ئێلیۆت و چارڵز دیکنز. ھەروەھا ڤان گۆخ سەرسامێکی گەورەی نەخشێنەرانی بەریتانیا بووە. بەرھەمەکانیان ئیلھامبەخش و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ھونەری دواتری ڤان گۆخ ھەبوو.

پەیوەندی نێوان ڤینسێنت و گۆپیل بە تێپەڕبوونی ساڵەکان زیاتر ئاڵۆزتر بوو، لە مانگی ئایاری ساڵی ١٨٧٥دا گواسترایەوە بۆ لقی کۆمپانیاکە لە پاریس. لە کۆتایییەکانی مانگی ئازاری ساڵی ١٨٧٦دا ڤینسێنت گۆپیلی بەجێھێشت و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ئینگلتەرا، کە ئەو دوو ساڵەی لەوێ بەسەری بردبوو تێیدا دڵخۆش بوو. لە مانگی نیساندا ڤینسێنت ڤان گۆخ دەستی بە وانەوتنەوە کرد لە خوێندنگای ڕێبەر ویلیام بی. ستۆکس لە ڕامسگەیت، و بەرپرسی ٢٤ کوڕ بووە کە تەمەنیان لە ١٠ بۆ ١٤ ساڵ بووە. ڤان گۆخ لەکاتی دەست بەتاڵیدا بەردەوام بوو لە سەردانکردنی پێشانگاکان و ڕێزگرتن لە چەندین پارچە ھونەری گەورە لەوێدا. ھەروەھا خۆی بۆ خوێندنی تەورات تەرخان کرد، چەندین کاتژمێری بە خوێندنەوە و دووبارە خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز بەسەر بردووە. ھاوینی ساڵی ١٨٧٦ بۆ ڤینسێنت ڤان گۆخ کاتێکی ئایینی بوو. ھەرچەندە لە خێزانێکی ئایینیدا گەورە بووە، بەڵام دەستی نەکردووە بە تەرخانکردنی ژیانی خۆی بۆ کڵێسا بەڕاستی، تا ئەم کاتەی نەبێت.

بۆ ئەوەی لە مامۆستایەکەوە بگۆڕێت بۆ پیاوی ئایینی، ڤینسێنت داوای لە قەشە جۆنز کرد کە بەرپرسیارێتی زۆرتری پێبدات کە بۆ پیاوێکی ئایینی. جۆنز ڕازی بوو و ڤینسێنت دەستی کرد بە قسەکردن لە کۆبوونەوەکانی نوێژکردن لە پەرستگای تێرنھام گرین. ئەم قسەکردنە وەک ئامرازێک بوو بۆ ئامادەکردنی ڤینسێنت بۆ ئەو ئەرکەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد: یەکەم وتاری لە یەکشەممە. ھەرچەندە ڤینسێنت زۆر جۆش و خرۆش بوو بۆ ئەوەی ھەلێکی ھەبێت بۆ بوون بە وەزیر، بەڵام وتارەکانی مات و تاڕادەیەکی زۆر بێ گیان بوون. ڤان گۆخ دوای ئەوەی لە جەژنی کریسمسدا سەردانی خێزانەکەی کرد مانەوەی لە ھۆڵەندا ھەڵبژارد. دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی ١٨٧٧دا بۆ ماوەیەکی کورت لە پەرتووخانەیەک لە شاری دۆردرێخت کاردەکات، ڤینسێنت لە ٩ی ئایاردا چووە ئەمستردام بۆ ئەوەی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ بۆ خوێندنی زانستە ئایینییەکان ئامادە بکات. ڤینسێنت لەوێ وانەی یۆنانی و لاتینی و بیرکاری وەرگرتبوو، بەڵام بەھۆی کەمی لێھاتوویییەوە لە کۆتاییدا دوای ١٥ مانگ ناچار بووە واز لە خوێندن بھێنێت. دواتر ڤینسێنت ئەم قۆناغەی بە خراپترین قۆناغی ژیانی خۆی دانا. لە مانگی تشرینی دووەمدا ڤینسێنت نەیتوانی شایستەی خوێندنی مژدەبەری (بانگێشتکردنی خەڵکییە بۆ چوونە ناو ئایینی گاور) بێت لە شاری لایکن، بەڵام لە کۆتاییدا کڵێساکە پێشنیاری کرد بچێتە ناوچەی کانگاکانی خەڵوز لە شاری بۆرینای بەلجیکا.

لە مانگی یەکی ساڵی ١٨٧٩دا ڤینسێنت دەستی کرد بە سەرپەرشتیکردنی کانگاکانی خەڵوز و خێزانەکانیان لە گوندی کانگاکانی وەسمیس. ڤینسێنت ھەستی بە وابەستەیییەکی سۆزداری بەھێز دەکرد لەگەڵ کرێکارانی کانەکاندا. ھاوسۆزی بارودۆخی ترسناکی کارکردنیان بوو و ئەوەی لە توانایدا بوو ڤان گۆخ بۆیانی ئەنجامدا، وەک سەرکردەیەکی گیانی، بۆ سووککردنی بارگرانی ژیانیان. ئەم ئارەزووە خۆبەخشە بردییە ئاستێکی زۆر گەورە کاتێک ڤینسێنت دەستی کرد بە پێدانی زۆربەی خواردن و جلوبەرگەکانی بەو کەسە ھەژارانەی کە لەژێر چاودێری ئەودا بوون. سەرەڕای نیازە بەرزەکانی ڤینسێنت ڤان کۆخ، نوێنەرانی کڵێسا بە توندی ڤان گۆخیان ڕەتکردەوە و لە مانگی تەممووزدا لە پلەکەی دەریان کرد. ڤان گۆخ ڕەتیکردەوە ناوچەکە جێبھێڵێت، ڕووی لە گوندێکی نزیک کرد بە ناوی کویسمێس، و لەوێ بە ھەژارییەکی زۆرەوە مایەوە. لە ساڵی دواتردا ڤینسێنت خەباتی کرد بۆ مانەوە و ھەرچەندە نەیتوانی بە ھیچ پلەیەکی فەرمی وەک پیاوانی ئایینی یارمەتی خەڵکی گوندەکە بدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ھەڵیبژارد وەک ئەندامێکی کۆمەڵگاکەیان بمێنێتەوە. ڕۆژێک ڤینسێنت ھەستی بە ناچاری کرد سەردانی ماڵی جوول بریتۆن بکات کە نیگارکێشێکی فەڕەنسی بوو کە زۆر ڕێزی لێدەگرت و ئەوەش پێویستی بە ڕێکردنێکی حەفتا کیلۆمەتر بوو بۆ کوریێرس لە فەڕەنسا، ھەرچەندە تەنیا ١٠ فرانکی لە گیرفانیدا بوو؛ بەڵام ڤینسێنت زۆر شەرمن بوو لەکاتی ھاتنیدا لە دەرگاکە بدات، بۆیە بە تەواوی بەبێ متمانەیی گەڕایەوە گوندی کیۆسمیس. ھەر لەم کاتەدا بوو کە ڤینسێنت ڤان گۆخ پیشەی داھاتووی خۆی وەک ھونەرمەندێک ھەڵبژارد.[٨]

دەرکەوتنی کارە سەرکەوتووەکان[دەستکاری]

لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی ١٨٨٥ ڤان گۆخ بەردەوام بوو لە بەرھەمھێنانی زنجیرەیەک تابلۆ سەبارەت بە جووتیاران. ڤینسێنت ئەم تابلۆیانە وەک جۆرێک لە خۆفێرکردن سەیری دەکرد و بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پیشەکەیی و وەک ئامادەکارییەک بۆ سەرکەوتووترین کارەکانی تا ئێستا. ڤینسێنت تا مانگی ئازار و نیسان کاری لەسەر ئەم نوێژینەوانە کردووە، و بۆ ماوەیەکی کورت وازی لێ ھێنان کاتێک باوکی لە ٢٦ی ئازاردا کۆچی دوایی کرد. پەیوەندی ڤینسێنت لەگەڵ باوکی لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر ئاڵۆز بوو، بەڵام بە دڵنیایییەوە دڵخۆش نەبوو بە مردنەکەی، بەڵام لە ڕووی سۆزدارییەوە لێی دابڕابوو، ئەمەش ڕێگەی پێدا وەک ھەمیشە بەردەوام بێت لە کارکردن.

پەتاتەخۆرەکان (نیسانی ١٨٨٥)

دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بە قوورسی کار دەکات و بەردەوام پەرە بە شێوازەکانی دەدات، توانی یەکەم تابلۆی گەورەی خۆی بەناوی «پەتاتەخۆرەکان» بەرھەم بھێنێت. ڤینسێنت بە درێژایی مانگی نیسانی ساڵی ١٨٨٥ کاری لەسەر تابلۆکە کردووە، ڕەشنووسی جۆراوجۆری بەرھەم ھێنا بۆ ئامادەکاری بۆ کۆتا وەشانی زەیتی گەورەی لەسەر کانڤاس. پەتاتەخۆرەکان وەک یەکەم پارچەی ڕاستەقینە و دەگمەنی ڤینسێنت ڤان گۆخ ناسراوە و کاردانەوەکان بەرامبەر بەو تابلۆیە ھاندەری بوون؛ بەڵام ھاوڕێ و ھاوھونەرمەندی بەناوی ئەنتۆن ڤان ڕابارد (١٨٥٨–١٨٩٢) کارەکانی بەدڵ نەبوو و سەرنجەکانی سەبارەت بە تابلۆکەی بووە ھۆی کۆتایی ھاتنی ھاوڕێیەتی نێوانیان. ھەرچەندە ڤینسێنت لە ڕەخنەگرنت لە کارەکانی توڕە و بێزار دەبێت، بەڵام بە گشتی دڵخۆش بوو بە ئەنجامەکە، بەم شێوەیەش باشترین بەشەکانی ژیانی دەستپێکرد. ڤان گۆخ بە درێژایی ساڵی ١٨٨٥ بەردەوام بوو لە کارکردن، بەڵام دیسانەوە تووشی دڵەڕاوکێ بووەوە و جارێکی دیکە پێویستی بە ھاندان بوو. لە سەرەتای ساڵی ١٨٨٦دا بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندی بە ئەکادیمیایەک کرد لە ئەنتۆرب، بەڵام دوای نزیکەی چوار ھەفتە لە تووندی مامۆستایان ناڕازی بوو و جێی ھێشت. وەک چۆن زۆرجار بە درێژایی ژیانی نیشانی دابوو، ڤینسێنت ھەستی دەکرد کە خوێندنی فەرمی جێگرەوەیەکی خراپە بۆ کار؛ بۆیە بۆ ماوەی پێنج ساڵی قوورس کاری کرد بۆ باشکردنی بەھرەکانی وەک ھونەرمەندێک و بە دروستکردنی تابلۆی پەتاتەخۆرەکان خۆی سەلماند کە نیگارکێشێکی پلە یەکە؛ بەڵام بەردەوام ویستوویەتی خۆی باشتر بکات و بیرۆکە بەدەستبھێنێت و بۆ تەکنیکە نوێیەکان بگەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەو ھونەرمەندەی کە بەڕاستی ئاواتەخواز بووە ببێت. ئەوەی لە توانایدا بوو لە ھۆڵەندا ئەنجامیدا، پاشان بەجێیھێشت و چوو بۆ پاریس.[٨]

لە پاریسدا[دەستکاری]

ڤینسێنت ڤان گۆخ بە درێژایی سەرەتای ساڵی ١٨٨٦ لەگەڵ تیۆی برای نامەی دەنارد و ھەوڵی دەدا ڕازی بکات کە بچێتە پاریس. تیۆ کەسایەتییە ڕەقەکەی براکەی دەزانی. ڤینسێنت لە سەرەتای مانگی ئازاردا گەیشتە پاریس. قۆناغی ڤان گۆخ لە پاریس تایبەت بوو بۆ ژیانی ھونەرمەندێک. ئەو دوو ساڵەی کە ڤینسێنت لە پاریس بەسەری بردووە یەکێکە لە قۆناغە بێ بەڵگەنامەکانی ژیانی، چونکە ژیاننامەنووسەکان پشتیان بە نامەکانی نێوان ڤینسێنت و تیۆ بەستووە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بزانن، نامەکانیش وەستان کاتێک ھەردوو براکە پێکەوە لە شوقەیەکدا ژیان کە ھی تیۆ بوو، لە ناوچەی مۆنمارتر لە پاریس. تیۆ وەک بازرگانێکی ھونەری پەیوەندییەکی زۆری ھەبوو، ئەمەش وای کرد ڤینسێنت ئاشنا بێت بە ھونەرمەندە پێشەنگەکانی پاریس لەو کاتەدا. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی کە لە پاریس بوو، ڤان گۆخ سەردانی ھەندێک لە پێشانگە سەرەتایییەکانی ئیمپڕێشنیستەکانی دەکرد، لەوێ بەرھەمەکانی دیگاس، مۆنێت، ڕێنۆیر، پیسارۆ، سیورات و سیسلییان پیشان دەدا. بێ گومان ڤان گۆخ لەژێر کاریگەری شێوازە ئیمپڕێشنیستەکاندا بوو، بەڵام ھەمیشە بە سۆز بوو بۆ شێوازە ناوازەکەی خۆی. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا ڤان گۆخ ھەندێک لە تەکنیکەکانی ئیمپڕێشنیستەکان بەکاردەھێنا، بەڵام نەیھێشت کاریگەرییە بەھێزەکەیان زاڵ بێت بەسەریدا.

ڤینسێنت بە درێژایی ساڵی ١٨٨٦ لە گەڕەکەکانی پاریس حەزی لە نیگارکێشان بوو، تابلۆکانی دەستیان کرد بە دوورکەوتنەوە لە ڕەنگە تۆخەکان و بەرەو ڕەنگە زیندووترەکانی ئیمپڕێشنیستەکان؛ و ئەوەی زیاتر شێوازەکەی ڤان گۆخی ئاڵۆز کرد، ئەوە بوو کە لەکاتێکدا لە پاریس بوو حەزی لە ھونەری ژاپۆنی بوو. ژاپۆن لەم دواییانەدا دوای چەندین سەدە لە گەمارۆی داب و نەریتی (کە ئەو ماوەیە قەدەغە بوو کەس لە ژاپۆن دەربچێت و بازرگانی بکات) بەندەرەکانی بەڕووی وڵاتانی ڕۆژاوادا کردەوە و لە ئەنجامی ئەو گۆشەگیرییە درێژخایەنە جیھانی ڕۆژاوا سەرسام بوو بە داب و نەریتی ژاپۆن. ڤان گۆخ دەستی کرد بە بەدەستھێنانی کۆمەڵەیەکی گەورەی چاپی دارینی ژاپۆنی کە ئێستا لە مۆزەخانەی ڤان گۆخە لە ئەمستردام و ڤان کۆخ تابلۆکانی لەم ماوەیەدا ڕەنگدانەوەی بەکارھێنانی زیندووانەی دڵخوازەکانی ئیمپڕێشنیستەکان و ڕەنگە بێدەنگەکانی ژاپۆن بوون. ھەرچەندە ڤان گۆخ تەنیا سێ تابلۆی ژاپۆنی بەرھەم ھێنا، بەڵام کاریگەرییە ژاپۆنییەکان لەسەر ھونەرەکەی بە وردی بە درێژایی تەمەنی بوو.

ساڵی ١٨٨٧ لە پاریس قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندنی ڤینسێنت بوو وەک ھونەرمەندێک، بەڵام لە ڕووی سۆزداری و جەستەیییەوە کاریگەری و زیانێکی زۆری کردە سەری. کاتێک ڤینسێنت پێداگری لەسەر گواستنەوەی خۆی کرد لەگەڵ تیۆدا، بەو ھیوایەی ئەو دووانە باشتر خەرجییەکانیان بەڕێوەببەن و ڤینسێنت بە ئاسانی خۆی بۆ ھونەر تەرخان بکات؛ بەڵام ژیان لەگەڵ براکەیدا گرژییەکی زۆری لە نێوانیاندا دروست کرد. وەک چۆن بە درێژایی ژیانی ھەبوو، خراپی کەشوھەوا لە زستاندا ڤینسێنتی دەمارگیر و خەمۆک دەکرد. ڤینسێنت ھەرگیز لەوە دڵخۆشتر نەدەبوو کە لەگەڵ سروشتدا ھاوئاھەنگ بێت و کاتێک کەش و ھەوا باشتر دەبوو. لە مانگە خەمناکەکانی زستاندا لە پاریس - لە ساڵانی ١٨٨٧ و ١٨٨٨دا ڤان گۆخ زیاتر دوودڵ بوو، چونکە ھەمان وێنە و ڕەنگە تاریکەکان دەرکەوتنەوە. دوو ساڵەکەی ڤان گۆخ لە پاریس زۆرترین کاریگەری ھەبوو لەسەر بەردەوامی گەشەسەندنی وەک ھونەرمەندێک؛ بەڵام ئەوەی ویستبووی بەدەستی ھێنا، کاتی گواستنەوە ھات. چونکە ڤان گۆخ ھەرگیز لە شارە گەورەکاندا دڵخۆش نەبوو، بۆیە بڕیاریدا پاریس بەجێبھێڵێت و بڕوات بەرەو باشوور.

نەخۆشخانەی دەروونی[دەستکاری]

لەگەڵ گەیشتنی بە نەخۆشخانە، ڤان گۆخ خرایە ژێر چاودێری دکتۆر تیۆفیل زاکاری ئاب بیرۆن (١٨٢٧–١٨٩٥). دوای پشکنینی ڤینسێنت و پێداچوونەوەی دۆخی، دکتۆر پێرۆن بڕوای بەوە ھێنا کە نەخۆشەکەی تووشی نەخۆشی پەرکەم (جۆرێکە لە سەرئێشە) بووە. دوای چەند ھەفتەیەک باری دەروونی ڤینسێنت ھێشتا جێگیر بوو و ڕێگەی پێدرا بەردەوام بێت لە نیگارکێشان. لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، ڤان گۆخ باشترین بەرھەمی خۆی بەناوی «شەوی ئەستێرەکان» بەرھەمھێنا.

تابلۆی شەوی ئەستێرەکان (١٨٨٩)

باری دەروونی ڤان گۆخ کە تاڕادەیەک ئارام بوو زۆری نەخایاند و لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا جارێکی دیکە تووشی بووەوە. ڤینسێنت ھەوڵیدا تابلۆکانی خۆی بخوات، بۆیە خرایە نەخۆشخانە و ڕێگەی پێنەدرا دەستی پێبگات. ھەرچەندە بە خێرایی لە ڕووداوەکە چاک بووەوە، بەڵام ڤان گۆخ بێزار بوو کاتێک بێبەش بوو لە تاکە شتێک کە خۆشی دەویست کە ھونەرەکەی بوو. ھەفتەی دواتر دکتۆر پیرۆن ڕێگەی بە ڤان گۆخ دا دەست بە نیگارکێشان بکاتەوە. ئەمەش ھاوکات بوو لەگەڵ بارێکی دەروونی باشدا. ڤینسێنت نامەی بۆ تیۆ نارد کە وردەکارییەکانی دۆخە پزیشکییەکەی جێگیر بووە. ھەروەھا لە سەرەتای ساڵی ١٨٨٩یش نەخۆش بوو، ڤان گۆخ بۆ ماوەی دوو مانگ نەیتوانی ژوورەکەی جێبھێڵێت، بەڵام لە ھەفتەکانی دواتردا جارێکی دیکە توانی بەسەر ترسەکانیدا زاڵ بێت و بەردەوام بێت لە کارکردن. ھەر لەم ماوەیەدا بوو کە ڤینسێنت بڕیاریدا بە تەواوی لە نەخۆشخانەی دەروونی دەربچێت لە شاری سانت ڕێمی. ئەمەی بۆ تیۆ ھێنایە ئاراوە، کە دەستی کرد بە پرسیارکردن سەبارەت بە جێگرەوەکانی چاودێری پزیشکی ڤینسێنت.

تەندروستی دەروونی و جەستەیی ڤان گۆخ تا کۆتایی ساڵی ١٨٨٩ زۆر جێگیر بوو، ھەروەھا تەندروستی تیۆ چاک بووەوە و ئامادە بوو لەگەڵ ھاوسەرە نوێیەکەیدا بچێتە ماڵێک، ھەروەھا یارمەتی ئۆکتاڤی مۆسی دا کە پێشانگایەکی بە ناوی «لێس ئێکس ئێکس-Les XX» لە برۆکسل ڕێکدەخست کە شەش لە تابلۆکانی ڤینسێنت تێدا پیشاندرا. ڤینسێنت بە درێژایی کاتەکە بە جۆش و بەرھەمدار دەرکەوت. نامەنووسی بەردەوامی نێوان ڤینسێنت و تیۆ زۆر بابەتی سەبارەت بە نمایشکردنی تابلۆکانی ڤینسێنت لە پێشانگاکەدا یەکلایی کردەوە. لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٨٨٩، ساڵێک دوای ڕووداوی گوێبڕینەکە، ڤینسێنت تووشی دۆخێکی دیکەی پەرکەم بوو کە بۆ ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام بوو، بەڵام بە خێرایی چاک بووەوە و بەردەوام بوو لە نیگارکێشان. لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی ١٨٩٠دا زیاتر تووشی بوو، ڕەنگە ئەمە خراپترین قۆناغی باری دەروونی بێھیوای ئەو بووبێت. دوای پرسیارکردن، تیۆ ھەستی کرد باشترە ڤینسێنت بگەڕێتەوە پاریس و دواتر بخرێتە ژێر چاودێری دکتۆر پاوڵ گاچێت (١٨٢٨–١٩٠٩). ڤینسێنت پێشنیارەکەی تیۆی پەسەند کرد و لە سانت ڕێمی کۆتایی بە کاروباری خۆی ھێنا. لە ١٦ی ئایاری ١٨٩٠ ڤینسێنت ڤان گۆخ نەخۆشخانەی دەروونی بەجێھێشت و بە شەمەندەفەرێک لە شەودا بەرەو پاریس ڕۆیشت.

کۆتا ڕۆژەکان[دەستکاری]

کێڵگەیەکی گەنم لەگەڵ قەلەڕەشەکاندا، کە لەلایەن ڤان گۆخەوە کێشراوە لە ١٠ی تەممووزی ١٨٩٠، کە ١٩ ڕۆژ پێش خۆکوشتنەکەی بوو، بەمەش بە دوا کاری ھونەری مێژوویی ئەو دانراوە. مۆزەخانەی ڤان گۆخ، ئەمستردام

گەشتەکەی ڤینسێنت بۆ پاریس بێ ڕووداو بوو و تیۆ لەگەڵ ھاتنیدا پێشوازی لێ کرد. ڤینسێنت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ تیۆ و جوانای ھاوسەری تیۆ و ڤینسێنت ویلیەم منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان (کە ناوی ڤینسێنت بوو) مایەوە؛ بەڵام ڤینسێنت ھەستی بە کەمێک ماندوێتی کرد، بۆیە بڕیاریدا پاریس بەجێبھێڵێت و بچێتە ئۆڤەرسۆر ئۆیس. ڤینسێنت دوای ماوەیەکی کەم لە ھاتنی بۆ ئۆڤەر دکتۆر گاچێتی ناسی. ڤینسێنت توانی ژوورێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە لە یەکێک لە باڵەخانە بچووکەکانی خاوەندارێتی ئارسەر گوستاڤ ڕاڤۆ، لەوێ یەکسەر دەستی کرد بە نیگارکێشان.

ڤینسێنت دڵخۆش بوو کە ئۆڤێرسۆر ئۆیس ئەو ئازادییەی پێبەخشی کە لە سانت ڕێمی بەدەستی نەھێنابوو، لە ھەمان کاتدا بابەتی پێویستی بۆ تابلۆکەی دابین کرد. ھەفتەکانی یەکەمی ڤینسێنت لەوێ بە ھێمنی تێپەڕیبوو. لە ٨ی حوزەیران، تیۆ و جوانا و کوڕە ساواکەیان سەردانی ڤینسێنت و گاچێیان کرد بۆ ڕۆژێکی خۆشی خێزانیی. ڤینسێنت بە درێژایی مانگی حوزەیران لە دۆخێکی دەروونی باشدا مایەوە و زۆر بەرھەمدار بوو، ھەندێک لە بەرھەمە ناسراوەکانی وەک «وێنەی دکتۆر گاچێت» و تابلۆی «کڵێسا لە ئۆڤێرس» کێشا. پاشان ڤینسێنت ھەواڵە ناخۆشەکەی زانی کە کوڕەزاکەی زۆر نەخۆش کەوتووە. تیۆ لە مانگەکانی پێشووەوە بە سەختترین کاتەکاندا تێدەپەڕی. دوای باشتربوونی کۆرپەکە، ڤینسێنت بڕیاریدا لە ٦ی تەممووزدا سەردانی تیۆ و خێزانەکەی بکات، بۆیە زوو بە شەمەندەفەر دەچێتە لای ئەوان و دواتر گەڕایەوە بۆ ئۆڤێرس. لە ماوەی سێ ھەفتەی داھاتوودا ڤینسێنت دەستی بە نیگارکێشان کردەوە و دڵخۆش بوو.

گۆڕی ڤینسێنت و تیۆ ڤان گۆخی برای لە فەڕەنسا

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی تەممووزی ١٨٩٠، ڤینسێنت ڤان گۆخ چەکێکی گرت و تەقەی لە سنگی خۆی کرد. ڤینسێنت توانی بە لارەلار بگەڕێتەوە بۆ لای ڕافۆ کاتێک کەوتە سەر جێگاکە و دواتر لەلایەن ڕافۆوە دۆزرایەوە. دکتۆر گاچێت و دکتۆر مازیری بانگکران، بڕیار درا ھەوڵی دەرھێنانی فیشەکەکە لە سنگی ڤینسێنت نەدرێت، دواتر گاچێت نامەیەکی بەپەلەی بۆ تیۆ نووسی. دکتۆر گاچێت ناونیشانی ماڵەوەی تیۆی نەبوو و ناچار بوو بۆ ئەو پێشانگایە بنووسێت کە تێیدا کار دەکات؛ بەڵام دواکەوتنێکی زۆری نەبوو و تیۆ پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دواتر گەیشتە ئەوێ.

ڤینسێنت و تیۆ تا دوا کاتژمێرەکانی ژیانی پێکەوە مانەوە. دوای ئەم ڕووداوە تیۆ باسی لەوە کرد کە ڤینسێنت دەیویست بمرێت، بۆیە کاتێک لە تەنیشت جێگاکەی دانیشت ڤینسێنت پێی وت:

La tristesse durera toujours

«دڵتەنگی ھەمیشە بەردەوام دەبێت». ڤینسێنت ڤان گۆخ کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی بەیانی لە ٢٩ی تەممووزی ١٨٩٠ لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کڵێسای کاسۆلیکی لە ئۆڤێرس ڕەتیکردەوە ڤینسێنت لە گۆڕستانەکەیدا بنێژێت، چونکە خۆی کوشتووە، بەڵام شاری مێری لە نزیکەوە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناشتن و پرسەی، کە لە ٣٠ی تەممووزدا بەڕێوەچوو.

تیۆ ڤان گۆخ (براکەی) دوای شەش مانگ لە مردنی ڤینسێنت لە شاری ئۆڤێرسۆر ئۆیس لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد. لە شاری ئۆترێخت بە خاک سپێردرا، بەڵام جوانای ھاوسەری لە ساڵی ١٩١٤ داوای کرد کە تەرمەکەی لە گۆڕستانی ئۆڤێرس شانبەشانی ڤینسێنت بنێژرێتەوە. ھەروەھا داوای کرد کە لقی دارێک (کە زوو بڵاودەبێتەوە) لە باخچەی دکتۆر گاچێ لەنێوان بەردی گۆڕەکاندا بچێنرێت. ھەمان ئەو ڕوەکانە تا ئەمڕۆش لە شوێنی گۆڕی ڤینسێنت و تیۆ دەبینرێن.[٨]

کارەکان[دەستکاری]

ڤینسێنت ڤان گۆخ لە بەرھەمەکانیدا ھەوڵیدا تا لە توانایدا بێت زۆرترین کەس بۆلای خۆی ڕابکێشێت. ھەروەھا کاری کردووە بۆ دەرخستنی شەبەنگی ڕەنگەکان لە تابلۆ جۆراوجۆرەکانیدا: سروشتی بێدەنگ، چەپکە گوڵ (گوڵەبەڕۆژە)، بۆ تابلۆ کەسییەکان، تابلۆی دیمەنە سروشتییەکان (پردەکانی لانگلۆیس، کێڵگەی گەنم لە نزیک دارەکانی سەروو، شەوە درەوشاوەکە).

ڤان گۆخ بە یەکێک لە پێشەنگەکانی دوو خوێندنگای ئیمپڕێشنیزم و دڕندەیی دادەنرێت. گرنگترین بەرھەمەکانی لە مۆزەخانەی ئۆرسای لە پاریس (کەمپی بۆھێمییەکان، تابلۆی کەسی) و لە مۆزەخانەی نیشتمانی ڤان گۆخ لە ئەمستردام لە ھۆڵەندا.[٨]

ئەو ھونەرانەی کە نازییەکان تاڵانیان کرد[دەستکاری]

لە سەردەمی نازییەکان (١٩٣٣–١٩٤٥) ژمارەیەکی زۆر لە کارە ھونەرییەکانی ڤان گۆخ دەستاودەست کران، زۆربەیان لە کۆکەرەوە جوولەکەکان تاڵان کران کە بە زۆر دوورخرانەوە یان کوژران. بەشێک لەو بەرھەمانە لەناو کۆکردنەوە تایبەتەکاندا نەمان. ھەندێکی تر لەو کاتەوە لە مۆزەخانەکاندا دەرکەوتن، یان لە مەزادەکاندا، یان زۆرجار لەلایەن خاوەنەکانی پێشوویانەوە وەرگیراونەوە لە داوای یاسایی باڵادا. ھێشتا دامەزراوەی ھونەری ونبووی ئەڵمانی دەیان ڤان گۆخی ونبوو و ھاوپەیمانی مۆزەخانە ئەمریکییەکان ٧٣ بەرھەمی ڤان گۆخ دەخاتە ڕوو لە دەروازەی ئینتەرنێتی تایبەت بە سەردەمی نازییەکان.[٩][١٠][١١]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Rewald, John. Post-Impressionism: From van Gogh to Gauguin, revised edition, Secker & Warburg 1978, ISBN 0-436-41151-2
  2. ^ https://web.archive.org/web/20190203182526/https://www.alarabiya.net/ar/last-page/2019/01/26/رسام-عاش-فقیرا-مکتئبا-بیعت-لوحاتە-بالملایین-بعد-انتحارە.html
  3. ^ http://www.arthistoryarchive.com/arthistory/expressionism/Vincent-Van-Gogh.html
  4. ^ Lubin, Albert J. Stranger on the earth: A psychological biography of Vincent van Gogh, Holt, Rinehart, and Winston, 1972. ISBN 0-03-091352-7. pages 82–84
  5. ^ https://web.archive.org/web/20181016194452/http://www.webexhibits.org:80/vangogh/letter/14/347.htm
  6. ^ https://web.archive.org/web/20080629075328/http://www.vauxhallsociety.org.uk:80/Hackford.html
  7. ^ https://web.archive.org/web/20180106173656/http://www.webexhibits.org/vangogh/letter/1/007.htm
  8. ^ ئ ا ب پ "فينسنت فان خوخ", ويكيبيديا (بە عەرەبی), 2023-01-17, retrieved 2023-05-13
  9. ^ https://www.lostart.de/de/suche
  10. ^ http://www.nepip.org/public/search/itemsearch.cfm?menu_type=search&action=itmqsrch
  11. ^ https://www.lootedart.com/news.php?r=MKSX32200381

https://web.archive.org/web/20170904153641/https://en.wikipedia.org/wiki/Vincent_van_Gogh

  • Vincent van Gogh Gallery. The complete works and letters of Vincent van Gogh.
  • Van Gogh's Letters, unabridged and annotated.
  • Van Gogh Museum, Amsterdam, The Netherlands.
  • Van Gogh at the National Gallery of Art, Washington, D.C. , United States.
  • Photographs of locations in Auvers-sur-Oise painted by Van Gogh.
  • 'Drama at Arles new light on Van Gogh's self-mutilation' from Apollo, September 2005 by Martin Bailey.
  • Painted with Words: Vincent van Gogh's Letters to Emile Bernard, New York Times، ٩ ئەیلوول ٢٠٠٧
  • Painted with Words: Vincent van Gogh's Letters to Emile Bernard - Facsimiles at The Morgan Library & Museum
  • Art Historians Claim Van Gogh's ear 'Cut Off by Gauguin' by Angelique Chrisafis, The Guardian, May ٤، ٢٠٠٩
  • Union List of Artist Names, Getty Vocabularies. ULAN Full Record Display for Vincent Van Gogh. Getty Vocabulary Program, Getty Research Institute. Los Angeles, California

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]