عەبدوڵڵا حەسەنزادە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

عەبدوڵڵا حەسەنزادە لەدایکبووی ١٩٣٨ سیاسەتوان، زمانزان و ئەدیبی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

عەبدوڵڵا حەسەنزادە پاییزی ١٩٣٨ لە کوردستانی ئێران لە دایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لە دەست داوە، دەرسی ئایینیی خوێندووە و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە.عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە دەیەی ٦٠ی زایینیدا لەگەڵ کچێک لە ناوچەی سەردەشت زەماوەندی کردووە و ٤ کوڕ و ٢ کچی ھەن.

بواری سیاسی[دەستکاری]

ھەر لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بۆتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان. لە ساڵەکانی ١٩٦٧ - ٦٨ دا کە بزووتنەوەیەکی چەکدارانە لە لایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەرێوە چووە، بە ھۆی فشاری دەزگا جاسوسییەکانی رێژیمی پاشیەتی‌یەوە ناچار بووە پەنا بەرێتە بەر کوردستانی عێراق. لە گەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش شکستی خەباتی چەکدارانەی ٤٦ - ١٣٤٧ پرش‌و بڵاو بوون ھەوڵیان داوە تەشکیلاتی ئەم حیزبە رێک بخەنەوە. لە کۆنفرانسی دووی حدک لە ھاوینی ١٩٦٩ دا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە ئەندامی رێبەری ئەم حیزبە ھەڵ بژێردراوە.

ساڵی ١٩٧٠ کە بەیاننامەی ١١ی مارس لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەرچوو، دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ئورووپاوە ھاتە عێراق و لە گەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات سەر لە نوێ بناخە تەشکیلاتییەکانی حیزبەکەیان داڕشتەوەو بەرنامەو پێڕەوی ئەم حیزبەیان رێک خستەوە کە د.قاسملوو دەوری سەرەکی تێدا دیت‌و لە راستیدا رێبەری ئەم حیزبە بە کردەوە بە د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ئەسپێردرا. عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە دوای کۆنفرانسی سێیەمی حدک لە ژوئەنی ١٩٧١دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵ بژێردرا. پاییزی ١٩٧٣ لە کۆنگرەی سێیەمی ئەم حیزبەدا سەر لەنوی بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردراوەتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی راپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨دا عەبدوڵڵا حەسەنزادە وێرای د. عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حدک و ژمارەیەکی دیکە لە تێکۆسەرانی ئەم حیزبە لە سەر بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی کۆمیتەیەکیان پێک ھێناوە بە ناوی «زاگرۆس» و ئەندامانی زاگرۆس بە نھێنی چوونەتەوە نێوخۆی وڵات (رۆژھەڵاتی کوردستان). عەبدوڵڵا حەسەنزادە چۆتە مھاباد. چەند مانگ پاش سەرکەوتنی راپەرینی خەڵکی ئێران، رێژیمی تازە حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە ھەڵوەشاوە راگەیاندو ھێرشی کردە سەر کوردستان. ھەوڵی کوردەکان بریتی بوو لە چارەسەری کێشەی کورد لە رێگای وتووێژەوە. کوردەکان ھەیئەتیکی نوێنەرایەتیی کوردیان بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەت پێک ھێنا کە عەبدوڵڵا حەسەنزادە یەکێک لە ئەندامانی ئەو دەستەیە بوو کە بە ھۆی درێژەدانی شەر لەلایەن حکوومەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەوڵی ئەم دەستەیە لە وتووێژەکاندا شکستی ھێنا.

عەبدوڵڵا حەسەنزادە ھەتا کۆنگرەی ١٣ لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتدا جگە لە کۆنگرەی ھەشتەم بە ئەندامی رێبەری و ئەندامی دەفتەری سیاسی ئەم حیزبە ھەڵبژێردراوەتەوە. لە کۆنگرەی ٦و ٧ی ئەم حیزبە بە جێگری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ھەڵ بژێردراوە. لە کۆنگرەی ١٠ لە بەھاری ١٩٩٥دا بە سکرتێری گشتی ئەم حیزبە ھەڵ بژێردراوەو تا کۆنگرەی ١٣ی ئەم حیزبە لە ٢٠٠٤دا لەم پۆستە مایەوە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە سیاسەتدا وەک رێبەری پێشووی حیزبەکەی باوەری بە چارەسەری کێشەکان لە رێگای وتووێژەوە ھەیە. ئەو کاتی سکرتێری گشتی حدک بوو ئەسڵێکی لەم حیزبەدا جێگیر کرد کە کەسێک تەنیا دەتوانێ دوو دەورە بە دوای یەکدا ببێتە سکرتێری گشتی. ھەروەھا لە کارە گرینگەکانی ئەو لەم حیزبەدا ئەوە بوو کە بۆ قووڵکردنەوەی دێموکراسی ئێوخۆی حیزبی "مافی کەمایەتی" ی لە بیروبۆچوون و فراکسیۆنی فکری لە ناو حیزبەکەیدا بە رەسمی ناساند.

بواری زمان و وێژە[دەستکاری]

عەبدوڵڵا حەسەنزادە جگە لە کاری سیاسی وەک زمانزان و وەرگێڕێکی توانا ناسراوە. بەرھەمە وەرگێڕدراوەکانی بریتین لە:

  1. کوردستان و کورد؛ کتێبی دوکتور قاسملوو
  2. حەمەدۆک؛ ڕۆمانی یاشار کەماڵ
  3. دان چەرموو؛ ڕۆمانی جاک لەندەن
  4. گێلەپیاو؛ ڕۆمانی عەزیز نەسین
  5. نزا بۆ ئارمێن؛ ڕۆمانی ئیبراھیم یوونسی

جگە لە بەرھەمی وەرگێردراو بە گەلێک وتار و بابەتی لە رۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکاندا چاپ بووە، بە تایبەتی لە چاپەمەنیی حیزبەکەی خۆیدا. خاوەنی مێژووی قۆناغێک لە تەمەنی حیزبەکەیەتی نیو سەدە تێکۆشان کە لە دوو بەرگدا بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]