عەبدولسەتتار دۆری
| عەبدولسەتتار دۆری | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٢ بەغدا، عێراق |
| مردن | ٥ی تەممووزی ٢٠٢٤ (٩٢ ساڵ ژیاوە) لەندەن، شانشینی یەکگرتوو |
| پیشە | سیاسەتوان |
عەبدولسەتتار عەبدولجەببار ئەلدۆری (١٩٣٢–٢٠٢٤)، شۆڕشگێڕ و چالاکی سیاسی و باڵیۆزی عێراق بوو.[١]
ژیان
[دەستکاری]لە ١٤ی تەممووزی ١٩٣٢ لە بەغدا لەدایکبووە و لە ناوچەی کەرخ گەورە بووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە زانکۆی بەغدا و پاشان کۆلێژی ئاداب، بەشی شوێنەواری تەواوکردووە. ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ شاری دۆر لە عێراق، لە ھۆزی ئالبوو حەیدەر. عەبدولسەتتار دۆری، یەکێک بوو لە سەرکردە ھەرە گرنگەکانی حیزبی بەعس لە عێراق و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی. لە ژیانیدا پۆستی گرنگی وەرگرتووە و تا ساڵی ١٩٩٠ باڵیۆزی عێراق بووە لە چەندین وڵات. ھەروەھا باوکی میدیاکار عائیشە دۆرییە.[٢]
کار و دەستکەوتەکان
[دەستکاری]عەبدولسەتتار دۆری بە یەکێک لە بەشداربووانی کودەتاکەی ساڵی ١٩٦٣ دادەنرێت، ھەرچەندە ئەو لەگەڵ گرووپی ساڵح مەھدی عەمماش دژی کودەتاکە بوو کاتێک ئامادەکارییەکان لەلایەن سەرکردایەتیی ھەرێمیی حیزبەوە دەکرا. وەک ئەندام لە حیزبی بەعس لە سەرکردایەتیی ھەرێمیی نوێدا ھەڵبژێردرا و بە یەکێک لە ئەندامە چەپڕەوەکانی نێو ڕیزەکانی حیزب دادەنرا و داوای ھاوپەیمانی لەگەڵ ناسیرییەکان و شیووعییەکان دەکرد. ھەروەھا یەکێک بوو لە داواکارانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد. لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٨ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی عێراقی وەرگرتووە، پاشان وەک پاشکۆی ڕۆشنبیری لە باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ و دواتریش لە پراگ کاری کردووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی سەددام حوسێندا تا ساڵی ١٩٩٠ باڵیۆزی عێراق بووە لە چەندین وڵات، لەوانە ڤەنزوێلا، کۆلۆمبیا، پێروو، دوورگەکانی کاریبی، کووبا و جامایکا، پاشان داوای مافی پەنابەریی سیاسیی لە شانشینی یەکگرتوو کرد. دوای ساڵی ٢٠٠٣ ژیانی لە شانشینی یەکگرتوو بەسەر بردووە.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «تاجيبيديا - الموسوعة الإلكترونية العربية | عبد الستار الدوري». لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تەممووزی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ https://web.archive.org/web/20230401013807/https://syrmh.com/2020/06/24/%D8%B9%D8%A8%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8A/
- ↑ https://web.archive.org/web/20161024175634/http://www.alfaraena.com:80/%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%A1%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%85%D8%B0%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%B9%D8%A8%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9/
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |