بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عەباس غەزالی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەبباس غەزالی میرخان ژاژووکی

عەبباس غەزالی
لەدایکبوون١٩٦٠
نەتەوە کورد
شارۆمەندێتی کۆماری عێراق
پیشەسیاسەتوان، نووسەر، چاڵاکوان
حیزبی سیاسی پ.د.ک
باوان
  • غەزالی میرخان (باوک)

عەباس غەزالی میرخان، کوڕی کەسایەتیی خەباتگێڕ و تێکۆشەری کوردستان غەزالی میرخانە، خەڵکی گوندی ژاژووکی سەر بە دەڤەری بارزانە.

ژیاننامە

[دەستکاری]

پێشینە و خێزان

[دەستکاری]

عەباس غەزالی میرخان ژاژووکی، خەڵکی دەڤەری بارزانە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی ژاژووکی سنووری مێرگەسۆر، سەر بە پارێزگای ھەولێر، لەدایکبووە. باپیری ناوبراو، لە شۆڕشی یەکەمی بارزاندا لە ١٩٣٢ بەشدار بووە. غەزالی میرخان غەزالی (١٩٩٧-١٩٢٣) لە شۆڕشی دووەمی بارزاندا (١٩٤٥-١٩٤٣) بەشداریی کردووە و ئەو کات لە شەڕەکانی شانەدەر، مەزنێ، شێروان مەزن و مەیدان مۆریک بەرگری لە شۆڕش کردووە. ھەروەھا لە کۆماری کوردستاندا لە شەڕەکانی سەرا و قاراوەدا جەنگاوە. دوای ڕووخانی کۆمار وەک ھاوەڵێکی مەلا مستەفای بارزانی، وێڕای «حسۆ میرخان»ی برای، بە ڕێڕەوی ڕووباری ئاراسدا بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆیشتوون.[١][٢] ئەم بنەماڵەیە لە سەرەتاکانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کوردستان پێ‌بەپێی بنەماڵەی بارزانی لە شۆڕشەکاندا بەشدار بوون و لەو پێناوەدا چەندین قوربانیی گیانی و ماڵییان داوە.

خوێندن و ژیانی سەرەتایی

[دەستکاری]

لە کاتی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی خوێندووە. ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی باشووری ئێران بوو و لە پارێزگای کرمان قۆناغی دواناوەندیی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بوون. ساڵی ١٩٨٠ بووەتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەڕەکانی بەرگری لە کوردستان بەشدار بووە و یەکێک لە بەرگرییەکانی بەشداری بووە لە داستانی خواکورک.

ژیانی سیاسی

[دەستکاری]

لە کاری سیاسیدا لە بەشی ڕێکخستنی حیزبی و لە بەشی ڕۆشنبیریدا کاری کردووە و لە ڕاپەریندا لە بازنەی کەرکووک-سلێمانی بەشداریی لە ڕزگارکردنی باشووری کوردستان کردووە. ئەندامی کۆنگرەکانی ١٠یەم، ١١یەم، ١٢یەم، ١٣یەم و ١٤یەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٦ کارگێڕی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی لق بووە و لە ساڵی ١٩٩٤دا بە ھەڵبژاردن بووەتەوە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی لق. لە ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، وەک نوێنەری دەڤەری سۆران، بووەتە ئەندامی پەرلەمان. ئەندامی دەستەی ڕۆژنامەنووسان، ئەندامی سەندیکای نووسەران و ھونەرمەندانی کوردستانە و ئێستا ئەندامی بارەگای بارزانییە و بێجگە لە پێگەی سیاسی، بەگشتی وەک چالاکوانێکی فەرھەنگی ناسراوە.[٣][٤][٥]

بەرھەمەکان

[دەستکاری]
  • ئانیتا نیک (....)، ٦٠ خاڵ بۆ سەرکەوتن لە تاقی‌کردنەوە، وەرگێڕانی عەباس غەزالی، (ھەولێر: دەزگای وەرگێڕان).
  • پاوڵ ویڵسۆن، بۆ ئاسوودەبوونت لە شوێنی کار، وەرگێڕانی عەباس غەزالی، (ھەولێر: دەزگای وەرگێڕان، چاپخانەی منارە). ٢٠٠٦
  • عەباس غەزالی (....)، باوەڕ ھێز و سەرکەوتنە، (ھەولێر: دەزگای وەرگێڕان).
  • خواکوڕکی ١٩٨٨ و ڕاپەڕینی ١٩٩١، (ھەولێر: چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری). ١٩٩٩
  • لە مەھابادەوە تا گادەر، (ھەولێر: چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری). ٢٠٠٠
  • تیشک، (ھەولێر: چاپخانەی وەزارتی ڕۆشنبیری). ٢٠٠١
  • ڕێڤینگ؛ سەفەرنامە، (سۆران: کۆمەڵگەی فەرھەنگیی ئەحمەدێ خانی). ٢٠٢٢
  • وەرزی تەم؛ ڕێڕەوی بارزانییەکان لە دوای کۆماری کوردستان ١٩٤٩-١٩٤٥، (سۆران: کۆمەڵگەی فەرھەنگیی ئەحمەدێ خانی). ٢٠٢٤
  • گوڵی خانەدان، ئیدریس بارزانی، (سۆران: کۆمەڵگەی فەرھەنگیی ئەحمەدێ خانی). ٢٠٢٥
  • ھزر و ھۆنین؛ وتار، نامە، پەیام و دیمانە، (سۆران: کۆمەڵگەی فەرھەنگیی ئەحمەدێ خانی). ٢٠٢٥
  • "بەراوردێک لە نێوان مەم و زینی خانی و شانامەی فیردەوسیدا"، (ھەولێر: گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی، چەند بابەتێکی کوردناسی، ژمارە ٤٨٣). ٢٠٢٢
  • "شیکاری مێژوویی کەسایەتی و ڕوانگەی شێخ عەبدوسەلامی بارزانی"، (ھەولێر: گۆڤاری چەند بابەتێکی کوردناسی، ژمارە ٣). ٢٠٢٤
  • لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا؛ چەندین وتار و بابەتی ڕۆژنامەیی بە زمانەکانی کوردی و فارسی ھەن. ٢٠٢٦

چالاکیی فەرھەنگی و ھونەری

[دەستکاری]
  • بەڕێوەبەری بەرھەم لە فیلمەکانی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" و "نیوەی مانگ"، دەرھێنانی «بەھمەن قوبادی».
  • بەڕێوەبەری بەرھەم لە فیلمی " کیلۆمەتر زیڕۆ"، دەرھێنانی «ھونەر سەلیم» لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی «کان».
  • بەڕێوەبەری بەرھەم لە فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"، دەرھێنانی «شەوکەت ئەمین کۆرکی»، لە یادی حەفتا ساڵەی یۆنسکۆ لە پاریس و MPA لە واشینگتۆن.
  • بەڕێوەبەری بەرھەم لە فیلمی دیکیۆمێنتیاریی "ھەموو دایکانی من"، دەرھێنانی «زەھاوی سنجاوی» و «ئیبڕاھیم سەعیدی».
  • بەڕێوەبەری بەرھەم لە فیلمی "ھێلین"، دەرھێنانی «ئیبڕاھیم سەعیدی».
  • بەڕێوەبەری بەرھەم لە فیلمە دیکیۆمێنتیارییەکانی وەک "گەڕانەوە"، "مندالێتیی عیماد"، تایبەت بە جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لە لایەن داعش.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. عەبباس غەزالی (٢٠٠٣)، پەڕینەوە لە ئاراس، کۆنگرەی یادەوەریی سەد ساڵەی بارزانیی نەمر، (ھەولێر: چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە).
  2. محه‌ممه‌د مه‌جید كاروان (٢٠١١)، بارزانییه‌كان له‌ مه‌ھاباده‌وه‌ بۆ سۆڤیەت، (سلێمانی: چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند)
  3. «عەبباس غەزالی». زایەڵە (بە کوردی). ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥. لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  4. «پیام تسلیت عباس غزالی برای درگذشت ابراھیم قادری ھنرمند کُرد». kurdpress (بە فارسی). ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤. لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  5. محەممەد، صالحی (٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤). «عەبباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مه‌نسوور یاقووتی». جام کوردی | JAMEKURDI. لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.