عوسمان ڕەحیمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عوسمان ڕەحیمی (لەدایکبووی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ لە بانە – مردووی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ لە کۆیە) کەسایەتییەکی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە چەندین پۆستی حیزبی ھەبوو و بۆ ماوەی بیست و دوو ساڵ ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. ئەو کتێبێکی ماکس ڤیبەری وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی بە ناوی چەمکە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی. ناوبراو ڕێکەوتی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ بەھۆی جەڵتەی مێشک لە شاری کۆیە کۆچی دواییی کرد و تەرمەکەی ھەر لە گۆڕستانی شەھیدانی دێموکرات لەو شارە نێژراوە.[١][٢]

ژیاننامە[دەستکاری]

عوسمان ڕەحیمی لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاری بانە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبوو. قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندی لە بانە تەواو دەکات. ساڵی ١٣٥٢ی ھەتاوی دوای بەژداریکردنی لە کۆنکووڕی سەرانسەری ئێران لە ڕشتەی پزیشکی زانکۆی شیراز وەرگیرا، دوای ساڵێک بۆ درێژەدان بە خوێندن و بۆ تێکەڵبوونی زیاتری بە کاری سیاسی خۆی دەگوازێتەوە بۆ زانکۆی تاران و بۆ کاری سیاسی لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەی چریکەکانی فیداییی گەلی ئێران تێکەڵ دەبێت. لە ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی واز لە ڕێکخراوەی چریکەکانی فیدایی دێنێت، دەبێت بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ناوچەی بانە درێژ بە چالاکیی سیاسی و سەربازی خۆی دەدات. لە ساڵی ١٣٦١ی ھەتاوی برایەکی بە ناوی عومەر ڕەحیمی کە ئەویش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و ئەندامی بەڕێوەبردنی کۆمیتەی بانە بوو لە تۆپبارانی کۆنفرانسی کۆمیتەی شارستانی بانەدا، ھاوڕێ لەگەڵ سێ پێشمەرگەی تر دەکوژرێن. ھەر لەو ساڵەشدا باوکی بە ناوی غەلیفە حەمەساڵەی ڕەحیمی کە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و سیمای ناسراوی دێموکرات بوو لە ناوچەی بانە بەھۆی نەخۆشی لە باشووری کوردستان گیانی لە دەست دەدات.[٣]

عوسمان ڕەحیمی لە کۆنگرەی ٧ی حیزبی دێموکراتدا بەژدار دەبێت کە لە ساڵی ١٣٦٤ی ھەتاوی لە کانی مێوی باشووری کوردستان بەڕێوە چوو، لەو کۆنگرەیەدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و بەرپرسایەتیی کۆمیتە شارستانی بانەی پێ سپێردرا. لە کۆنگرەی ھەشتدا ھەرچەند ناوی لە پێڕستی فیکسدا ھەبوو و بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کاندیدا کرابوو، بەڵام لەگەڵ چەندان کادر و پێشمەرگەی تری حیزبدا ھەڵوێستیان گرت و لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ، بە جیا درێژەیان بە خەباتدا.

عوسمان ڕەحیمی لە کۆنگرەکانی ٧، ٨، ٩، ١٠، ١١ و ١٢ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی ١٣ بەھۆی زۆری لایەنگری لە ناو حیزبی دێموکراتدا، بە ئەندامی ڕێبەری ھەڵنەبژێردرایەوە و بۆ دەوری دووەم خۆی کاندیدا نەکرد.

لە دوای جیابوونەوەی دوو حیزبی دێموکرات، عوسمان ڕەحیمی بوو بە ڕاوێژکاری دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک).[٤]

لە ماوەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا چەندین بەرپرسایەتی وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی بانە، بەرپرسی دەبیرخانە، بەرپرسی ڕادیۆ دەنگی کوردستان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤاری تیشک ھەبوو.

ڕەحیمی لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی لەگەڵ پەخشان فەلسەفی ژیانی ھاوژینی پێکھێنا و خاوەنی سێ منداڵ بە ناوەکانی سامان، سوورکێو، سنوور بوو.

ئەو لە ١٣٨٦ی ھەتاویدا لە شاری کۆیە بەھۆی جەڵتەی مێشک، ماڵاوایی لە ژیان کرد و لە گۆڕستانی شەھیدانی حیزبی دێموکراتدا بەخاکسپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Shahid Osman rahimi شەھید عوسمان ڕەحیمی (بە ئینگلیزی), retrieved 2022-01-01
  2. ^ "عوسمان ڕەحیمی – شەهید". Retrieved 2022-01-01. ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "عوسمان خەلیفە حەمەسالە - عوسمان رەحیمی". Kurdipedia.org. Retrieved 2022-01-01.
  4. ^ "حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)", ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد, 2021-12-19, retrieved 2022-01-01