عادیلە خانم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە عادیله‌ خانمەوە ڕەوانە کراوە)
عادیلە خانم (دانیشتوو لە ناوەڕاستدا) لە ھەڵەبجە (کۆبونەوەی لەگەڵ ماژۆر سوان (Major Soane) ساڵی ١٩١٩)

عادیلە خانم (لەدایکبووی ١٨٥٩ – مردووی ١٩٢٤) ئافرەتی دەسەڵاتدار و کارگێری ھۆزی جاف و ھاوسەری عوسمان پاشای جاف و کچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقڕان و دایکی ئەحمەد موختار جاف و تاھیر بەگی جاف دوو شاعیری ناودار بووە. ئینگلیزیەکان پێیان وتووە شاژنی بێ‌تاجی شارەزوور.[١]

ژیان[دەستکاری]

بنەماڵەکەی لە دوای تێکچوونی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١دا لە سلێمانییەوە چۆتە وڵاتی ئەردەڵان و عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٥٩دا لە شاری سنەی پایتەختی ئەردەڵان لە دایکبووە. بنچینەی خوێندنی قورئانی لە سەردەستی مامۆستای تایبەتی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٨٩٥دا لە ھەڵەبجە شووی بە وەسمان پاشای جاف کردووە. لە دوای مەحموود پاشای جاف، سەرۆکایەتی ھۆزی جاف دەکەوێتە ئەستۆی عوسمان پاشا و عادیلە خانم دەبێتە یارمەتیدەرێکی کارای ھاوسەرەکەی. کە عوسمان پاشا پیر دەبێت و ھەر وەھا لە دوای مردنیشی لە ١٩٠٥دا، عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور و ھەورامان و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان بڵاو دەبێتەوە و ڕێزێکی زۆری لە ناو خێڵەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش دەبێ و فەرمانی جێبەجێ دەکرێ. ئەو بەندیخانەی تایبەتی دروست کردبوو بۆ بەند کردنی ئەو تاوانبارانەی کە فەرمانی بەسەردا دەدان.

عادیلە خانم زۆر حەزی بە ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواری کردووە. قوتابخانە و بازاڕێک و چەند باڵەخانەی گەورەی لە ھەڵەبجە بنیات نا و لە گوندێکی بچووکەوە کردیە شارێکی ئاوەدان و گەلێک باخ و سەیرانگای جوان و دڵگیری لێ دروست کرد.

عادیلە خانم لە بەھاری ١٩٢٤دا و لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە شاری ھەڵەبجە مرد و لە گۆڕستانی عەبابەیلێی نزیک ھەڵەبجە بە خاک سپێردرا.

لە زاری مێژوونووسانەوە[دەستکاری]

محەممەد ئەمین زەکی بەگ ئاماژەی بە ھەڵکەوتوویی و ھۆشیاری خانم و کاریگەریی لەسەر مێردەکەی و عێلەکەی و تێکڕا ناوچەکەدا کردووە، ھەروەھا بەبایەخەوە ئاماژەی بەتوانای خانم لە بواری شارستانی و بیناسازی و کاروباری فەرمی و کۆمەڵایەتی و خێڵەکیدا داوە.

ئەدمۆندز باسی لەوە کردووە کە گشت دەسەڵاتی وەسمان پاشا، لە پاش مردنی، کەوتووەتە دەستی خانمی ژنی کە لە ڕاستیدا شاژنی تاج پێ نەدراوی شارەزوور بووە. ئینگلیزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی ھیندیی «خان بەھادوور» یان پێ بەخشیووە.

مینۆرسکی ئاماژەی بە دیتنی خانم لە ھەڵەبجەدا (ساڵی ١٩١٤) کردووە و بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی ھەڵەبجەی، لە پێش و پاش مردنی مێردەکەی داناوە، ھەروەھا ستایشی لە سەخاوەت و میوانداریی کردووە.

مێجەرسۆن کە بە شێوەی بازرگانێکی فارسی و بەناوی «غولام حوسێن شیرازی» ەوە ساڵی ١٩٠٩ سەردانی ھەڵەبجەی کردووە و پتر لە شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشادا، نزیک لە عادیلە خان و تاھیر بەگی کوڕیدا، ماوەتەوە، بیرەوەری و باسێکی قەشەنگی لەو بارەیەوە لە کتێبە ناودارەکەیدا (گەشتنامەکەی) تۆمار کردووە. بە وتەی مێجەرسۆن عادیلە خانم ژنێکی بێ ھاوتا و تێگەییشتوو و خاوەن کەسایەتیەکی بەھێز بوو. فەرمانڕەوای راستەقینەی دەڤەری شارەزوور بوو نەک تەنیا لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکوو دادگای خۆی ھەبوو و زیندانی دروست کردبوو و بە خۆی سەرپەرستی دادگای دەکرد و پیاوخراپانی سزا دەدا. ھەروەھا کۆشک و تەلاری جوان و بازاری رێکوپێکی لە ھەڵەبجە دروست کرد و لە گوندێکی لە بیرکراوی عوسمانیەوە کردی بە ناوەندێکی سیاسی و بازرگانی کە پاشایانی دەوڵەتی عوسمانی بە چاوی ئیرەییەوە مرخیان لێ خۆش کردبوو. عادیلە خانم بە ھیچ شێوەیەک رێگەی نەدەدا بە دەسەڵاتی عوسمانی بنە و بارەگای خۆی لە ھەڵەبجە دابمەزرێنێ. لەو دەڤەرە کەس لە قسەی عادیلە خانم دەرنەدەچوو و ھەموو لایەکی ناچار کردبوو رێزی لێ بگرن و ملکەچی بڕیارەکانی بن. عادیلە خانم لە دوای شەڕی جیھانیی یەکەم و لە دوای کۆچی ھاوسەرەکەی سەرکردایەتی گەورەترین ھۆزی کوردی دەکرد کە ھۆزی جاف بوو. عوسمان پاشای ھاوسەری پیاوێکی نەرم و نیان بوو و تەنانەت لە ژیانیدا کەم لە ھەڵەبجە دەمایەوە و ھەمیشە بە رێگەی سلێمانی و کەرکووک و موسڵەوە بوو و ھەموو کارو ئەرکەکانی بە عادیلە خانم سپاردبوو. دەسەڵاتی عادیلە خانم ئەوەندە مەزن بوو کە بە شاژنی شارەزوور ناو دەبرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ www.amazon.com https://www.amazon.com/Kurds-Turks-Arabs-North-Eastern-1919-1925/dp/B0000CJUVO. Retrieved 2021-05-02. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)