شەڕی ناوخۆییی بوروندی
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |
| شەڕی ناوخۆییی بوروندی | |
|---|---|
| وڵات | بوروندی |
| جێ | بوروندی |
| ڕێکەوتی دەستپێکردن | ٢١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ |
| ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ١٥ی ئایاری ٢٠٠٥ |
شەڕی ناوخۆییی بوروندی (بە ئینگلیزی: Burundian Civil War) ململانێیەکی چەکدارییە کە لە ساڵی ١٩٩٣ دەستی پێکرد و تا ٢٠٠٦ بەردەوام بوو. شەڕە ناوخۆیییەکە دەرئەنجامی دابەشبوونە نەتەوەیییە درێژخایەنەکانی نێوان ھەردوو نەتەوەی ھوتوو و تووتسی بوو لە بۆروندی. ململانێکە دوای یەکەم ھەڵبژاردنی فرەپارتی لە وڵاتەکەدا لە دوای سەربەخۆیی لە بەلجیکا لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی پێکرد، و نیشانەکانی کۆتاییھاتنی بە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن پیێر نکورونزیزا لە ئابی ٢٠٠٥ دەرکەوتن. ژمارەی کوژراوان بە نزیکەی ٣٠٠٬٠٠٠ کەس خەمڵێندراوە.[١]
پێشینە
[دەستکاری]پێش داگیرکاری، بوروندی لەلایەن خێزانێکی شاھانەی تووتسییەوە حوکم دەکرا، ھاوشێوەی ڕواندای دراوسێی. بەلجیکی و ئەڵمانییەکان بە مانەوەی دەسەڵات لە دەستی تووتسییەکان لەسەر حیسابی زۆرینەی ھوتوو ھەستیان بە ئاسوودەیی دەکرد. ئەمەش ھەژموونی تووتسییەکانی چەسپاند. بەگشتی بەلجیکییەکان لە ڕێگەی باڵاوە جیاوازییان لە نێوان گەلانی بوروندی و ڕواندا دەکرد: تواکان کورتەباڵا بوون، ھوتوکان باڵایان مامناوەند بوو و تووتسییەکانیش لەوان باڵابەرزتر بوون. ئەو کەسانەی کە زیاتر لە دە مانگایان ھەبوو، بەزۆری لە پۆلێنی تووتسییەکان ھەژمار دەکران.
دوای سەربەخۆیی کۆنگۆی بەلجیکی و داگیرکراوەکانی دەوروبەری لە ئەفریقا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە، بەرپرسە بەلجیکییەکان لە ڕواندا-بوروندی دەستیان بە ئامادەکاری بۆ سەربەخۆیی ناوچەکە کرد. دوای سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٦٢، بیرۆکەی یەکگرتن لەگەڵ ڕواندا ڕەتکرایەوە، بۆیە بۆروندی لێی جیابووەوە. بەپێچەوانەی ڕوانداوە، بوروندی بڕیاریدا سیستمە شاھانەیییەکەی بھێڵێتەوە.
یەکەم ھەڵبژاردنی نیشتمانیی فرەپارتی لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٩٣ بەڕێوەچوو. پێش ئەم ھەڵبژاردنە، ٢٥ ساڵ حوکمڕانیی سیستمی سەربازیی تووتسی ھەبوو، کە بە میشێل میکۆمبێرۆ دەستی پێکرد، ناوبراو لە ساڵی ١٩٦٦ کودەتایەکی سەرکەوتووی ئەنجامدا و لە ڕێگەیەوە سیستمی شاھانەیی بە کۆمارییەکی سەرۆکایەتی گۆڕی. لە سەردەمی سەرۆکایەتیی میکۆمبێرۆدا، کەمینەی تووتسی بەگشتی کۆنترۆڵی حوکمیان کرد. لە ساڵی ١٩٧٢، پارتی کرێکارانی بوروندی ھێرشی ڕێکخراوی کردە سەر نەتەوەی تووتسی، و نیازی خۆی بۆ لەناوبردنی تەواوی نەتەوەکە ڕاگەیاند. سیستەمە سەربازییەکە بە ئەنجامدانی کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوان کە ھوتووەکانی کردە ئامانج، وەڵامی دایەوە. تا ئێستا کۆی گشتیی قوربانییەکان نەزانراوە، بەڵام خەمڵاندنەکانی کۆمەڵکوژیی تووتسییەکان و کردەوە تۆڵەسەندنەوەکانی دژ بە ھوتووەکان دەری دەخەن کە ژمارەکە لە ١٠٠٬٠٠٠ کوژراو تێدەپەڕێت. گەورەترین ژمارەی پەنابەران و داواکارانی مافی پەنابەری وڵاتەکەیان بەرەو تانزانیا و ڕواندا جێھێشت.
دوایین کودەتا لە ساڵی ١٩٨٧ ڕوویدا و ئەفسەرێکی تووتسی بە ناوی پیێر بۆیۆیا گەیشتە کورسیی سەرۆکایەتی. ئەمەی دواییان ھەوڵیدا کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجام بدات و کۆنترۆڵی دەوڵەتی بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندندا کەمکردەوە و ھەوڵیدا دیالۆگی نیشتمانی ئاسان بکات. لەبری چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەم چاکسازییانە بەشداربوون لە زیاترکردنی گرژییە نەتەوەیییەکان، چونکە تریسکییەکی ھیوایان بەخشییە ھوتووەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی جڵەوی حوکمڕانی، و پاڵپشتییەکیش بوون بۆ تووتسییەکان لە چەسپاندنی قۆرخکارییان لە دەسەڵاتدا. دواتر شۆڕشی ناوخۆیی جووتیارانی ھوتوو دژی چەندین سەرکردەی تووتسی لە باکووری بوروندی ھەڵگیرسا؛ میلیشیاکانی ھوتوو لەم شۆڕشانەدا سەدان خێزانی سەر بە تووتسییەکانیان کوشت.