بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شەڕی ناوخۆییی باکووری یەمەن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شەڕی ناوخۆییی باکووری یەمەن
بەشێکە لەشەڕی ساردی عەرەب
وڵاتKingdom of Yemen، کۆماری عەرەبی یەمەن
جێNorth Yemen
ڕێکەوتی دەستپێکردن٢٦ی ئەیلوولی ١٩٦٢
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن١ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٠

شەڕی ناوخۆییی باکووری یەمەن (بە ئینگلیزی: North Yemen civil war) لە یەمەن بە شۆڕشی ٢٦ی ئەیلوولیش ناسراوە، شەڕێکی ناوخۆیی بوو کە لە باکووری یەمەن لە ساڵی ١٩٦٢ تا ١٩٧٠ لە نێوان لایەنگرانی شانشینی موتەوەکیلی و پشتیوانانی کۆماری عەرەبیی یەمەن ڕوویدا. شەڕەکە بە کودەتایەک دەستی پێکرد کە لە ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن کۆمارییە شۆڕشگێڕەکانەوە بە سەرکردایەتی سوپا و لەژێر فەرماندەیی عەبدوڵڵا سەلال ئەنجامدرا. ئەو پاشا و ئیمامی تازە تاجدراو محەممەد بەدری لە تەخت ھێنایە خوارەوە و یەمەنی وەک کۆمارییەک لەژێر سەرۆکایەتیی خۆیدا ڕاگەیاند. حکوومەتەکەی کۆیلایەتی لە یەمەن ھەڵوەشاندەوە. ئیمام ھەڵھات بۆ سەر سنووری عەرەبستانی سعوودی، لەوێ پشتیوانیی جەماوەری لە ھۆزە زەیدییەکانی باکوور کۆکردەوە بۆ گرتنەوە دەستی دەسەڵات، و ململانێکە بە خێرایی پەرەی سەند بۆ شەڕێکی ناوخۆیی بەرفراوان.[١][٢]

لە لایەنی پاشایەتییەوە، ئوردن، عەرەبستانی سعوودی، و ئیسرائیل ھاوکاریی سەربازییان دابین کرد، و بەریتانیاش پشتیوانیی نھێنیی پێشکەش کرد. کۆمارییەکان لەلایەن میسرەوە (کە ئەوکات بە فەرمی بە کۆماری عەرەبیی یەکگرتوو) پشتیوانی دەکران و فڕۆکەی جەنگییان لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە پێدەدرا. ھەروەھا ھەردوو ھێزی بیانیی ناڕێکخراو و ئاساییش بەشداربوون. سەرۆکی میسر جەمال عەبدولناسر بە ٧٠ ھەزار سەربازی میسری و چەکەوە پشتیوانی لە کۆمارییەکان کرد. سەرەڕای چەندین ھەڵمەتی سەربازی و کۆنگرەی ئاشتی، شەڕەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکاندا گەیشتە چەقبەستن. پابەندبوونی میسر بە شەڕەکەوە بە زیانبەخش دادەنرێت بۆ ئاستی توانای سەربازیی لە شەڕی شەش ڕۆژەی حوزەیرانی ١٩٦٧ دژی ئیسرائیل. ھەرکە شەڕی شەش ڕۆژە دەستی پێکرد، ناسر ھێشتنەوەی بەشداریی سوپاکەی لە یەمەن بە قورستر زانی و دەستی بە کشانەوەی ھێزەکانی کرد. لادانی سەرسووڕھێنەری سەلال لە ٥ی تشرینی دووەم لەلایەن ناڕازییەکانی یەمەنەوە، کە لەلایەن چەکدارە ھۆزە کۆمارییەکانەوە پشتیوانی دەکران، بووە ھۆی گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی دەسەڵات لە پایتەختدا، لەکاتێکدا پاشایەتییەکان لە باکوورەوە نزیک دەبوونەوە.[٣][٤]

حکوومەتە کۆمارییە نوێیەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدولڕەحمان ئیریانی، ئەحمەد نوعمان، و محەممەد عەلی عوسمان بوو، کە ھەموویان دەستبەجێ دەستیان لەکارکێشایەوە یان لە وڵاتەکە ھەڵھاتن. پایتەخت لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆک وەزیران حەسەن عەمری مایەوە. گەمارۆی سەنعا لە ساڵی ١٩٦٧ بووە خاڵی وەرچەرخانی شەڕەکە. سەرۆک وەزیرانە کۆمارییەکەی کە مابووەوە، سەرکەوتوو بوو لە ھێشتنەوەی کۆنترۆڵی سەنعا و لە شوباتی ١٩٦٨دا، پاشایەتییەکان گەمارۆکەیان ھەڵگرت. پێکدادانەکان ھاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکانی ئاشتی بەردەوام بوون تا ساڵی ١٩٧٠، کاتێک عەرەبستانی سعوودی دانی بە کۆمارەکەدا نا، و ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

مێژوونووسە سەربازییەکانی میسر ئاماژە بە شەڕی یەمەن دەکەن وەک «شەڕی ڤیێتنام»ی خۆیان. دواتر مێژوونووس مایکڵ ئۆرن (باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریکا) نووسیوویەتی کە سەرکێشییە سەربازییەکەی میسر لە یەمەن ھێندە کارەساتبار بووە، کە دەکرا بە ئاسانی کارەکانی ئەمریکا لە شەڕی بەردەوامی ڤیێتنامدا بە «یەمەنی ئەمریکا» ناوببرێت.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Miers, S. (2003). Slavery in the Twentieth Century: The Evolution of a Global Problem. Storbritannien: AltaMira Press. p. 352 [ISBN missing]
  2. Sandler, Stanley. Ground Warfare: The International Encyclopedia. Vol. 1 (2002): p. 977. "Egypt immediately began sending military supplies and troops to assist the Republicans... On the royalist side Jordan and Saudi Arabia were furnishing military aid, and Britain lent diplomatic support. In addition to Egyptian aid, the Soviet Union supplied 24 MiG-19s to the republicans."
  3. https://archive.org/details/israeliconnectio00beit
  4. https://web.archive.org/web/20080906003126/http://traveldocs.com/ye/history.htm
  5. https://web.archive.org/web/20091028231515/http://encarta.msn.com/encyclopedia_761578405_6/Yemen.html