شەڕی ناوخۆییی باشووری یەمەن
| شەڕی ناوخۆییی باشووری یەمەن | |
|---|---|
| جێ | South Yemen |
| ڕێکەوتی دەستپێکردن | ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ |
| ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ |
| بەشداربوو | Ali Nasir Muhammad، Ali Salim al-Beidh |
شەڕی ناوخۆییی باشووری یەمەن (بە ئینگلیزی: South Yemen civil war) شەڕێکی ناوخۆیی بوو کە لە ١٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٦ لە کۆماری دیموکراتیی گەلی یەمەن (ئێستا بەشێکە لە کۆماری یەمەن) ھەڵگیرسا. شەڕەکە لە ئەنجامی ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکان و دواتریش گرژییە ھۆزایەتییەکانی نێوان دوو باڵی حیزبی سۆسیالیستی حوکمڕانی یەمەن سەریھەڵدا، بۆ سەرکردایەتیکردنی حیزبی سۆسیالیست و کۆماری دیموکراتیی گەلی یەمەن، لە نێوان باڵی سەرۆکی پێشوو عەبدولفەتاح ئیسماعیل، کە ئەم باڵە لەلایەن نەیارەکانییەوە بە «تووغمە» ناودەبرا، لەگەڵ باڵی سەرۆکی ئەوکات عەلی ناسر محەممەد، کە لایەنی بەرامبەر ناوی «زوومرە»یان لێنابوو. ململانێکە بەخێرایی پەرەی سەند بۆ شەڕێکی ناوخۆیی تێچووبەرز کە یازدە ڕۆژی خایاند و بووە ھۆی کەوتنی ھەزاران قوربانی. سەرەڕای ئەوەش، ململانێکە بووە ھۆی کوژران یان ھەڵھاتنی زۆرێک لە کادیرە سەرکردایەتییە سۆسیالیستە زۆر بەئەزموونەکانی ناو حیزبەکە، ئەمەش بەشداربوو لە بێھێزبوونی حکوومەت و لە کۆتاییدا یەکگرتنی وڵاتەکە لەگەڵ کۆماری عەرەبیی یەمەن و ڕاگەیاندنی کۆماری یەمەن لە ساڵی ١٩٩٠.
شەڕ
[دەستکاری]لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦، پاسەوانە تایبەتەکانی عەلی ناسر محەممەد لە کاتی کۆبوونەوەیەکی حیزبدا تەقەیان لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیستی یەمەن کرد. بەھۆی ئەوەی زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی چەکدار بوون و پاسەوانی تایبەتی خۆیان ھەبوو، شەڕەتەقە ڕوویدا. لەو کاتەدا لایەنگرانی عەلی ناسر لە ژووری کۆبوونەوەکەدا نەبوون. لەم شەڕەتەقەیەدا ھەریەک لە جێگری سەرۆک عەلی ئەحمەد ناسر عەنتەر و وەزیری بەرگری ساڵح مووسڵیح قاسم و سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون (دیسپلین) لە حیزبی سۆسیالیستی یەمەن عەلی شایع ھادی کوژران. عەبدولفەتاح ئیسماعیل لە ھێرشەکە ڕزگاری بوو، بەڵام پێدەچێت دواتر لە ھەمان ڕۆژدا کوژرابێت کاتێک ھێزە دەریایییەکانی سەر بە عەلی ناسر شارەکەیان بۆردوومان کرد.[١][٢]
شەڕەکە ١٢ ڕۆژی خایاند و بووە ھۆی کوژرانی ھەزاران کەس و لابردنی عەلی ناسر و کوژرانی عەبدولفەتاح ئیسماعیل و عەلی عەنتەر و ساڵح مووسڵیح و عەلی شایع. ھەروەھا ھەڵھاتنی نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس، لە نێویاندا عەلی ناسر و باڵەکەی، بۆ باکووری یەمەن. ململانێکە ژیانی لە نێوان ٤٬٠٠٠ بۆ ١٠٬٠٠٠ کەسی سەندەوە، عەلی سالم بەیز یەکێک بوو لەو کەمینە بەرپرسە باڵایانەی باڵەکەی ئیسماعیل کە ڕزگاریان بوو.[٣][٤]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://web.archive.org/web/20220310073933/https://www.nytimes.com/1986/02/09/world/massacre-with-tea-southern-yemen-at-war.html
- ↑ https://web.archive.org/web/20220322112633/https://books.google.com/books?id=j4AhxA3U5tgC&pg=PA151
- ↑ Halliday, Fred, Revolution and Foreign Policy: The Case of South Yemen, 1967-1987, Cambridge University Press, 2002, page 42
- ↑ https://web.archive.org/web/20200820035746/https://books.google.com/books?id=Z5DToPmhXrIC&pg=PA42
| ئەم سیاسەت وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
| ئەم یەمەن وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |