بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شەڕی بابان و سۆران (١٨٢٢–١٨٢٨)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شەڕی بابان و سۆران (١٨٢٢–١٨٢٨)
بەشێک لە شەڕەکان بابان و سۆران

نەخشەی پێکدادانەکانی سۆران و بابان لە ١٨٢٢ تا ١٨٢٨
ڕێکەوت١٨٢٢ – ١٨٢٨
شوێن
ئەنجام

Soran Emirate flag سەرکەوتنی سۆران

  • سەپاندنی سنووری قەمچووغە بەسەر بابان
شەڕکەرەکان
فەرماندە و سەرکردەکان
میر محەممەد
ڕەسووڵ بەگ
حەسەن بەگ
قۆچاخلی (؟)
خدر بایز بەگ
عەودی کاکە
میران بایز بەگ
محەممەد پاشا (حاکمی کەرکووک)
مەحموود پاشا خۆبەدەستەوەدان
سلێمان پاشا خۆبەدەستەوەدان
عەبدوڵڵا پاشا خۆبەدەستەوەدان
عەبباس میرزا
محەممەد خان
ئەمیر نیزام
عەلی ڕەزا پاشا

شەڕەکانی بابان و سۆرانی ١٨٢٢–١٨٢٨ کۆمەڵە شەڕ و پێکدادانێک بوو لە نێوان میرنشینی سۆران بە سەرکردایەتیی میر محەممەد پاشای ڕەواندز و میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٢٢ تا ١٨٢٨. ئەو شەڕە سەرەتای دەستپێکی ھەڵمەتەکانی میرنشینی سۆران بوو لە سەردەمی میر محەممەدی ڕەواندز بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران و یەکخستنەوەی خاکە کوردییەکان لە ژێر فەرمانڕەوایەتیی سۆران. یەکەم پێکدادان شەڕی ھەریر بوو، کە بابانەکان بە بێ شەڕ ھەڵاتن لێی.

پێشینە

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨١٣دا میر محەممەد پاشای ڕەواندزی ناسراو بە پاشای گەورە یان پاشای کۆرە جێگەی مستەفا بەگی باوکی گرتەوە و مستەفا بەگیش لە ساڵی ١٨٢٦دا کۆچی دواییی کرد. ھەر کە میر محەممەد ھاتە سەر حوکم دەستی کرد بە پێشخستنی میرنشینەکەی لە ڕووی سەربازییەوە و سوپایەکی ڕێکخراو و پڕچەکی پێکھێنا و لە بوارەکانی دروستکردنی چەک و تەقەمەنیشدا چەندین کارخانەی دروستکردنی چەک و تۆپی دروست کرد.[١][٢] ئەم میرە دەستی کرد بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری بە ئامانجی یەکخستنی خاکی کوردستان. بەمەش لە سەرەتادا دەستی کرد بەوەی کە میرنشینە کوردییەکانی تر بھێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لەو کاتەدا مەترسیی دەسەڵاتەکەی بابان بۆ سەر سۆران زۆر بوو، بە تایبەتی پێش بوونە میری میر محەممەد پاشای ڕەواندز، کە ئەوکات مستەفا بەگی باوکی لەسەر حوکم بوو، لەو سەردەمدا میرنشینی بابان ھەڕەشە بوو بۆ سەر میرنشینی سۆران و فراوانبوونی دەسەڵاتەکەی بابان بەسەر سۆراندا تەنانەت ھەڕەشەی لە ڕەواندزی پایتەختیش دەکرد.[٣] بەمەش میر محەممەد دەستی کرد بە سەندنەوەی خاکەکانی سۆران لە میرنشینی بابان.

میرنشینی بابان لەو سەردەمدا لە ژێر دەسەڵاتی مەحموود پاشای دووەمی بابانەوە بوو کە لە ساڵی ١٨١٣ ھاتە سەر حوکم دوای باوکی عەبدولڕەحمان پاشای بابان. سەردەمی ئەو یەکێک بوو لە خراپترین سەردەمەکانی میرنشینی بابان. شەڕی ناوخۆی بابان لە نێوان مەحموود پاشا و سلێمان پاشای برای، میرنشینی بابانی بە تەواوەتی لاواز کردبوو. بەو شێوەیەی کە مەحموود پاشا پاڵپشتیی سەربازیی لە ئێرانی قاجاڕییەوە وەردەگرت و سلێمان پاشاش پاڵپشتیی لە داوود پاشای والیی بەغدای عوسمانیی ئەوکات وەردەگرت. بە نزیکەیی پێنج جار دەسەڵاتیان لە یەکتری زەوت کرد. میر محەممەدی پاشای ڕەواندزیش ئەم لاوازبوونەی بابانی بە دەرفەت زانی و ھێرشی کردە سەر ناوچەکانی بابان.[٤]

شەڕەکە

[دەستکاری]

ھەڵمەتەکانی یەکەمی سۆران

[دەستکاری]

یەکەم ھێرشی میر محەممەد ڕەواندز بۆ سەر شاری ھەریر بوو. لە ساڵی ١٨٢٢ ھێرشی ھێنایە سەر ھەریر و بابانەکان نەیانتوانی خۆیان لە پێش لەشکری سۆران ڕابگرن و ھەڵاتن و پاشەکشەیان کردە کۆیە.[٥] دواتر لەشکری سۆران چووە سەر قەڵای دێرە، دووبارە بابانەکان پاشەکشەیان کردەوە بۆ کۆیە، و میرنشینی سۆران قەڵاکەی بەھێزتر کردووە و نۆژەنی کردووەتەوە.[٦][٥][٧]

دواتر لەشکری سۆران ھێرشیان ھێنایە سەر شاری ھەولێر و گەمارۆیان دا و لە ٢١ی ئایاری ١٨٢٣ شاری ھەولێر و قەڵاکەی‌یان گرتە دەست و میر محەممەد خدر بەگی کوڕی بایز بەگی ژنبرای خۆی کرد بە حاکمی شاری ھەولێر.[٨][٢]

تابلۆیەکی گرتنی ھەولێر (١٨٢٣)، بە سەرکردایەتیی میر محەممەد پاشای ڕەواندز

پاش ھەولێر میر محەممەد لەشکرێکی بە سەرکردایەتیی ڕەسووڵ بەگ ناردە سەر دەشتی ھەولێر و کەندێناوە و مەخموور، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە و ملکەچکردنی ھەندێک لە عەشیرەتەکانی ئەوێ. ھێرشی یەکەم لە ٢٣ی ئابی ١٨٢٣ شکستی ھێنا. دواتر لە نزیکەیی دوای دوو یان سێ مانگ لە ھێرشی دووەمدا ھەر بە سەرکردایەتیی ڕەسووڵ بەگ، لەشکری سۆران سەرکەوت و دەستی بەسەر تەواوی ناوچەکاندا گرت.[٨][٧]

پاش ئەوە میر محەممەد لە ١١ی ئاداری ١٨٢٤ پردێ (ئاڵتوون کووپری)ی گرت، میر محەممەد عەودی کاکە ڕەشی کرد بە حاکمی پردێ. وە لەگەڵ محەممەد پاشای حاکمی کەرکووک پەیمانی بەست و ڕێککەوتن لە دژی بابان و بەمەش پردێ و کەرکووکی ھێنایە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی سۆران.[٥][٨]

ھەڵمەتەکانی دووەمی سۆران

[دەستکاری]
ھەریر

پاش ماوەیەک پشوو و ڕێکخستن لە نێوان ساڵانی ١٨٢٤ تا ١٨٢٦، میر محەممەد ھەموو پارێزگای ھەولێری ئێستای ھێنایە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و ناوچەکانی ڕێکخست و ئیدارەکانی حکوومەتی تێدا دامەزراندن و سوپای ڕێکخستەوە و چەندین قەڵاشی لە ناوچە جیاجیاکان دروستکرد و خۆی ئامادە کرد بۆ ھەڵمەتی دووەم بۆ سەر خاکی بابان. میر محەممەد خۆی ئامادە کرد بۆ گرتنی شاری کۆیە.[٨] پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک و کەسایەتییەکانی کۆیە بەست. ھەر لەسەر خۆ ئامادەکردنی سۆران بۆ گرتنی کۆیە و ناوچەکانی تری بابان، نامەیەکی دڵتەنگی و ھەڕەشەئامێزی عەبباس میرزای جێگری شای ئێران بۆ داوود پاشای والیی بەغدا لە ساڵی ١٨٢٣ ھەیە کە تێیدا باس لە داگیرکاری و ئامادەکارییەکانی میر محەممەد پاشای ڕەواندز بۆ سەر خاکی قاجاڕی و بابان دەکات؛[٩]

عەبباس میرزا لە کاتی شەڕێکدا لەگەڵ عوسمانییەکان

عەبباس میرزا لە سەرەتای نامەکەدا بەسەر داوود پاشادا ھەڵدەڵێت و دواتر باس لەوە دەکات کە مەرجەکانی ئاشتیی نێوان ھەردوو دەوڵەت بڕاونەتەوە و باس لەوەدەکات کە «زانیومانە کە ھەولێر و عەرەبەکان بە ھانای محەممەد پاشاوە چوون و مەبەستیانە دەست درێژی بکەنە سەر ھەریر و کۆیە.» دوای درێژەدان، باس لەوە دەکات کە ڕێککەوتن لە نێوان ھەردوولا عوسمانی و قاجاڕی واژوو کراوە و دەبێت پەیڕەویی لێ بکرێت و دەڵێت «ئەو جەنابەش (مەبەستی میر محەممەدە) دەبێ ھەر پەیڕەویی ئەم بڕیارە بکات و بە گەیشتنی ئەم نامە میھرەبانی‌ئامێزە بە ھەموو لایەک ڕابگەیەنرێت کە ھیچ کەس دژی ئەم بڕیارنامە چاکە نەوەستێتەوە و دوای گەیشتنی ئەم نامەیەش دەست ھەڵگرێت لەو چەشنە کارانە. ئەگەر لەلایەن ئێوەوە (مەبەستی لای عوسمانییە) تێھەڵچوون و بێ پەروایییەک سەرھەڵبدات، ئەوا بۆ ھەموو ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات دەردەکەوێت و ئاشکرا دەبێت، کە خراپەکاری لەولاوە بووە. ئاکامی پەلەکردن و دەستدرێژیش لەلای ئەولاوە، چارەنووسەکەی وەک ئەوە دەبێت کە لە مەندەلی ڕوویدا.»

نامەکەی عەبباس میرزا تایبەت بوو بەو ھێرش و فراوانخوازییانەی میر محەممەدی ڕەواندزی کە بە ھەموو لایەکی میرنشینەکەی دەستی پێکردبوو، کە سوودی لە لاوازی و شەڕی ناوخۆی بابان وەرگرت و دەستی گرت بەسەر ناوچەکانی میرنشینی بابان و لە بەرەی لای ئێرانیش ھێرش و پێشڕەوییەکی زۆری کردبوو. کە ئەمەش نەوەک کاریگەری بکاتە سەر تێکچوونی ڕێککەوتننامەی یەکەمی ئەرزڕۆمی ساڵی ١٨٢٣ی نێوان قاجاڕییەکان و عوسمانییەکان، پاش شەڕی نێوان ئێرانی قاجاڕی و عوسمانییەکان. لەم نامەیەدا داوای ھاوکاری لە داوود پاشای والیی بەغدا دەکات، بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی میرنشینی سۆران. وە ھەڕەشەی ئەوەش دەکات کە ئەگەر داوود پاشا ھاوکاریی لەناوبردنی میر محەممەد نەکات، ئەوا ئێرانیش لە لایەکی دیکەوە ھێرش بۆ سەر قەڵەمڕەویی داوود پاشا دەکات، وەک ئەوەی کە لە مەندەلی ڕوویدابوو.[ئ][١١]

کۆیە

لە ساڵی ١٨٢٧یش مەحموودی دووەمی پاشای بابان لە ھەوڵێکدا بۆ گرتنەوەی ھەریر ھێرشێکی ھێنایە سەر ھەریر و سۆران، بەڵام ھەر زوو شکا و گەڕایەوە.[١٢]

میر محەممەد لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٨٢٧ چووە سەر کۆیە و بابانەکان بە بێ شەڕ لێی دەرچوون و پاشەکشێیان کرد و لە ڕێگای دووکانەوە گەڕانەوە و چوونەوە بۆ سلێمانی.[٨][٧] دواتر میر پاداشتی خەڵکەکەی دایەوە و میری دزەیییەکانی خەڵات کرد و دەستی کرد بە بنیاتنانی قەڵا و بورج لە شارەکەدا و قەڵایێکی سەختی لەنێو شارەکەدا بنیاتنا.[٥]

پاش کۆیە، میر محەممەد لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٢٧ تا ١٧ی کانوونی دووەمی ١٨٢٨ چووە سەر شاری ڕانیە و گرتی، بابانەکان وەکوو خاکەکانی دیکەیان، ڕانیەشیان بەجێھێشت و ڕایانکردە سلێمانی.[٨][٧] بۆ مەبەستی پارێزگاری کردنیش، قەڵا و شوورەی دروست کرد.[٥]

ھەر لە پاش گرتنی ھەردوو شارەکانی کۆیە و ڕانیە، میر محەممەد بە بۆنەی گرتنی شارەکانی ھەریر و کۆیە و ڕانیە چەند تۆپێکی داڕژت لە ١٨٢٨ کە تاوەکوو ئێستاش ماون و میر محەممەد بەرامبەر ئەو وشانەی کە بابانەکان دەیانگوت «حُکمدارانی بەبە و کۆیی و حریر»، لەسەر تۆپەکانی نووسی «نصر من ﷲ وفتح قریب، الأمیر المنصور، محمد بیکٴ متصرفی ڕواندز و کۆیی و حریر». کە لە سەرەتادا بە بەشێک لە ئایەتێکی قورئان ﴿وَأُخْرَى تُحِبُّونَهَا نَصْرٌ مِنَ اللَّهِ وَفَتْحٌ قَرِيبٌ وَبَشِّرِ الْمُؤْمِنِينَ ۝١٣ [سەف:١٣] دەستپێدەکات.[١٣]

بەم شێوەیەش میر محەممەد سنووری میرنشینی سۆرانی فراوانتر کرد و سنووری سۆران گەیشتە نێو جەرگەی بابان و تاوەکوو سەر زێی بچووک ڕۆیشت و تەنانەت تێپەڕی سنووری زێی بچووکیش بوو و سنووری میرنشینی سۆران تاوەکوو پاش سوورداش ھات.[١٢] چەند شوێنەواری ئەو سەردەم لە پارێزگای سلێمانی تاوەکوو ئێستا ماون، لەوانە قەڵای سارتکە، کە دەکەوێتە سەر زێی بچووک لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی.[١٤][١٥] کە کەوتبووە بەرامبەر قەڵای قەمچووغەی بابان، کە دوایی ئەویش کەوتە ژێر دەستی میرنشینی سۆران.[١٥][١٦] چەندین ناوچەی دیکەش لەم نێوانە وەک (عەسکەر، ئاغجەلەر، کێوەچەرمەڵە، چیاسەوز، گڵناغاج، قەسرۆک، گردخەبەر، جبق قلعە و شوان)یش کەوتنە ژێر دەستی میرنشینی سۆران.[١٧] بە نزیکەیی سنووری سۆران تاوەکوو چەمچەماڵ ھاتبوو.

ھێرشی پێچەوانەی بابان

[دەستکاری]
عومەر ئاغا، یەکێک لە ئەفسەرەکانی مەحموود پاشای دووەمی بابان، ١٨٢٠

میر محەممەد سنوورەکەی گەیشتبووە تاوەکوو سوورداش و نێو جەرگەی بابان. مەحموود پاشای دووەمی بابان بە ناچاری دووبارە کەوتە شەڕەوە لەگەڵ میر محەممەد. لەشکری ڕەواندزی پاشەکشە پێکرد و شکاند. وە لەم وەختە دژوار و تەنگانەیەدا لە شەڕێکدا لە قەڵای سکتان لە ساڵی ١٨٢٨، سلێمان پاشای برای مەحموود پاشا کتوپڕ لە ھێزەکەی بابان جیابووەوە و شەڕەکەی جێھێشت و بەرەو سلێمانی گەڕایەوە و دەستی بەسەر تەختی دەسەڵاتی باباندا گرت و حاکمییەتی لە برای زەوت کرد.[١٢][٤]

ئیدی لەشکری بابان شکا. عەلی ڕەزا پاشای والیی بەغدا، لەگەڵ ئێران ڕێککەوت دژی میرنشینی سۆران و لە ئێرانەوە لەشکرێک بە فەرماندەییی سەرتیپ محەممەد خاندا بەڕێکەوت و عەلی ڕەزا پاشاش لەشکرێکی لە بەغداوە نارد بۆ سلێمان پاشای بابان. نامەیەکی ئەمیر نیزامی فەرماندەیەکی ئێرانی قاجاڕی ھەیە بۆ باڵیۆزی ئینگلیز لە ئێران، کە باسی ئەو یارمەتیدانەی ئێران و بەغدا بۆ بابان دەکات، کە لە بەشێکیدا دەڵێت:

«پایەبەرز محەممەد خانی سەرتیپ بە ھێز و سەربازەکانی خۆیەوە لەگەڵ فەوجی بەھادووران و سوارەی کورد بە ٨ تۆپ و گوللەتۆپەوە نێردرانە سەر سۆران، لەولاشەوە وەزیری بەغدا، سێ بۆ چوار تۆپ و دوو ھەزار کەسی بە فەرماندەییی سلێمان پاشا ناردۆتە سەری، بۆ ئەوەی میر محەممەد تەمێ بکرێ...».[١٨]

میر محەممەدیش لەو نێوانەدا سنوورەکانی ھەر وەک خۆی پاراستبوو. دوو لەشکری سۆران و بابان لە قەمچووغە کەوتنە بەرامبەر یەک و شەڕێکی قوڕسیان کرد، لەشکری سۆران گەڕایەوە و پاشەکشەی کردە نزیک کۆیە و سلێمان پاشا دوای لەشکری سۆران کەوت و تا نزیک کۆیە چوو. بەڵام لەشکری بابان و ئێران زەرەر و زیانێکی زۆریان تێکەوت و بە خراپی بەرامبەر میر محەممەد شکان. ھەربۆیە میر محەممەد ڕێککەوتنێکی بەسەر باباندا سەپاند کە بە سنووری قەمچووغە ناسرا، کە سنوورەکە کەوتبووە سەر قەمچووغە. مەحموود پاشای دووەمی بابانیش لەبەر شەڕی نێوخۆ و لاوازیی دەسەڵاتەکەی نەیدەتوانی حوکمی تەواوی بکا، وە شەڕی سوپای ڕەواندزیشی پێنەدەکرا، ھەربۆیە بە ڕێککەوتن ڕازیبوو و خاکەکانی بەدەستەوەدا.[٥][٧][١٦] ھەرچەندە میر محەممەد زۆر پابەندی ئەم ڕێککەوتنانە نەببوو.[١٢] میر محەممەدیش لەسەر ئەو سنوورە لە قەمچووغە شوورەیەک و چەند قۆنگرەیەکی دروست کرد بۆ سوپا و کشتوکاڵ.[٥]

دەرئەنجام

[دەستکاری]
زێی بچووک لەسەر نەخشەی عێراق (Petit Zab)

میرنشینی سۆران دەستی گرتەوە بەس ھەموو ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەدەستیدابوو و میرنشینی بابان داگیری کردبوو. سنووری میرنشینی سۆران گەیشتە دوای زێی بچووک تا قەمچووغە و سوورداش، دواتر ڕێککەوتن لە نێوان ھەردوولا کرا و سنووری دیاریکراوی ڕێککەوتنی دوو میرنشینەکەش ھەروەکوو خۆی مایەوە تا لە ناوچوونی ھەردوو میرنشین؛ سۆران لە ١٨٤٧ و بابان لە ١٨٥١.[١٧]

میر محەممەد لە دوای بابان، لەشکرکێشییەکەی دەست پێکرد بۆ سەر میرنشینی بادینان[٢] و ھەر لە پاش شەڕەکەی بابان و سۆران، ململانێکانی سۆران و ئێرانی قاجاڕی پێی نایە قۆناغێکی شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ھەردوولادا، کە دواتر بە شەڕی سۆران و قاجاڕی لە نێوان ساڵانی ١٨٢٩–١٨٣٤ ناسرا.[١٩][٢٠]

تێبینییەکان

[دەستکاری]
  1. کە لە ماوەی شەڕەکەی پێشوودا قاجاڕییەکان ھێرشیان بردبووە سەر مەندەلی و وێرانیان کردبوو.[١٠]

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «میرنیشینی سۆران لەسەردەمی میر محەممەد (1813_1836)ز». History Of Kurdistan. لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  2. 1 2 3 «تەشەبووسی محەممەد پاشای ڕەواندزی». ڤەژینبوکس (بە کوردی). لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  3. شێرکۆ، ھەژار. «ڕژێمی ڕەواندزی سەردەمی پاشا کۆرە» (PDF). لاپەڕە ٢٥.
  4. 1 2 «ژیان و سەردەمی فەرمانڕەواییی سلێمان پاشای بابان (1828-1838) ‌». History Of Kurdistan. لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  5. 1 2 3 4 5 6 7 حوسێن، حوزنی. «میرانی سۆران». archive.kcac.org. لاپەڕە ٦٨-٦٩. لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  6. «قەڵای دێرێ، قەڵایەکی ئاشووری و میراتێکی گرینگی بەجێماو لە میرنشینی سۆران». KURDŞOP (kurdshop.net) (بە کوردی). ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  7. 1 2 3 4 5 «لە تیرۆری پاشای گەورەوە تا جمھووریی ڕواندز». ڕووداو. لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٧ی ئابی ٢٠١٨. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: bot: original URL status unknown (بەستەر)
  8. 1 2 3 4 5 6 شێرکۆ، ھەژار. «ڕژێمی ڕەواندزی سەردەمی پاشا کۆرە» (PDF).
  9. محەممەد حەمە باقی. «میرنشینی ئەردەڵان، بابان، سۆران لە بەڵگەنامەکانی قاجاڕیدا 1799-1847». Kurdipedia.org. لاپەڕە ١٦١-١٦٢. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  10. Adams (1965), pp. 94–96
  11. محەممەد حەمە باقی. «میرنشینی ئەردەڵان، بابان، سۆران لە بەڵگەنامەکانی قاجاڕیدا 1799-1847». Kurdipedia.org. لاپەڕە ١٦٠. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  12. 1 2 3 4 محەممەد ئەمین زەکی بەگ. «تەئریخی سلێمانی و وڵاتی لە دەورەی زۆر قەدیمەوە تا ئەووەڵی ئیحتیلال (1918م)». Kurdipedia.org. لاپەڕە ١٠٥-١٠٩. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  13. حوسێن، حوزنی. «میرانی سۆران». archive.kcac.org. لاپەڕە ٥٣ و ٦٩-٧٠. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  14. «قلعة سرتک | Archiqoo». archiqoo.com. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  15. 1 2 «بالصور.. قلعة 'سارتکە' فی السلیمانیة‌». www.pukmedia.com (بە عەرەبی). لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
  16. 1 2 کوردیپێدیا، Kurdipedia-. «قەڵای قەمچووغە». Kurdipedia.org (بە فارسی). لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  17. 1 2 کوردیپێدیا، Kurdipedia-. «ناوەند-حەویجە». Kurdipedia.org (بە فەرەنسی). لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  18. محەممەد حەمە باقی. «میرنشینی ئەردەڵان، بابان، سۆران لە بەڵگەنامەکانی قاجاریدا 1799-1847». Kurdipedia.org. لاپەڕە ١٥٦. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  19. Ghalib, Sabah Abdullah (2011). The Emergence of Kurdism with Special Reference to the Three Kurdish Emirates within the Ottoman Empire 1800–1850 (PhD thesis). Exeter: University of Exeter.
  20. Ateş، Sabri (٢٠١٣). «The Kurdish Frontier and Ottoman–Qajar Relations». Ottoman-Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843–1914. Cambridge: Cambridge University Press. لاپەڕە ٣١–٨٥. ژپنک ٩٧٨١١٠٧٠٣٣٦٥٨.