بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شێرپەنجەی ملی مناڵدان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مردن بە شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠١٨

شێرپەنجەی ملی منداڵدان (بە ئینگلیزی: cervical cancr) شێرپەنجەیەکی منداڵدانە کە کاریگەری لەسەر ملی منداڵدان دەبێت، و لە پلەی دووەمدایە لە شێرپەنجەکاندا لەڕووی بڵاوبوونەوەی لەنێو ژنان. ھۆکاری سەرەکی ئەم شێرپەنجەیە تووشبوونە بە ڤایرۆسی (HPV).[١][٢] ئەم نەخۆشییە ئازار دروست ناکات بەڵکو خوێنبەربوونی کەمی لەگەڵدایە؛ بەڵام کاتێک شێرپەنجەکە گەورە دەبێت و گەشە دەکات بۆ وەرەم، لەوانەیە ببێتە ھۆی دەردانی شلەیەکی پەمەیی و بۆنی ھەیە. لە قۆناغە سەرەتایییەکانی نەخۆشییەکەدا، لابردنی شوێنی تووشبوو بە لەیزەر ڕەنگە بەس بێت؛ بەڵام لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا، ڕەنگە پێویست بکات منداڵدان بە تەواوی لاببرێت. لە ھەندێک حاڵەتدا ڕەنگە دۆخەکە پێویستی بە لابردنی ھەندێک ئەندامی دەوروبەری ھەبێت ئەگەر نەخۆشییەکە گەیشتبێتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و بڵاوبووبێتەوە بۆیان. بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە پێویستە پشکنینی پزیشکی وەرزی بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەگەری تووشبوون. خواردنی ڤاکسین دژی ئەم نەخۆشییە لە ئەگەری تووشبوون بە چوار جۆر ڤایرۆسی HVP دەپارێزێت، بەم شێوەیە ڤاکسینەکە مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە تا ڕادەیەک کەمدەکاتەوە.

لە زانستی پەتاگەریدا

[دەستکاری]

شێرپەنجەی ملی منداڵدان دووەم باوترین شێرپەنجەیە کە تووشی ژنان دەبێت لەسەر ئاستی جیھان. لە ساڵی ٢٠٠٢ نزیکەی ٥٠٠٬٠٠٠ ژن تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و نزیکەی ٢٧٣٬٠٠٠ ژنیش بەھۆیەوە گیانیان لەدەستدا. بەپێی ئامارە جیھانییەکانی ئەو نەخۆشیانەی کە دەبنە ھۆی مردنی ژنان، بەتایبەتی ئەو نەخۆشیانەی تووشی شانەکان دەبن، ئەم نەخۆشییە پلەی یەکەمی گرتووە وەک ھۆکاری ٦٠٪ی ئەو مردنانەی کە بەھۆی نەخۆشییەکانی شانەوە ڕوودەدەن.

ئەگەری تووشبوون

[دەستکاری]

ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. بۆ نموونە، لە فینلاند ڕێژەی تووشبوون دەگاتە ٣٫٦ بۆ ھەر ١٠٠٬٠٠٠ ژن، بەڵام لە کۆڵۆمبیا ساڵانە نزیکەی ٤٥ ژن لە ھەر ١٠٠٬٠٠٠ ژن تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. لە ئەڵمانیا، بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠٠٢، ئەم ڕێژەیە بۆ ١٢ ژن لە ھەر ١٠٠٬٠٠٠ ژن کەم دەبێتەوە. ھەمان ئامار دەریدەخات کە ئەم ڕێژەیە لەنێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ ھێندە زیاد دەکات لەو ژنانەی کە ئامادەیی بۆماوەییان ھەیە. لە ڕابردوودا، ئەم شێرپەنجەیە یەکێک بوو لەو شێرپەنجانەی کە زۆرترین جار بەھۆی ھۆکارە بۆماوەیییەکانەوە ڕووی دەدا؛ بەڵام لە ڕێگەی پشکنینی خولییەوە، توانراوە ئەگەری تووشبوون لە ئەورووپا بە ڕێژەی ٢٥٪ کەم بکرێتەوە.

تەمەنی مامناوەندی تووشبوون

[دەستکاری]

ئەم نەخۆشییە زۆربەی کات لەنێوان تەمەنی ٤٥ و ٥٥ ساڵیدا دەردەکەوێت، بەڵام قۆناغی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کە ھۆکاری ئەم شێرپەنجەیەیە، زۆرجار لە تەمەنی نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵیدا دەست پێدەکات. تەمەنی مامناوەندی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بە شێوەی کلینیکی ٥٢ ساڵە. ھەروەھا ئەم نەخۆشییە لەوانەیە لە کاتی دووگیانیشدا دەرکەوێت، کە ڕێژەکەی نزیکەی ١٫٢ ژنە لە ھەر ١٠٬٠٠٠ حاڵەتی دووگیانی.

ھۆکارە سەرەکییەکان

[دەستکاری]

بە شێوەیەکی بەرفراوان تێبینی کراوە کە زۆربەی ھۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسی HPV (ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی)ە. ئەم ڤایرۆسە شێوەیەکی گۆیی ھەیە، بەرگێکی نییە و ترشی ناوکی دی ئێن ئەی دوو شریتی تێدایە. ئەم ڤایرۆسە سەر بە خێزانی ڤایرۆسە پاپیلۆمایییەکانە کە نزیکەی ٢٠٠ جۆری جیاوازی ڤایرۆس لەخۆدەگرێت. بەشێکی زۆری ئەم ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ زیانبەخش نین و لە زۆربەیاندا ھێرش دەکەنە سەر پەردە لینجەکان و چینە بنچینەیییەکانی پێست و دەبنە ھۆی دەرکەوتنی زیپکەی ناخۆش؛ بەڵام جۆرەکانی ١٦ و ١٨ی ئەم ڤایرۆسە بەرپرسن لە نزیکەی ٧٠٪ی حاڵەتەکانی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە. ھەروەھا، وەرگرتنی ھۆرمۆنی ئیسترۆجینی دەستکرد بۆ چارەسەرکردنی نیشانەکانی وەستانی سووڕی مانگانە لە ژناندا، ئەگەر بە ژەمی گەورە وەربگیرێت، دەبێتە ھۆی شێرپەنجەی منداڵدان.

ھۆکاری تریش وەک جگەرەکێشان، لاوازیی سیستمی بەرگری، چالاکیی سێکسی و جووتبوونی بێ خۆپارێزی، پاک و خاوێن ڕانەگرتنی جەستە و پشتگوێخستن، ھەروەھا منداڵبوونی زۆر و یەک لەدوای یەک، ھەموو ئەمانە ڕۆڵیان ھەیە لە دروستبوونی ئەم جۆرەی شێرپەنجە.[٣][٤]

شێوازەکانی چارەسەر

[دەستکاری]

تاقیکردنەوەی پاپا نیکۆلا (Pap smear)یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بەھۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە. لەم پشکنینەدا شلەیەک لە زێ یان خانە لە ملی منداڵدان وەردەگیرێت و بەھۆی وردبینەوە (مایکرۆسکۆپ) پشکنینی بۆ دەکرێت. تایبەتمەندیی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە شێرپەنجەی منداڵدان نزیکەی ٥ بۆ ١٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی دەستنیشان دەکات. ھەروەھا، نەشتەرگەری ڕێگای سەرەکییە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی منداڵدان. نەشتەرگەرییەکی لاوەکی ھەیە کە تێیدا منداڵدان و جۆگەی فالوپ لادەبرێن؛ بەڵام لە نەشتەرگەری گشتیدا، ملی منداڵدانیش لادەبرێت و لە ھەندێک حاڵەتدا یەکێک لە ھێلکەدانەکان یان ھەردووکیان لادەبرێن. ھەروەھا چارەسەر لە ڕێگەی تیشکەوە دەکرێت، ئەویش بەدانانی گرێ شێرپەنجەیییەکە بەر تیشکی ئێکس یان تەنۆلکەی ماددەی تیشکدەر وەک (کۆباڵت ٦٠ و ڕادیۆم). ژنان دەتوانن ھەر سێ بۆ پێنج ساڵ جارێک پشکنینی سێرڤیکاڵی ملی منداڵدان ئەنجام بدەن. بە گشتی، پەیڕەوکردنی خوو و ڕەوشتی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خووە ناتەندروستەکان وەک وەرزشکردن و کەمکردنەوەی خواردنی چەور، دەبێتە ھۆی خۆپاراستن لە نەخۆشیی شێرپەنجە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «Cervical Cancer: Background, Pathophysiology, Etiology». لە ڕەسەنەکە لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.
  2. «Cervical cancer | Description, Symptoms, Treatment, & Prevention | Britannica». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە.
  3. https://archive.org/details/gynaecology0000unse
  4. https://www.medicinenet.com/cervical_cancer/article.htm#cervical_cancer_facts