بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شێرپەنجەی ئێسک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شێرپەنجەی ئێسک(بەئینگلیزی: Bone cancer)[١] شێرپەنجەیەکە کە لە خودی ئێسکەوە دروست دەبێت (شێرپەنجەی سەرەتاییی ئێسک)، یاخود ئێسک بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەوە تووش دەبێت. شێرپەنجەیەکی زۆر دەگمەنە، کە کەمتر لە ٢٥٠٠ ئەمێریکی تووشی دەبن لە ساڵێکدا، ئەم جۆرەی شێرپەنجە زیاتر تووشی منداڵان دەبێت وەک لە پێگەیشتووان.

زۆرترین جۆرە بەربڵاوەکانی شێرپەنجەی سەرەتایی بریتین لە:

  • سارکۆمای ئێسکین Osteosarcoma، جۆرێکە کە تووشی ئێسکە پەڕەکان دەبێت.
  • سارکۆمای کرکراگەیی Chondrosarcoma، جۆرێکە کە تووشی کرکراگەکانی ئێسک دەبێت.
  • سارکۆمای ئەوینگس Ewing's sarcoma، جۆرێکە کە تووشی ئەسفەنجە خانەکانی ئێسک دەبێت لە مۆخی ئێسک.

سارکۆمای ئێسکین و سارکۆمای ئەوینگس بەربڵاوترین جۆرن کە تووشی منداڵان و ھەرزەکاران و گەنجان دەبێت لە تەمەنی نێوان دەساڵان بۆ بیستساڵان، بەڵام سارکۆمای کرکراگەیی زیاتر تووشی تەواوپێگەیشتووان دەبێت- ئەوانەی لە سەرووی پەنجاساڵانەوەن.

چارەسەری شێرپەنجەی ئێسک بەگشتی بەپێی شوێن و قەبارەی تووشبوونەکە دەگۆڕدرێت.

نیشانە و دیاردەکانی

[دەستکاری]

ئازار گەورەترین نیشانەی شێرپەنجەی ئێسکە، دەشێت شێرپەنجە لە ھەر بەشێکی ئیسکی جەستەوە بێت، بەڵام بەزۆری لە ئێسکە گەورە و درێژەکانەوە سەرھەڵدەدات وەک ئێسکەکانی ڕان و باسکەکان، ھەروەھا نیشانەکانی ڕەنگە بەم شێوازە بێت:

  • لاوازیی ئێسکەپەیکەر، کە زۆر بەئاسانی دەشکێن.
  • ئەستوربوونی جومگەکان بەتایبەت جومگە بەئازارەکان (ئەو جومگانەی کە لە ئێسکی تووشبوو نزیکن) و
  • بێھێزی
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
  • لاوازبوون بەخێرایی
  • کەمخوێنی

ھۆکارەکانی تووشبوون

[دەستکاری]

ھۆکاری تووشبوون دەگۆڕدرێت بەپێی چۆنیەتیی گەشەی ئێسکەکە، کە دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر: شێرپەنجەی سەرەتاییی ئێسک و شێرپەنجەی ناوەندیی ئێسک (شێرپەنجەی گەشەسەندوو یا گوێزەرەوە) لە باری جۆری دووەم کە ناوەندییەکەیە، خانە شێرپەنجەیییەکە کە گەشەی کردووە، لە شوێنێکی ئێسک دەگوازرێتەوە بۆ شوێنەکانی تری ئێسک، بەڵام ھەر خانە بنەڕەتییەکە دەمێنێتەوە کە ڕەگی داکوتاوە، بۆ نموونە کەسێک تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە، دواتر خانە شێرپەنجەیییەکە گەشە دەکات و بەرەو ئێسک دەگوازرێتەوە، لێرەدا ھەر پێی دەڵێن شێرپەنجەی پرۆستات و نابێتە شێرپەنجەی ئێسک، چونکە ڕەگەکەی لە پرۆستاتدایە.

شێرپەنجەی ناوەندیی ئێسک بەربڵاوترە لە شێرپەنجەی سەرەتاییی ئێسک، کە تووشی خانە بنچینەیییەکانی ئێسک دەبێت (مۆخی ئێسک)، ئەو خانانەی کە خوێن دروست دەکەن، ئەوانەی تووشی جۆری دووەم دەبن ڕەنگە دواتر تووشی مایلوما و لوکیمیا ببن.

بە شێوەیەکی گشتی ھیچ ھۆکارێکی تووشبوون دیاری نەکراوە و ناشزانرێت بۆ مرۆڤ تووشی دەبێت. تاوەکوو ئێستا(٢٠١٩) ھەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ھۆکاری سەرەکیی تووشبوون بۆماوەیی بێت. لە ھۆکارەکانی بۆماوەیییەکانی وەک:

  • کۆنیشانی لیفراومێنی (Li-Fraumeni syndrome). ئەم بارە کەسی تووشبوو زیاتر بەرجەستە دەکات بۆ جۆرەھا شێرپەنجەی جیاواز، وەک شێرپەنجەی ئێسک و شێرپەنجەی مەمک و ھتد.
  • کۆنیشانی ڕۆسمۆند تۆمسۆن (Rothmund-Thomson syndrome). ئەم بارە کەسی تووشبوو زیاتر بەرجەستە دەکات بۆ ناڕێکی لە ئێسکەپەیکەری، کە دواتر دەگۆڕدرێت بۆ شێرپەنجەی ئێسک.
  • فرەگرێییی لەش Hereditary retinoblastoma. منداڵانی تووشبوو بە گرێ زیاتر بەرجەستەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی ئێسک.
  • جومگەمەزنی Multiple exostoses. ئەو منداڵانەی کە لە کاتی لەدایکبوونیان جومگەکانیان گەورەترن لە ئێسکەکانیان بەبڕێکی زۆر لە مەترسی زیاتردان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی ئێسک لە جۆری کرکراگەیی.

چارەسەر

[دەستکاری]

دەرمان زیاترین بەکارھێنەرەکان بۆ چارەسەر دەرمانە ناھۆرمۆنییەکانە Non-hormonal bisphosphonates کە وزەی ئێسکەکان زیاد دەکات. بە شێوەی پەپکە وەردەگیرێت بۆ یەک جار لە ھەفتەیەک، ھەروەھا دەرمانی etastron کە ناسراوە بە strontium-89 chloride. دەرمانەکە سێ مانگ جارێک وەردەگیرێت و بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکار دێت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ «سرطان العظم (Bone cancer) | اسباب اعراض علاج | القاموس الطبی». لە ڕەسەنەکە لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھێنراوە.

[١]

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ «نیشانەكانی شێرپەنجەی ئێسك». www.wishe.net. لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٢ ھێنراوە.