بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شێخ ئەسعەد ھەولێری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شێخ محەممەد ئەسعەدی هەولێری

Sheikh Esad Erbili
لەدایکبوون (١٨٤٧-01-01) 1ی کانوونی دووەمی ١٨٤٧
مەرگ٣ی ئازاری ١٩٣١(١٩٣١-٠٣-٠٣) (٨٤ ساڵ ژیاوە)
مەنمەن، ئیزمیر، تورکیا
ھۆکاری مەرگشەهیدکردن بە ژەهر
کارەکان
کەنزولعیرفان
دیوانی ئەسعەد ئەربیلی
مەکتوبات
ئایینئیسلام

محەممەد ئەسعەد کوڕی محەممەد سەعید ئەربیلی (١٨٤٧ – ٣ی ئازاری ١٩٣١) لە ساڵی ١٢٦٤ی کۆچی (بەرامبەر ١٨٤٧ زایینی) لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە گەورە پیاوان و زانایانی تەسەووفە لە جیهانی ئیسلامیدا و لە گەورە شێخەکانی سۆفیگەری و زنجیرەی زێڕینی تەریقەتی نەقشبەندییە. شێخ ئەسعەد جگە لە پایە بەرزە زانستی و ڕۆحییەکەی، بەشداریی لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا کردووە لە باکووری کوردستان و وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی و ئایینی کورد بەپێوە دژی زۆرداریی کەمالییەکان وەستاوەتەوە تا ئەوەی لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی تورکیاوە دەستگیرکراوە و شەھید کراوە.[١]

ژیاننامە

[دەستکاری]

شێخ محەممەد ئەسعەد لە شاری مێژوویی و دێرینی ھەولێر (کە ئەوکات سەر بە ویلایەتی مووسڵ بوو لە دەوڵەتی عوسمانی) لەنێو ماڵباتێکی خانەدان، زانستپەروەر و ئایینی کورد هەراش و پەروەردە بووە. باوکی، شێخ محەممەد سەعیدی ئەربیلی، و باپیری، شێخ هیدایەتتوڵڵای خالیدی، لە شێخە گەورەکانی تەریقەتی نەقشبەندیی-خاڵیدی بوون. باپیری خەلیفەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووە لە هەولێر. خانەقای بنەماڵەکەیان (کە بە خانەقای هەولێر یان مزگەفتی شێخە ڕەشکە ناسراو بوو) مەڵبەندێکی بەناوبانگی تدریس و ئیرشاد بووە.[٢]

Esad Erbili

خوێندنی زانست و ڕێڕەوی سلوک

[دەستکاری]

خوێندنی سەرەتایی لە هەولێر لە لای باوکی و زانایانی ناوچەکە دەستپێکرد. بەهۆی زیرەکی و بیرگە (حافیزە) بەهێزەکەیەوە لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا (لە ساڵی ١٨٧٠) ئیجازەی زانستیی وەرگرت و لە مزگەفتی شێخە ڕەشکە و خانەقای هەولێر دەستی بە وانەوتنەوە کرد. پاشان چووە خزمەت شێخ تەهای هەریری (لە شێخە گەورەکانی خالیدی) لە هەریر و بۆ ماوەی ٥ ساڵ ڕێڕەوی سلوکی تەواو کرد و لە ساڵی ١٨٧٥دا ئیجازەی خەلافەتی (ئیجازەی ڕێنماییکردنی موریدان) زنجیرەی زێڕینی تەریقەتی نەقشبەندیدا پێبەخشرا.[٣]

چوون بۆ ئەستەمبوڵ، نەفی بۆ هەولێر و گەڕانەوە

[دەستکاری]

Sheikh Esad Hawleri

لە هەمان ساڵدا، گەشتی پیرۆزی حەجی بەرەو مەککە ئەنجام دا. کاتێک گەڕایەوە کوردستان، هەواڵی کۆچی دوایی شێخەکەی، واتە شێخ تەهای هەریری پێگەیشت. لەبەر ئەو پێگەیە گەورەیەی کە هەیبوو بۆ نوێنەرایەتیکردنی زانایانی ئیسلامیی لەسەر ئاستی جیهانی، شێخ ئەسعەد بڕیار دا بەرەو پایتەختی عوسمانی (ئەستەمبوڵ) بەڕێ بکەوێت. لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئەستەمبوڵ شێخ ئەسعەد لە خانەقای بەشیر ئاغا نیشتەجێ بوو و دەستی کرد بە گوتار و وانەوتنەوە لە مزگەوتی فاتیح. ناوبراو لە سەرتاسەری پایتەختدا بە شیکردنەوە قووڵ و عیرفانییەکانی بۆ سەر کتێبە گەورەکان وەک "دیوانی حافزی شیرازیی" و "لوجەتولئەسرار" (لواقح الأسرار ولوامح الأنوار) ناسرا.[٤] زیرەکی و زانستە فراوانەکەی بووە هۆی ئەوەی کە بگاتە بەرزترین پلەکانی ئایینی ئەو سەردەمە وەک:

  • ئەنجومەنی شێخان (مەجلیسی مەشایخ): وەک ئەندامێک لە ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی تەریقەتەکانی ئەستەمبوڵ دیاری کرا.
  • تەکیەی کەلامی: سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی ئەم تەکیە ناودارەی پێسپێردرا و کردییە ناوەندێکی گەورەی زانست، کە قوتابی و چالاکوان و موریدانی لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامییەوە بەرەو لای خۆی ڕاکێشا.

لەگەڵ زیادبوونی کاریگەریی شێخ ئەسعەد، ئیرەیی و دەنگۆی ناڕاست گەیشتە دەست سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم. لە ساڵی ١٩٠٠دا، سوڵتان فەرمانێکی دەرکرد کە تیایدا شێخ ئەسعەد لە ئەستەمبوڵەوە دوورخرایەوە (نەفی کرا) بۆ زێدی ڕەسەنی خۆی لە شاری هەولێر. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی بێدەنگکردنی؛ شێخ ئەسعەد بە خۆشحاڵییەوە گەڕایەوە هەولێر. بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ تەکیەی هەولێری نۆژەنکردەوە لاوانی کوردی پەروەردە کرد، دوای شۆڕشی گەنجانی تورک لە ساڵی ١٩٠٨ فەرمانی نەفیکردنی هەڵوەشایەوە. شێخ ئەسعەد گەڕایەوە ئەستەمبوڵ، تەکیەی کەلامیی فراوانتر کرد و لە ساڵی ١٩١٤دا بەرزترین پۆستی ئایینی لە ئیمپراتۆریەتدا پێسپێردرا، ئەویش سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی شێخان بوو (Meclis-i Meşâyih Reisi).[٥]

بەشداریکردن لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران

[دەستکاری]

لەگەڵ ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و هەستانەوەی کۆماری ڕەگەزپەرستی تورکیا بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال ئاتاتورک، هەڵمەتێکی دڕندانە و توند بۆ بە تورکاندن، سێکولاریزمی زۆرەملێ و سڕینەوەی نەتەوەیی دەست پێکرد. لە ماوەی پێنج ساڵی سەرەتای دامەزراندنی کۆماردا، قوتابخانە، مەدرەسە، خانەقا و زەوییە کوردییەکان بە زۆر دەستیان بەسەردا گیرا. بۆیە لە ساڵی ١٩٢٥دا شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستان دژی ستەمی کەمالییەکان هەڵگیرسا، شێخ ئەسعەدی هەولێری وەک وەفادارییەک بۆ ئامانجە نەتەوەیی و ئایینییە هاوبەشەکەی لەگەڵ کوڕەکەی شێخ محەممەد عەلی ئەفەندی و نزیکەی 50 موریدی دڵسۆزی کوردی کۆکردەوە و ئامادەکرد. پێکەوە بەرەیەکی یەکگرتوویان لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران پێکهێنا و هاتنە ناو خەباتی چەکداری دژی هێزەکانی ئەتاتورک و دەسەڵاتی کەمالییەکان.[٦]

ڕووداوی مەنمەن و شەهیدبوون

[دەستکاری]
وێنەی شێخ ئەسعەد هەولێری لەکاتی دەستگیرکردنی لەلایەن تورکە کەمالیە ڕەگەزپەرستەکان لەساڵی ١٩٢٥ بەهۆی بەشداریکردنی لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران.

دوای سەرکوتکردنی شۆڕشەکە لە ساڵی ١٩٣٠دا، رژێمی کەمالی دادگایەکی سیاسی و پڕ لە چەواشەکاری بەناوی "ڕووداوی مەنمەن" (Menemen Olayı) لە ئیزمیر ساز کرد بۆ لەناوبردنی سەرکردە ماوەکانی کورد، هێزە کەمالییەکان بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە هەڵمەتێکی بارمتەگرتن و دەستگیرکردنی بەرفراوانیان دژی کوردەکان و موسڵمانەکان دەستپێکرد.[٧] شێخ ئەسعەد، کوڕەکەی شێخ محەممەد عەلی و موریدەکانی لە هەڵمەتێکی پیلانگێریدا دەستگیر کران. شێخ محەممەد عەلی ئەفەندی کوڕی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و لە ٤ی شوباتی ١٩٣١ لە تەنیشت فەرماندەکانی شێخ سەعید و نزیکەی 50 موریدی شێخ ئەسعەد لەسێدارە درا. بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنی شێخ ئەسعەد (٨٣ ساڵ بوو)، سزاکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. پاشان لە شەوی ٣ لەسەر ٤ی ئازاری ١٩٣١، لە کاتی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی سەربازی لە شاری مەنمەن (ئیزمیر)، لەلایەن پزیشکە سەربازییەکان بە دەرزییەکی ژەهراوی شەهید کرا و لە هەمان شاردا گۆڕغەریب کرا. بۆ ئەوەی گۆڕەکەی نەبێتە زیارەتگە، دەسەڵاتداران بە نهێنی لە مەنمەن (ئیزمیر) ناشتیان دوور لە هەولێری زێدی خۆی.[٨]

خەباتی نەتەوەیی و چالاکییەکان

[دەستکاری]

شێخ ئەسعەدی هەولێری خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەرچاو بوو. لەنێو قوتابییە دیارەکانیدا کە کاریگەریی بیروباوەڕی نەتەوەییی ئەو لەسەریان ڕەنگیدابووەوە:

  • مەلا حوسێن فانی (١٨٨٣–١٩٨٣) لە دایکبووی هەولێر شاعیر، نووسەر و کوردپەروەری مەزن کە تەمەنێکی بۆ پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی بەخت کرد، یەکێک بوو لە دڵسۆزترین قوتابییەکانی شێخ ئەسعەد.
  • بەدیعوززەمان سەعید نوورسی بیرمەندی گەورەی ئیسلامیی باکووری کوردستان کە لە ساڵانی مانەوەی لە باکوور لە خزمەت شێخ ئەسعەدا خوێندوویەتی.

بەرهەم و دەستکەوتەکان

[دەستکاری]

شێخ ئەسعەدی هەولێری یەکێک بوو لە زانا فرەڕەهەندە هەرە بەرهەمدارەکانی سەردەمی خۆی. بەرهەمەکانی زانستی فەرموودە، فەلسەفەی سۆفیگەری، ڕاڤەی قورئان و شعری کلاسیکیان لەخۆ دەگرت. دیارترین بەرهەمەکانی برتیین لە:

1. کەنزولعیرفان (Kenzü’l-İrfân): کۆمەڵە پەرتووکێک لە ١٠٠١ فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ وەرگێڕان و شەرحکردنیان.

2. دیوانی ئەسعەدی هەولێری (Divan): کۆمەڵە شیعرێکی عیرفانی بە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و عەرەبی.

3. مەکتوبات (Mektûbât): کۆمەڵە نامەیەکی عیرفانی و پەروەردەیی کە بۆ موریدەکانی ناردووە.

4. تەفسیری سووڕەتی فاتیحە (Fātiha-i Şerīfe Tercümesi).

5. ڕیسالەی ئەسعەدییە (Risâle-i Es'adiyye).

6. وەرگێڕانی ڕیسالەی تەوحید (Tevhid Risalesi Tercümesi): شەرح و ڕاڤەیەکە بۆ کتێبی (کتاب التوحید)ی ئیبن عەرەبی.

نموونەیەک لە شیعری عیرفانی

[دەستکاری]

ئەم شیعرە پێشتر وەکوو شیعری تازە دۆزراوەی “نالی” ناسێنرابوو، بەڵام دەرکەوت لە ڕاستیدا هی شێخ ئەسعەد هەولێرییە:

شاهێ کە ڕوخی غەبتەی خورشیدی سەما بێ
عاشق دەبێ فریادڕەسی لوتفی خودا بێ

ئەی شەمعی شەبوستانی من ئەی نووری درەخشان
پەروانە سیفەت جان بە جەمالی تۆ فیدا بێ

مومکین نییە ئەسڵەن نە لە شاهی نە لە شادی
زەوقێ کە لە دەرگاهە لە ڕاهی تۆ پەیا بێ

مەجنوونم ئەگەر مەیلی بەقای نام و نیشان کەم
نەخچیری دڵ ئەربەستە بە زنجیری فەنا بێ

باکی نییە قوربان نە لە کوفر و نە لە ئیمان
دیوانەیی زولفی تۆ کە سەرمەستی لیقابی

ناکا بە دوای حیکمەتی لوقمان تەنەزوول
ناخۆش دیوچاڤت ئەگەر ئەربابی زەکابی

سۆفی بە تامای باغ و بەرجەننەتە ئەسعەد
حاشا کە یبی ربخ و زەوق و سەفابێ

پەراوێز و سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «ESAD ERBÎLλ. TDV İslâm Ansiklopedisi (بە تورکی).
  2. «Mezar maketi başında ağıt ve bıçakla kurban ibadeti canlandırmasının ardından çocuklar bu kez türbeye götürüldü». T24 (بە تورکی).
  3. «Menemen Hadisesi - Esad Erbili». Esad Erbili (بە تورکی).
  4. «Esad Erbili Hazretlerinin Halifeleri». İslam ve İhsan (بە تورکی).
  5. Yilmaz, H. Kamil:"Altin Silsile" ("Golden Chain"). Erkam Yayinlari (Istanbul). 1994.
  6. Bacik، Gokhan (٢٠١٩). Islam and Muslim Resistance to Modernity in Turkey. Springer Nature. ژپنک ٩٧٨-٣-٠٣٠-٢٥٩٠١-٣.
  7. «DARGĀH». Encyclopédie de l’Islam. doi:10.1163/9789004127562_SIM_1731_eifo_dum_10.
  8. «Şeyh Muhammed Es'ad Erbilî – Prof. Dr. Hasan Kamil Yılmaz» (بە تورکی).