شیھابییەکان
| شانشینی شیھاب شھابیون | |
|---|---|
| میرەکانی چیای لوبنان | |
ئاڵای شانشینی شیھاب | |
| ووڵات | میرنشینی چیای لوبنان، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی |
| دامەزرا | ١١٧٦ |
| دامەزرێنەر | بەشیری یەکەم حەیدەری یەکەم |
| کۆتا پاشا | بەشیری سێیەم |
| سپاردن | ١٨٤٢ |
شانشینی شیھاب یان بنەماڵەی شیھاب یان شیھابییەکان (بە عەرەبی: الشھابیون) بنەماڵەیەکی عەرەب بوون و وەک باجوەرگر و میرانی چیای لوبنان لە سەرەتای سەدەی ١٨ تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان (١٥١٧-١٩١٨) خزمەتیان کردووە. پێش ئەو کاتە، بنەماڵەکە کۆنتڕۆڵی ناوچەی وادی ئەلتەیمیان دەکرد، گوایە ھەر لە سەدەی ١٢ەوە. لە سەرەتای دەسەڵاتی عوسمانیدا، ھاوپەیمانی و پەیوەندیی ھاوسەرگیرییان پاراست لەگەڵ شانشینی مەعن، کە میرە سەرەکییەکانی درووز و باجوەرگرەکانی چیای لوبنان بوون، کە بنکەکەیان لە شۆف بوو. کاتێک دوایین میری مەعنییەکان لە ساڵی ١٦٩٧دا بەبێ نەوەیەکی جێگرەوەی نێر کۆچی دواییی کرد و سەرۆکەکانی درووزەکان لە چیای لوبنان میری شیھاب بە ناوی بەشیریان وەک جێنشین دەستنیشان کرد، کە دایکی سەر بە مەعنەکان بوو. دوای کۆچی دواییی بەشیر میرێکی تری شیھاب شوێنی گرتەوە کە دایکی لە مەعنییەکان بوو بە ناوی «حەیدەر».
لە سەردەمی حەیدەردا، شیھابەکان لە شەڕی عەین دارە لە ساڵی ١٧١١دا ڕکابەرە سەرەکییەکانیان بۆ سەروەری لەنێو درووزەکاندا تێکشکاند و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا باڵادەستیی خۆیان لەسەر چیای لوبنان چەسپاند. دیارترین میری بنەماڵەکە، بەشیری دووەم، کۆنترۆڵی ناوەندی لە ناوچەکەدا کرد، دەسەڵاتی گەورە و ئاغاکانی زۆربەی درووزەکانی لەناوبرد. لە ساڵی ١٨٣١ لە کاتی داگیرکردنی سووریادا ھاوپەیمانیی محەممەد عەلی پاشای میسری کرد، بەڵام لە ساڵی ١٨٤٠ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە کاتێک میسرییەکان لەلایەن ھاوپەیمانیی عوسمانی و ئەورووپییەوە دەرکران، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی میرنشینی شیھاب. سەرەڕای لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی خاکی، خێزانەکە لە لوبنانی مۆدێرن کاریگەرییان ھەر مایەوە، ھەندێک لە ئەندامەکانیشی گەیشتنە پۆستی سیاسیی باڵا.
مێژوو
[دەستکاری]بنەچە
[دەستکاری]گوایە بەنوو شیھاب ھۆزێکی عەرەب بوون کە لە بنەڕەتدا خەڵکی حیجاز بوون.[١] بەپێی مێژوونووسی سەدەی نۆزدەھەم میخائیل میشاقە، ئەوان نەوەی خێڵی بەنوو مەخزوومی ھۆزی قوڕەیش بوون کە سەرکردەی فەتحی موسڵمانان لە سەدەی حەوتەمدا لە سووریا، خالید کوڕی وەلید، سەر بەو خێڵە بووە. میشاقە دەڵێ باپیرەی بنەماڵەکەی فەرماندەیەک بووە لە فەتحەکەدا.[٢] لە ھەندێک کاتدا دواتر، ھۆزەکە لە ناوچەی ھوران لە باشووری دیمەشق نیشتەجێ بوون.[١][٣] لە ساڵی ١١٧٢دا بەنوو شیھابەکان لە گوندی شەھبای زێدی خۆیان لە جەبەل درووزەوە بەرەو ڕۆژئاوا کۆچیان کرد بۆ وادی ئەلتەیم کە دەشتێکە لە دامێنی چیای ھێرمۆن (جەبەل الشێخ).[٤][٥]
سەردەمی بەشیری دووەم
[دەستکاری]
دیارترینیان لە نێو ئەمیرە شیھابییەکاندا ئەمیر بەشیر شیھابی دووەم بوو. توانای ئەو وەک دەوڵەتمەدارێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٩٩ بەدیارکەوت، کاتێک ناپلیۆن بۆناپارت گەمارۆی شاری عەککای دا کە شارێکی کەنار دەریایییە و بە باشی قەڵادار کرابوو لە فەڵەستین و نزیکەی چل کیلۆمەتر لە باشووری تایرەوە دوورە. ھەردوولا ھەم ناپلیۆن و ھەم ئەحمەد پاشا ئەلجەزاری پارێزگاری صەیدا، داوای ھاوکارییان لە بەشیر کرد، کە بەشیر بێلایەن بوو و ڕەتیکردەوە ھاوکاریی ھیچ کام لە شەڕکەرەکان بکات. ناپلیۆن نەیتوانی عەککا داگیر بکات و گەڕایەوە میسر، و مردنی ئەلجەزار لە ساڵی ١٨٠٤ نەیارە سەرەکییەکەی بەشیری لە ناوچەکە دوورخستەوە.[٦] کە کاتێک بەشیری دووەم بڕیاری جیابوونەوەی لە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دا، خۆی لەگەڵ محەممەد عەلی پاشای دامەزرێنەری میسری مۆدێرن، ھاوپەیمانیی کرد و یارمەتیی کوڕەکەی محەممەد عەلی، ئیبراهیم پاشای دا، لە گەمارۆیەکی دیکەی عەککا. ئەم گەمارۆیە حەوت مانگی خایاند، شارەکە لە ٢٧ی ئایاری ١٨٣٢ کەوت و داگیرکرا. وە ھەروەھا سوپای میسر بە ھاوکاریی سەربازەکانی بەشیر لە ١٤ی حوزەیرانی ١٨٣٢ ھێرشیان کردە سەر دیمەشق و داگیریان کرد.[٧]

لە ساڵی ١٨٤٠دا چوار لە زلھێزە سەرەکییەکانی ئەورووپا (بەریتانیا، نەمسا، پڕووسیا و ڕووسیا) لە ١٥ی تەممووزی ١٨٤٠ لەگەڵ باب ئەلعالی (حوکمڕانیی عوسمانی) پەیمانی لەندەنیان واژۆ کرد دژی میسر.[٨] بە پێی ڕێککەوتنەکە محەممەد عەلی داوای لێکرا کە لە وڵاتانی شام و سووریا بکشێتەوە؛ کاتێک ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە، سەربازەکانی عوسمانی و بەریتانیا لە ١٠ی ئەیلوولی ١٨٤٠ لە کەناراوەکانی لوبنان نیشتنەوە، لە بەرامبەر ئەم ھێزە یەکگرتووە گەورەیە، محەممەد عەلی پاشەکشەی کرد و لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٠ بەشیری دووەم خۆی ڕادەستی ئینگلیزەکان کرد.[٩] پاشان بەشیر شیهابی سێیەم دەستنیشانکرا وەک میر. سوڵتان لە ١٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٤٢ بەشیری سێیەمی لە پۆستەکەی لابرد و عومەر پاشای کردە والیی چیای لوبنان. ئەم ڕووداوە کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی شیھابییەکان بوو.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 Hitti، Philipp K. (١٩٢٨). The Origins of the Druze People: With Extracts from their Sacred Writings. AMS Press. لاپەڕە ٧.
- ↑ Winter 2010, p. 128.
- ↑ Abu Izzeddin 1998, p. 201.
- ↑ Abu Izzeddin 1998, p. 201.
- ↑ Winter 2010, p. 128.
- ↑ Library of Congress - The Shihabs, 1697-1842
- ↑ Library of Congress - The Shihabs, 1697-1842
- ↑ Library of Congress - The Shihabs, 1697-1842
- ↑ Library of Congress - The Shihabs, 1697-1842