شیعری ئازاد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

شیعری ئازاد (بە ئینگلیزی: free verse) بریتییە لە چەشنە شیعرێک کە هەوڵدەدات خۆی لە هەندێ کە کۆتەکانی شیعر رزگار بکات، بە تایبەتی سەروا، هەندێ جار خۆی بە کێش و سەروا نابەستێتەوە، بەڵام هەر لە ناو سنوورەکانی شیعردا دەمێنێتەوە و ڕیز لە تایبەتمەندییەکانی شیعر دەگریت، پتر بایەخ بە ڕیتم دەدات و خۆی لە پەخشان جیا دەکاتەوە. شیعری ئازاد گوزارشتێک بوو بۆ خۆدەرباز کردن لە شیعری کلاسیکی.

مێژوو[دەستکاری]

شیعری ئازاد بۆ یەکەم جار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم لە ئەوروپادا سەری هەڵدا، بەڵام پێشتر لە سەدەی حەڤدەهەمدا، شاعیری فەڕەنسی لافۆنتێن (۱٦۲۱-۱٦۹۵) لەسەر زمانی ئاژەڵ، ئەم جۆرە شیعرەی نووسی، پاشان شاعیری ئەمریکی واڵت ویتمەن (۱٨۱۹-۱٨۹۲) و شاعیری فەڕەنسی بۆدلێر (۱٨۲۱-۱٨٦۷)، شاعیری ئینگلیزی ت. س. ئێلیۆت (۱٨٨٨-۱۹٦۵) و شاعیری ئەڵمانی ئیزرا پاوەند (۱٨٨۵-۱۹۷۲) بە تەواوی سەروایان لە شیعر داماڵی.

دەتوانین سیمای شیعری ئازاد لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە[دەستکاری]

  1. ئازادی لە خۆنەبەستنەوە بە شەتری بەیتەکان
  2. ڕەتکردنەوە یان کەمکردنەوەی سەروا لە هەموو دێڕێکدا
  3. ئازادکردنی شیعر لە تاک مانایی و یەکێتیی قەسیدە و بەحرە شیعرییە عەرەبییەکان.
  4. بایەخدان بە مۆسیقای شیعری لەبری کێشی تەقلیدی شیعر.
  5. بەکارهێنانی هێمای ئەفسانەیی و مێژوویی و سوودوەرگرتن لە هونەرەکانی شیعر
  6. برەودان بە شیعری بڕگەیی (واتە:تەفعیلە)

شیعری ئازاد لە ئەدەبی عەرەبی[دەستکاری]

لە شیعری عەرەبیدا ئەم جۆرە شیعره لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا بە تەواوی شێوەی گرت، دیارترینی ئەو شاعیرانەی کۆتەکانی شیعری کلاسیکیان شکاند و شیعری ئازادیان داهێنا بریتین لە نازک مەلائیکە، بەدر شاکر سەییاب، بڵند حەیدەری، سەلاح عەبدولسەبور، عەبدلموعتی ئەلحیجازی، ئەدۆنیس، یوسف ئەلخال و عەبدولوەهاب بەییاتی. بەر لە شیعری ئازاد، لە شیعری عەرەبیدا هەندێ فۆرمی دیکەی شیعری هەبوون کە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ دەرکەوتنی شیعری ئازاد، لەوانە (الشعر المرسل) ئەم جۆرە شێعرە خۆی لە سەروا ڕزگار کردبوو بەڵام پابەند بوو بە تاکە بەحرێک، هەر دوو شاعیر جەمیل سدقی ئەلزەهاوی و زەکی ئەحمەد ئەبوشادی لەم شیعرەیان دەنووسی، ئەمانە پێیان وابوو سەروا ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ئازادی خەیاڵی شاعیر و گوزارشتکردن لە توانا زەینییەکانی، بۆیە لابردنی سەروا بوار بۆ داهێنانێکی زیاتر دەکاتەوە. شیعری مورسەل ڕێخۆشکەر بوو بۆ دەرکەوتنی شیعری ئازاد، شیعری ئازادیش ڕێخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی پەخشانە شیعر.

لە ئەدەبی ئینگلیزی[دەستکاری]

لە شیعری ئینگلیزیدا شێکسپیر هەندێ لە شانۆنامەکانی بە پێی شیعری مورسەل نووسیوە، هەروەها جۆن میلتۆن بەهەشتی ونی بەو ستایلە نووسیوە. هەر لە ئەدەبی عەرەبیدا چەشنە شیعرێک هەبوو پێی دەوترا (الشعر المنثور) واتە شیعری پەخشانئامێز یان شیعری پەخشاندار، ئەم فۆرمە لە شیعر لە لای ئەو شاعیرانە سەری هەڵدا کە کاریگەریی شاعیرە هاوچەخەکانی خۆرئاوایان لەسەر بوو، لە سەرەتادا ئەمین ڕەیحانی و جوبران خەلیل جوبران بەو فۆرمە دەیاننووسی. ئەم جۆرە شیعرە جۆرە هۆنینەوەیەکی جیاواز بوو و پشتی بە کێش و سەروای تەقلیدی نەدەبەست، چونکە لایەنگەرانی ئەم جۆرە شیعرە پێیان وابوو کێشی شیعری، بیری شیعرەکە دەکوژێت، سەرواش شاعیر ناچار دەکات بە دوای وشەدا بگەڕێت و هەندێجار وشەی ناشیعری و ناچیزەی تێبئاخنێت، ئەمانە خەیاڵی شاعیر لاواز داکەن.

شیعری ئازاد لە ئەدەبی کوردیدا[دەستکاری]

شیعری ئازاد لە ئەدەبی کوردیدا لە لای عەبدوڵڵا گۆران و نوری شێخ ساڵح لە سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەمدا، لە ئاکامی خوێندنەوەی شیعری نوێی تورکی و ئینگلیزی، سەری هەڵدا، ئەم دوو شاعیرەی کورد بە پیشڕەوی شیعری ئازاد لە ئەدەبی کوردیدا دادەنرێن.

ڕۆلی وەرگێڕان لە شیعری ئازاد[دەستکاری]

پرۆسەی وەرگێڕان ڕۆلێکی کاریگەری هەبوو لە شکاندنی کێش و سەروای شیعری و بایەخدان بە ئیقاع، چونکە کاتێک شعریان وەردەگێڕا، ناچار دەبوون کێش و سەروا فەرامۆش بکەن بۆ ئەوەی ڕۆح و فۆرمی شێعرەکە بپارێزن، دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەم پرۆسەی وەرگێڕانە جۆرێکی جیاواز لە شیعر بەرهەم دەهێنێت کە شیعرێکی جوانە و لە ئەدەبیاتی پێشکەوتوودا برەوی هەیە و ئازادییەکی پتریش بە شاعیر دەبەخشێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی - نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.