شیرین عەلەم ھولی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شیرین عەلەم ھولی
Shirin Alam Holi

لەدایکبوون٣ی حوزەیرانی ١٩٨١
مەرگ٩ی ئایاری ٢٠١٠
ھۆکاری مەرگلە سێدارە دان
شوێنی حەوانەوەنادیار
نەتەوەکورد
تۆمەتی تاوانباریئەندامییەتی پژاک
سزای تاوانباریسێدارە


شیرین عەلەم ھولی (لەدایکبووی ١٩٨١ لە ماکۆ – مردووی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لە تاران) زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە درا. شیرین بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پژاک ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای بیست و پێنج ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە بردرا بۆ زیندانی ئێڤین. دوای ماوەیەکی زۆر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و دان پێدانان لەژێر ئەشکەنجە، بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچوو و ڕۆژی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ ھاوکات لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر، فەرھاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەھدی ئیسلامیان لە سێدارە درا.[١]

ژیاننامە[دەستکاری]

شیرین عەلەم ھولی ١٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ لە دێھاتێکی نزیک ماکۆ لە دایک بوو.

دەستبەسەر کردن[دەستکاری]

شیرین ٢٦ی ئایاری ٢٠٠٨ – ٦ی جۆزەردانی ١٣٨٧ (بە وتەی خۆی لە بانەمەڕدا) دوا بە دوای تەقینەوەیەک لە پارکینگی سپا لە ڕۆژاوای تاران، گیرا و یەکڕاست بردرا مەقەڕی سپا و بیست و پێنج ڕۆژ لەوێ ئەشکەنجە درا.[٢] لەو بیست و پێنج ڕۆژە، شیرین بیست و دوو ڕۆژی مانی لە خواردن گرتبوو. دوای ئەو ماوەیە بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا و شەش مانگ دواتریش بردیانە بەندی نسوانی ھەمان گرتووخانە.[٣]

لە سێدارە دان[دەستکاری]

شیرین عەلەم ھولی لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ – ١٩ی کانوونی ئەکەمی ٢٠٠٩ لەلایەن لقی پازدەی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی ھاوکاری و ئەندامییەتی پژاک (محاربە - دژایەتی خودا) و چوونە دەرێی نایاسایی لە سنوور، بە سێدارە مەحکووم بوو و لە ١٩ی گوڵانی ١٣٨٩دا ھاوڕێ لەگەڵ چوار زیندانی تر کە سێیانیان کورد بوون، بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و بە نھێنی لە پارکینگی گرتووخانەی ئێڤین لە دار دران و بە دزییەوە بە خاک دەسپێردران و ھەنووکەش شوێنی ناشتنی تەرمەکانیان ڕوون نییە. دوای ڕووداوەکە بنەماڵەی شیرینیان ئاگادار کردەوە کە وەرن تەرمی کچەکەتان بەرنەوە بەڵام کاتێک چوونە تاران تەنیا کەلوپەلەکانی شیرینیان پێ دانەوە و بە درۆ وتیان کە لە گۆڕستانی تاران ناشتوومانە.[٤] شیرین ٧ی ئایار، دوو ڕۆژ پێش لە سێدارە دانی لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تەلەفۆن قسەی کردبوو بەڵام باسی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی نەکردبوو. پارێزەری شیرین عەلەم ھولی ڕای گەیاند: «من توانیم تەنیا دوو کەڕەت بیبینم؛ شیرین کە دەسبەسەر کرا سەوادی نەبوو، تەنانەت نەیدەزانی بە فارسی قسان بکات؛ پێی گوتم لە زیندان تا پێنجی سەرەتایی خوێندووە و فێرە فارسیش بووە. بەڵێنی دابوو درێژە بە خوێندن بدات و بڕواتە زانکۆ، گەرەکی بوو یاسا بخوێنێت».[٥]

ئەشکەنجە[دەستکاری]

شیرین لە نامەیەکدا کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨دا نووسیویەتی ئاوا باسی ئەشکەنجە ڕوحی و جەستەیییەکانی دەکات: «چەند پیاو بوون ئەشکەنجەیان دەدام، بەستبوویانمەوە و بە کابڵ و باتوومی کارەبایی و مست و پێلاقە ھێرشیان دەکردە سەرم. لە فارسی حاڵی نەدەبووم و نەمدەتوانی قسەی پێ بکەم، کە وڵامم نەدەدانەوە ئەوەندەیان لێ دەدام تاوەکوو لە ھۆش خۆم دەچووم. کە بانگی دەدا دەچوون بۆ نوێژ و بە قسەی خۆیان مۆڵەتێکی کورتیشیان بە من دەدا و دوایییەکەی ھەمدیسان بەردەوام دەبوونەوە. کاتێک زانیان لەسەر مان لە خواردن گرتنەکەم سوورم، ھەوڵیان دەدا بە زۆری و بە شیلانگ لە ڕێگەی کەپۆمەوە نانم پێ بدەن؛ نەمدەھێشت و شیلانگەکانم دەرکێشاوە، دەبوو بەھۆی دەرد و ئازار و لووت پژانێکی زۆر کە ئێستاکەش ھەر لەگەڵمە. ڕۆژێک شەقێکی وایان لە زگم دا کە دەسبەجێ تووشی ڕزک بووم. لەسەر لاقە بریندارەکانم ئەوەندەیان ڕادەگرتم تا ئەستوور دەبوون. جگەرەیان لەسەر دەستم دەکووژاندەوە. بە کەوشەکانیان ھێندەیان فشار بۆ لاقم دێنا تا نینۆکەکانم ڕەش ھەڵدەگەڕان و فڕێیان دەدا. شەو تا بەیانیش دەنگی گریان و ناڵینم بۆ دەھات، قەڵسی دەکردم؛ دواتر زانیم ئەو دەنگانە تۆمار کراون و بە ئانقەست و بۆ ئازاری زیاترم بڵاو دەکرێنەوە». ئەوانە تەنیا بەشێک لە جەزرەبەکانی شیرین بوون کە بە وتەی خۆی لێی ببوونە مۆتەکە و ئاسەوارەکانیشی ھەر لەگەڵی مابوونەوە.[٦][٧]

کۆماری سێدارە[دەستکاری]

دوای لە سێدارە دانی شیرین و ھاوڕێیانی شاعیری کورد، شێرکۆ بێکەس ھۆنراوەیەکی نووسی بە ناوی «کۆماری سێدارە» و ھێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران:[٨]

ئەمڕۆ با بریندارە و

ھەتاوێکی سووری لێ ئەچۆڕێتەوە

ھەموو درەختەکان بوون بە دار ھەنار

ھەموو ماڵەکان ئەرخەوانین

ھەموو شەقامەکان ھەستاونەتە سەر پێیان

ئەمرۆ لە ڕۆژھەڵاتی وڵاتەکەما

پۆلێک کۆتری سوور لە زیندانەوە

لەسەر سێدارەوە ھەڵفریون و

شەقژن شەقژن

گەڕاونەتەوە کوردستان

کۆترە سوورەکان دەڵێن:

ئێمە گمەی ئەو چیایانەین کە ناگوێزرێنەوە

ئێمە گەرووی ئەو شیعرانەین کە وشک ناکەن

ئێمە لە نەسلی ئەو باھۆزانەین کە نانووشتێنەوە

ئەمڕۆ کۆترە سوورەکان

بە ئێجگاری گەڕاونەتەوە و ناچنەوە تاران

کۆترە سوورەکان دەڵێن:

کۆماری سێدارەی ئیسلامی خوار خوار بووەتەوە و

بەڵام ئێمە تازە وا خەریکین لە ملەی بەرزەوە

دەست بۆ خۆر بەرین و دایبگرینە سەر ئەرز

لەم بەینایییەوە شەقامە ھەرە گەورەکەی سنە

ناوی خۆی گۆڕی بە فەرزاد کەمانگەر

لەم بەیانییەوە گەورەترین باخچە مەھاباد

بوو بە شیرین عەلەم ھولی و مانگی کردە سەر خۆی

لە کازیوەی ئەمڕۆوە ھەموو ئەو مناڵانەی لەدایکبوون

بە مێیەکانیشەوە

ناوی فەرھاد وەکیلییان لێ نرا!

لە ئەمڕۆوە

لە یەکەم گزنگی سووری بەیانەوە

مھدی ئیسلامیان بوو بە بە گۆمی وان و

عەلی حەیدەریان بوو بە تاقوەسانی کرماشان

کۆترەسوورەکان دەڵێن:

دەبا کۆماری سێدارە

سنە لە سێدارە بات!

مەھاباد بکات بە سڵنگەوە

نەھێڵێ گیا سەوز بێت و

نەھێڵێ ئاو ھاژە بکات و

نەھێڵی باران ببارێ و

نەھێڵێ مناڵەکانمان لە دایک بن!

من ئیتر لەمڕۆوە ئاشقی چاوانی شیرین عەلەم ھولیم

لەمڕۆوە ھەرچی شیعرم ھەیە

ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرین عەلەم ھولی

لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم

لە ئێستەوە من نینۆکی پەنجەی ئەوم

لە ئێستەوە من ئیتر دەبمە

ئەو جووتە پێڵاوەی کە بۆ دواجار لە پێی کرد و

پێوەی چووە سەر سێدارە

لە ئێستەوە من بازنەی بەجێماوی دەستی شیرینی عەلەم ھولیم

گوراەی بەجێماوی ئەوم

خەونی بەجێماوی ئەوم

من ئێستە بووم بە جانتا بچکۆلە دەستییەکەی شیرین عەلەم ھولی

بە شانەی قژی و بە ئاوێنەی تەماشای

من ئێستە بووم بە دوا تیکە نانی بەجێماوی و

بە دوا نامەی نیوە شەوی و

من ئێستە بووم بە خۆڵی ژێر پێڵاوەکەی شیرین عەلەم ھولی

کۆترە سوورەکان وا دەڵێن:

کۆماری سێدارەی ئیسلامی

ئەوەی ناتوانی ھەرگیز، ھەرگیز، ھەرگیز

لە سێدارەی بدات:

ئایندەیە و ئازادی

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "IRAN: SHIRIN ALAM HOLI EXECUTED AT EVIN PRISON ALONG WITH 4 OTHER POLITICAL PRISONERS 9 MAY 2010". peacewomen.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "Iran: Executed Dissidents 'Tortured to Confess'". Human Rights Watch (بە ئینگلیزی). ١١ی ئایاری ٢٠١٠. Retrieved 2021-05-09. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "Shirin Alam Hooli, the blossom of the resistance of Iranian Kurdistan". NCRI Women Committee (بە ئینگلیزی). Retrieved 9ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ labadmin. "Justice for Iran complains to UN on four Kurdish victims of enforced disappearance". Justice for Iran (بە ئینگلیزی). Retrieved 9ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "Shirin Alamhuli-Atashgah: One Person's Story". Abdorrahman Boroumand Center (بە ئینگلیزی). Retrieved 9ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ "شرح فشارھای وارد شدە بر من در مدت بازداشت – نامە ای از شیرین علم ھولی". جوانە ھا (بە فارسی). Retrieved 9ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)[بەستەری مردوو]
  7. ^ "How Shirin Holy's Confessions Led to a Death Penalty: 'Description of pressures put on me during my arrest'". Center for Human Rights in Iran. 2010-02-01. Retrieved 9ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ "کۆماری سێدارە". malmokurd.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)