بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شۆخان عارف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شۆخان عارف

لەدایکبوون١٩٨٤
مەرگ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠(٢٠٢٠-١١-٠٩) (٣٦ ساڵ ژیاوە)[١][٢]
ھۆکاری مەرگکوژران بە فیشەک
نەتەوەکورد
پیشەپارێزەر و فەرمانبەر لە دادنووسی یەکی سلێمانی[٣][٤]
مناڵ(ەکان)٢

شۆخان عارف (١٩٨٤ – ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) فەرمانبەر و پارێزەرێکی کورد بوو. ڕۆژی دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، تەرمەکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە.[١][٥] ڕووداوەکە وەک دۆسیەیەکی تەمومژاوی ماوەتەوە و تا ئێستاش بکەری سەرەکیی تاوانەکە دەستگیر نەکراوە.[٦][٣]

ژیاننامە

[دەستکاری]

شۆخان عارف لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی ٣٦ ساڵ بوو و وەک فەرمانبەر لە دادنووسی یەکی سلێمانی کاری دەکرد.[٣][٤] ھەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پارێزەریش بووە.[٦][٧]

ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣ بە خواستی خۆی لە ھاوژینەکەی جیابووەتەوە و دوای جیابوونەوەکە لە ماڵی باوکی ژیاوە.[١][٢] بەپێی وتەی خانەوادەکەی، ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ھاوژینی پێشووی نەبووە.[٥] شۆخان دایکی دوو منداڵ بوو بە تەمەنەکانی ١١ و ١٢ ساڵ.[٤]

کوشتنەکەی

[دەستکاری]

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، تەرمی شۆخان عارف لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە سلێمانی دۆزرایەوە.[٦][٢] بەپێی لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئاسەواری سێ فیشەک بە جەستەیەوە دیار بووە.[٨][١]

لێکۆڵینەوەکان

[دەستکاری]

دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرد. وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو کە «بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کوشتنی ئەم کچە پەیوەندیی بە خێزانەکەیەوە نییە و بە تەواوی وردەکاریی کوشتنەکەمان دەستکەوتووە».[٨] لە ھەمان ڕۆژی دۆزینەوەی تەرمی شۆخاندا، گەنجێک لە دەریاچەی دوکان کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا، ئەمەش وای کرد گومان دروست ببێت کە ڕووداوەکان پەیوەندییان پێکەوە ھەبێت.[١][٥] پۆلیس ڕایگەیاند کە بەڵگە و گرتەی ڤیدیۆیی پەیوەست بە ھەردوو ڕووداوەکەیان کۆکردووەتەوە و ڕەوانەی دادگایان کردووە.[٩]

بەڵام دواتر سەرچاوەیەک لە پۆلیس ڕایگەیاند کە کوشتنی شۆخان عارف ھیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوی خۆکوشتنی گەنجەکەی دوکانەوە نەبووە.[٦][٣]

لەسەرەتای لێکۆڵینەوەکاندا، چەند کەسێک وەک گومانلێکراو دەستگیر کران، بەڵام بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کران.[٦][٣] یەکێک لە ھۆکارەکانی قورسبوونی دۆزینەوەی تاوانباران، نەبوونی کامێرای چاودێری بوو لە شوێنی ڕووداوەکە.[٦]

کاردانەوەی خانەوادەکەی

[دەستکاری]

ئێوارەی ھەمان ڕۆژی ڕووداوەکە، شیلان عارف، خوشکی شۆخان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە خانەوادەکەیان ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ھیچ کەس و لایەنێکدا نییە و سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە تا پۆلیس و دادگا بکەران بدۆزنەوە.[١][٢][٥] شیلان ھەروەھا جەختی کردەوە کە «لەسەر دۆسیەکەش لە ھیچ کەس و لایەنێک خۆش نابین ئەگەر لە پشت ڕووداوەکەوە بن».[١][٢] ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کرد کە ھیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ ئەو گەنجەدا نییە کە لە دوکان خۆی کوشتووە و دۆسیەکەیان بۆ دەزگا ئەمنییەکان جێھێشتووە.[٥]

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، شیلان عارف ئاماژەی بەوە دا کە «ئەو کاتەی یەکێک لە براکانی بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی سلێمانی بووە، چەند جارێک ھەڕەشەی لێ کراوە و تەقەیان لێ کردووە»، بەڵام ئەوەی نەبەستەوە بەوەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە ھەبێت.[٤]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 4 5 6 7 «کەسوكاری ژنە كوژراوەكەی سلێمانی: كێشەمان لەگەڵ كەسدا نییە». ئاوێنە. ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  2. 1 2 3 4 5 «یەكەم لێدوانی خانەوادەی ژنە كوژراوەكەی ئەمڕۆی شاری سلێمانی». وێستگەنیوز. ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  3. 1 2 3 4 5 «کوشتنی‌ "شۆخان"یش هێشتا بكوژه‌كه‌ی‌ دیار نییه‌.. دۆسیه‌ی‌ كوشتن له‌ سلێمانی‌ دیار نامێنێ‌». وشە. ١٢ی ئایاری ٢٠٢١. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. 1 2 3 4 «دۆسیەی ئەو ژنەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دا کوژرا بەچی گەشت؟». نەوژین. ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  5. 1 2 3 4 5 «خانەوادەی ئەو ژنەی لە سلێمانی کوژرا ڕوونکردنەوە لەسەر کەیسەکە دەدەن -». ڕۆژنیوز. ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  6. 1 2 3 4 5 6 «هێشتا بكوژی‌ شۆخان له‌ سلێمانی‌ نه‌گیراوه‌.. له‌ شه‌قامێكی‌ گشتی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ دۆزرایه‌وه‌». وشە. ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  7. «توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەردێک کە دەرمانی ناکەن -». ڕۆژنیوز. ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  8. 1 2 «تفەنگەکان بارانی ئەم پایزەیان بە خوێنی ژن سور کرد». نەوژین. ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  9. «پۆلیس زانیاری نوێ سەبارەت بەكوشتنی ژنەكەی شاری سلێمانی دەخاتەڕوو». وێستگەنیوز. ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.