بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شوکور مستەفا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شوکور مستەفا
لەدایکبوون١٩٢٦
کەرکووک
مردن٢٠٠٣
ھەولێر
پیشەنووسەر، وەرگێڕ، زمانزان، لێکۆڵەر
زمانکوردی
نەتەوەکورد
ڕەگەزنێرینە
بواری کارکردنزمان و ئەدەب
کارە دیارەکانقەڵای دمدم (وەرگێڕان)

شوکور مستەفا عەبدوڵڵا (١٩٢٦ لە کەرکووک – ٢٠٠٣ لە ھەولێر) نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و زمانزانێکی کورد بوو. زۆر بەرھەمی بەنرخ و جوانی دونیای ئەدەبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ھەروەھا عەرەبی.

ژیاننامە

[دەستکاری]

ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی مامشەی ناوچەی قەرەحەسەنی کەرکووک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٣٢ ڕوو دەکەنە شاری کەرکووک و ھەر لەوێش خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی. ساڵی ١٩٤٩ کۆلێژی شەریعەتی لە بەغدا تەواو کردووە. ماوەیەک مامۆستای زمانی عەرەبی بووە لە قوتابخانە ناوەندی و ئامادەیییەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق. لەسەر ھەڵوێستی ڕامیاری زۆر جار لە کوردستان دوور خراوەتەوە بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق و لەدوای ڕێکەوتنامە مێژوویییەکەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد و میری بەغدا، گوێزراوەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی و لە بەشی پڕۆگرام و بەرنامە کاری کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٥یشەوە لە کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا دامەزراوە و کراوە بە ئەمینداری گشتی و ڕۆڵێکی باشی بووە لە بەڕێوەبردنی کاروباری لێژنەکانی کۆڕ و گەلێک پەڕتووکی بەنرخی لە زمانی وەک تورکی و ئازەری و عەرەبیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

کاتێک کە میری بەعس لە ساڵی ١٩٧٩دا کۆڕی زانیاریی کوردی بە کۆڕی زانیاریی عێراقەوە لکاند و ناوی نا کۆڕی زانیاری ئێراق-دەستەی کورد، مامۆستا شوکور کرا بە شارەزا لەو کۆڕەدا و بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی زمان و مێژوو و وێژەی کوردی بە نووسین و وەرگێڕانە سەرکەوتووەکانی لە زمانانی دیکەوە. بەم جۆرە کاری خۆی بە جوانترین شێوە بە ئەنجام گەیاند تاکوو لە ساڵی ١٩٩٦دا خانەنشین کرا و لە ساڵی ١٩٩٧دا ھاتەوە بۆ کوردستان و لە ھەولێر کرا بە سکرتێری کۆڕی زانیاریی کوردستان و دوای دروستبوونی کۆڕەکەش لە ساڵی ١٩٩٨دا خزمەتێکی زۆری زمان و مێژووی کوردی کرد تاکوو لە ١٨ی ٩ی ٢٠٠٣دا ھەر لە شاری ھەولێر بەھۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دواییی کرد و ھەر لەو شارەشدا بە خاک سپێردرا.

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

شوکور مستەفا نووسەرێکی بەھێز و وەرگێڕێکی لێھاتووی کورد بووە کە لە ژیانی وێژەیییدا زنجیرەیەک پەڕتووکی بەنرخی لە بواری وەرگێڕان و دانان پێشکەش بە پەڕتووکخانەی کوردی کردووە.

کوردی

[دەستکاری]
  • قەڵای دمدم، نووسینی عەرەب شەمۆ، ھێناوییەتە سەر شێوەزاری سۆرانی، ساڵی ١٩٧٥ لە کۆڕی زانیاریی کورد چاپ کراوە.
  • کۆمەڵە تێکستی فۆلکلۆری کوردی، کۆکردنەوەی دکتۆر قەناتی کوردۆ، ھێناوییەتە سەر ڕێنووسی نوێی کوردی، ساڵی ١٩٧٦ لە کۆڕی زانیاریی کورد چاپ کراوە.
  • سترانا زارگوتنا کوردییە تاریخی، کۆکردنەوەی ئوردیخانی جەلیل، ھێناوییەتە سەر ڕێنووسی نوێی کوردی، ساڵی ١٩٧٨ چاپ کراوە.
  • کوێر ئۆغلی، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ساڵی ١٩٧٩ چاپ کراوە.
  • ئەفسانەی شێخ بەدرەدین کوڕی قازی سیماونە، نووسینی نازم حیکمەت، لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ١٩٨١ چاپ کراوە.
  • تەنەکە، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ساڵی ١٩٨١ لە بەغدا چاپ کراوە.
  • کاریتە، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ساڵی ١٩٨٢ لە بەغدا چاپ کراوە.
  • ئەفسانەی چیای ئاگری، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ساڵی ١٩٨٦ چاپ کراوە.
  • زەوی ئاسن و ئاسمان مس، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ساڵی ١٩٨٩ لە بەغدا چاپ کراوە.

عەرەبی

[دەستکاری]

چەند پەڕتووکیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی وەک:

  • شعر الشاعر الکردی عبدللە گوران، نووسینی حوسین عەلیشانۆف، لە ئازەرییەوە وەریگێڕاوەتە سەر عەرەبی و ساڵی ١٩٧٥ لە بەغدا چاپ کراوە.
  • مذکرات مامون بیک بن بیکەبیک، لە تورکییەوە لەگەڵ مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی وەریانگێڕاوەتە سەر عەرەبی و چاپ کراوە.
  • تاریخ الإمارة البابانیة، نووسینی حوسێن نازم بەگ، لەگەڵ محەممەدی مەلا کەریم وەریانگێڕاوەتە سەر عەرەبی و ساڵی ٢٠٠١ چاپ کراوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]