شەبەک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە شه‌به‌كەوە ڕەوانە کراوە)

شەبەک پێکھاتەیەکی کوردی گۆرانن کە لە باشووری کوردستان و عێراقدا دەژێن. دانیشتووی دەوروبەری بەرتلە و قەرەقۆش (حەمدانیە)ی رۆژھەڵاتی شاری مووسڵن کە سەر بە پارێزگای نەینەوایە لە باکووری‌ عێراق. مێژووی پەیدابوونیان لەم دەڤەرەدا دەگەرێتەوە بۆ سەدەکانی دوای دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران و ھەڵمەتەکانیان بۆ سەر خاکی کوردستان و عیڕاق کە ئەوسا بەشێک بوون لە دەوڵەتی عوسمانی. بەلای ھەندێک لە میژوناسان شەبەک‌ بەشێکن لە کوردی‌ گۆران لە ھەمان رۆژگاری پەیدابوونی زەنگەنە و رۆژبەیانی و لەک لە مووسڵ ئاکنجی بوونە. ووردتر لە دەورانی حوکمڕانی نادر شای ئەفشار لە سەدەی ھەژدەمی زاییندا.

پێکھاتەی شەبەک[دەستکاری]

زۆربەی شەبەک لەو ھۆزە کوردانە پێکھاتوون کە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیک‌ی ئاکرێ (ناوچەی گۆران نشین) و ھە‌ولێر و کەرکووک و گەرمیاندا بڵاو بوونە. گرینگترینیان زەنگەنە‌، باجەڵان، ڕۆژبەیانی، داودە‌، لەک، ئۆمەربل و زرارین.

زمان[دەستکاری]

فەرھەنگى شەبەک، ٢٠١٢

زمانی شەبەکەکان لە بنەرەت دا زاراوایەکی گۆرانیە، کە بە ھۆرامی و باجەڵانی نزیکە. بەڵام ئەم زاراوە گەلێک لێکچوونی لەگەڵ زاراوەی سۆرانی ھەیە. ھەروەھا بە حوکمی ھاوسێیەتیان لەگەڵ کوردی بادینان و ھۆزە عەرەب و تورکمانەکانی مووسڵ، کاریگەری کرمانجی و عەرەبی و تورکیشی پێوەدیارە.

دوایین بەرھەمی تایبەت بە شێوەزاری شەبەک و باجەڵان لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکراوە بە ناوی (فەرھەنگی شەبەک) بەرھەمی ئامادەکراوی توێژەر (ھەردەوێل کاکەیی) و چاپکراوی پرۆژەی ئنستیتیوتی کەلەپووری کوردی لە ساڵی ٢٠١٢ بووە.[١]

ئاینی شەبەک[دەستکاری]

بەشێکیان لە شەبەکەکان خۆیان بە سوننەی شافعی و بەشێکی زۆرتریشیان خۆیان بە شیعە دەناسێنن، بەڵام خاوەن بیروباوەڕێکی تایبەت بە خۆیانن[٢] کە ئایینی شەبەکی پێ دەڵێن. ئایینی شەبەک نزیکە لە بیروباوەڕەکانی یارسان. جیاوازی مەزھەبی شەبەک لە موسڵمانەکانی دەوروبەر جۆرێک لە دابڕانی کۆمەڵایەتی خوڵقاندووەکە بە تێپەربوونی کات بووەتە ھۆکاری گۆشەگیربوونیان لە ناو جغزێکی تەسکدا. خۆ دوورە پەرێزگرتنیان لە ھاوسێکانیان کاریگەریی لە سەر شێوەی بیرکردنەوەیان ھەبووە. بۆچوونی مەزھەبی زاڵتر بووە و ھۆشیاریی نەتەوەیی کز کردووە. نووسراوێکی ئایینییان بە ناوی بوویرووق ھەیە کە بە شێوەزاری ئازەری یان زمانی تورکەمانی نووسراوەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکانی ئێران.

مێژوو[دەستکاری]

شەبەک لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی و حاکمانی مووسڵ ھەمیشە بە چاوی نۆکەری بێگانە سەیر دەکران، ئەم روانینە ھەمیشە ناوبرێکی درووستکردبوو لە نێوان ئەوان و دەسەڵاتدارانی ناو مووسڵ کە بە گشتی سوننە مەزھەب‌ بوون. ھەمیشە داپڵۆسینێکی مەزھەبی و نەتەوەیی لە سەر گوندنشینانی شەبەکدا ھەبووەو خاکەکیان بە سەر موڵکدارانی موسڵ دابەشکراوەو دانیشتووان کراون بە وەرزێر. کە دەوڵەتی عیڕاق دامەزرا بارودۆخەکە باشتر نەبوو. لە سەرژمێریە یەک لە دوایەکە‌کاندا دووچاری ستەم و پەراوێزکردن ‌بوونەوە. ساڵی ١٩٨٧ پاش دەرچوونی بڕیارەکانی بە عەرەبکردن زۆر لە شەبەک لە خاکی خۆیان ئاوارە کران بە مەھانەی ئەوەی کە خۆیان بە کورد داناوە[٣]‌‌.ئێستا زیاتر لە ٦٠،٠٠٠ شەبەک لە شاری موسڵ و ٣٥ گوندی دەوروبەری دا دەژین. لە سەردەمی بەعسییەکان دا شەبەکەکانیش وەکوو ھەموو کوردەکانی دیکە ئەشکەنجە دران. رەژیمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردەواری شەبەکەکان بسڕێتەوە و ئەوان وەکوو عەرەب بناسێنێ. ھەر وەسا کە زەلامێکی شەبەک وتیوە «ئەگەر ئێمە کورد نەبووین، بۆ بەعسییەکان ئێمەیان لە ماڵەکان و شوێنەکانمان کردە دەر؟!». لە ئاخرین بزاوکە دا، شەبەکەکان بە گشتی داخوازیان لەوە کرد کە شوێنەکانیان بێتە تێکەڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. لە پاش روخانی رژێمی سەددام ٢٠٠٣ دووبارە دوچاری داپڵۆسین بوونەوە ئەم ئەمجارە لەلایەن توندڕەوەکانی القاعیدە. یەک نوێنەریان لە پەرلەمانی عیڕاقدا ھەیە بە ھەڵبژاردنی کۆتا.

شەبەک و پلانی خۆ بە کەمینە ناساندن‌[دەستکاری]

بە ھۆی بە سیاسەتکردنی شەبەک و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری جوگرافیای دانیشتوانانی کورد لە موسڵ، پلانێکی بەکار ھەیە بۆ ناساندنی شەبەک وەک کەمینیەیکی نەتەویی جیا لە کورد. بۆ ئەم مەبەستە حزبی سیاسی ودارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی (بە تایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆفینی لە ناو تورکیا) بۆ تەرخانکراوە. ‌

‌گوندەکانی شەبەک[دەستکاری]

فۆلکلۆری ناوچەی شەبەک[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

ژێدەرەکان[دەستکاری]