بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شت لە خۆیدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە فەلسەفەی کانتدا، شت لە خۆیدا (بە ئەڵمانی: Ding an sich) (وەرگێڕانەکانی تر: خودی شت، شت بۆ خۆی، شت بە خۆیەتیی خۆی، شت لە زاتی خۆیدا) بریتییە لەو بارودۆخەی کە ئۆبژە ھەیەتی ئازاد لە چاولێبوون و نواندنی سووژە. تێگەیشتەی «شت لە خۆیدا» لە لایەن ئیمانوێل کانتی ئەڵمانییەوە داھێنرا. نزیکایەتیی زۆریشی ھەیە لەگەڵ یەکێکی تر لە تێگەیشتەکانی کانتدا، ئەویش تێگەیشتەی «نۆمینۆن»ە، کە کانت لە بەرامبەر «فینۆمینۆن»ەوە دای دەنا. نۆمینۆن ئەو ئۆبژەیەیە کە پێیدا ورد دەبینەوە، فینۆمینۆنیش دیاریدانەکان و دەرکەوتنەکانیەتی.

لە ڕێبازی فەلسەفیی کانتدا، کە خۆی ناوی «ئیدیالیزمی بەرزەجێیانە»ی بۆ ھەڵبژاردووە، ئاوەھا ئامۆژگاری دەکرێ کە سەرجەم ھەموو ئۆبژەکان، یا ھەمان جیھانی ئەزموونی، کۆمەڵەیەک لە نموودەکانە (appearances) کە ھەبوونیان و لێکگرێدراوییان تەنیا لە زەینی ئێمەدا دەردەکەوێ و دەنوێندرێتەوە.[١]

بە لای ئێمەوە، ئۆبژەکانی ھەست بە نموود حیساب دەکرێن و ھیچی تر. دان بەوەشدا دەنێین کە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ شتێک لە خۆیەتیی خۆیدا. ئەوەی کە ئەم شتە بۆ خۆی چۆنە، ئێمە نایزانین، ھەر تەنیا نموودەکانی دەناسین و بەس. یانی ئەو شێوازە کە ئەم شتە نەناسراوە کار دەکاتە سەر ھەستەکانی ئێمە.

لەمەوە دیارە کە بە لای کانتەوە «شت لە خۆیدا» نەشیاوی ناسینە. ئەوەی کە لە واقیعدا ھەیە و نەبەسراوە بە زەینی مرۆڤەوە، ناسیاریی پێ نابڕدرێ. ھەر شتێ، ئەو جۆرەی کە بۆ ئێمە دەردەکەوێ (یانی شت بۆ ئێمە، نەک شت بۆ خۆی)، لە دەموچاوێک و ڕواڵەتێک زیاتر نییە و، ئێمەش ھەر ئەو دەموچاو و ڕواڵەتە دەتوانین بناسین. بەڵام، ئەوەی لە پشتەوەی ئەو دەموچاو و ڕواڵەتەیە بە تەواوی لە دەرک و زانینی ئێمە دوورە. ماریفەت و زانایی و ناسیاریی ئێمە سنووردارە و ناتوانێ ڕواڵەت ببەزێنێ و، ئەزموون جێی بڕانەوەیەتی. مرۆڤ خۆی فریو داوە ئەگەر وا بزانێ دەتوانێ پەی بە ڕاستیی شتەکان ئەو جۆرەی کە لە زاتی خۆیاندان، ببات. ئاکامی ئەم قسانەی کانت بەناچار دەبێ ئەمە بێ کە تەنیا ناسینی دیاردەکان (فینۆمینۆنەکان) بۆ مرۆڤ دەست دەدا.[٢]

پاش کانت، ڕەخنەگران ناتەبایی و ناکۆکیی قسەکانییان دۆزییەوە. کانت وای بۆ دەچوو کە دەبێ ھەستپێکردنەکانی ئێمە ھۆکارێکی دەرەکییان ببێ، دەبێ شتێ ببێ لە دەرەوەی زەینی ئێمەوە تا ھێزی ھەستپێکردنمان ھەڵبخڕێنێ. بۆیە، ئیددیعای ئەوەی دەکرد کە «شت لە خۆیدا» ھۆکاری ڕواڵەت و دیمەن و نموودی بابەتەکانە. بەڵام، «شت لە خۆیدا» ناتوانێ ھۆکار بێ، لەبەر ئەوەی کە بە گوێرەی خودی کانت ھۆکار وتەزایەکی زەینییە و وتەزاکان بە سەر شت لە خۆیەتیی خۆیدا داناسەپێنرێن. ھەروەھا، ناشتوانرێ بوترێ «شت لە خۆیدا» ھۆکار نییە، بەڵام ھەیە، چونکە ھەبوونیش ھەمیسان وتەزایەکە.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Kant، Immanuel. Prolegomena to Any Future Metaphysics. لەلایەن Paul Carus وەرگێڕدراوە. § 52c.
  2. ^ ئ ا Stace، Walter Terence. The philosophy of Hegel.