شانشینی باڤاریا
| شانشینی باڤاریا (١٨٠٦–١٨٢٥) Königreich Baiern (ئەڵمانی) Kinereich Baiern (Bavarian) (١٨٢٥–١٩١٨) Königreich Bayern (ئەڵمانی) Kinereich Bayern (Bavarian) | |||||
| دەوڵەتێکی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز (١٨٠٦) دەوڵەتێکی یەکێتیی ڕاین (١٨٠٦–١٨١٣) دەوڵەتێکی کۆنفیدراسیۆنی ئەڵمانی (١٨١٥–١٨٦٦) دەوڵەتێکی فیدراڵی لە ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی (١٨٧١–١٩١٨) | |||||
| |||||
| |||||
| سروود Bayerische Königshymne ("سرودی پاشایەتیی باڤاریا") | |||||
| پایتەخت | میونشن | ||||
| زمان(ەکان) | ئەڵمانی، باڤاری | ||||
| ئایین | زۆرینە: کاسۆلۆکی ڕۆمانی کەمینەکان: لوتەرانیزم، کاڵڤینیزم، جوویەتی | ||||
| حکوومەت | پاشایەتیی دەستووریی پەرلەمانی | ||||
| پاشا | |||||
| - ١٨٠٦–١٨٢٥ | ماکسیمیلیانی یەکەمی یۆزێف | ||||
| - ١٨٢٥–١٨٤٨ | لودڤیگی یەکەم | ||||
| - ١٨٤٨–١٨٦٤ | ماکسیمیلیانی دووەم | ||||
| - ١٨٦٤–١٨٨٦ | لودڤیگی دووەم | ||||
| - ١٨٨٦–١٩١٣ | ئۆتۆ | ||||
| - ١٩١٣–١٩١٨ | لودڤیگی سێیەم | ||||
| شازادەی جێنشین (ڕێجێنت) | |||||
| - ١٨٨٦–١٩١٢ | شازادە لویتپۆڵد | ||||
| - ١٩١٢–١٩١٣ | لودڤیگی سێیەم | ||||
| سەرۆکوەزیران | |||||
| - ١٨٠٦–١٨١٧ | ماکسیمیلیان فۆن مۆنتگێلاس | ||||
| - ١٩١٢–١٩١٧ | گیۆرگ فۆن ھێرتلینگ | ||||
| - ١٩١٧–١٩١٨ | ئۆتۆ ڕیتەر فۆن داندل | ||||
| یاساداڕێژ | پەرلەمانی باڤاریا (Landtag) | ||||
| - ئەنجومەنی باڵا | ئەنجومەنی ڕاوێژکاران | ||||
| - ئەنجومەنی خوارەوە | ئەنجومەنی نوێنەران | ||||
| سەردەم | شەڕەکانی ناپلیۆن شەڕی فەڕەنسا و پرووسیا جەنگی یەکەمی جیھانی | ||||
| - ڕاگەیاندنی شانشین | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٠٦ ١٨٠٦ | ||||
| - پەیمانی ڕید | ٨ی تشرینی یەکەمی ١٨١٣ | ||||
| - پەیمانی پاریس (١٨١٤) | ٣٠ی ئایاری ١٨١٤ | ||||
| - یەکگرتنی ئەڵمانیا | ١٨ی کانوونی دووەمی ١٨٧١ | ||||
| - شۆڕشی ئەڵمانیا | ٩ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ | ||||
| - ڕاگەیەندراوی ئانیف | ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ ١٩١٨ | ||||
| ڕووبەر | |||||
| - ١٩١٠ | ٧٥٬٨٦٥کیلۆمەتر چوارگۆشە (٢٩٬٢٩٢میل چوارگۆشە) | ||||
| دانیشتووان | |||||
| - تێکڕا ١٩١٠ | ٦٬٥٢٤٬٣٧٢ | ||||
| چڕیی دانیشتووان | ٨٦ /کیلۆمەتر چوارگۆشە (٢٢٢٫٧ /میل چوارگۆشە) | ||||
| دراو | گولدنی باڤاری (١٨٠٦–١٨٧٣) مارکی زێڕی ئەڵمانی (١٨٧٣–١٩١٤) پاپیێرمارکی ئەڵمانی (١٩١٤–١٩١٨) | ||||
| ئەمڕۆکە بەشێکە لە | ئەڵمانیا | ||||
شانشینی باڤاریا (بە ئەڵمانی: Königreich Bayern؛ بە باڤاری: Kinereich Bayern؛ تا ساڵی ١٨٢٥ بە شێوەی Baiern دەنووسرا) دەوڵەتێکی ئەڵمانی بوو کە لە ساڵی ١٨٠٦ جێگەی پێشینەکەی، ھەڵبژاردەی باڤاریای گرتەوە و تا ساڵی ١٩١٨ بەردەوام بوو.[١] لەگەڵ یەکگرتنی ئەڵمانیا و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٧١، شانشینەکە بوو بە دەوڵەتێکی فیدراڵی لە ئیمپراتۆریەتە نوێیەکەدا و لە ڕووی ڕووبەر، دەسەڵات و ساماندا لە دوای دەوڵەتی پێشەنگ، شانشینی پرووسیا، لە پلەی دووەمدا بوو.
دامەزراندنی دەوڵەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی تەختی پاشایەتی لەلایەن ھەڵبژێردەر ماکسیمیلیانی چوارەمی یۆزێف لە ماڵی ویتێلسباخ وەک پاشای باڤاریا لە ساڵی ١٨٠٦. تاجی پاشایەتی لە دەستی بنەماڵەی ویتێلسباخدا مایەوە تا ئەو کاتەی پاشایەتی لە ساڵی ١٩١٨ ھەڵوەشایەوە. زۆربەی سنوورەکانی ئێستای ویلایەتی باڤاریا لە دوای ساڵی ١٨١٤ بەپێی پەیمانی پاریس دیاری کرا، کە تێیدا شانشینی باڤاریا ناوچەکانی تیرۆل و فۆرارلبێرگی دایە ئیمپراتۆریەتیی نەمسا و لە بەرامبەردا ئاشافنبورگ و ورزبورگی وەرگرت.
لە ساڵی ١٩١٨، دوای شۆڕشی ئەڵمانیا، باڤاریا بوو بە کۆمار و بەم شێوەیە شانشینەکە ھەڵوەشایەوە و دەوڵەتی ئازادی باڤاریای ئێستا جێگەی گرتەوە.
مێژوو
[دەستکاری]دامەزراندن و فراوانبوون لە سەردەمی ماکسیمیلیانی یەکەم
[دەستکاری]
لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ١٧٧٧دا، بەرەی باڤاری لە بنەماڵەی ویتێلسباخ کۆتایی پێھات و دەسەڵاتی باڤاریا گوازرایەوە بۆ چارڵز تیۆدۆر، میری ھەڵبژێردەری پالاتینات. لە ساڵی ١٧٩٥دا، لە سەردەمی کۆماری یەکەمی فەڕەنسادا، سوپای فەڕەنسا بە سەرکردایەتیی مۆرۆ بەرەو باڤاریا پێشڕەوی کرد و شاری میونشنی گرت و گەمارۆی شاری ئینگۆلشتاتی دا.[٢]
پاش مردنی چارڵز تیۆدۆر لە ١٧٩٩، ماکسیمیلیانی چوارەمی یۆزێف بوو بە میری ھەڵبژێردەر. وەزیری بەتوانای باڤاریا، ماکسیمیلیان فۆن مۆنتگێلاس، بەو ئەنجامە گەیشت کە بەرژەوەندیی باڤاریا لە ھاوپەیمانیدایە لەگەڵ فەڕەنسای ناپلیۆندا. لە ساڵی ١٨٠٥ بەپێی ئاشتیی پرێسبورگ، ڕێگە بە ماکسیمیلیان درا کە باڤاریا بەرز بکاتەوە بۆ پلەی شانشین؛ بۆیە لە ١ی کانوونی دووەمی ١٨٠٦ خۆی وەک پاشا ماکسیمیلیانی یەکەم ڕاگەیاند. لە ١ی ئابی ١٨٠٦ باڤاریا لە ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز جیا بووەوە و چووە ناو یەکێتیی ڕاین. لە ساڵی ١٨٠٨دا تەواوی سیستمی دەرەبەگایەتی (کۆیلایەتیی زەوی) لە وڵاتدا ھەڵوەشێنرایەوە و یەکەمین دەستووری نووسراوی باڤاریا پەسەند کرا.
لە کاتی ھێرشی فەڕەنسا بۆ سەر ڕووسیا لە ساڵی ١٨١٢، نزیکەی ٣٠،٠٠٠ سەربازی باڤاری کوژران. پاشان بەپێی پەیمانی ڕید لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٨١٣، باڤاریا لە یەکێتیی ڕاین کشانەوە و چووە بەرەی ھاوپەیمانیی دژی ناپلیۆن. لەگەڵ شکستی فەڕەنسا لە ساڵی ١٨١٤ و لە شەڕی لایپزیگدا، باڤاریا قەرەبووی زەوییە لەدەستچووەکانی وەرگرتەوە و لە تەواوی خاکی ئەڵمانیادا لە ڕووی قەبارە و دەسەڵاتەوە لە دوای نەمسا و پرووسیا بوو بە سێیەم گەورەترین دەوڵەت.
دەستوور
[دەستکاری]لە ٢٦ی ئایاری ١٨١٨ دووەمین دەستووری باڤاریا ڕاگەیەندرا. دەستوورەکە پەرلەمانێکی دوو ئەنجومەنیی (Landtag) دامەزراند:
- ئەنجومەنی باڵا (ئەنجومەنی ڕاوێژکاران): کە لە شازادەکان، ئەرستۆکراتەکان، ئەسقەفەکان و کەسایەتییە باڵاکانی دەوڵەت پێکدەھات.
- ئەنجومەنی خوارەوە (ئەنجومەنی نوێنەران): نوێنەرایەتیی خاوەن موڵکەکان، زانکۆکان، کەنیسە و جووتیارانی دەکرد.
مافی شوێنکەوتووانی ئایینی پرۆتستانت لە دەستوورەکەدا پارێزرا و یەکسانیی ئایینەکان چەسپێنرا.
لودڤیگی یەکەم، ماکسیمیلیانی دووەم و شۆڕشەکان
[دەستکاری]
لە ساڵی ١٨٢٥دا لودڤیگی یەکەم چووە سەر تەختی پاشایەتی. لە سەردەمی ئەودا ھونەر و تەلارسازی گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و چەندین بینای شێوازی کلاسیکی نوێ لە سەرانسەری باڤاریادا دروست کران، ھەروەھا پەرەی بە پیشەسازی دا. لە سیاسەتی دەرەوەدا پشتیوانی لە سەربەخۆییی یۆنان کرد و دووەم کوڕی بە ناوی ئۆتۆ لە ساڵی ١٨٣٢ بوو بە پاشای یۆنان. لە ساڵی ١٨٣٥ یەکەم ھێڵی ئاسنینی ئەڵمانیا لە نێوان شارەکانی فورت و نۆریمبێرگ لە باڤاریا دروست کرا.
لە سەردەمی شۆڕشەکانی ١٨٤٨دا، لودڤیگی یەکەم لە ٢٠ی ئازاری ١٨٤٨ لە بەرژەوەندیی کوڕە گەورەکەی، ماکسیمیلیانی دووەم دەستی لە کار کێشایەوە. ماکسیمیلیانی دووەم لە کێشەکانی نێوان نەمسا و پرووسیا لەسەر ڕابەرایەتیکردنی دەوڵەتانی ئەڵمانیا، پشتیوانیی ئیمپراتۆریەتیی نەمسای دەکرد دژی پرووسیا.
شەڕی نەمسا و پرووسیا
[دەستکاری]لە ساڵی ١٨٦٤ ماکسیمیلیانی دووەم کۆچی دوایی کرد و کوڕە ١٨ ساڵانەکەی بە ناوی لودڤیگی دووەم بوو بە پاشا. کاتێک گرژیی نێوان نەمسا و پرووسیا پەرەی سەند، سەرۆکوەزیرانی پرووسیا ئۆتۆ فۆن بیسمارک ھەوڵی دا باڤاریا بێلایەن بکات، بەڵام لودڤیگی دووەم ڕەتیکردەوە و لە ھاوپەیمانی لەگەڵ نەمسا بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٨٦٦ شەڕی نەمسا و پرووسیا دەستی پێکرد، سوپای باڤاریا لە بەرەکانی جەنگدا شکستی ھێنا و بە شکستھێنانی نەمسا لە جەنگەکەدا، باڤاریا کەوتە ژێر کاریگەری و ھەژموونی پرووسیاوە.
لودڤیگی دووەم و ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی
[دەستکاری]
دوای دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان فەڕەنسا و پرووسیا لە شەڕی فەڕەنسا و پرووسیا لە ساڵی ١٨٧٠، باڤاریا شانبەشانی دەوڵەتانی تری ئەڵمانیا چووە شەڕ دژی ئیمپراتۆریەتیی دووەمی فەڕەنسا.[٣]
پاش شکستی فەڕەنسا، لودڤیگی دووەم پێشنیاری کرد کە پاشای پرووسیا ڤیلھێلمی یەکەم وەک ئیمپراتۆری ئەڵمانیا لە کۆشکی ڤێرسای لە ساڵی ١٨٧١ تاج لەسەر بنێت، بەمەش ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی دامەزرا. لە ناو ئیمپراتۆریەتە نوێیەکەدا باڤاریا پێگەیەکی تایبەتی وەرگرت و توانی سوپای تایبەت بە خۆی و دەستەی دیپلۆماسیی سەربەخۆی خۆی لە کاتی ئاشتیدا بپارێزێت.[٤]
لودڤیگی دووەم دواتر لە سیاسەت دوورکەوتەوە و خەریکی بنیاتنانی قەڵا و کۆشکە ئەفسانەیییەکانی وەک قەڵای نۆیشڤانشتاین بوو بە سەرمایەی تایبەتیی خۆی، کە بووە ھۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەری. لە ساڵی ١٨٨٦، حکوومەت پاشای بە نەخۆشی دەروونی دانا و دەسەڵاتی لە دەست دەرھێنا. چەند ڕۆژێک دواتر لودڤیگ بە شێوەیەکی تەمومژاوی لە دەریاچەی ستارنبێرگ خنکا.[٥]
سەردەمی ڕێجێنسی و چاکسازییەکان
[دەستکاری]پاش لودڤیگ، تاجی پاشایەتی گوازرایەوە بۆ براکەی ئۆتۆ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئۆتۆ بەدەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەیناڵاند، مامی پاشا بە ناوی شازادە لویتپۆڵد بوو بە ڕێجێنت (سەرپەرشتیاری پاشایەتی) و کاروباری دەوڵەتی لە نێوان ساڵانی ١٨٨٦ تا ١٩١٢ بەڕێوەبرد. ئەم سەردەمە بە «سەردەمی شازادەی جێنشین» (Prinzregentenjahre) ناسراوە کە گەشەیەکی گەورەی کلتووری و ھونەریی بەخۆیەوە بینی.
لە ساڵی ١٩١٢، شازادە لودڤیگ (کوڕی لویتپۆڵد) دەسەڵاتی گرتە دەست و لە ساڵی ١٩١٣ بە ناوی لودڤیگی سێیەم بوو بە پاشای باڤاریا.
جەنگی جیھانیی یەکەم و کۆتاییی شانشینەکە
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانی، باڤاریا لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانیدا بەشداریی شەڕی کرد. بەھۆی درێژەکێشانی شەڕ و خراپبوونی بارودۆخی ئابووری، ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری باڤاریادا زیادیان کرد.
لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٩١٨، لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشی ئەڵمانیا، پاشا لودڤیگی سێیەم لەگەڵ خێزانەکەی لە کۆشکی میونشن ھەڵات. لە ١٢ی تشرینی دووەمدا، لودڤیگ ڕاگەیەندراوی ئانیفی بڵاوکردەوە و سوپا و بەرپرسانی دەوڵەتی لە سوێندی دڵسۆزی بۆ ئەو ئازاد کرد. حکوومەتی شۆڕشگێڕ بە ڕابەرایەتیی کورت ئایزنەر کۆتاییھاتنی بنەماڵەی ویتێلسباخی ڕاگەیاند، بەمەش دەسەڵاتی ٧٠٠ ساڵەی بنەماڵەکە کۆتایی پێھات و لە شوێنی شانشینەکە، دەوڵەتی گەلیی باڤاریا و دواتریش دەوڵەتی ئازادی باڤاریا دامەزرا.
دابەشکردنی کارگێڕی
[دەستکاری]
لە ساڵی ١٨٣٨دا، پاشا لودڤیگی یەکەم شانشینی باڤاریای دابەش کرد بەسەر ٨ ناوچەی کارگێڕیی سەرەکیدا:
- باڤاریای سەرەوە (Oberbayern) – پایتەخت: میونشن
- باڤاریای خوارەوە (Niederbayern) – پایتەخت: لاندسھووت
- فرانکۆنیای سەرەوە (Oberfranken) – پایتەخت: بایرویت
- فرانکۆنیای ناوەڕاست (Mittelfranken) – پایتەخت: ئانسباخ
- فرانکۆنیای خوارەوە (Unterfranken) – پایتەخت: ورزبورگ
- پالاتیناتی سەرەوە (Oberpfalz) – پایتەخت: ڕێگنسبورگ
- سوابیا (Schwaben) – پایتەخت: ئاوگسبۆرگ
- پالاتینات (Pfalz) – پایتەخت: شپایەر
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Bavaria Becomes a Kingdom». museum.bayern. لە ڕەسەنەکە لە 26 November 2023 ئەرشیڤ کراوە. لە 2023-11-26 ھێنراوە.
- ↑ «Constitutional monarchy in the Kingdom of Bavaria | bavarikon». bavarikon.de (بە ئەڵمانی). لە 2023-11-26 ھێنراوە.
- ↑ «The Royal Drama of Ludwig II». museum.bayern. لە ڕەسەنەکە لە 26 November 2023 ئەرشیڤ کراوە. لە 2023-11-26 ھێنراوە.
- ↑ «16 Bizarre Facts About King Ludwig II, The Most Extreme Fanboy of All Time». ranker.com (بە ئینگلیزی). لە 2023-11-26 ھێنراوە.
- ↑ «Foundation of the German Reich in 1871 | bavarikon». bavarikon.de (بە ئەڵمانی). لە 2023-11-26 ھێنراوە.
داڕێژە:دەوڵەتەکانی یەکێتیی ڕاین داڕێژە:دەوڵەتەکانی کۆنفیدراسیۆنی ئەڵمانی داڕێژە:دەوڵەتەکانی ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی
- شانشینی باڤاریا
- شانشینە پێشووەکان
- دەوڵەتەکانی ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی
- دەوڵەتەکانی یەکێتیی ڕاین
- دەوڵەتە فیدراڵییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ئەڵمانی
- مێژووی باڤاریا
- مێژووی ئەڵمانیا
- دامەزراندنەکانی ١٨٠٦ لە ئەورووپا
- ھەڵوەشاندنەوەکانی ١٩١٨ لە ئەورووپا
- ویلایەتەکان و مەڵبەندەکان، ھەڵوەشانەوەی ١٩١٨
- ویلایەتەکان و مەڵبەندەکان، دامەزرانی ١٨٠٦
