شاسوار ھەرشەمی
شاسوار ھەرشەمی | |
|---|---|
شاسوار ئەحمەد ھەرشەمی | |
| لەدایکبوون | ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٩ گوندی پونگینە، ھەولێر، باشووری کوردستان |
| نیشتەجێی | ستۆکھۆڵم، سوید |
| نەتەوە | کورد |
| پەروەردە | بەکالۆریۆس لە زانستی جیۆلۆجی، شارەزایی لە مێژوو و زمانە ھیندۆئەورووپییەکان |
| خوێندنگە | زانکۆی بەغدا، پەیمانگای گەشەی جیۆلۆجیی مۆسکۆ |
| پیشە | نووسەر، زمانناس، وەرگێڕ، مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین |
| چالاکبوون | ١٩٧٦ - تائێستا |
| ناسراوە بە | نووسین لە بوارەکانی زمانەوانی و مێژوو |
کارە ناودارەکان | فەرھەنگی ئێتیمۆلۆژیی زمانی کوردی، مێژووی ئارامییەکان لە کوردستان |
| حیزبی سیاسی | کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (پێشتر)، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (پێشتر) |
شاسوار ئەحمەد ھەرشەمی ناسراو بە شاسوار ھەرشەمی (لەدایکبووی ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٩، ھەولێر) نووسەر، وەرگێڕ، زمانناس، مامۆستا و پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردە.[١]
ژیان
[دەستکاری]ژیانی سەرەتایی و خوێندن
[دەستکاری]شاسوار ھەرشەمی لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٩ لە گوندی پونگینەی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە، کە لەو کاتەدا باوکی لەو گوندەدا مامۆستا بووە. ھەر لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییەوە خولیای خوێندنەوەی ھەبووە و سەرەتا لە کتێبەکانی باوکییەوە دەستی پێکردووە، تا دواتر خۆی کتێب و گۆڤاری کڕیوە و بەردەوام گرنگیی بە بوارەکانی زمان و مێژوو داوە. قۆناغەکانی خوێندنی تا ئامادەییی لە شاری ھەولێر تەواو کردووە. پاشان چووەتە زانکۆی بەغدا و لە بەشی زانستەکانی جیۆلۆجی خوێندوویەتی. دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە یەکێتیی سۆڤیەت کردووە و لە ئەنستیتوتی گەشەی جیۆلۆجی لە مۆسکۆ خوێندوویەتی.[١]
پێشمەرگایەتی و کاری سیاسی
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٧٦دا پەیوەندیی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٩ وەک پێشمەرگە بەشداریی لە خەباتی چەکداریی کوردیدا کردووە. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە چەندین بەش و ئۆرگانی جیاوازدا کاری کردووە؛ ماوەیەک ئەندامی ئەنجومەندی ناوەندیی یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان بووە، ھەروەھا لە دەزگای ڕاگەیاندنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمیتەی سەرکردایەتیی ھەولێر و مەڵبەندی سێی ھەولێر کاری کردووە. دواتر لە کەرتی ڕێکخستنی ڕانیە و سنووری دەشتی بیتوێن وەک کادیری ڕێکخستن چالاک بووە و پاشانیش لە ڕێکخراوی دووی کۆمەڵە درێژەی بە کارەکانی داوە.[١]
چوونەدەرەوەی وڵات
[دەستکاری]لە کۆتاییی ساڵی ١٩٨٩دا بە زەمالەی خوێندن نێردراوەتە یەکێتیی سۆڤیەت. پاشان لە ساڵی ١٩٩١ ڕووی لە وڵاتی سوێد کردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە. لە سوێد دەستی بە خوێندن کردووەتەوە و گرنگیی بە بواری مێژوو داوە. لە ماوەی نیشتەجێبوونیشی لەو وڵاتە، ساڵانە چەندین کۆرسی زانستیی لە بواری بەراوردکاریی پێوانەیی و زمانە ھیندۆئەورووپاییەکاندا خوێندووە.
لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا وەک مامۆستای زمانی دایک، دەستی بە وانەگوتنەوە کردووە بۆ زمانەکانی کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، کوردیی باکووری (کرمانجی) و عەرەبی. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە وەک مامۆستا لە ئامادەییەک لە شاری ستۆکھۆڵم دامەزراوە.[١]
شارەزاییی زمانەوانی
[دەستکاری]شاسوار ھەرشەمی، جگە لە زمانی دایکی کە کوردییە و ھەردوو زاراوەی ناوەندی (سۆرانی) و باکووری (کرمانجی) بە باشی دەزانێت، شارەزاییی لە چەندین زمانی دیکەدا ھەیە، لەوانە: فارسی، عەرەبی، ڕووسی، سوێدی و ئینگلیزی.[١]
بەرھەمەکان
[دەستکاری]شاسوار ھەرشەمی لە بوارەکانی زمانەوانی، مێژوو و وەرگێڕاندا خاوەنی چەندین بەرھەمی چاپکراوە و ھەروەھا کۆمەڵێک پەڕتووکیشی بۆ چاپ ئامادە کردووە. لەپاڵ ئەمانەشدا لە ساڵی ١٩٨٢ەوە تا ئێستا بە سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی لە بوارەکانی ئەدەب، مێژوو و زماندا بڵاوکردووەتەوە.
بەرھەمە چاپکراوەکان
[دەستکاری]- مێژووی ئارامییەکان لە کوردستان (١٩٩٩)، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
- کارنامەی ئەردەشێری بابەکان (٢٠٠٠)، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
- سابیئە مەندائییەکان (٢٠٠٤)، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
- ھەندێک زانیاریی گشتی لەبارەی زمانەوە (٢٠٠٩)، سەنتەری کوردۆلۆجی، سلێمانی.
- تەتەڵە (پازدە بابەتی مێژوویی)، (٢٠١٩)، دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سلێمانی.
- فەرھەنگی ئێتیمۆلۆژیی زمانی کوردی (کە نزیکەی ٢٠,٠٩٦ لاپەڕەیە)، (٢٠٢٢)، دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سلێمانی.
- داستانی گلگامێش (وەرگێڕان و پەراوێز بۆ کردن و لێکدانەوەی، ٣٤٣ لاپەڕە). بەشێک لەم بەرھەمە وەک وەرگێڕان لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و بەراوردکاری لە ماڵپەڕەکاندا بڵاوکراوەتەوە.[٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 «شاسوار هەرشەمی». کوردیپێدیا. لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ شاسوار هەرشەمی (٢٠ی نیسانی ٢٠١٦). «بەشێک لە شیوەنی گلگامێش بۆ ئەنکیدۆی ھاوڕێی. تابڵۆی ھەشتەمی داستانی گلگامێش». History Of Kurdistan. لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.