سەی یاقۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سەید یاقووبی مایەشتی (لەدایکبوون: ١٨١٣-١٨١٢ ز. لە گوندی قومشەی مایەشت، کۆچی دوایی: ١٨٧٤–١٨٧٥ ز. لە کرماشان) ناسراو بە سەی یاقۆ یەکێک لە شاعیرانی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

سەید یەعقووب کوڕی سەید وەیسی لە ساڵی١٨٠٢ لە گوندی قەمشەی ناوچەی مایدەشتی کرماشان لەدایک بووە. بە بنەماڵە دەچنەوە سەر سەیدانی سامرەیی و لە قەمشە دەژین. کوردی ئەو ناوچەیە و بنەماڵەی شاعیر لە سەر ئایینزای شیعەی دوازدە ئیمامین. خوێندنی لەسەر دەستووری ئایینی کۆن بووە و لە سەرەتای ژیانیدا ھەوڵی داوە ببێ بە میرزا، واتە خوێندەواری ئەو سەردەمە و بۆ ئەم مەبەستە سەری لە کرماشان داوە، ڕێی کەوتووتە کرند و بێستوون، گەشتی تاران و قوم و شیرازی ھەیە.

دەنگوباسی خوێندەواری و شیعری سەید گەیشتووتە دیوەخانی ئیمام قولی میرزای دوەڵەتشا و پاشان لە لای مامە محەمەدحەسەن خانی فەرمانڕەوای کەلھوڕ وەک نووسەری دیوەخان لە ساڵی١٨٣١ لەوێ دامەزراوە و تا کۆتایی ژیانی لەو ماڵە گەورەیە ماوەتەوە. سەید ڕۆشنبیری چاکی سەردەمی خۆی بووە، بە خەتخۆشی ناوبانگی ەرکردووە و لە زانستی مۆسیقا و بەکارھێنانی ئامێری تەموور ھاوتای کەم بووە و شارەزایی زۆری لە ئاوازی مەقامەکان بە تایبەتی ھۆرە بووە.

ھەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن چووبێتە سەر ئایینی یارسان، لە شیعریدا شوێنەواری ئەم ئایینە بەرچاو ناوکەوێ، وا دەگێڕنەوە سەید یەعقووب ھەندێ جار کە تووشی باری عیشق و ڕاکێشانی سۆفیزم دەبوو بەسەر وڵاغەوە غار غارێن و جلیتبازی دەکرد و ھۆرەی دەچڕی. نازناوی شیعری سەید یەعقووب "سەیید"ە، ھەندێ جاریش "سەی یاقۆ"ی بەکارھێناوە، لەبەر ئەوە لە ژیانی شاعیریدا بە"سەی یاقۆ"ش ناسراوە، لە ناو خەڵکی بە سەید یەعقووبی ماھیدەشتی ناوبانگی دەرکردووە. شاعیر لە ساڵی ١٨٨١ کۆچی دواییکردووە و تەرمەکەی براوەتەوە ئاوایی قەمەشە و لەوێ نێژراوە.

شیعرەکان[دەستکاری]

سەی یاقۆ شیعرەکانی بە شێوەزاری کوردیی گۆرانی نووسیوە و سەرەڕای ئەو شێوەزارەش، ھۆنراوەی بە سۆرانی و ھەورامی داناوە. دیوانەکەی نزیکەی ٢٠ ھەزار ھۆنراوە بووە تیاچووە و نەماوە، ئەوەی ماوە و بە دەست گەییشتووە دەوری ھەزار ھۆنراوەیە، بەڵام بە چاپ نەگەییشتووە. ناوەرۆکی شیعرەکانی ئایینی، وەسفی جوانی سروشت، خۆشەویستی و دڵداری بووە. بە شاعیرێکی کلاسیزم دانراوە و بڕێک لە شاعیرانی فارس و ھەروەھا نالی کاریگەرییان لە سەری بووە. شیعرەکانی وشەی بیانی عەرەبی و فارسی لەخۆدەگرێتەوە و لاسایی کردووە لە شاعیرانی شێوەزاری گۆرانی کە کێشی خۆماڵی بەکاردەھێنێت. شارام نازری یەکێک لە شێعرەکانی سەی یاقۆی لە گۆرانییەکدا بە کار ھێناوە.

شیعری ئەم شاعیرە لە ناو دڵی خەڵکی جێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و ماوەیەکی زۆر لە دەسنوودا پارێزراوە و ساڵی١٩٨٤ بۆ یەکەم جار دیوانەکەی لە چاپ دراوە. سەید یەعقووب ئاگاداری زاراوەکانی زمانی کوردی بووە: ھەورامی، سۆرانی، لەکی، کورمانجی. شاعیرانی ئەم ناوچانەی ناسیوە، بەتایبەتی نالی خۆشویستووە و بە شاعیرێکی گەورەی داناوە و شانازی پێوە کردووە و سەرکەوتووانە لاسایی شیعری نالی کردووتەوە. لە ڕووی ڕوخسارەوە شیعری سەید لە سەر دوو بەشی شیعری خۆماڵی لەسەر ئاوازی ھۆرە و شیعری عەرووزی دانراوە و لەم بوارەدا لە ژێر کاریگەری نالی بووە.

بەرھەمی شاعیر وێنەی شیعرێکی بەرزی زمانی کوردییە، زادەی تێکەڵاوی بنزاراوەکانی زمانی کوردی ئەو ناوچانەیە بە زاراوەی گۆرانی و ئینجا موتوربەکردنی ئەمە بە زاراوەی کوردی ناوەندی (سۆرانی).

وێنەیەک لە شیعری سەی یاقۆ:

شۆرێ بە سەرم کەوتیە لەم مەستیی چاوەلەم جێگە نەنیشم مەگەر ئەو جێگە شەراوە
ئەم زولف و ڕوخی دلبەرە یا لەیل و نەھارەیا ھەورە ڕەشی پەردەکەشی بانی ھەتاوە
ڕوخساری تۆ وەک مانگ دوو زولفت وەکوو عەقرەوھەرچەن کە قەمەر عەقرەوە ڕازیم بە قەزاوە
ماچان کە غەزالان چەڕنی شۆرە زەمینەپەس ئاھوویی من چیشە کە لەم جێگە ڕماوە
(سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریانمەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە)
ئەی دڵ گوزەرێ کە وە قوڵنگ تاشییی فەرھادبین ناڵەکەی ئەیژنەوی لەو دڵی کاوە
زاھید وە خودا غەیری خەمی ئەبرۆیی دڵدارمەیلم نە وە مزگەفت و نە دەیر و نە کیتاوە
زولفت وە ڕوخت وە‌ﻫ چ پەرێشان و وڵاوەسەبرە و بە دڵی شیفتە یەکبارە ڕژاوە
چاوانی نیگارم وە سپاھی موژەما چوونئەی لەشکری خوون ڕێژ ئەمە وەقتی چپاوە
دلبەر لە غەمت (سەیید) ی پێچارەیی سەرشەوخوون ڕێژییە لەم چاوە حەتا سوبحی دەماوە

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • زمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی یازدەھەمی ئامادەیی - نووسراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.
  • کوردپێدیا
  • عەلائەدین سەججادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارفی بەغدا، ١٩٥١.
  • خەزنەدار، مارف(٢٠٠٤)، مێژووی ئەدەبی کوردی؛ بەرگی٤، ئاراس

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]