سەرچاوەی باڵندەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاژەڵێکی گەورەترەوە پەرەیانسەندووە ناسراوە بە سەرچاوەی باڵندەکان. ئێستا ھاوڕاییەکی زانستی بوونی ھەیە کە باڵندەکان سەر بە بەشێکن لە کۆمەڵە داینەسۆری جۆری (سیرۆپۆد (رۆیشتوو لەسەر دوو پەل) - Theropod) و سەرەتاکەیان دەگەرێتەوە بۆ چاخی (Mesozoic).

لە سەدەی نۆزدەھەم دا بۆ یەکەمین جار پەیوەندی نزیکی نێوان باڵندە و داینەسۆرەکان پێشنیارکرا لەدوای دۆزینەوەی باڵندەی سەرەتایی لە ئەڵمانیا بە ناوی (ئارکیۆبترکس - Archaeopteryx). باڵندە و داینەسۆرە نەفڕە قڕبووەکان خاوەنی چەندین خەسڵەتی ھاوبەشی ئیسکەپەیکەرین[١] و پاشماوەی بەردینی زیاد لە سی جۆر داینەسۆری نەفڕ کۆکراونەتەوە کە خاوەنی پەڕی تەواو پارێزراو بوون. ھەروەھا چەندین داینەسۆری قەبارە زۆر بچووک ھەن وەکو مایکرۆڕاپتەر(Microraptor) و ئەینکیۆرنس (Anchiornis) خاوەنی پەڕی دەست و قاچی درێژبوون کە بۆتە ھۆی پێکھێنانی باڵی فڕین و ھەروەھا جۆرە داینەسۆری (پێدۆپێنا - Pedopenna)ی فڕیوش خاوەنی ئەم پەڕە درێژانەی قاچ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ دا زانای بە بەردبووەکان (لۆرنس ویتمەر) گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم بەڵگانە پیشاندەری ئەوەن پەرەسەندنی فڕین بە چوار قۆناغ دا تێپەڕیوە.[٢] بەڵگە و تۆمارە بەردینەکان پیشاندەری ئەوەن کە باڵندە و داینەسۆرەکان چەندین خەسڵەتی ھاوبشی دیکەیان ھەیە وەک (ئێسکی ناوبۆش و ھەوایی، بەردی یاردەدەر لە کۆئەندامی ھەرس، ھەڵسووکەوتەکانی ھێڵکەدانان و ھێلانە دروستکردن)

سەرچاوەی باڵندەکان لە زیندەزانی پەرەسەندن دا بابەتێکی جێی مشتوومڕ بووە و تەنھا ھەندێک لە زاناکان ھەتا ئێستا گفتووگۆ دەکەن دەربارەی سەرچاوەگرتنی باڵندەکان لە داینەسۆرەوە و پێشنیاردەکەن کە سەرچاوە و بنەچەی باڵندەکان دەگەرێتەوە خشۆکە ئەرکەسۆرەکان (Archosaurs). سەرەڕای ئەو تەبایی و کۆدەنگییە گشتییەی بوونی ھەیە دەربارەی بەنچەی داینەسۆریی بەڵام ھێشتا ناکۆکی ھەیە دەربارەی زنجیرەی ڕووداوەکانی پەرەسەندن کە بۆتە ھۆی سەرھەڵدانی باڵندە سەرەتاییەکان لە جۆری (سیرۆپۆدە مانیراپتۆرەکان - Maniraptoran Theropods)ەوە. سەرچاوەی فڕینی باڵندەکان بابەتێکی جیاوازە بەڵام پرسیارێکی پەیوەستە کە کۆمەڵێک وەڵامی پێشنیارکراو و گریمانەی ھەیە.

مێژووی لێکۆڵینەوەکان[دەستکاری]

بە ماوەیەکی کەم دوای چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی چارڵز داروین (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان)[٣] لێکۆڵینەوەی زانستی دەستی پێکرد لەسەر سەرچاوەی و سەرەتای سەرھەڵدانی باڵندەکان. لە ساڵی ١٨٦٠ دا، لە ناوچەی کلسیی (زۆنھۆڵفن) سەر بە چاخی جوراسی کۆتا لە ئەڵمانیا پەرێکی بە بەردبوو دۆزرایەوە و بۆ ساڵی داھاتوو کریستیان ئێریک ھێرمن ڤۆن مەیەر ھەڵسا بە ناساندنی ئەم پەڕە بە (Archaeopteryx Lithographica).[٤] دواتر لە ساڵی ١٨٦٣ دا ڕیچارد ئۆین ھەڵسا بە پێناسەکردنی تەواوی ئێسکەپەیکەرێک و پۆلێنکردنی بە باڵندە سەرەڕای بوونی چەندین خەسڵەتی ھاوشێوەی خشۆکەکان وەک چرنووکەکانی پەلی پێشەوە و کلکێکی ئێسکی درێژ.[٥]

ئێسکەپەیکەر[دەستکاری]

لەبەرئەوەی زۆرجار پەڕ پەیوەستە بە باڵندەکانەوە بۆیە ھەبوونی داینەسۆری پەڕدار وەک پەیوەندییە ونەکەی نێوان باڵندە و داینەسۆرەکان تەماشاکراوە بەڵام کۆمەڵە خەسڵەتە ھاوبەشەکانی ئێسکەپەیکەر لەنێوان دوو کۆمەڵەکەدا بە پەیوەندییەکی گرنگتر تەماشاکراوە لەلایەن زانایانی بە بەردبووەوە. ھەروەھا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ڕووندەبێتەوە کە پەیوەندی نێوان باڵندە و داینەسۆرەکان و پەرەسەندنی فڕین چەند بابەتێکی لەوە ئاڵۆزترن کە لەوەو پێش بیری لێ دەکرایەوە. بۆ نموونە، وا بیردەکرایەوە کە باڵندەکان لە داینەسۆرەکانەوە پەرەیانسەندووە بەشێوەی پەرەسەندن یان گۆرانێکی ھێڵی ھەنگاو بە ھەنگاو لە کاتێک دا ھەندێک لە زانایان و دیارترینیان (گرێگوری س. پاوڵ) پێیان وایە کە ئەگەر ھەیە داینەسۆرەکانی وەک (درۆمیسۆرس - Dromaeosaurs) لە باڵندەکانەوە پەرەیانسەندبێت لەڕێی لەدەستدانی ھێزیان بۆ فڕین بەڵام مانەوەی پەڕەکانیان ھاوشێوەی (وشترمرخ) ی ھاوچەرخ.

بەراوردکارییەکانی نێوان ئێسکەپەیکەری باڵندە و داینەسۆرەکان و ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی پۆلێنە بەشییەکان دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی بابەتی پەیوەستی نێوان دوو ئاژەڵەکە، بەتایبەتی بۆ ئەو لقەی (سێرۆپۆد)ەکان بە ناوی (مانیڕاپتەر - Maniraptors). لێکچوونەکانی ئێسکەپەیکەر ئەم بەش و ئەندامانەی جەستە دەگرێتەوە (مل، ئێسکی حەوز، پشتێنەی سنگ، دەفەی شان، ئێسکی چەڵەمە و ئێسکی سنگ)

لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکردنی ئێسکی کەلەسەری (ئارچۆسۆر - Archosaur)ی کۆرپەلە، گەنج و پێگەیشتوو گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە کەلەسەری باڵندەکان لە ھی داینەسۆرە (سێرۆپۆد)ەکانەوە وەرگیراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Chiappe, Luis M. (2009). "Downsized Dinosaurs: The Evolutionary Transition to Modern Birds". Evolution: Education and Outreach. 2 (2): 248–256. doi:10.1007/s12052-009-0133-4.
  2. ^ Witmer, LM (2009). "Palaeontology: Feathered dinosaurs in a tangle". Nature. 461 (7264): 601–2. Bibcode:2009Natur.461..601W. doi:10.1038/461601a. PMID 19794481.
  3. ^ Darwin, Charles R. (1859). On the Origin of Species by Means of Natural Selection, or the Preservation of Favoured Races in the Struggle for Life. London: John Murray. p. 502pp. ISBN 978-1-4353-9386-8.
  4. ^ von Meyer, C.E. Hermann. (1861). "Archaeopteryx lithographica (Vogel-Feder) und Pterodactylus von Solnhofen". Neues Jahrbuch für Mineralogie, Geologie und Paläontologie (بە ئەڵمانی). 1861: 678–679.
  5. ^ Owen, Richard. (1863). "On the Archeopteryx [sp] of von Meyer, with a description of the fossil remains of a long-tailed species, from the lithographic stone of Solenhofen [sp]". Philosophical Transactions of the Royal Society of London. 153: 33–47. doi:10.1098/rstl.1863.0003.