سەربزێوییەکانی ١٩٨٣–١٩٨٦ی کورد لە عێراق
| سەربزێوییەکانی ١٩٨٣–١٩٨٦ی کورد لە عێراق | |
|---|---|
![]() | |
| بەشێکە لە | تێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان، شەڕی ئێران و عێراق، شۆڕشی گوڵان |
| ڕێکەوتی دەستپێکردن | ٣١ی ئابی ١٩٨٣ |
| ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ |
سەربزێوییەکانی ١٩٨٣–١٩٨٦ی کورد لە عێراق لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ڕوویدا کە ھێزە کوردییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی باشووری کوردستان وەک بەشێک لە تێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان لە دژی سەددام حوسێن سەربزێوییان دەستپێکرد، لە ھەوڵێکدا بۆ پێکھێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لەگەڵ داگیرکردنەکانی ھێزەکانی عێراق لە شەڕی ئێران و عێراق، پێشمەرگەی کورد سەرکەوتوو بوو لە کۆنترۆڵکردنی ھەندێک لە ناوچە گۆشەگیرەکان، بە پاڵپشتی لۆجستی و ھەندێکجاریش سەربازی ئێران.
پێشینە
[دەستکاری]گەلی کورد لە عێراق
[دەستکاری]باشووری کوردستان، بە درێژاییی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و تورکیا و ئێران ھەڵکەوتووە. ناوچەیەکی شاخاوی و زۆربەی زەوییەکانی بەپیتە. بە درێژاییی سنووری ئێران، لێوارەکانی چیاکانی زاگرۆس ھەڵکەوتوون. کوردەکان بۆ ماوەی ھەزاران ساڵ لەم ناوچەیەدا ژیاون، بەڵام ھەرگیز بەشێک نەبوون لە دەوڵەتێکی نەتەوەییی کوردی. بەڵکوو، ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە نوێیە جیاوازەکان کۆنترۆڵی ئەم ناوچەیەیان کردووە.
کوردەکان خۆیان وەک کورد لە ڕێگەی ئەو زمانەی پێی دەدوێن، نەریتەکانیان، ئایینەکەیان (زۆربەیان موسڵمانی سوننەن، بەڵام کەمایەتییەکانی شیعە و عەلەوی و ئێزیدی ھەن)، لێبوردەیییان بەرامبەر ئایینەکانی دیکە، و پەیوەندیی خێڵەکییان دەناسنەوە. خێڵەکان لە ڕێگەی خزمایەتی و شوێنی جوگرافییەوە دیاری دەکرێن. بۆ کورد، پەیوەندی بە خێڵەوە گرنگترە لەو وڵاتە فەرمییەی کە خێڵەکەی تێدا ھەڵکەوتووە. لە ساڵانی ١٩٢٠ەوە، کوردەکان کینەیان لە دژی حکوومەتە جیاوازەکانی عێراق ھەبووە بەھۆی نەبوونی نوێنەرایەتییان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.[١]
پارتی دیموکراتی کوردستان
[دەستکاری]پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترین و دیارترین پارتی سیاسیی گەلی کوردە. لە ساڵی ١٩٤٦ بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە، و ئامانجە سەرەتایییەکانی لەسەر بنەمای ئارەزووی نەتەوەییی کورد بۆ حوکمی خۆبەڕێوەبەری بووە. بە تێپەڕبوونی کات، بارزانی و لایەنگرانی ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان گۆڕی بۆ خەبات لەپێناو «مافە تەواوەکانی کورد لە چارەی خۆنووسین کە لە ڕێگەی ئاشتییانەوە لە عێراقێکی دیموکرات و فرەخوازی و فیدراڵدا بەدی دێت». بارزانی یەکەم کەس بوو کە ناسیۆنالیزمی کوردیی نیمچە گشتگیر لە نێوان گەلدا کۆبکاتەوە، و لە ناوەڕاستی سییەکانەوە تا دەرکردنی لە عێراق لە حەفتاکاندا، ناوەکەی ھاوواتای ھەوڵی کورد بوو بۆ سەربەخۆیی. بارزانی سەرکردایەتیی ڕاپەڕینە پچڕپچڕەکانی دژی حکوومەتەکانی عێراق (شۆڕشی ئەیلوول و دووەمین شەڕی کورد و عێراق) و ئێران و تورکیا کرد، بەو ھیوایەی ھەر جارێک ھێزی شۆڕشگێڕی گەورەتر بەدەستبھێنێت.[٢]
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
[دەستکاری]یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ بە سەرکردایەتیی جەلال تاڵەبانی دامەزراوە. تاڵەبانی وەک شۆڕشگێڕێکی کورد لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کاری دەکرد و لە ڕێگەی ڕەخنەکانی لە بارزانی ناوبانگ و ناوێکی پەیدا کرد. لە ساڵی ١٩٧٥دا، تاڵەبانی و شوێنکەوتووانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابوونەوە و پارتێکی نوێی لیبراڵتریان دامەزراند. لە گەوھەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ھەمان ئەو بەرنامەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکات، کە تێیدا فشار دەخاتە سەر «سەربەخۆییی کوردستان و دیموکراسیی عێراق». یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا دەکاتەوە لە ڕێگەی ڕاکێشانی لایەنگرانی لە ناوەڕاست و باشووری کوردستان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە نوێنەری کۆمەڵە خەڵکێکی شارستانی و ڕۆشنبیر و پێشکەوتنخوازی سیاسی، لە بەرامبەر گوتاری نەریتیی پارتی دیموکراتی کوردستان. لایەنگرانی ھەر پارتێک دەتوانن خۆیان لە ڕێگەی ھاوپەیمانیی خێڵەکی و جیاوازییە کەسییەکان و ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییەکانەوە لە یەکتر جیا بکەنەوە.
حکوومەتی بەعسیی عێراق
[دەستکاری]ھەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو پارتی سیاسیی جیاوازن، بەڵام دژی ھەمان ڕکابەر جەنگاون، کە ئەویش حکوومەتی عێراقە بە سەرۆکایەتیی سەددام حوسێن. لە سەرەتای حوکمی بەعس لە عێراق، ناکۆکی لە نێوان سەرکردەکانی بەعس و گەلی کورددا ھەبووە. وتووێژی پچڕپچڕ لە نێوان ھەردوو گرووپەکەدا ئەنجام دراوە بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەی پارتەکان و ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە سازان لەسەر نوێنەرایەتی؛ بەڵام بەعس بە شێوەیەکی نائاسایی گومانی لە کوردەکان ھەبوو، بە تایبەت بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکەی بارزانی. لە بەرامبەردا، ھاوپەیمانییەکی سروشتی لە نێوان بەعس و پارتی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکھات. ھەردووکیان ڕێکخراوی چەپڕەو بوون کە داوای ھاوپەیمانیی کوردی-عەرەبییان دەکرد.[٣][٤]
دەرفەتێکی لەبار
[دەستکاری]تا کۆتاییی حەفتاکان، مەسعوود بارزانی پێشتر ھێزێکی ٥٠٠٠ کەسی لە باکووری عێراق (تا ساڵی ١٩٧٩) دامەزراندبوو، و ھێزەکانی لە کاتی ڕاپەڕینی کوردەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا تێوەگلابوون لە شەڕ لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک وەفایەک بۆ ھاوپەیمانییان لەگەڵ ئێران.[٥]
لە ئەیلوولی ١٩٨٠دا، عێراق چووە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران لەسەر شەتەلعەرەب، و لەبری بەدەستھێنانی سەرکەوتنێکی خێرا، شەڕەکە گۆڕا بۆ دۆخێکی بنبەستی درێژخایەن. کوردەکان ئەمەیان وەک دەرفەتێکی لەبار بینی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردنشینەکان، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق سەرقاڵ و لاواز ببوو. ئامانجەکە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی نوێی وتووێژ و دەرکردنی ھێزە حکوومەتییەکانی عێراق بوو لە کوردستان. لە سەرەتای شەڕەکەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی ھاوپەیمانییەکی بەھێزی لەگەڵ ئێرانییەکان پێکھێنا، لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان - کە ڕێکخراوێکی چەپڕەو بوو - مەودای خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پارێزگار کە تازە دامەزرابوو پاراست، و یەکێتی پشتگیریی لۆجستیی لە سووریای بەعسی و لیبیاوە پێدەگەیشت.
کاریگەری: ئامارەکانی پەنابەران و مردووەکان
[دەستکاری]- پەنابەران: لایەنی کەم ملیۆنێک کەس (نزیکەی ٣٠٪ی دانیشتووان) بۆ ئێران و تورکیا ڕایانکرد.
- لە ساڵی ١٩٧١ەوە، لایەنی کەم ٣٧٠،٠٠٠ کەس پەنایان بۆ ئێران برد، واتە زیاتر لە ١٠٪ی دانیشتووانی باشووری کوردستان.
- شاڵاوی ئەنفال:
- لە نێوان ٥٠،٠٠٠ و ١٠٠،٠٠٠ کەس کوژران، لە نێویاندا ژن و منداڵ.
- ٩٠٪ی ئەو گوندە کوردییانەی ئامانج بوون وێران کران، واتە نزیکەی ٤،٠٠٠ گوند.
- ھێرشی ھەڵەبجە بە گازی ژەھراوی:
- لە نێوان ٣،٠٠٠ و ٥،٠٠٠ کەس کوژران.
- لە نێوان ٧،٠٠٠ و ١٠،٠٠٠ کەس بریندار بوون.
- لایەنی کەم ٥٠،٠٠٠ کورد دوای ئەم ھێرشە بۆ ئێران ڕایانکرد.
ئەم ئامارانە لەلایەن ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ کۆکراونەتەوە.[٦]
ڕۆڵی ئێران
[دەستکاری]ئێران بە نھێنی بە چەک و پێداویستیی خۆراک و زانیاریی ھەواڵگری یارمەتیی کوردانی عێراقی دا دژی عێراقییەکان لە بەرامبەر بەدەستھێنانی زانیاریی ھەواڵگری لەسەر جووڵەکانی عێراق و یارمەتیدان لە درێژاییی سنوورە باکوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق.
جگە لەوەش، ئێران ھاوپەیمانی مەسعوود بارزانی بوو و یارمەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەدا بە چەک و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و سەرکردەکانیان. لە بەرامبەر چەک و فێرکاری، ئێرانییەکان زانیاریی ھەواڵگرییان لەسەر سوپای عێراق و یارمەتیی کوردەکانیان لە شەڕی دژی سوپای عێراق بەدەستھێنا. ئێرانییەکان بەرژەوەندییان لە یارمەتیدانی کوردەکاندا ھەبوو. گەمارۆی بەردەوامی کوردەکان بووە ھۆی سەرقاڵکردنی بەعس و ڕێگریکردن لە سوپا بۆ تەرخانکردنی تەواوی سەرچاوەکانی بۆ داگیرکردنی ئێرانییەکان. ئێرانییەکان پشتیوانیی کوردیان دەکرد تا ئەو ئاستەی کە ئەوەندە بەھێز بن بتوانن شەڕی عێراقییەکان بکەن، بەڵام نەگەنە ئەو ئاستەی بەسەر سوپای عێراقدا سەربکەون.[٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Kreyenbroek, Philip G., and Stefan Sperl. The Kurds: A Contemporary Overview. London: Routledge, 1992. Print. Pg. 12
- ↑ Gunter, Michael M. (Spring 1996). "The KDP-PUK Conflict in Northern Iraq". The Middle East Journal. 50 (2): 227
- ↑ McDowall, David. The Kurds: A Nation Denied. London: Minority Rights Group, 1992, 113
- ↑ McDowall, David, pg. 90
- ↑ https://web.archive.org/web/20150727174333/http://diginole.lib.fsu.edu/cgi/viewcontent.cgi?article=3203&context=etd 2024-07-10 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ GENOCIDE IN IRAQ
- ↑ Gunter, Michael M. "The KDP-PUK Conflict in Northern Iraq." Middle East Journal 50.2 (1996): 18. Print
