سینەم خان بەدرخان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سینەم خان بەدرخان
لەدایکبوون٢١ی ئازاری ١٩٣٨
نیشتەجێیھەولێر
نەتەوەکورد
ھاوسەرسەلاح سەعدوڵڵا
مناڵ(ەکان)دڵناز و ئازاد
باوان
خزمەکانمامەکان کامران بەدرخان، سورەیا بەدرخان


سینەم خان بەدرخان (بە بەدرخانی: Sînemxan Bedirxan) (لەدایکبووی ٢١ی ئازاری ١٩٣٨ لە دیمەشق) ژنەڕووناکبیرێکی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

سینەم خان لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دیمەشق لە دایک بووە. دایکی وی ڕەوشەن و بابی وی میر جەلادەت بووە و خاوەن برایەکیش بووە بەناوی جەمشید. تەمەنی ١٣ ساڵ بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە و دوای ئەو ڕەوشەن خان بۆیان بووە بە دایک و باوک. ماڵە میر مەڵبەندێکی کوردانە بووە، ھەر بۆیەش سینەم خان سەرەڕای ئەوەیکە لەناو عەرەبدا گەورە بووە و بە زمانی بیانی خوێندوویەتی، کوردی زۆر باش زانیوە و توانیویەتی پێی بخوێنێت و پێی بنووسێت. وەک خۆی باس دەکات: «لە ماڵێدا بە کوردی قسەمان دەکرد و دایک و بابم جەختێکی زۆریان لەسەر فێربوونی زمانی خۆمان دەکرد»؛ ھەروەھا دەڵێت: «خوێندنەوە لە ماڵە ئێمە زۆر گرینگ بوو، دایکم کردبوویە قانوون کە ھەر دوو ھەفتە جارێک دەبێت کتێبێک بخوێنینەوە و دوایەش لەباەریدا پرسیاری لێ دەکردین».[١] سینەم خان لە قوتابخانەی ڕاھیباتی فەڕانسی خوێندوویەتی و بەکالۆریۆسی زمانی فەرانسی و عەرەبی وەرگرتووە. دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستی کردووە بە خوێندنی حقووق و پاش ئەوە لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا ژیانی ھاوسەرگیری پێک ھێناوە. سینەم خان ٢٢ی مانگی ھەشتی ساڵی ١٩٥٩ لە لوبنان چاوی بە سەلاح سەعدوڵڵا کەوتووە و ١٧ی مانگی یەکی ١٩٦٠ گەیشتووەتە بەغدا و لە زاخۆ ئاھەنگیان بۆ گیراوە. دوای ئەوە بەھۆی کاری ھاوسەرەکەی کە ئەندازیاری نەوت بووە لە کەرکووک گیرساونەتەوە و سەلاح لەوێ لە شەریکەی نەوت دامەزراوە و سینەمیش بووە بە سەرۆکی یەکیەتیی ژنان؛[٢] مانگی چواری ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ نزیکەی ٦٠٠ فەرمانبەری کوردی تری شەریکە، بەھۆی کوردبوونیان بە فەرمانی ئەحمەد حەسەن بەکر لە کەرکووک دەرکراون. دوای ئەوە چوونەتە بەغدا و ھاوسەرەکەی لە وەزارەتی نەوت خستراوەتە بەر کار و خۆیشی لە قوتاخانەی نێونەتەوەیی بەغدا بووەتە مامۆستا، سەرەتا وانەی فەرەنسی و دواتریش وانەی عەرەبی و ئینگلیزی بە بیانییەکان وتووتەوە؛[٣] ساڵی ١٩٩٢ بووەتە سەرۆکی دووەمی قوتابخانەکە و ساڵی ١٩٩٦یش خانەنشین کراون. سەلاح سەعدوڵڵا و سینەم بەدرخان ساڵی ٢٠٠٦ بۆ کۆنفرانسێک چوونەتە ھەولێر و لەوێ بە پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی لە کورستان ماونەتەوە و شاری ھەولێریشیان بۆ ژیان ھەڵبژاردووە. سینەم خان لە بەغدا بە نازناوی سیدە دڵناز، بە زمانی عەرەبی لەسەر پرسی ژن و ڕۆشنبیری وتاری بۆ ڕۆژنامەی خەبات نووسیوە.[٤]خاوەن کچێک و کوڕێکە بە ناوەکانی دڵناز و ئازاد؛ دڵناز لە زانکۆی پاریس وەرگێڕانی تەواو کردووە لەگەڵ سێ منداڵەکەی (جوان و میرۆ و ئالان) لە پاریس دەژی و ئازاد ئەندازیاری کارەبایە و خاوەن کوڕێکە بەناوی ئالان و لە قەتەر دەژی.[٥] سینەم خان بەسەر کوردی، بە دوو زاراوی کورمانجی و سۆرانی، فەرانسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، تورکی و عەرەبی بە چەندین زار وەکوو عێراقی و سووری دا زاڵە. سینەم بەدرخان دانیشتووی گەڕەکی ئەنکاوەیە و خەریکی نووسینی کتێبی بەسەرھاتی خۆیەتی و زۆر حەزیش بە سترانی کوردی دەکات و جاروبار خۆیشی دەیانڵێ.[٦]

چالاکییەکان[دەستکاری]

سینەم خان ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ ھەژار و عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی لاوان بەرەو مۆسکۆ وەڕێ کەوت، کەچی نەگەیشتە ئامانج و شوێنی مەبەست[٧] و شیعری فرمێسکی ھەژارێکی لێ کەوتەوە.[٨]

سینەم خان لە ماڵە خۆیدا ئەرشیڤی بەدرخانییەکان کۆ دەکاتەوە؛ بە سەدان بەڵگەنامە و وێنە و دەستنووسی لە وڵات و شارە جۆراوجۆرەکان بۆ ئەرشیڤەکەی خۆی گواستووەتەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردوون. ھەندێک لەوان بریتین لە: ڕەسمی ماڵبەت و کەسوکاریی خۆی، شەھادەی مامۆستایەتیی ڕەوشەن خان، ئیزننامەی ڕۆژنامەی ھاوار لە ساڵی ١٩٣١ و بانگھێشتنامەی ڕەوشەن خان بۆ کۆنگرەی دژی کۆلۆنیالیزم لە ئەتینا. مێژووی ھەندێک لەو ئەرشیڤانە وەکوو ناسنامەی ئەمین عالی بەدرخانی باپیری بۆ ١٠٥ ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە.[٩][١٠]

سینەم خان تێدەکۆشێت بەرھەمی ھەموو بەدرخانییەکان لەسەرڕاوە چاپ بکاتەوە و ھەتاکوو ئێستاش ٢٥ بەرھەمی بەدرخانییەکان و ھاوژینەکەی لە چاپ داوەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠١١، ساڵڕۆژی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ھاوار ڕاگەیەندرا سینەم خان لە ھەوڵی ئەوەدایە «زانستنامەی بەدرخان» بڵاو کاتەوە، ئامانجی ئەو زانستنامەیە ئەوەیە بەرھەمی ھەموو ئەو ساڵانەی کە بەدرخانییەکان پێشکەشی نەتەوەی کوردیان کردووە، لەکن یەک خڕکاتەوە و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی بکات؛ ئینسایکڵۆپیدیاکە بە حەوت زمانان دەبێت و کاروبارەکەی لەلایەن لیژنەی باڵاوە بەڕێوە دەچێت و سینەم خان سەرپەرشتیی پرۆژەکەی لە ئەستۆیە.[١١][١٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ سینەم خان بەدرخان کچی ڕەوشەن بەدرخان و میر جەلادەت بەدرخان چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە، ژن تیڤی، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
  2. ^ "Welat me - Werin! Em Mrzade Snemxan Celadet Bedirxan Nas bikin!". www.welateme.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "Salek Di Ser Koçkirina Salah Sadellah Re". Koerdisch Instituut Brussel.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ سینەم بەدرخان کێیە؟ کوردستان ٢٤، ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠
  5. ^ "Mîrzade Sînemxan Celadet Bedirxan kî ye ?". Pirs name (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ سینەم بەدرخان کێیە؟ کوردستان ٢٤، ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠
  7. ^ "فستیواڵی لاوان لە مۆسکۆ". ڤەژینبوکس (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ "فرمێسکی ھەژارێک". ڤەژینبوکس (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  9. ^ سینەم خان پارێزەری ئەرشیڤی بەدرخان، کوردستان تیڤی، ٢٩ی ئازاری ٢٠٢١
  10. ^ سینەم بەدرخان نەوەی میری جزیرەی بۆتان بە سەدان بەڵگەنامە و ئەرشیفی مێژووی لە ماڵەکەیدا پاراستووە (بە کوردی)
  11. ^ "bedrxan156". pdfslide.net (بە کوردی). Retrieved 2021-11-15.
  12. ^ "Sînemxan Bedirxan mêvana pêşngeha pirtûkan bû". ozgurhabergazetesi.com (بە تورکیی ئەستەمبوڵی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)