سپیپێست
| سپیپێست | |
|---|---|
| لقی | کۆمەڵەیەکی مرۆیی |
| ئافرێنەر | |
| ڕووداوە بەرچاوەکان | Atlantic slave trade |
| ھۆکار | racialization |
| لێکۆڵینەوە لەلایەن | Whiteness studies |
| ھاشتاگ | whitepeople |
| بەکارهێنەر | scientific racism |
| بەرامبەر | person of color |
سپی تایبەتمەندییەکی مێژوویییە بۆ ڕەنگی پێست و پۆلێنکردنێکی مۆدێرنە بۆ ڕەگەز. زۆرجار، بە شێوەیەکی گشتی بۆ ناساندنی ئەو کەسانە بەکاردەھێنرێت کە بە ڕەچەڵەک ئەورووپین، بەڵام پێناسەی دروستی «سپی» دەکرێت بەپێی دەق و دیدگەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لە دەرەوەی ڕەگەزاندن، وشەکە تەنھا ئاماژەیە بۆ ھەر کەسێک کە پێستی کاڵ بێت، کە زۆربەی کات ڕەنگی پەمەیی کاڵی (گوڵەباخی) ھەیە.
وەسفکردنی دانیشتووان بە «سپی» وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەنگی پێستیان جاروبار لە ئیتنۆگرافیای یۆنانی-ڕۆمانی و لە سەرچاوە کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستەکانی تردا دەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەم کۆمەڵگایانە ھیچ چەمکێکیان بۆ سپیپێستی وەک ڕەگەزێک یان ناسنامەیەکی سەرتاسەری ئەورووپی نەبووە. تێگەیشتنی ڕەگەزیی سەردەمی ئێستا کە بریتییە لە «ڕەگەزی سپی» یان «کەسانی سپیپێست» لە کۆتایی سەدەی حەڤدەھەمدا ھاتە ناو زمانە سەرەکییەکانی ئەورووپا، کاتێک چەمکی گەلێکی سپیپێستی یەکگرتوو قبووڵکردنێکی زیاتری لە ئەورووپا بەدەستھێنا، بەتایبەتی لە چوارچێوەی کۆیلایەتیی بنەمادراو لەسەر ڕەگەز و پێگەی کۆمەڵایەتی لە داگیرگە ئەورووپییەکانی جیھاندا. لێکۆڵینەوەکان لەسەر ڕەگەز چەمکە مۆدێرنەکە لە وەسفەکانی پێش مۆدێرن جیادەکەنەوە، کە زیاتر سەرنجیان لەسەر ڕەنگی جەستەیی بووە نەک لەسەر بیرۆکەی ڕەگەز. پێش سەردەمی مۆدێرن، ھیچ گەلێکی ئەورووپی خۆیان بە «سپی» نەدەزانی و لەبری ئەوە ناسنامەی خۆیان لە ڕێگەی ئایین، ڕەچەڵەک، نەتەوە یان ناسیۆنالیزمەکەیانەوە پێناسە دەکرد.[١]
ئەنترۆپۆلۆژیستە ھاوچەرخەکان و زانایانی تر، لەکاتێکدا دان بە ڕاستی گۆڕانکارییە بایۆلۆژییەکانی نێوان دانیشتووانە جیاوازەکانی مرۆڤدا دەنێن، پێیان وایە چەمکی ڕەگەزێکی سپی یەکگرتوو و جیاکەرەوە تەنھا دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە.
وەسفە جەستەیییەکان لە سەردەمی کۆندا
[دەستکاری]بەخشینی واتای ئەرێنی و نەرێنی بە سپی و ڕەش بۆ ھەندێک کەس دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن لە چەندین زمانی ھیندۆ-ئەورووپیدا، بەڵام ئەم جیاوازییانە مەرج نەبوو سەبارەت بە ڕەنگی پێست بەکاربھێنرێن. گۆڕینی ئایین ھەندێک جار بە شێوەیەکی مەجازی وەک گۆڕانکارییەک لە ڕەنگی پێستدا وەسف دەکرا. بە ھەمان شێوە، پەڕاوی ڕیگڤێدا دەستەواژەی «krsna tvac» واتە «پێستی ڕەش» وەک مێتافۆرێک بۆ بێ ئایینی بەکاردەھێنێت. میسرییە کۆنەکان و یۆنانییە مایسینییەکان و مینۆییەکان بەگشتی ژنانیان وا وێنا دەکرد کە پێستیان کاڵ یان سپییە لەکاتێکدا پیاوان بە قاوەیی تۆخ یان ئەسمەر وێنا دەکران. لە ئەنجامدا، پیاوانی خاوەن پێستی کاڵ یان ڕووناک، لیوکۆکرۆس (λευκόχρως، «پێست-سپی») لەلایەن نووسەرانی یۆنانی کۆنی وەکوو ئەفلاتوون و ئەرستۆوە بە لاواز و ژنانە دادەنران. بەگوێرەی وتەی ئەرستۆ «ئەوانەی پێستیان زۆر تۆخە ترسنۆکن: وەک میسرییەکان و ئەسیۆپییەکان. ئەوانەی پێستیشیان زۆر کاڵە بە ھەمان شێوە ترسنۆکن: وەک ژنان. ڕەنگی پێستی ئاسایی کەسانی ئازا دەبێت لە ناوەڕاستی ئەو دووانەدا بێت.» بە ھەمان شێوە، زەینەفۆنی دەتینا دیلەکانی جەنگی فارس بە «پێست-سپی لەبەر ئەوەی ھەرگیز بێ جلوبەرگ نەبوون، ھەروەھا نەرمونیان و ڕانەھاتوو بە کارکردن چونکە ھەمیشە سواری گالیسکە دەبوون» وەسف دەکات و دەڵێت کە لە ئەنجامدا سەربازە یۆنانییەکان باوەڕیان وابوو «کە جەنگەکە ھیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ شەڕکردن دژی ژنان.»[٢][٣]
جەیمس ئێچ دی، پسپۆڕی کلاسیک، دەڵێت «یۆنانییەکان خۆیان وەک 'کەسانی سپیپێست' – یان ھەر شتێکی تر وەسف ناکەن چونکە ھیچ وشەیەکی ئاساییان بۆ خۆیان لە فەرھەنگی ڕەنگەکانیاندا نەبووە.» ڕەنگی پێستی خەڵک مانایەکی سوودبەخشی نەدەگەیاند؛ ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو کە لە کوێ دەژیان. ھێرۆدۆت بوودینییە سیسییەکانی بە خاوەن چاوی شینی تۆخ و قژی سووری گەش وەسف کردووە و میسرییەکانیش – بە تەواوی ھاوشێوەی کۆلخییەکان – وەک مێلانکرۆس (μελάγχροες، «پێست-تۆخ») و قژ لوول. ھەروەھا ئەو ئەگەری زۆرە یەکەمین ئاماژە بە ناوی باوی یۆنانی بۆ ئەو ھۆزانەی لە باشووری میسر دەژیان بدات، کە بە نوبییەکانیش ناسراون، و ئەویش ئایتیۆپێس (Αἰθίοπες، «ڕووخسار-سووتێنراو») بوو. دواتر زەینەفانی کۆلۆفۆن ئەسیۆپییەکانی بە ڕەش و تراکییەکانیشی بە خاوەن قژی سوور و چاوی شین وەسف کردووە. بووکرات لە وەسفکردنیدا بۆ سیسییەکان، دەڵێت کە کەشوھەوا ساردەکە «پێستە سپییەکەیان دەسووتێنێت و دەیگۆڕێت بۆ سوورباو.»[٤][٥][٦][٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://web.archive.org/web/20151227110913/http://www.langtoninfo.com/web_content/9780521888554_frontmatter.pdf
- ↑ James H. Dee, "Black Odysseus, White Caesar: When Did 'White People' Become 'White'?" The Classical Journal, Vol. 99, No. 2. (December 2003 – January 2004), pp. 162 ff.
- ↑ Michael Witzel, "Rgvedic History" in: The Indo-Aryans of South Asia (1995): "while it would be easy to assume reference to skin color, this would go against the spirit of the hymns: for Vedic poets, black always signifies evil, and any other meaning would be secondary in these contexts."
- ↑ https://books.google.com/books/about/Philosophers_on_Race.html?hl=ar&id=dDg76N2Oz6IC#v=onepage&q&f=false
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Science_of_Man_in_Ancient_Greece.html?hl=ar&id=ft5QZ9HtvckC
- ↑ https://books.google.com/books/about/Slaves_Warfare_and_Ideology_in_the_Greek.html?hl=ar&id=V_HGeohJIlgC#v=onepage&q&f=false
- ↑ https://books.google.com/books/about/Sparta_Unfit_for_Empire.html?hl=ar&id=hPm4BwAAQBAJ
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (ئازاری ٢٠٢٦) |