سورەیا بەدرخان
سورەیا بەدرخان | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٨٨٣ |
| مەرگ | ١٩٣٨ |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | ڕۆژنامەوان، نووسەر |
| مناڵ(ەکان) | قودرەت، حەقی |
| باوان |
|
| خزمەکان | براکان کامران بەدرخان، جەلادەت عالی بەدرخان |
سوورەیا بەدرخان (بە بەدرخانی: Sureya Bedirxan) (١٨٨٣، ئەستەمبوڵ – ١٩٣٨، پاریس)یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان و نووسەر و سیاسەتوانی کورد بوو. ئەو لە نووسینەکانیدا بە «عەزیز ئەحمەد» و دکتۆر «بلیچ شێرکۆ» ناسراوە؛ بەدرخان بەگی باپیری دواھەمین میری میرنیشنی بۆتان بووە.
ژیان
[دەستکاری]سورەیا یەکەمین کوڕی ئەمین عالی بەدرخان و لە ژنە چەرکەزییەکەی بووە. سورەیا لە ئەستەمبوڵ خوێندوویەتی و کۆلێژی کشتوکاڵی تەواو کردووە. ناوبراو لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٦ بۆ ١٩٠٨ وەکو ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لە ئەستەنبوول بەھۆی گومانی تێوەگلان لە کوشتنی «ڕەزوان پادشا» دوور خراوەتەوە. کامەران لە ھەر یەک لە شارەکانی «ئیسپارتا» و «ئاککۆن» ژیاوە.[١]
پاش شۆڕشی گەنجەتورکەکان و لابردنی سوڵتان عەبدولحەمەیدی دوو و دەستکردن بە کاری دەستووریی «ایکنجی مشروگیت»، لە ساڵی ١٩٠٨دا ڕێگا بە ئەمین عەلی و خێزانەکەی دەدرێت، دووبارە بۆ ئەستەمبوڵ بگەڕێنەوە. پاش گەڕانەوەی سورەیا بۆ ئەستەمبوڵ دەست بە دەرکردنی ڕۆژنامەی «کوردستان» دەکات. لە نێوان ساڵەکانی ١٨٩٨ بۆ ١٩٠٢دا مامی، میقداد میدحەت بەدرخان، ڕۆژنامەیەکی بە ھەمان ناو بڵاو کردووەتەوە.[٢] ساڵی ١٩٠٩ پێش بە دەرچوونی ڕۆژنامەی «کوردستان» گیراوە و سورەیا خراوەتە گرتووخانە و بەھۆی بڵاوکردنەوەی ناڕەوا دژی «جۆن تورکلێر» سزای کوشتنی بۆ دەرکراوە.

لە ساڵی ١٩١٠دا بە دوورخستنەوەی لە وڵات، فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ دەرچووە. لە ساڵی ١٩١٢دا دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و کۆمیتەیەکی کوردیی نھێنی دامەزراندوە. دووبارە گیراوەتەوە و سزای کوشتنی بۆ دەرکراوە. ساڵی ١٩١٣ لە گرتووخانە ھەڵ ھاتووە و بۆ ھەمیشە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بەجێ ھێشتووە. بە ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەم لەژێر ناوی «عەزیز ئەحمەد» ڕۆژنامەی «کوردستان»ی لە قاھیرە بڵاو کردووەتەوە. ھەر لە قاھیرە «کۆمیتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان» دامەزراندووە.[٣] لە ساڵی ١٩١٩دا بڕیار بووە لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریسدا بەشداریی بکات، کە تێیدا ویستوویەتی بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی کوردیی سەربەخۆ، ھەوڵ بدات؛ بەڵام پێشتر لەلایەن بەریتانییەکانەوە لەکاتی جەنگدا گیراوە.[٤]
لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٧دا لە بەیرووت چووەتە ڕیزی ڕێکخراوی خۆیبوون. ساڵی ١٩٢٩ گەڕاوەتەوە سووریا و لە کاری ڕامیاریدا بەردەوام بووە. کاتێک لە ساڵی ١٩٣٠دا کەمالییەکان ڕاپەڕینی ئاگرییان سەرکوت کردووە، ڕێکخراوی خۆیبوون لە پشت ئەم سەرھەڵدانەوە بووە، ئەوکات سووریا لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسییەکاندا بووە، ھەر بۆیە فەڕەنسییەکان گرتوویانە و بەرەوو پاریس ڕەوانەیان کردووە.[٥] سورەیا بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٨دا کۆچی دوای کردووە و لە پاش خۆی کوڕ و کچێکی بە ناوەکانی «قودرەت» و «حەقی» جێ ھێشتووە.
بەپێی «باسیل نیکیتین» سورەیا بەدرخان یەکەمین ڕامیاریناسی کورد بووە، کە توانیوویەتی ڕامیاریی کوردی لە بەرنامەی حیزب و شێوازی مۆدێرندا بە نووسین و ئاخافتن دابڕێژێت.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Özoğlu, Hakan (2004-02-12). Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries. SUNY Press. p. 95
- ↑ Meiselas, Susan (1997). Kurdistan: In the Shadow of History. Random House. p. 56.
- ↑ Henning, Barbara (2018-04-03), p.357
- ↑ Henning, Barbara (2018-04-03), p.357
- ↑ Henning, Barbara (2018-04-03), p.362