سعود شورەیم
سعود شورەیم | |
|---|---|
سعود الشریم | |
| لەدایکبوون | ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٦٦ |
| نیشتەجێی | مەککە |
| پەروەردە | دکتۆرا لە فیقھی بەراوردکاری، پلەی پرۆفیسۆری |
| خوێندنگە | زانکۆی ئومولقورا، زانکۆی ئیمام محەممەد کوڕی سعود |
| پیشە | ئیمام و وتارخوێنی پێشووی مزگەوتی حەرام، مامۆستای زانکۆ، قازیی پێشوو |
| ناسراوە بە | یەکێک لە ناسراوترین ئیمام و قورئانخوێنەکانی مزگەوتی حەرام |
| ئایین | ئیسلام (ئەھلی سوننە) |
سعود کوڕی ئیبراھیم کوڕی محەممەد شورەیم (بە عەرەبی: سعود بن إبراھیم الشریم؛ لەدایکبووی ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٦٦) قورئانخوێن، ئەکادیمیست و دادوەری پێشووی خەڵکی عەرەبستانی سعوودییە. ئەو بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ وەک ئیمام و وتارخوێن لە مزگەوتی حەرام لە مەککە کاری کردووە و بە یەکێک لە ناسراوترین دەنگەکانی جیھانی ئیسلامی دادەنرێت لە خوێندنەوەی قورئاندا بە ڕیوایەتی حەفس لە عاسمەوە.
ژیانی سەرەتایی و خوێندن
[دەستکاری]سعود شورەیم لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری ڕیاز لەدایک بووە و ھەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە. ئەو سەر بە بنەماڵەی "ئال شورەیم"ە لە شاری شەقڕا.[١] لە ڕووی خوێندنی ئەکادیمییەوە، چەند قۆناغێکی بڕیوە:
- بەکالۆریۆس: لە ساڵی ١٤١٠ی کۆچی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ئوسوڵی دین لە زانکۆی ئیمام محەممەد کوڕی سعود لە ڕیاز بەدەستھێنا.
- ماستەر: لە ساڵی ١٤١٣ی کۆچی، بڕوانامەی ماستەری لە پەیمانگای باڵای دادوەری بەدەستھێنا.
- دکتۆرا: لە ساڵی ١٤٢٣ی کۆچی، بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی نایاب لە زانکۆی ئومولقورا بەدەستھێنا بۆ تێزەکەی بە ناونیشانی "المسالک فی المناسک".
- پرۆفیسۆری: لە ساڵی ١٤٣٠ی کۆچیدا، پلەی زانستیی پرۆفیسۆری لە فیقھی بەراوردکاریدا بەدەستھێنا.[٢]
مامۆستاکانی
[دەستکاری]شێخ شورەیم زانستی شەرعیی لە ڕێگەی ئامادەبوون لە کۆڕی وانەی چەندین زانای گەورەوە وەرگرتووە. لە دیارترین مامۆستاکانی بریتین لە:[٣]
شێخ ساڵح فەوزان
ژیانی پیشەیی
[دەستکاری]
ژیانی پیشەیی شێخ شورەیم لە چەند بوارێکی گرنگدا بووە:
ئیمامەت لە مزگەوتی حەرام: لە ساڵی ١٤١٢ی کۆچی (١٩٩٢ی زایینی) بە فەرمانی شاھانە وەک ئیمام و وتارخوێن لە مزگەوتی حەرام دامەزرا. لە ساڵی ١٤١٤ی کۆچیدا، ئەرکی وانەوتنەوەی لەناو حەرەمدا پێ سپێردرا.[٤]
دادوەری: لە ساڵی ١٤١٣ی کۆچیدا، وەک دادوەر لە دادگای گەورەی شەرعی لە مەککە دامەزرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت و لەسەر داوای خۆی، لەم پلەیە بەخشرا.[٥]
کاری ئەکادیمی: وەک مامۆستا لە زانکۆی ئومولقورا دەستبەکار بوو، دواتر بووە ڕاگری کۆلێژی شەریعە و خوێندنە ئیسلامییەکان. ھەروەھا ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبوو لە دامەزراندنی کۆلێژی خوێندنە دادوەرییەکان و کۆلێژی ئابووریی ئیسلامی لە ھەمان زانکۆدا و وەک ڕاگری کۆلێژی خوێندنە دادوەرییەکان کاری کرد تا ساڵی ٢٠٢٢.[٦]
ھەژماری تویتەر
[دەستکاری]شێخ شورەیم ھەژمارێکی فەرمی و بەڵگەنامەکراوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ھەبوو کە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس فۆڵۆیان کردبوو و بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی لەسەر پرسەکانی کۆمەڵگەی موسڵمانان بەکاریدەھێنا. دواتر ھەژمارەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دیار نەما. لە وەڵامدا، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی کاروباری ھەردوو مزگەوتە پیرۆزەکە ڕایگەیاند کە ھیچ کام لە ئیمامەکانی حەرەم ھەژماری فەرمییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە. ئەم ڕووداوە بووە جێی مشتومڕ و لێکدانەوەی جیاواز لەنێو بەکارھێنەراندا.[٧]
بەرھەمەکان
[دەستکاری]شێخ سعود شورەیم خاوەنی چەندین بەرھەمی نووسراوە لە بوارەکانی فیقھ و عەقیدەدا. ھەندێک لە بەرھەمەکانی بریتین لە:
- المنهاج للمعتمر والحاج (ڕێگا بۆ عەمرەکار و حاجی)
- وميض من الحرم (کۆمەڵە وتارێکی پێنج بەرگی)
- خالص الجمان تهذيب مناسك الحج (پوختەی ڕێوڕەسمەکانی حەج)
- فقه الخطيب والخطبة (فیقھی وتارخوێن و وتار)
- النظم الحبير في علوم القرآن وأصول التفسير (هۆنراوەەیەک دەربارەی زانستەکانی قورئان و بنەماکانی تەفسیر)
خانەنشین
[دەستکاری]لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، دوای زیاتر لە سێ دەیە خزمەت، شێخ سعود شورەیم وازی لە پلەی ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتی حەرام هێنا کە بووە هەواڵێکی ناخۆشی گەورە لە جیهانی ئیسلامیدا، بە تایبەت بۆ هەوادارانی دەنگی . دواتر، کاتێک ناوی لە خشتەی پێشنوێژانی مانگی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٤٤ی کۆچیدا دەرنەکەوت، ئەم بابەتە بووە جێی مشتومڕی بەرفراوان. بەپێی هەندێک سەرچاوەی ڕاگەیاندن، هۆکاری دوورکەوتنەوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شێخ شورەیم چەند مانگێک پێشتر بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە تاوەکو کاتی زیاتر بۆ کارە تایبەتەکانی تەرخان بکات. هەروەها هەندێک سەرچاوەی نزیک لێیەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەوشی تەندروستیی ڕێگەی پێنەداوە بەردەوام بێت لە پێشنوێژی.[٨]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «سعود الشريم.. مسيرة إمام الحرم المكي السابق في ذكرى ميلاده». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «سعود الشريم.. مسيرة إمام الحرم المكي السابق في ذكرى ميلاده». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «سعود الشريم.. مسيرة إمام الحرم المكي السابق في ذكرى ميلاده». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «السیرە الذاتیە للشیخ سعود الشریم وأھم المعلومات عنە». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «سعود الشریم - ویکیبیدیا». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «سعود الشريم.. مسيرة إمام الحرم المكي السابق في ذكرى ميلاده». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «سعود الشریم - ویکیبیدیا». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «سبب استبعاد الشيخ السعودي سعود الشريم من أئمة الحرم المكي .. ما تم إعلانه صادم». لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.