سانەکانی ھەورامان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سانەكانی هەورامانەوە ڕەوانە کراوە)
سانەکانی ھەورامان
ھەورامان
نز. ٩٧١–نز. ١٩٣١
پایتەخت نەوسوود، نۆدشە، خانەگا، ھۆرامان، کەڕاوا، رەزاو، دزڵی
زمان(ەکان) کوردیی ھەورامی
ئایین شافعی سووننی
حکوومەت پاشایەتی
مێژوو
 - دامەزراندن نز. ٩٧١
 - ڕووخان نز. ١٩٣١

سانەکانی ھەورامان ناوی حکوومەتێکی کوردییە کە لەسەر ناوچەی ھەورامانی کوردستان حکوومەتیان کردووە. سانەکانی ھەورامان لە ھەڵمەتی پاشایەتیی ئێران بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٩٣١ لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی ئەرتەشی ڕەزاشای پەھلەوی بۆ دەسەڵاتە ناوچەییەکانی گەلانی ئێران بۆ مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەھێز و یەکپارچە کەوتە بەر ھێرش و داکەوت.

وشەی سان[دەستکاری]

حاکیمەکانی ھەورامان بە نازناوی «سان» لە ھەوراماندا حوکمڕانیانکردووە. بەڵام ھەندێک لە حوکمڕانەکانی ھۆرامان نازناوی «میر» یان «بەگ»یان ھەڵگرتووە. نازناوی سان لە سەردەمی «عەباسقولی سان» (١٦٣٧-١٦٤١) بە حاکمەکانی ھەورامان دراوەتە و بەر لە ئەو بە کار نەھێناوە.[١]

مێژوونووسانێک وەکوو مەردۆخ، ئێدمۆندز و ھادی بەھمەنی پێیانوایە وشەی سان لە وشەی سوڵتانی عەرەبیەوە ھاتووە، گوایا سوڵتان وەک نازناوێک لەلایەن شاکانی دەوڵەتی صەفەوییەوە دراوە بە حوکمڕانەکانی ھۆرامان، ئەوەش وەک جۆرە کەمکردنەوە و سوکایەتیکردنێک بە پایەی سوڵتانەکانی عوسمانی. ھەندێکیش وتوویانە وشەی سان لە (شاھ)ی پەھلەوی یان (شێخ)ی عەرەبیەوە ھاتووە و پاشان وشە کە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە و بووە بە (سان).

محەمەد ئەمین ھۆرامانی لە کتێبی مێژووی ھۆراماندا باسی لەوە کردووە وشەی سان لە وشەی «ساتراپ»ەوە ھاتووە کە وشەیەکی میدییە و واتای (حاکم، گەورە، کوێخا، فەرماندار یان کاربەدەستی ناوچەیەک) دەگەیەنێت، چونکە وڵاتی میدییەکان ناوبانگی بە وڵاتی (ساتراپنشینان) دەرکردووە، تا ئێستاش وشەی «ساتراپ»ی میدی لە فەرھەنگە جۆربەجۆرە ئەوروپاییەکاندا بە ھەمان ماناوە دێت. ھەروەھا یۆنانییەکان باسیان لەوە کردووە وڵاتی میدیا لەسەردەمی ئەشکانییەکاندا بۆ چەند ناوچەیەک دابەشکراوە، ھەریەک لەو ناوچانەش «ساتراپ»ێک حوکمیکردووە. محەممەد ئەمین ھۆرامانی ھەروەھا نووسیویەتی لەسەردەمی حوکمی ئەشکانییەکاندا سەرۆک ھۆزەکانی ناوچە جۆربەجۆرکان بۆ «ساتراپ» دیاریکران و حوکمیان گرتوَتە دەست، کەوابوو دەبێ بڵێین حوکمی ئەشکانییەکان حوکمێکی دەرەبەگی بووە، ھەر لەو سەردەمەدا شێوازی حوکمی ھۆرامان ساتراپنشین بووە، وشەی «سان»یش کورتکراوەی وشەی «ساتراپ»ە.

مەڵبەندی حکوومەت[دەستکاری]

سانەکانی ھۆرامان ماوەیەکی دوور و درێژ حوکمی ناوچەکەی خوَیان کردووە و ھەندێک جاریش دەستیان بە دەرەوەی ھۆرامان گەیشتووە، مەڵبەندی حوکمڕانییەکەیان لەم شوێنانەدا بووە:

  1. مەڵبەندی حوکمڕانەکانی لھۆن (نەوسوود) بووە، بۆ ماوەیەکی کەمیش گوێزراوەتەوە بۆ نۆدشە و لە سەردەمی حوکمڕانی (کەریم سان)یشدا گوندی خانەگا کراوە بە مەڵبەندی حوکمڕانی ھۆرامانی لھۆن.
  2. مەڵبەندی حوکمڕانەکانی تەخت (شاری ھۆرامان) بووە.
  3. مەڵبەندی حوکمڕانەکانی (کەمەرە و رەزاو) سەرەتا (کەڕاوا) بووە، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ (رەزاو).
  4. مەڵبەندی حوکمڕانەکانی (دزڵی و شامیان) بەردەوام (گوندی دزڵی) بووە.

ناوی ھەندێک لە سانەکانی ھۆرامان[دەستکاری]

سەرەتای حوکمڕانییەکەی سانەکانی ھەورامان لە (بەھمەنی سێیەم)ەوە دەستیپێکردووە. ھەرچەندە جیاوازی زۆر لەسەرچاوە مێژووییەکاندا لە بارەی ماوەی ژیان و حوکمڕانی (بەھمەنی سێیەم)ەوە ھەیە، بەڵام زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن ناوبراو لەسەر فەرمانی (شێخ جەلالەدینی غازی) کراوە بە حوکمڕانی ھۆرامان. پێڕستێکی تەواو لە ناوی سانەکانی ھەورامان لەبەر دەستدا نییە و لەسەر رۆشنایی سەرچاوە مێژووییەکان چەند ئەڵقەیەکی وونبوو لە حوکمڕانی ھۆراماندا ھەن. موزەففەر بەھمەنسوڵتانی لە کتێبی مێژووی ھەورامان و قازی عوبدوڵڵای شەیدا (مەردۆخی) لە کتێبی مێژووی سانەکانی ھەورامان پێڕستێکی ناتەواو لەناوی سانەکانی ھەورامانیان ھێنایەتەوە.

  1. بەھمەنی سێیەم (٩٧١-١٠٥٦)
  2. باریە بەگ (١٠٥٦-١١٠٩)
  3. میر جەلالەدین (١١٠٩-١١٤٨)
  4. ؟
  5. میر سەعید (ھەروەھا ناسراو بە بە میرجیاشا) (١٢٩٩-١٣٩٦)
  6. سڵێمان بەگ (١٣٩٦-١٤٩٢)
  7. بارامی میرزابەگ (١٤٩٢-١٥٧٧)
  8. ؟
  9. عەباسقولی سان (١٦٣٧-١٦٤١)
  10. بارام سانی یەکەم (١٦٦٥-١٦٩٢)
  11. گەنجعەلی سان (١٦٨٩-١٧٠٢)
  12. عەباس سان (١٧٠٢-١٧٠٥)
  13. عیسی سان (١٧٠٥-١٧١٦)
  14. ئیسماعیل سان (١٧١٦-١٧٢٦)
  15. ؟
  16. جەمشێد سان (١٧٣٧-١٧٤٣)
  17. ؟
  18. ڕەزا سان (١٧٥٨-١٧٨٣)
  19. ؟
  20. حەمەتاھێر سان (١٧٨٥-١٧٩٣)
  21. ؟
  22. ئەسکەندەر سان (١٨٠٠-١٨١٧)
  23. ؟
  24. ئەحمەد سان (١٨٣٥-١٨٤٨)
  25. حەسەن سان (١٨٤٨-١٨٦٦)
  26. حەمەبەگ (١٨٧٠-١٨٩٢)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ روحی، مراد. ١٤٠٠. کوردستان پیشامدرن: تبارشناسی تجربەی انقلاب مشروطە در کردستان ایران، در پیرامون مشروطە: سە مقالە دربارەی ولایات و مرکزگرایی، صص ٦٣-١٤٣؛ ص ١٣٤.