سازمانی فێرکار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سازمانی فێركارەوە ڕەوانە کراوە)
پیتەر سەنج

سازمانی فێرکار (بە ئینگلیزی: Learning Organization) ڕشتەیەکی تایبەتە لە زانستی سازمانگەری، جەخت دەکات لەسەر فێربوونی بەردەوام و گەشەی هەمیشەیی. هاوکارانی نێو سازمانی فێرکار دەبێ هەردەم خولیای فێربوون و زانیار بن چەرخی دونیا بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، ئەوەی ئامادە نەبێت و هەردەم پەروای زانیاری هاوچەرخ نەبێت، دادەبڕێ. مرۆڤی کارا دەبێ ئاگا، توانا و زانا بێت. سازمانی فێرکار، جیهان بە یەکەیەکی سەرلەبەر دەزانێت و باس لە «دەرکی گشتی» و «دەرکی سیستەم» دەکات.

دیسپلینی پێنجەم[دەستکاری]

یەک لە نووسەرە ناودارەکانی ئەم بوارە، پیتەر سەنج Peter Senge لە کتیبی «دیسپلینی پێنجەم» (The Fifth Discipline: the art and practice of the learning organization (1990 پێنج ڕەهەند بۆ سازمانی فێرکار دیاری دەکات و نێویان دەنێ «ڕشتە، دیسپلین».[١]

١- ئوستادیی کەسەکی Personal Mastery هەم سازمان و هەم تاکەکەس ئامادە بن بۆ:

٢- مۆدێلی خەیاڵکرد Mental Models - وێنەی خەیاڵکرد گەر کۆک نەبێ لەگەڵ هەلومەرجی کاردا گرفت پەیدا دەبێ.

٣- داڕشتنی وێنای هاوکۆ Building Shared Vision

٤- فێربوونی گەلدەست Team Learning

٥- دەرکی سەرلەبەر، دەرکی سیستەم System Thinking پێشی دەگوترێ «ڕشتەی پێنجەم» یان «دیسیپلینی پێنجەم» The Fifth Discipline - مەبەست پەی بردنە بە سەرلەبەری سیستەمەکە:


- دەرک کردنی پەیوەندیی نێوان پارچەکانی سیستەمە، نەک هەر زنجیرەی «هۆکار و دەرئەنجام»

- پەی بردنە بە گشت پرۆسەی گۆڕانکاری، نەک هەر بینینی پارچەی لێک دابڕاو.

- ئەم ڕشتەی پێنجەمە بریتییە لە تێکبەستن و لێککاریی هەر چوار ڕشتەکەی سەرەوە لە گشتەیەکی تیۆری و پراکتیکدا.

- گەر «دەرکی سەرلەبەر» نەبێ، گەر دیدی هەمەلایەنە و گشتگیر نەبێ، وێنا دەشێوێ چونکە سەرچاوەی هەرە گرینگی هێزی وێنا - کە بریتییە لە بڕوا هێنان بە توانای پێکانی ئامانج و ڕاستاندنی وێنا - خامۆش دەبێت.


لەبیرمان نەچێت: تێکبەستنی هەر پێنج ڕشتەکە گرینگە. «ئوستادیی کەسەکی» هانمان دەدات بەردەوام وردبینەوە لەوەی کردەوەی خۆمان چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر دەوروبەر. «وێنای هاوکۆ» دەبێتە دەستەبەر بۆ هەوڵی دوورمەودا. پەی بردن بە «مۆدێلی خەیاڵکرد» و کاریگەریی ئەو مۆدێلانە لەسەر دیدی ئێمە بۆ دەوروبەر، ڤەکری و سینگفرەوانیمان لە هەڵسەنگدانەوەی ئەو مۆدێلانە، دەرفەتی گەشە کردن دەڕەخسێنێت. «فێربوونی گەلدەست» دەرفەت ساز دەکات بۆ پێکهێنانی ئامانجی هاوکۆ لە بان ئامانجی تاکەکەسەوە. «دەرکی سەرلەبەر» یارمەتیمان دەدات تێبگەین لەوەی مرۆڤ چۆن لە خۆی و لە دەوروبەر دەڕوانێت.


«ڕێساکانی دیسیپلینی پێنجەم»[دەستکاری]

چەرخاندنی «دەرکی سیستەم» System Thinking پێشمەرجی خۆی هەیە مرۆڤ دەبێ هۆشیاریان بێ. Peter Senge ئەم پێشمەرجانە ناو دەنێ «ڕێساکانی دیسپلینی پێنجەم» و بەم یازدە خاڵە ڕوونیان دەکاتەوە:[٢]


١- ئەم کێشەیەی ئەمڕۆ دەرهاویشتەی «چارەسەرەکان» ـی دوێنێیە Today's problems come from yesterday's "solutions"

جار هەیە کێشەی ئەمڕۆ دەرئەنجامی هەنگاوی زووترە گرتوومانەتە بەر بۆ چارەسەر کردنی کێشەیەکی دیکە. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر کێشەی ناکۆکیی نێوخۆ بە جۆرێک چارەسەر کرا ئەمڕۆ کێشەی دیکەی لێ شین دەبێ. لەبەر ئەوە گرینگە مرۆڤ لە دۆزینەوەی چارەسەردا «دەرکی سیستەم» پیادە بکات، واتە پەیجۆریی ورد بکات لە سەرجەمی بارودۆخ نەک هەر ئەو کێشەیە بە تەنێ.


٢- چارەی زیانبەخش، سووربوونی تۆ و بەرگری سیستەم The harder you push, the harder the system pushes back

جار هەیە مرۆڤ بەرانبەر کێشەیەکی دیاری کراو، چارەسەرێک هەڵدەبژێرێ زیانبەخشە، بەرانبەر ئەو زیانە تۆ سوورتر دەبی لەسەر چارەسەر و خەمەرە (زیان) زیاد دەکات. لێرەدا بازنەیەکی زیانبەخشی داخراوە دەچەرخێ. بۆ نموونە: بەدەم تەرک کردنی سیگار (جگەرە) کێشانەوە و بۆ خۆڕاگری بەرانبەر پەستانی ئارەزووی کێشان، دەست دەدەیتە زۆرخۆری. کێشت زیاد دەکات. تۆ پێ دادەگری، سوورتر دەبی و زیاتر دەخۆی، کێشت زیاد دەکات... لە کۆتادا کۆڵ دەدەیت و دەگەڕێتەوە سەر خووی جاران و دەکەویتەوە سیگار کێشان. ئەمجا قەڵەویشی هاتە سەر. بۆیە گرینگە مرۆڤ بەر لە هەڵبژاردنی چارەسەر، سەرلەبەری کێشەکە ببینێ، چارەسەر بۆ گشت لایەنەکانی بدۆزێتەوە. تەنها ئەوسا چارەسەر جێگیر دەبێ.


٣- ئێستا باشتر دەبێ بەڵام پاشان ئەنجامی خەراپتری لێ دەزێ Behavior grows better before it grows worse

زۆر جار مرۆڤ پەنا دەباتە بەر چارەسەرێکی پەلەی کاریگەر بۆ ئەمڕۆ، بیر ناکاتەوە لەوەی سبەی چی دەبێ و چ کاریگەرییەکی لەسەر گشت سازمانەکە دەبێ. چارەسەری خێرا و کورتمەودا دەرئەنجامی باشی نابێت.


٤- ڕێگەی ئاسان بۆ دەربازبوون لە کێشە زۆر جار دەگەڕێتەوە نێو کێشەکە The easy way out usually leads back in

Senge لێرەدا ئاماژە بە پەندێکی سۆفیگەرانەی دێرین دەکات و دەڵێ بابای سەرمەست لە پەنا چرای کۆڵاندا بۆ کلیلی ماڵەکەی دەگەڕێ. ئەم بابایە دەزانێ کلیلی لە جێیەکی دیکەی تاریک لێ کەوتووە بەڵام بەر چراکەی پێ ڕووناکە، بۆیە لێرە بۆی دەگەڕێ... پەنا بردنە بەر ڕێگە و چارەسەری کورت و ئاسان لە بری ڕیشەدۆزی و پەیجۆریی ورد و خۆماندوو کردن، کێشە چارەسەر ناکات. بگرە زۆر جار ئاڵۆزتریشی دەکات. چارەسەر گەر ئاسان با، زوو دەدۆزرایەوە و پیادە دەکرا. دیارە سەختە بۆیە کێشە هەیە و چاوەڕێی چارەسەری دروست دەکات‌.


٥- دوور نییە دەرمان لە دەردەکە خراپتر بێ The cure can be worse than the disease

جار هەیە میللەت بەرانبەر ستەم و بێدادیی جڤاکی و سیاسی بێزار و تووڕە دەبێ. دەسەڵات بۆ فریودان و تەفرەدانی میللەت، بۆ خەفە کردنی سەرهەڵدان و پەشێوی، پەنا دەباتە بەر دەرماڵە و پوولی مفت بە مەبەستی کڕینی بێدەنگبوون، بە مەبەستی ترساندن و چەواشەکاری، پەنا دەباتە بەر هەڕەشە و پەیمانی فێڵاوی، بەر ئاڵۆگۆڕی حکوومەتی و لیژنەبازی. چارەسەری وەها جگە لەوەی کێشەکە چارە ناکات، توانای میللی کز دەکات و هەلومەرجی ئابووریی وەڵات دەشێوێنی. چارەسەری کورتمەودای لەم بابەتە پێی دەگوترێ «فشاندنەوە» و پینەکاری. چارەسەری دوورمەودا دەبێ بۆ ڕاهێزانی توانای سیستەمەکە، کێشە و کەماسیی خۆی چارە بکات.


٦- خێراکەیان خاوترە - کورتەڕێی قەدبڕ لەوانەیە ببێتە دوورەڕێ Faster is slower

مەرج نییە ڕێگە و چارەسەی کورت و خێرا بژارە (ئەڵتەرنەتیڤ، بەدیل) یەکی باش بێت. سیستەمی ئاڵۆز وردبوونەوە و شرۆڤەی سەرانسەری گەرەکە. گۆڕانکاریی پەلەی لێرەولەوێ دەرد دەرمان ناکات. کیسەڵە خاوەکە لە خۆڕا نییە بەرانبەر کەروێشکی تیژڕەو براوەیە.


٧- «هۆکار و دەرئەنجام» مەرج نییە زادەی یەک جێ و یەک کات بن Cause and effect are not closely related in time and space

گرێی ئاڵۆز و بنەڕەتی لەوەدایە «هۆکار» و «ئەنجام» لە سیستەمی گەورەدا نە هاوکاتن نە هاوجێ. مەرج نییە ئەو کێشەیەی ئێستە لێرە بەرچاوە دەرهاویشتەی ئەم بەشە سازمان و ئەم زەمانە بێت، زۆر جار کێشە زادەی لێککاری و ئاڵۆسکانی بەشێکی دیکە و زەمانێکی دیکەیە.


٨- دەشێ گۆڕانکاریی بچووک دەرئەنجامی مەزن پێک بێنن بەڵام لە ئاستی هەرە باڵادا کەمتر بەرچاون Small changes can produce big results... but the areas of highest leverage are often the least obvious

ڕێسای گرینگ ئەوەیە مرۆڤ فێر بێت ژێرخانەکانی کێشەکە دەرک بکات، نەک تاکە تاکەی ئەم یان ئەو ڕووداو. پلانی دوورمەودا بۆ چارەسەری گشتگیر باشە نەک چارەی بچووکی خێرا بۆ چارەی کێشەی هەنووکەیی. هێنانی چەند مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی لە وەڵاتێکی وەکوو هیندستانەوە بۆ سەرخستنی ئاستی زمانزانی لە کوردستان، لەوانەیە پاش چەندین ساڵ لە بواری سیاسەت و فەرمانڕەواییدا دەرئەنجامی هەرە گەورەی هەبێ. دوور نییە ببێتە هەنگاوێکی دروست بەرەو نێزیکبوونەوە لە کەنار و پێشاری دێمۆکراسی.


٩- دەکرێ خاوەنی بیت و بیخۆیت، بەڵام نەک هاوکات You can have your cake and eat it too, but not all at once

مەبەست ئەوەیە جۆرایەتی دامەشکێنە لەبەر ئەوەی کەمخەرج و هەرزانترە. جەخت لەسەر جۆرایەتی سوودی خۆی هەیە. ناچار نابیت پاشکات خەرجیی چاک کردن و گۆڕین و... بگریتە ئەستۆ. گەر دوورمەودا لێی ورد بیتەوە، جگە لە جۆرایەتی، هەرزانیش دەکەوێت، بەڵام ڕێک ئێستە نا. کاتی دەوێت.


١٠- گەر فیلێک بکەیت بە دوو کەرتەوە، ناکاتە دوو فیلی بچووک Dividing an elephant in half does not produce two small elephants

بیرۆکەی دێرین هەیە باس لە «سەرلەبەری» و «یەکبوون» ی ژیان دەکات. سازمانیش هەروەهایە. ڕێبەری باش بۆ چارەسەری کێشەی ئاڵۆز دەبێ دەرکی گشتیی هەبێ. ناشێ سیستەمی سەرلەبەری تێکبەستراو، پارچە پارچە بکرێت و هەر پارچەی بدەیتە کەسێک و پاشان چاوەڕێ بی بۆچوونی پارچەپارچەی ئەو کەسانە ببێتە وێنەیەکی سەرلەبەری ئەو سیستەمە. نەخێر! دەبێ وێڕای پارچەکاری، دیدێکی گشتگیری سەرلەبەر هەبێ، دەنا ئەو پارچانە لەخۆڕا و بەربەیار کۆ نابنەوە بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی سیستەمەکە.


١١- گلەیی مەکە There is no blame

کاتێک كێشە سەر هەڵدەدات مرۆڤ لای ئاسانە گلە و گازەندە لە لایەنی دەرەکی بکات. دەڵێ تاوانی من نییە، لایەنی دیکە - نەیاران، ڕکابەران، دەستی دەرەکی، مێدیا، بازاڕ، بەرهەڵستکاران... هتد - ئەم بەزمە هەڵدەگیرسێنن.


Senge لێرەدا زۆر ڕوون دەڵێ:

((«دەرکی سیستەم» دەڵێ شتێک نییە پێی بگوترێ هەلومەرجی دەرەکی. تەنانەت هۆکاری دەرەکیش بەشێکن لە خودی سیستەمەکە و هەموو هۆکارەکانی ئەو کێشەیە هەر دەکەونە چێوەی ئەو سیستەمەوە. چارەسەر پەیوەستە بە ڕەفتاری تۆ لەتەک «نەیار»‌دا. مرۆڤ دەبێ پەی بە گشت سیستەمەکە بەرێت)). [٣]


پوختەی باس[دەستکاری]

سازمانی فێرکار دەکاتەوە گۆڕانکاریی بەردەوام هەم لە سازمان و هەم لە تاکدا:

- لە سازمانی فێرکاردا خودفەرمانی، سەرفەرازی (ئەتۆنۆمی) زۆر گرینگە، چونکە مرۆڤ سەرفەراز و خودفەرمان، مرۆڤی خاوەن بڕیار و دەسەڵات بەسەر فێربوونی خۆیدا، باشتر و زیادتر فێر دەبێ. لە سازمانی خودفەرماندا بڕیاری کاری ڕۆژانە لای کارمەندان خۆیانە. بەرپرس و ڕێبەر خەریکی داڕشتنی وێنا و شائامانجن نەک چاودێری و کۆنترۆڵی هاوکاران. جاسووسی و سیخوڕیی بۆ ڕێبەران نەهاتووە.

- بنەمای ئەم کارە بریتییە لە هەنگاوی هەمەجۆر ڕوەو شائامانجێکی دیاریکراو ئەویش پێکهێنانی گفتوگۆیەکی ئازاد و کراوەیە. تەنها لە بەستێنی ئازاددا مرۆڤ دەتوانێت بیروڕای خۆی دەربڕێ. مرۆڤی سەرفەراز دەتوانێ ڕەخنەگرانە هەڵوێست لە دیدی ڕێبەر و بەرپرسان بگرێت. ئەم زەمینە ئازادەی گفتوگۆیە دەبێتە دەستەبەری پتەوبوونی سازمان و هەڵکشانی گوزەران.

- «دەرکی سیستەم» واتە بینین و تێگەیشتنی هەم گشتە و هەم وردەی سیستەم. ئەم دیسپلینە بریتییە لە کۆبوونەوەی ئوستادیی کەسەکی، مۆدێلی خەیاڵکرد، وێنای هاوکۆ و فێربوونی گەلدەست لە یەک گشتەی لێککار و هاوئاهەنگدا.


سەرچاوە[دەستکاری]

سازمانگەری، ئاسۆس شەفیق - کوردستان ٢٠١١

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ Senge, Peter M. Den femte disciplinen – Den lärande organisationens konst. Översättning av Tomas Cato. Nerenius & Santérus 1995: 20.
  2. ^ Senge (1995): 63.
  3. ^ Senge (1995): 65.


به‌سته‌ری دیکە‌[دەستکاری]

Systems Thinking in Action Conference