بۆ ناوەڕۆک بازبدە

سارگۆنی دووەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سارگۆنی دووەم
پۆڕتڕەیتی سارگۆن لەسەر دۆزراوەیەک
وێناکردنی سارگۆنی دووەم لە کۆشکەی خۆی لە دوورشاروکین
پادشای ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ
فەرمانڕەوایی٧٢٢–٧٠٥ پ.ز
پێشووشەلمەنسەری پێنجەم
جێگرسەنحاریب
منداڵ(ەکان)سەنحاریب
آھات آبیشا
بەلایەنی کەم ٤ دانەی تریش
ئەکەدیشارروو-کین
𒈗𒁺
خانەدانشانشینی سارگۆنی
باوکتیگلات پلاسەری سێیەم (؟)
لەدایکبووننز. ٧٧٠–٧٦٠ پ.ز
مردن٧٠٥ پ.ز (تەمەنی نز. ٥٥–٦٥)
تابال
(تورکیای ئێستا)

سارگۆنی دووەم یان سەرجۆنی دووەم (بە ئەکەدی-ئاشووریی نوێ: 𒈗𒁺 خوێندنەوە: شاررو-کین، بە واتای «پادشای دڵسۆز») پادشای ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ بووە لە ساڵی ٧٢٢ پێش زایین تا مردنی لە شەڕدا لە ساڵی ٧٠٥. ڕەنگە کوڕی تیگلات-پلاسەری سێیەم بێت (ح. ٧٤٥–٧٢٧)، بەگشتی پێدەچێت سارگۆن بووە پادشا دوای نەمانی شەلمەنسەری پێنجەم (ح. ٧٢٧–٧٢٢)، ڕەنگە براکەی بێت. بە شێوەیەکی تایبەت بە دامەزرێنەری ھێڵێکی نوێی خانەدانی دادەنرێت، بەناوی بنەماڵەی سارگۆنی.

سارگۆنی دووەم دەسەڵاتی خۆی لەسەر بنەمای ئەفسانەی پادشا گەورەکانی ڕابردوو دانا. سەرسام بوو بە پادشا سارگۆنی گەورە (کە ناوی خۆی لەو وەرگرتووە) و پادشا پاڵەوانەکە، گلگامێش. ئەویش وەک ئەوان خەونی داگیرکردنی ھەموو خاکی ناسراوی ھەبوو، دەستپێکردنی سەردەمێکی زێڕین و دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی داھاتوو ھەر یادی دەکەنەوە و ڕێزی لێدەگرن و دەبێتە سیمبولێک.

سارگۆن لە ماوەی حەڤدە ساڵی پادشایەتیدا، خاکی ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی زۆر فراوانتر کرد و گۆڕانکاریی گرنگی لە سیاسەت و سوپادا ھێنایە ئاراوە. ئەو تەنھا فەرمانڕەوایەکی بەھێز نەبوو بەڵکوو جەنگاوەرێکی لێھاتوو و ستراتیژیست بوو، زۆرجار لە بەرەکانی شەڕدا بە شێوەیەکی شەخسی سەربازەکانی سەرکردایەتی دەکرد. تا کۆتاییی دەسەڵاتی ئەو، نزیکەی ھەموو مەترسیدارترین دووژمن و ڕکابەرەکانی چەقاند و لەناویانی برد یان ناچاریانی کرد کە ملکەچ بن.

ھەندێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی سارگۆن بریتی بوون لە دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵی ئاشوورییەکان بەسەر شام (ناوچەی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست)، لاوازکردنی شانشینی ئورارتووی باکوور و وەرگرتنەوەی بابل. ھەروەھا لە ساڵانی ٧١٧ تا ٧٠٧ پێش زایین، شار پایتەختێکی تازە دروست دەکات، کە بە ناوی خۆیەوە ناوی نا: دوورشاروکین، بە واتای «قەڵای سارگۆن». لە ساڵی ٧٠٦ پێش زایین، ئەمە بووە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی شاھانە.

سارگۆن پێی وابوو خوداوەندەکان ئەویان ھەڵبژاردووە بۆ پاراستن و بەرزڕاگرتنی دادپەروەری. وەک فەرمانڕەواکانی تری ئاشوور، ھەندێک جار سزای تووند و دڕندانەی بەرامبەر دووژمنەکانی بەکارھێناوە، بەڵام ھیچ تۆمارێک نییە کە نیشان بدات کۆمەڵکوژی یان دڕندەیی و سزای تووند و خراپی بەسەر بە خەڵکی ئاساییی مەدەنی سەپاندبێت یان ئەنجامدابێت. بەڵکوو سەرنجی لەسەر ھێنانی گەلانی داگیرکراو بوو بۆ ناو ئیمپراتۆریەتەکە و کاری کرد بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئاشووریدا. کاتێک ئەم گرووپە بیانییانە یەکیاندەگرتەوە، ھەمان ماف و بەرپرسیارێتیی ئاشوورییە ڕەسەنەکانیان پێدرا.

تەنانەت لە چەند بۆنەیەکدا سارگۆن لە دووژمنانی خۆش بوو کە شکستیان ھێنابوو و ڕێگەی پێدان لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بە ئاشتییانە بژین. ھەروەھا توانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی باش لەگەڵ پادشا بیانییەکان و ناوخۆیییەکانی ئەو ناوچانەی کە داگیری کردوون بھێڵێتەوە. لەناو کۆشک و شوێنە شاھانەیییەکەی خۆیدا، سارگۆن گۆڕانکاریی بەرچاوی کرد: دەسەڵات و دانپێدانانی زیاتری بە ژنان بەخشی و ھەروەھا پێگە و کاریگەریی نووسەرانی بەرزکردەوە، کە ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبوو لە تۆمارکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری ئیمپراتۆریەتەکە.

سارگۆن دەستی بە ھەڵمەتی کۆتایی کرد، دژی تابال لە ئەنادۆڵ، لە ساڵی ٧٠٥ پ.ز. لە شەڕدا کوژرا و سوپای ئاشووری نەیانتوانی تەرمی وەربگرێتەوە، ئەمەش ڕێگری لە ناشتنی نەریتی کرد. بەپێی دینی کۆنی میزۆپۆتامیا، نەفرەتی لێکرا و کە بۆ ھەتا ھەتایە وەک جنۆکەیەکی نائارام بمێنێتەوە. چارەنووسی سارگۆن گورزێکی گەورەی دەروونی بوو بۆ ئاشوورییەکان و زیانی بە میراتەکەی گەیاند. سەنحاریبی کوڕی سارگۆن بە مردنی باوکی زۆر ناڕەحەت بوو و پێی وابوو کە دەبێ ھەندێک گوناھی گەورەی کردبێت. لە ئەنجامدا سەنحاریب خۆی لە سارگۆن و یادکردنەوە و ناوھێنانی دوور خستەوە.[ئ] سارگۆن لە ئەدەبیاتی کۆنی دواتردا بەزەحمەت باسی لێوەکرا و نزیکەی بە تەواوی لەبیرکرا تا وێرانەکانی دوورشاروکین لە سەدەی نۆزدەھەمدا دۆزرایەوە. کە ئەو تا ساڵانی ١٨٦٠ لە ئاشوورناسیدا وەک پادشایەکی ڕاستەقینە وەرنەگیرا. بەھۆی فەتح و چاکسازییەکانییەوە، ئەمڕۆ سارگۆن بە یەکێک لە پادشا ھەرە گرنگەکانی ئاشووری دادەنرێت.

تێبینییەکان

[دەستکاری]
  1. لە بیروباوەڕە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا، ئەمە کێشەیەکی زۆر جددی بوو. ئەگەر کەسێک بمرێت بەبێ ئەوەی بنێژرێت، بەتایبەتی پادشایەک، ڕۆحیان بە ئارامی نەیدەتوانی پشوو بدات. بەڵکوو نەفرەتیان لێدەکرا بۆ ھەمیشە وەک جنۆکەیەکی نائارام سەرگەردان دەبوون. بەھۆی ئەمەوە مردنی سارگۆن نەک تەنھا وەک کارەساتێکی کەسی بەڵکوو وەک کارەساتێکی ڕۆحیش سەیر دەکرا.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Sargon II»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥.