وەھای گوت زەردەشت
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |
| وەھای گوت زەردەشت | |
|---|---|
| دامەزران | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٨٣ |
| سەرناو | Also sprach Zarathustra |
| Subtitle | Ein Buch für Alle und Keinen |
| ناونراوە لەدوای | زەردەشت |
| کاری وەرگیراو | Also sprach Zarathustra، Wiltfeber der ewige Deutsche |
| بابەتی سەرەکی | فەلسەفە |
| لە پێش | زانستی شادمان |
| لە دوای | لە پشت چاکە و خراپەدا |
| چەشن | philosophical novel |
| چاپەکان | Ainsi parlait Zarathoustra، Q59824144، Ainsi parlait Zarathoustra (édition 1898)، Thus Spoke Zarathustra |
| دانەر | فریدریش نیچە |
| ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٨٥ |
| وڵاتی بنەڕەت | ئەڵمانیا |
| زمان | زمانی ئەڵمانی |
| وێنا دەکات | occupational burnout |
| Work available at URL | https://www.projekt-gutenberg.org/nietzsch/zara/zara.html |
| دۆخی چاپکردن | پاوانی گشتی، پاوانی گشتی |
وەھای گوت زەردەشت، کتێبێک بۆ ھەمووکەس و ھیچکەس (بە ئەڵمانی: Also sprach Zarathustra: Ein Buch für Alle und Keinen) چیرۆکێکی فەلسەفییە کە فەیلەسووفی ناوداری ئەڵمانی فریدریک نیچە، لە چوار بەشدا لە ساڵانی ١٨٨٣ەوە تاکوو ١٨٨٥ نووسیویەتی. نیچە لەم کتێبەدا لە زاری زەردەشتەوە، بیرۆکەکانی خۆی وەک "گەڕانەوەی ھەمیشەیی"، "مردنی خودا" و "کەڵەمرۆڤ" دەردەخات.
وەک نیچە خۆی دەڵێت «قووڵترینی نووسراوەکانە»؛ سەرانسەر وشەی پڕنھێنییە لە بوارەکانی فەلسەفە و ئەخلاقدا کە پێغەمبەرێک لە گۆشەی خەڵوەتەوە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی باسی دەکات. جێگەبەجێگەی لە چیرۆک و نموونەکانی ئەنجیل کەڵکی وەرگرتووە بۆ سووکایەتیکردن بە ئایینی خاچپەرستی و جوولەکەکان، ڕەوشت و ئەخلاقیان.
فەلسەفە لە کتێبەکەدا
[دەستکاری]نیتچە بیرۆکەکانی خۆی لە پلەی یەکەمدا ئاڕاستەی شارستانییەتی ئەورووپی و مۆدێرنیتە و عەقڵانییەتەکەی کرد، نەک بۆ سەر دەسەڵاتی سەرمایەداری و تەکنەلۆژیاکەی، و بەمەش ڕەخنەکەی مرۆڤناسانەیە (ئەنترۆپۆلۆژی) نەک کۆمەڵناسانە (سۆسیۆلۆژی). ھەروەھا چەمکی «سیاسەتی گەورە» کە بانگەشەی بۆ دەکرد، تەنھا ڕەنگدانەوەی دژایەتییە توندەکەی بوو بۆ دیموکراسی و سۆسیالیزم و مەسیحییەت بەو پێیەی کە ئەمانە نوێنەرایەتی «ئەخلاقی کۆیلەکان» دەکەن. ئامانجی نیتچە ڕووتکردنەوەی غەریزەی مرۆیی بوو لە ئەخلاقدا بە مەبەستی ڕووخاندنی ئەخلاقی بۆرژوازی و دەرخستنی لەسەر شێوە ڕاستەقینەکەی خۆی، ھەروەک چۆن دژی ئەخلاقی سوودگەرایی جەنگا و بە «فەلسەفەی بەرازەکان» ناوی دەبرد، کە لەسەر بنەمای چڵێسی دامەزراوە و بە پەرۆشییەکی تێکەڵ بە ترسنۆکی بۆ گەیشتن بە مەبەست و بەرژەوەندییەکان جیادەکرێتەوە. بەم شێوەیە، ئەخلاق لای ئەو تەنھا ستراتیژییەتێکە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە دیاریکراوەکان کە ڕێگە لە تاک دەگرێت کە ویست و ئارەزووەکانی خۆی ئازاد بکات. ئەگەر نیتچە بانگەشەی بۆ مردنی خودا کرد، ئەوا لە ھەمان کاتدا داوای مردنی ئەو مرۆڤەشی کرد، کە سەردەمی ڕۆشنگەری لەسەر پێیەکانی خۆی ڕای گرتبوو. ئەم بیرۆکانەش تەنھا خولیا و وەھمێکی فەلسەفین بە بوونی لەدەستچوو و بە نیھیلیزمی (عەدەمگەرایی) سەرکەوتوو دوای مردنی خودا.
فەلسەفەی ئەخلاق
[دەستکاری]فەلسەفەکەی لە بواری ئەخلاقدا زاڵترینی ناو ئەم کتێبەیە. ویست (ئیرادە) ئەوەیە کە ئاڕاستەکانی ئێمە و ئاڕاستەی ژیان خۆی دیاری دەکات - و لێرەدا کاریگەریی شۆپنھاوەر و کتێبەکەی «جیھان وەک ویست و بیرۆکە» دەردەکەوێت - و ھەر ئەویشە بڕیار دەدات کە ئایا ئێمە فەزیلەتێک ئەنجام دەدەین یان شتێکی تر. بەپێی نیتچە، ئێمە دەتوانین زەوق بگۆڕین بۆ فەزیلەت، کاتێک مەبەستێکی باڵای تێدا دادەنێین. ھەموو ئەوەی لە ڕابردوودا بووە، ئەوە بووە کە ویست ویستوویەتی ببێت، بۆیە پێویست ناکات شیوەنی ڕابردوو بگێڕین و نەفرەتی لێ بکەین، و ئەمەش بیردۆزێکە کە لە جەبرییەتەوە نزیکە.
بەپێی نیتچە، پێویستە فەزیلەت لە پێناوی فەزیلەت خۆیدا ئەنجام بدەین، و چاوەڕێی پاداشت لەسەری نەکەین. چونکە فەزیلەت خۆی پاداشتی خۆیەتی، گەیشتن پێی پاداشتەکەیەتی. ھەروەھا دەڵێت کە مەترسیدارترین خەڵک «چاکەکاران و دادپەروەرانن»، چونکە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە دادگایی دەکەن، و بەوپەڕی چاکییەوە دەکوژن، و بەوپەڕی دادپەروەرییەوە درۆ دەکەن، وەک خۆی دەڵێت، و باوەڕیان وایە کە ئەوان دەزانن چی بۆ مرۆڤ باشە و چی خراپە، و لێرەوە دەست بەسەرداگرتنە قێزەونەکەیان پیادە دەکەن.
بەڵام نیتچە ڕێگایەکی دەربازبوونمان لە دەستی ئەم چاکەکارانە بۆ دیاری دەکات بە وتنی: چاکە و خراپە ڕێژەیین، ئەوەی بۆ تۆ چاکە، مەرج نییە بۆ منیش چاک بێت، بەڵکو لەوانەیە بۆ من خراپ بێت. ئەوەی تۆ بە چاکی دەزانیت، من لە زۆر کاتدا بە خراپی دەبینم.. بۆیە ھەرکەسە و ڕێگای خۆی ھەیە و یەک ڕێگای ڕاست و دروست نییە کە ھەموو جیھان لەسەری بڕوات. دانا و حیکمەت ئەوەیە کە مرۆڤ چاکە و خراپەی خۆی بزانێت، و لە چاکە و خراپەی خۆیدا بگاتە تەواوکاری. ھەروەھا گەورەترین خراپە پێویستە بۆ گەورەترین چاکە.
ژن
[دەستکاری]نیتچە ڕەخنە لە ژن دەگرێت و بە کەم سەیری دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە بە درێژایی ژیانی لەگەڵ دایک و خوشکەکەیدا گەورە بووە، چونکە باوکی لە تەمەنی پێنج ساڵیدا کۆچی دوایی کردبوو، و ئەنجامەکەشی فەلسەفەیەکی ئازاردەر بوو بۆ ژن. لە کتێبەکەیدا ھۆشداری دەدات لەوەی ژن وەک ھاوڕێ وەربگیرێت، چونکە ئەو تەنھا بۆ خۆشەویستی دەشێت، و تەنھا یارییەکی پیاوە، و ھیچ ئامانج و ئەرکێکی نییە جگە لە منداڵبوون، و شەرەف ناناسێت و نازانێت چییە. وەک لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا باس دەکات: «ئەگەر چوویتە لای ژن، قامچییەکەت لەبیر نەکەیت». بەپێی تێگەیشتنی نیتچە، ئامانجی ھاوسەرگیری تەنھا بریتییە لە بەرھەمھێنانی «مرۆڤی باڵا»، بۆیە پێویستە ھاوسەرگیری بە بەرزترین ئاستی ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێت، و دەبێت پێش ھاوسەرگیری ماوەیەک ھەبێت کە ژن و پیاو یەکتر ببینن و پێکەوە بژین تا بزانن ئایا دەتوانن لە ھاوسەرگیرییەکدا بەردەوام بن کە تا ھەتایە پێکەوەیان دەبەستێتەوە. نیتچە ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی بزووتنەوەکانی ئازادبوونی ژنان لە ئەورووپا کرد کە داوای یەکسانیی ڕەگەزی و پاراستنی مافەکانی ژنیان دەکرد و ئەو ژنانەی کە داوای ئەمەیان دەکرد بە ژنانی لەدەستدەری مێینەیی خۆیان دادەنا، بۆیە پەنایان بۆ یەکسانیی نێوان دوو ڕەگەزەکە بردووە و پاساوی بۆ ئەوە ھێنایەوە کە مێینە بەوەی کە مێینەیە، دەتوانێت مافەکانی خۆی و زیاتریش بەدەست بھێنێت بەبێ ئەوەی لە ڕێگەی دروشمەوە داوای بکات. لە کتێبەکەیدا «ئەمەیە مرۆڤ» بە وردی تێڕوانینی خۆی بۆ ئەو بزووتنەوانەی ئازادی خوازی خستووەتەڕوو، کە یەکێک لە دەقەکانی ئەوەیە: «ئازادبوونی ژن غەریزەی ڕق و کینەی ژنی شکستخواردووە».
وەرگێڕان بۆ کوردی
[دەستکاری]بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]- وەھای گوت زەردەشت، وەرگێڕانی: عەلی نانەوازادە، ٢٠٠١، دەزگای چاپ و پەخشی موکریانی
- زەردەشت ئاوای گوت، وەرگێڕانی: ڕەئووفی ئەحمەد ئالانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم