زەردەتا
| زەردەتا | |
|---|---|
| وێنەیەکی مایکڕۆسکۆپیی ڤایرۆسی زەردەتا | |
| تایبەتمەندی | نەخۆشییە چڵکییەکان |
| نیشانەکان | لەرزوتا، ژانەسەر، دڵپڕی، ڕشانەوە |
| ئاڵۆزییەکان | تێکچوونی جگەر و گورچیلە |
| دەستپێکردنی ئاسایی | ٣ تا ٦ ڕۆژ |
| ھۆکارەکان | ڤایرۆسی زەردەتا لە ڕێی مێشوولەوە |
| ڕێگای دەستنیشانکردن | خوێنوەرگرتن |
| ڕێگەگرتن | ڤاکسین |
زەردەتا[١] یان تاوی زەرد، یان تای زەرد، (ناوە جیهانییەکەی: Yellow fever)، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، کە بە هۆی ڤایرۆسی زەردەتاوە، لە ڕێی ئەو مێشوولانەوە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بڵاو دەبێتەوە و مرۆڤ تووش دەکات.[٢] نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی گشتی سەر بە ناوچەی گەرمەسێریی ئەفریقا و ئەمریکای باشوورە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشداریی ئەوە دەدات، کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نێودەوڵەتییش لە ئارادایە.[٣]
نیشانەکانی زەردەتا
[دەستکاری]نیشانەکانی نەخۆشیی زەردەتا، سێ تا شەش ڕۆژ دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دەردەکەون. لە نیشانە سەرەتایییەکانی بریتن لە: لەرزوتا، ژانەسەر، ئازاری ماسوولکەیی، دڵپڕی و ڕشانەوە.[٤] لە زۆربەی کەیسەکاندا تووشبوو دوای چەند ڕۆژێک چاک دەبێتەوە، بەڵام هاوکات ئەگەریش زۆرە لە هەندێک کەیسدا تووشبوو بگاتە قۆناغی دووەم و ژەهراوی ببێت. لەم قۆناغەدا لەرزوتاکەی پەرە دەستێنێت و تووشی زەردوویی، ئازاری ناوسک، خوێنبەربوون لە دەم و لووت و گەدەوە، تێکچوونی سیستمی جگەر و گورچیلە دەبێت. زەردیی پێست و چاو، یەک لە نیشانەکانی تێکچوونی سیستمی جگەرە.[٥] ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات، ئەو نەخۆشانەی دەگەنە قۆناغی دووەم، ئەگەری گیانلەدەستدانیان زیاد دەکات و پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
ڤاکسین
[دەستکاری]ڤاکسینی زەردەتا باشترین شێوازی خۆپارێزییە لەم نەخۆشییە. ڤاکسینەکە لە ڤایرۆسی زیندووی لاوازکراوی خودی نەخۆشییەکە پێک هاتووە و وەرگرتنی ژەمێک دەتوانێت بەرگریی درێژمەودا یان هەمیشەیی درووست بکات.[٦]
بە تایبەت بۆ گەشتیارانێک کە دەیانەوێت سەردانی ئەفریقا یان ئەمریکای باشوور بکەن، خۆکوتان بە ڤاکسینی زەردەتا ناچارییە و ئەگەری هەیە داوای بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیی ڤاکسیناسیۆن لە گەشتیاران بکرێت.[٧]
بڵاوبوونەوە و چارەسەر
[دەستکاری]زەردەتا نەخۆشییەکی گیرەوەی مرۆیی نییە.[٨] واتا لە ڕێی مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤیکی تر ناگوازرێتەوە. ئەم نەخۆشییە تەنیا بە هۆی پێوەدانی مێشوولەکانی ڕەگەزی ئایدیس (Aedes) و هیماگۆگووس (Haemagogus)ـەوە، کە خۆیان تووشبوو بن، بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
لە ئێستادا نەخۆشیی زەردەتا هیچ دەرمانێکی تایبەتی نییە و هەوڵەکان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە تەنیا چاودێریی پزیشکی و کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەگرێتەوە. ڕێنمایییە تەندرووستییەکان داوا لە تووشبوو دەکەن، بە پێی پێویست پشوو بدات، ئاوی تەواو بخواتەوە و لە خواردنی حەبەکانی وەک ئەسپرین خۆی بەدوور بگرێت، چونکە ئەم حەبە ئەگەری خوێنبەربوون زیاتر دەکات.[٩] ئەگەر تووشبوو بگاتە قۆناغی دووەمی نەخۆشییەکە، پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوینرێت، بۆ ئەوەی سیستمی جگەر و گورچیلەی تووشبووەکە، بخرێنە ژێر چاودێریی وردیی پزیشکییەوە.
مێژوو
[دەستکاری]ڤایرۆسی زەردەتا لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا ناسێنرا. لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینیدا، کۆمیسیۆنی زەردەتای سوپای ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی واڵتەر ڕید، سەلماندی کە زەردەتا لە ڕێی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە.[١٠] چەند ساڵێک دواتر ڕوون بووەوە کە هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆسێکە. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٧دا زاناکان توانییان ئەم ڤایرۆسە لە نەخۆشییەکە جیا بکەنەوە و بە شێوەی سەربەخۆ لە تاقیگەدا لێکۆڵینەوەی لێ بکەن. زاناکان هەر لە سەرەتاوە درکیان بە پەیوەندیی نێوان نەخۆشیی زەردەتا و زەردوویی کرد، چونکە لە نەخۆشیی زەردەتایشدا تووشبوو زەرد هەڵدەگەڕێت، بەڵام ئەم دوو کەیسە لە یەکتر جیاوازن. زەردوویی نیشانەیەکی ڕواڵەتیی گرفتەکانی جگەر و گورچیلەیە، لە کاتێکدا زەردەتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە.[١١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «زەردەتا». Ferheng.info.
- ↑ «Yellow fever». World Health Organization (WHO).
- ↑ «Yellow fever». World Health Organization (WHO).
- ↑ «Symptoms, Diagnosis, and Treatment of Yellow Fever». CDC.
- ↑ «Symptoms, Diagnosis, and Treatment of Yellow Fever». CDC.
- ↑ «Yellow fever vaccines: WHO position paper». World Health Organization (WHO).
- ↑ «CDC Yellow Book». Centers for Disease Control and Prevention (CDC).
- ↑ «Yellow fever». Encyclopaedia Britannica.
- ↑ «Treatment and Prevention of Yellow Fever». CDC.
- ↑ «Yellow fever». Encyclopaedia Britannica.
- ↑ «Yellow fever». World Health Organization.