زەردوویی
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (حوزەیرانی ٢٠٢٦) |

زەردوویی یان بەزەک یان زەرتک و زەردی (ئینگلیزی: Icterus یان Jaundice) نیشتنی هێمۆگلۆبینی زیادی خوێنە لە ناو شانە(تەون) و ئەندامەکانی لەشدا، بە هۆی ڕەنگی زەردی هێمۆگلۆبینەوە بە حاڵەتی تووشبوون بەم نەخۆشییە، زەردوویی یان زەردەیی دەگوترێت. لە ڕاستیدا ئەمە ھێمۆگلۆبین نییە کە لە شانەکاندا دەنیشێت بەڵکوو بیلیڕووبینە کە مادەیەکی ئەنجامی مێتابۆلیسمی ھێمۆگلۆبینە. ئەم مادەیە لە جەرگدا پێک دێت و لەڕێگەی ڕیخۆڵەکان و میزەوە لە لەش دەر دەکرێت.
زەردوویی لە منداڵانی ساوا
[دەستکاری]منداڵی ساوا (تازە-لەدایکبوو) ئەنزیمگەلی پێویست بۆ لەناوبردنی ھێمۆگلۆبینی نییە، بەم ھۆیە زەرد دەبێت، ئەم حاڵەتە ھەتا ھەفتەیەک دوای لەدایکبوون لەناو دەچێت بەڵام ئەگەر زۆرتر لەم ماوە بمێنێتەوە مەترسیدارە و دەتوانێت کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دۆخی تەندروستیی منداڵ ھەبێت و دەبێتە ھۆی چەندین حاڵەتی نەخۆشی و تەنانەت دەتوانێت مێشکی منداڵ خراپ بکات.
هۆکار
[دەستکاری]مرۆڤ بە هۆی چەشنێک لە سەرچاوەکان تووشی زەردوویی دەبێت. ئەمانەی لە خوارەوە دێن بەشێک لەو هۆکارانەن:
- ژمارەی ئەو خڕۆکە سوورانە کە وا لە جەرگدا لە ناو دەچێت زۆر بووبێت.
- جەرگ تووشی نەخۆشینی کەمکاری بووە یان شتێک بەری بە کاری ئاسایی ئەوی گرتبێت.
- بیلیڕووبین نەتوانێت بەجوانی لە کۆئەندامی هەرسەوە دەربچێت.
جیاوازیی زەردوویی و زەردەتا
[دەستکاری]زەردوویی زیاتر نیشانەیەکە بۆ نەخۆشی و کێشەکانی جگەر و خوێن... لە کاتێکدا زەردەتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و مێشوولەی تووشبوو بڵاوی دەکاتەوە. زەردەتا دەتوانێت مرۆڤ تووشی زەردوویی بکات، بەڵام هەموو زەردوویییەک پەیوەندیی بە زەردەتاوە نییە. لە ڕووی مێژوویییەوە، بە هۆی زەردیی نائاساییی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی زەردەتاوە، پزیشکەکان تێگەیشتنێکیان بۆ درووست بوو، کە ڕەنگە ئەم نەخۆشییە پەیوەندیی بە زەردوویییەوە هەبێت، بۆیە ناویان نا زەردەتا یان تای زەرد یان تاوی زەرد.[١] بە کورتی، زەردەتا ڤایرۆسە و زەردوویی نیشانەیەکی دەرەکییە.