زیندەپۆلیمەر
زیندەپۆلیمەرەکان پۆلیمەری سروشتین کە لەلایەن خانەکانی زیندەوەرانەوە بەرهەم دەهێنرێن. هاوشێوەی پۆلیمەرەکانی تر، زیندەپۆلیمەرەکان لە یەکەی مۆنۆمەر پێکدێن کە بە شێوەیەکی بەندی هاوبەش لە زنجیرەکاندا پێکەوە بەستراون بۆ پێکهێنانی گەردی گەورەتر. سێ پۆلی سەرەکی لە زیندەپۆلیمەرەکان هەن، کە پۆلێن دەکرێن بەپێی ئەو مۆنۆمەرانەی بەکارهاتوون و پێکهاتەی ئەو زیندەپۆلیمەرەی دروست بووە: پۆلینیوکلیۆتایدەکان (polynucleotides)، پۆلیپێپتایدەکان (polypeptides)، و پۆلیساکاریدەکان (polysaccharides). پۆلینیوکلیۆتایدەکانی وەکو RNA و DNA، پۆلیمەری درێژی نیوکلیۆتایدەکانن. پۆلیپێپتایدەکان پرۆتینەکان و پۆلیمەرە کورتەکانی ترشە ئەمینییەکان دەگرنەوە؛ هەندێک نموونەی سەرەکییان بریتین لە کۆلاجین، ئاکتین (actin)، و فایبرین (fibrin). پۆلیساکاریدەکان زنجیرەی هێڵی یان لقدارن لە کاربۆهیدراتە شەکرییەکان؛ نموونەکانیان بریتین لە نیشاستە، سێلولۆز، و ئەلجینەیت (alginate). نموونەکانی تری زیندەپۆلیمەرەکان بریتین لە لاستیکە سروشتییەکان (پۆلیمەری ئایزۆپرین)، سوبێرین و لیگنین (پۆلیمەری پۆلیفینۆلیکی ئاڵۆز)، کیوتین و کوتان (پۆلیمەری ئاڵۆزی ترشە چەورییە زنجیرە-درێژەکان)، میلانین، و پۆلیهایدرۆکسیئەلکانۆوەیتەکان (PHAs).
سەرباری چەندین ڕۆڵی بنەڕەتییان لە زیندەوەراندا، زیندەپۆلیمەرەکان بەکارهێنانیان لە زۆر بواردا هەیە لە نێویاندا پیشەسازیی خۆراک، بەرهەمهێنان، پێچانەوە و لەقوتوونان، و ئەندازیاریی پزیشکی-زیندەیی. [١]

زیندەپۆلیمەرەکان: گەورەگەردەکان (لە نێویاندا پرۆتین، ترشە ناوەکییەکان و پۆلیساکاریدەکان) کە لەلایەن زیندەوەرانەوە پێکهێنراون.[٢]
زیندەپۆلیمەرەکان بەرامبەر پۆلیمەرە دەستکردەکان
[دەستکاری]جیاوازییەکی سەرەکیی دیاریکەر لە نێوان زیندەپۆلیمەرەکان و پۆلیمەرە دەستکردەکاندا دەتوانرێت لە پێکهاتەیاندا بدۆزرێتەوە. هەموو پۆلیمەرەکان لە یەکەی دووبارەبووەوە پێکدێن کە پێیان دەوترێت مۆنۆمێر. زیندەپۆلیمەرەکان زۆرجار پێکهاتەیەکی دیاریکراویان هەیە، هەرچەندە ئەمە تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی نییە (بۆ نموونە: لیگنۆسێلولۆز): پێکهاتە کیمیاییە دروستەکە و ئەو ڕیزبەندییەی کە ئەم یەکانەی تێدا ڕێکخراون پێی دەوترێت پێکهاتەی سەرەتایی، لە حاڵەتی پرۆتینەکاندا. زۆرێک لە زیندەپۆلیمەرەکان بە شێوەیەکی خۆبەخۆ دەچەمێنەوە بۆ شێوەی چڕی تایبەتمەند (بڕوانە هەروەها "چەمانەوەی پرۆتین" و هەروەها پێکهاتەی دووەمەکی و پێکهاتەی سێیەمەکی)، کە فەرمانە زیندەیییەکانیان دیاری دەکەن و بە شێوەیەکی ئاڵۆز پشت بە پێکهاتە سەرەتاییەکانیان دەبەستن. زیندەزانیی پێکهاتەیی بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە پێکهاتەیییەکانی زیندەپۆلیمەرەکان. بە پێچەوانەوە، زۆربەی پۆلیمەرە دەستکردەکان پێکهاتەی زۆر سادەتر و هەڕەمەکیتر (یان ستۆکاستیک)یان هەیە. ئەم ڕاستییە دەبێتە هۆی دابەشبوونی بارستەی گەردیلەیی کە لە زیندەپۆلیمەرەکاندا بوونی نییە. لە ڕاستیدا، لەبەر ئەوەی دروستکردنیان کۆنترۆڵ دەکرێت لەلایەن پرۆسەیەکی ئاراستەکراو بە قاڵبەوە لە زۆربەی سیستەمەکانی ناو جەستەدا، هەموو زیندەپۆلیمەرەکانی یەک جۆر (بۆ نموونە یەک پرۆتینی دیاریکراو) هەموویان وەک یەکن: هەموویان ڕیزبەندی و ژمارەی مۆنۆمەری هاوشێوەیان هەیە و بەمجۆرە هەموویان هەمان بارستەیان هەیە. ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت تاک-پەرشبوون بە پێچەوانەی فرە-پەرشبوون کە لە پۆلیمەرە دەستکردەکاندا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. لە ئەنجامدا، زیندەپۆلیمەرەکان پەرشبوونیان یەکسانە بە ١. [٣]
ڕێساکان و ناونان
[دەستکاری]پۆلیپێپتایدەکان
[دەستکاری]ڕێسای باو بۆ پۆلیپێپتایدێک ئەوەیە کە پاشماوەکانی ترشە ئەمینییە پێکهێنەرەکانی ڕیزبکرێن وەک ئەوەی لە جەمسەری ئەمینییەوە بۆ جەمسەری ترشی کاربۆکسیلی ڕوودەدەن. پاشماوەکانی ترشە ئەمینییەکان هەمیشە بە بەندی پێپتایدی پێکەوە دەبەسترێن. پرۆتین، هەرچەندە لە زمانی ئاساییدا بۆ ئاماژەدان بە هەر پۆلیپێپتایدێک بەکاردێت، ئاماژەیە بۆ فۆرمە گەورەترەکان یان بەتەواوی کاراکان و دەکرێت لە چەندین زنجیرەی پۆلیپێپتایدی و هەروەها زنجیرەی تاکی پێکبێت. هەروەها دەکرێت پرۆتینەکان دەستکاری بکرێن بۆ لەخۆگرتنی پێکهاتەی نا-پێپتایدی، وەکو زنجیرە سەکەریدەکان و چەوریەکان. [٤]
ترشە ناوەکییەکان
[دەستکاری]ڕێسای باو بۆ زنجیرەیەکی ترشی ناوەکی ئەوەیە کە نیوکلیۆتایدەکان ڕیزبکرێن وەک ئەوەی لە کۆتایی 5'ەوە بۆ کۆتایی 3'ی زنجیرە پۆلیمەرەکە ڕوودەدەن، کە تێیدا 5' و 3' ئاماژەن بۆ ژمارەکردنی ئەو کاربۆنانەی دەوری ئەڵقەی ڕایبۆز (ribose ring) دەدەن کە بەشدارن لە پێکهێنانی بەستەرە فۆسفاتییە دایئێستەرییەکانی زنجیرەکەدا. بەم زنجیرەیە دەوترێت پێکهاتەی سەرەتایی زیندەپۆلیمەرەکە. [٥]
پۆلیسەکەرایدەکان
[دەستکاری]پۆلیسەکەرایدەکان (پۆلیمەری شەکرەکان) دەکرێت هێڵی یان لقدار بن و بەگشتی بە بەندی گلایکۆسیدی پێکەوە دەبەسترێن. شوێنی دروستی بەستنەوەکە دەکرێت بگۆڕێت، و ئاراستەی ئەو گرووپە فەرمانییانەی کە بەیەکەوە دەبەسترێن هەروەها گرنگە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەندە گلایکۆسیدییەکانی α- و β- لەگەڵ ژمارەکردن کە شوێنی کاربۆنە بەستراوەکان لە ئەڵقەکەدا دیاری دەکات. سەرباری ئەوەش، زۆرێک لە یەکە سەکەرایدەکان دەکرێت گۆڕانکاریی کیمیایی جۆراوجۆریان بەسەردا بێت، وەکو ئەمینکرن (amination)، و تەنانەت دەتوانن ببنە بەشێک لە گەردەکانی تر، وەکو گلایکۆپرۆتینەکان. [ژێدەر پێویستە]
دەستنیشانکردنی پێکهاتە
[دەستکاری]کۆمەڵێک تەکنیکی زیندەفیزیایی هەن بۆ دیاریکردنی زانیاریی زنجیرەکە. زنجیرەی پرۆتین دەتوانرێت دیاری بکرێت بە تێکشکاندنی ئێدمان (Edman degradation)، کە تێیدا پاشماوەکانی کۆتایی-N لە زنجیرەکەدا یەک بە یەک لادەبرێن بە شیکردنەوەی ئاوی، دەگۆڕدرێن، و پاشان دەستنیشان دەکرێن. هەروەها دەتوانرێت تەکنیکەکانی سپێکترۆمێتری بارستەیی بەکاربهێنرێن. زنجیرەی ترشی ناوەکی دەتوانرێت دیاری بکرێت بە بەکارهێنانی کارەباجیاکردنەوەی جێڵی (gel electrophoresis) و کارەباجیاکردنەوەی موویین (capillary electrophoresis). لە کۆتاییدا، تایبەتمەندییە میکانیکییەکانی ئەم زیندەپۆلیمەرانە زۆرجار دەتوانرێت بپێورێن بە بەکارهێنانی موکێشی بینایی (optical tweezers) یان مایکرۆسکۆپی هێزی ئەتۆمی (atomic force microscopy). ئینتەرفیرۆمێتری جەمسەرگیریی دوانی (Dual-polarization interferometry) دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پێوانەکردنی گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان یان خۆ-ڕێکخستنی ئەم ماددانە کاتێک هاندەدرێن بە pH، پلەی گەرمی، هێزی ئایۆنی یان هاوبەشەکانی تری بەستنەوە. [٦]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Aksakal، R.؛ Mertens، C.؛ Soete، M.؛ Badi، N.؛ Du Prez، F. (٢٠٢١). «Applications of Discrete Synthetic Macromolecules in Life and Materials Science: Recent and Future Trends». Advanced Science. ٢٠٢١ (2004038): ١–٢٢. Bibcode:٢٠٢١AdvSc...٨٠٤٠٣٨A. doi:١٠.١٠٠٢/advs.٢٠٢٠٠٤٠٣٨. PMC ٧٩٦٧٠٦٠. PMID ٣٣٧٤٧٧٤٩.
{{cite journal}}:|bibcode=length بپشکنە (یارمەتی) - ↑ «biopolymers». Gold Book. IUPAC. ٢٠١٤. doi:١٠.١٣٥١/goldbook.B٠٠٦٦١. لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ ھێنراوە. ھەڵەی ژێدەرەکان: پارامەتری نادروستی نێو تاگی
<ref> - ↑ Stupp, S.I and Braun, P.V., "Role of Proteins in Microstructural Control: Biomaterials, Ceramics & Semiconductors", Science, Vol. 277, p. 1242 (1997)
- ↑ O'Lenick، Anthony؛ Jr.؛ LLC، Siltech (٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠). «Comparatively Speaking: Proteins vs. DNA vs. Sugars». Cosmetics & Toiletries (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ Minchin، Steve؛ Lodge، Julia (١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩). «Understanding biochemistry: structure and function of nucleic acids». Essays in Biochemistry. ٦٣ (4): ٤٣٣–٤٥٦. doi:١٠.١٠٤٢/EBC٢٠١٨٠٠٣٨. ISSN ١٧٤٤-١٣٥٨. PMC ٦٨٢٢٠١٨. PMID ٣١٦٥٢٣١٤.
- ↑ Sauer، Sascha؛ Reinhardt، Richard؛ Lehrach، Hans؛ Gut، Ivo G. (تشرینی دووەمی ٢٠٠٦). «Single-nucleotide polymorphisms: analysis by mass spectrometry». Nature Protocols (بە ئینگلیزی). ١ (4): ١٧٦١–١٧٧١. doi:١٠.١٠٣٨/nprot.٢٠٠٦.٢٥٧. ISSN ١٧٥٠-٢٧٩٩.
{{cite journal}}:|hdl-access=پێویستی بە|hdl=ھەیە (یارمەتی)
بەستەری دەرەکی
[دەستکاری]- NNFCC: سەنتەری نیشتمانی بەریتانیا بۆ وزە و سووتەمەنی و کەرەستەی نوێبووەوەی بایۆلۆجی
- گۆڤاری بایۆپلاستیک
- گروپی بایۆپۆلیمر
- چییە بایۆپلاستیک دەواسێت؟