بۆ ناوەڕۆک بازبدە

زینایدا پۆرتنۆڤا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
زینایدا پۆرتنۆڤا

پۆرتنۆڤا لەسەر مۆرێکی ساڵی ١٩٧٨ی سۆڤیەت
لەدایکبوون (١٩٢٦-0٢-٢٠) ٢٠ی شوباتی ١٩٢٦
مەرگ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٤(١٩٤٤-٠١-١٥) (١٧ ساڵ ژیاوە)
Pioneers pin rs پێشەنگە گەنجەکانی سۆڤیەت
خەڵاتەکانHero of the Soviet Union award. پاڵەوانی یەکێتیی سۆڤیەت
Order of Lenin نیشانی لێنین

زنایدا مارتینۆڤنا پۆرتنۆڤا (بە ڕووسی: Зинаида Мартыновна Портнова؛ ٢٠ی شوباتی ١٩٢٦ – ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٤) پارتیزانێکی سۆڤیەت و پاڵەوانێکی شەھیدیی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. ئەو بە تەخریب و تێکدانی کارەکان و ژەھراویکردنی سەربازانی ئەڵمانیا ناسراوە لە ماوەی شەڕی جیھانیی دووەمدا پێش ئەوەی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستگیر بکرێت و ئەشکەنجە بدرێت و دواتر بکوژرێت.

ژیاننامە

[دەستکاری]

پۆرتنۆڤا لە ٢٠ی شوباتی ١٩٢٦ لە شاری لێنینگراد لەدایک بووە، کچی خێزانێکی چینی کرێکاری بیلاڕووسی بووە. باوکی لە کارگەی کیرۆڤ کاری دەکرد. ئەو خوێندکاری پۆلی حەوتەم بوو لە قوتابخانەی ٣٨٥ـەم لە شاری لینینگراد لە ساڵی ١٩٤١،[١] کاتێک بەرەو ماڵی داپیرەی لە ناوچەی ڤیتێبسک بەڕێکەوت. زۆری نەخایاند ئەڵمانیای نازی ھێرشی کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت.[٢] لە کاتی ڕووداوێکی ئەودا لەگەڵ سەربازە داگیرکەرەکانی نازی، لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵەکانی داپیرەی لەلایەن ئەڵمانییەکان، وای لە پۆرتنۆڤا کرد ڕقێکی زۆری بەرامبەر ئەڵمانییەکان ھەبێت.[٣]

لە ساڵی ١٩٤٢، پۆرتنۆڤا پەیوەندیی بە بزووتنەوەی بەرخۆدانی بیلاڕووسەوە کرد، بووە ئەندامی ڕێکخراوی ژێرزەمینیی ناوخۆیی کۆمسۆمۆڵ لە ئۆبۆڵ، لە ھەرێمی ڤیتێبسک، بە ناوی تۆڵەسەندنەوەی گەنجان.[٢] سەرەتا بە دابەشکردنی کاغەزەکانی پڕوپاگەندەی سۆڤیەت لە بیلاڕووسی داگیرکراو لەلایەن ئەڵمانیاوە دەستی پێکرد، لەگەڵ کۆکردنەوە و شاردنەوەی چەک بۆ سەربازانی سۆڤیەت و ھەروەھا ڕاپۆرتدان لەسەر جووڵەی سەربازانی ئەڵمانیا. دوای ئەوەی لەلایەن ئەندامە بەتەمەنەکانی گرووپەکەوە فێری بەکارھێنانی چەک و تەقەمەنی بوو، پۆرتنۆڤا بەشداریی کرد لە چاڵاکییە تێکدەرەکان لە پاڵاوگەیێک و وێستگەیەکی کارەبای ناوخۆیی و کارگەیەکی خشت.[٣][١] ئەم کردەوانەی مەزەندە دەکرێت کە بووبێتە ھۆی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ سەربازی ئەڵمانی.[١]

لە ساڵی ١٩٤٣ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا پۆرتنۆڤا وەک یاریدەدەری چێشتخانە لە ئۆبۆڵ لەلای نازییەکان دامەزرا. لە مانگی ئابدا لە کاتی ئامادەکردنی چێشت، ئەو ئەو خواردنەی ژەھراوی کرد کە بۆ ئەو سەربازە نازییانەی ناو سەربازگەکە بوو. دواتر پاش ئامادەکردنی چێشتەکە یەکسەر کەوتە ژێر گومانەوە لەلایەن نازییەکان، ھەربۆیە گوتی کە بێتاوانە و تەنانەت بەشێک لە خواردنە ژەھراوییەکەیشی لەبەردەم نازییەکان خواردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە بێتاوانە و خواردنەکە ژەھراوی نەبووە؛ دوای ئەوە یەکسەر نەخۆش نەکەوت. دوای ئەوە پۆرتنۆڤا نەخۆش کەوت و ڕشانەوەیەکی تووندی ھەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا دوای خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە سزک لە ژەھرەکە چاک ببووەوە. دوای ئەوەی نەگەڕایەوە سەر کارەکەی، ئەڵمانییەکان زانیان کە ئەو تاوانبار بووە و دەستیان کرد بە گەڕان بەدوایدا. بۆ ئەوەی لە ئەڵمانییەکان دوور بکەوێتەوە، بوو بە دێدەوانی ئەو یەکە پارتیزانییەی کە بە ناوی کلیمنت ڤۆرۆشیلۆڤەوە ناونراوە.[٢] لە نامەیەکدا کە لەو مانگەدا بۆ دایک و باوکی ناردبووی لە لینینگرادی گەمارۆدراو، نووسیویەتی کە «لە مەفرەزەیەکی پارتیزانیدایە. ئێمە پێکەوە لەگەڵ ئێوەدا، داگیرکەرانی نازی لەناودەبەین».[٤][١] لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٣، پۆرتنۆڤا پەیوەندیی بە VLKSM (کە ڕێکخراوێکی گەنجانی سۆڤیەت بوو) کرد.[٢]

لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٣ یان کانوونی دووەمی ١٩٤٤، پۆرتنۆڤا ڕەوانەی ئۆبۆڵ کرایەوە بۆ ئەوەی دزە بکاتە ناو سەربازگەکە، وە ھۆکاری شکستەکانی ئەندامە گەنجەکانی پێشوو بدۆزێتەوە،[١] پاشان شوێنی ئەو ئەندامانەی کە ماونەتەوە بدۆزنەوە و پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڵام بە خێرایی دەستگیرکرا. ڕاپۆرتەکانی ھەڵھاتنەکەی جیاوازن. یەکێکیان ئەوەیە، لە کاتی لێپرسینەوەی گێستاپۆ لە گوندی گۆریانی، دەمانچەی لێکۆڵەرەکەی لە کاتی لێپرسینەوەکەدا لەسەر مێزەکە برد، پاشان تەقەی لە لێکۆڵەرەکە کرد و کوشتی. کاتێک دوو سەربازی ئەڵمانی دوای بیستنی تەقەکردن چوونە ژوورەوە، تەقەی لەوانیش کرد و ئەوانیشی کوشت. پاشان ھەوڵیدا لە بنکە سەربازییەکە ھەڵبێت و ڕایکردە ناو دارستانەکان، لەوێ لە نزیک کەناری ڕووبارێکدا گیرا.[٣]

ڕاپۆرتەکانیی دیکە ئەوەیە کە لێکۆڵەرەکەی گێستاپۆ بە توڕەیییەوە دەمانچەکەی فڕێداوەتە سەر مێزەکە دوای ئەوەی ھەڕەشەی تەقەکردنی لێکردووە. پۆرتنۆڤا بە ھەڵگرتنی دەمانچەکە تەقەی لێکرد. لە دەرگاکە ھەڵھات و لە ھۆڵەکەدا تەقەی لە پاسەوانێک کرد، پاشان پاسەوانێکی دیکەش لە حەوشەکەدا. دوای ئەوەی دەمانچەکە بە ھەڵە تەقەی کرد کاتێک پۆرتنۆڤا ھەوڵیدا تەقە لە پاسەوانێک بکات کە ڕێگریی لە چوونە ژوورەوەی بۆ سەر شەقامەکە کردبوو، دەستگیرکرا.[١]

دوای ئەوەی پۆرتنۆڤا گیرایەوە، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ئەشکەنجە درا، لەوانەیە بۆ درکاندنی زانیارییەکان بێت.[١] دواتر لەسێدارەدرا[٣] یان لە کاتی ئەشکەنجەداندا گیانی لەدەستدا، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٤.[١]

میرات

[دەستکاری]

لە ١ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨، پۆرتنۆڤا دوای مردنی، لەلایەن سەرۆکایەتیی باڵای سۆڤیەتەوە وەک پاڵەوانی یەکێتیی سۆڤیەت ناسێندرا. ھەروەھا نیشانی لێنینی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٦٩ گوندی زوویا بۆ ڕێزلێنان تابلۆیەکی یادەوەرییان بۆی تەرخان کرد.[٢] ھەروەھا چەندین گرووپ و ڕێکخراوی گەنجان ھەبوو کە وەکوو ڕێزێک بە ناوی ئەوەوە کران.[٣]

چەندین تیم و گرووپی قوتابخانەش بە ناوی ئەوەوە ناونران، لەوانەش قوتابخانەیەک لە سانت پترسبۆرگ (لێنینگراد). ھەروەھا مۆزەخانەیەکیشی ھەبوو لە کۆمسۆمۆڵ، کە دەکەوێتە سەر ڕێگای خێرا لە نێوان پۆلۆتسک و ڤیتێبسک. لەسەرووی ئەمەشەوە دوو مۆنیۆمێنت ھەیە کە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە، ھەوروەھا سەرە پەیکەرێک لە مینسک و ئابلیسکێکیش (جۆرێکە لە مۆنیۆمێنت) لە گوندی ئۆبۆڵ.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 4 5 6 7 8 Galinsky, Hero.
  2. 1 2 3 4 5 6 Ufarkin.
  3. 1 2 3 4 5 Sakaida 2003.
  4. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری "A" نەدراوە

کتێبنامە

[دەستکاری]
  • Galinsky, Anna. «Герой Советского Союза: ПОРТНОВА ЗИНАИДА МАРТЫНОВНА» [Hero of the Soviet Union: Portnova Zinaida Martinovna]. Belarusian State Museum of the Great Patriotic War. لە ڕەسەنەکە لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠١١ ھێنراوە..
  • Sakaida، Henry (٢٠٠٣). Heroines of the Soviet Union 1941-45. Oxford: Osprey. ژپنک ٩٧٨-١-٨٤١٧٦-٥٩٨-٣.[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  • Ufarkin, Nikolai. «Портнова Зинаида Мартыновна» [Portnova Zinaida Martinovna]. warheroes.ru. لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠١١ ھێنراوە.
  • Лыков، Вениамин (٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥). «Мама, мы в партизанском отряде. Бьём немецко-фашистских оккупантов» (بە ڕووسی). لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.

بەستەری دەرەکی

[دەستکاری]

میدیای پەیوەندیدار بە Zinaida Portnova لە ویکیمیدیا کۆمنز