زمانی فارسی لە باشووری کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

زمانی فارسی لە باشووری کوردستان پێشینەیەکی تا ڕادەیەک درێژی ھەیە. لە سەردەمی ساسانیدا دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی فارسەکاندا بووە و زمانی دامودەزگاکانی دەوڵەت پەھلەوی بووە. زمانی پەھلەوی یەکێکە لە زمانە ئێرانییەکانی قۆناغی ناوەڕاست کە خۆی دوو لق بووە. پەھلەویی ئەشکانی و پەھلەویی ساسانی.

زمانی کوردی بە لقێک لە پەھلەویی ئەشکانی و زمانی فارسی بە لقێک لە پەھلەویی ساسانی ھەژمار کراوە. بێگومان ئەو دوو زمانە لە قۆناغی کۆنتریشدا ڕیشەی جیاوازیان ھەبووە. بەم پێیە، پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و فارسی بۆ چاخە زۆر کۆنەکان دەگەڕێتەوە و ئەوە ڕاست نییە کە یەکێک لەو دوو زمانە لقی ئەوی تر بێت.

وێڕای ئەوەی ئەو دوو زمانە خزمایەتییان ھەیە، بەڵام بەردەوام دەسەڵاتدارانی فارس لە ھەوڵی سڕینەوەی زمانی کوردیدا بوون و ھەوڵی ئەوەیان داوە زمانی فارسی بسەپێنن بەسەر کورددا.

لە دوای قۆناغی ساسانی، ماوەی چەند سەدەیەک زمانی فارسی دەسەڵاتی بەسەر زمانی کوردیدا نەما، بەڵام پاش ھاتنی تورکە سەلجووقییەکان و لەڕێگەی ئەوانەوە زمانی فارسی دووبارە لە کوردستاندا کاریگەریی پەیدا کردەوە لەسەر زمانی کوردی.

پاش سەلجووقییەکان، دەوڵەتی سەفەوی زۆرترین کاریگەریی لەسەر کوردەکان ھەبووە و لە ھەوڵی بەشیعەکردنی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەی ئاینی و مەزھەبی و زمان و کولتووری ھەموو گەلانی ناوچەکەدا بووە.

پاش قۆناغی سەفەوی، قاجاڕەکان ھەمیشە بە چاوی دوژمنەوە سەیری کوردیان کردووە، بەڵام بەداخەوە، لە سەردەمی قاجاردا کوردەکان زۆرترین بەرھەمی خۆیان بە زمانی فارسی نووسیوە، بەبێ ئەوەی فارسەژان ھیچ بەھایەکی بۆ دابنێن و تا ئێستاش لە ئاستێکی ھەرە نزمیشدا گرنگی بەو بەرھەمە فارسییانە نادرێت کە کوردەکان نووسیویانە.

لە سەردەمی نوێدا، دەوڵەتی ئێران ھەموو ھەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ سەپاندنی کولتوور، ناسنامە، زمان و دەسەڵاتی خۆی لە باشووری کوردستان و بەھۆی لاوازیی کەسایەتیی ھەندێک کەسیشەوە ئەو پڕۆژەیە بەتەواوی سەرکەوتوو بووە. بەشێک لەو کەسانەی کە گرێی خۆبەکەمزانینیان ھەیە، شانازی بەوەوە دەکەن کە وشەی فارسی لە قسە و نووسینەکانیاندا بەکار بھێنن و شیعری فارسی بکەن بە بەڵگە و پاڵپشتی قسەکانیان.

ئەم ھەڵمەتی داگیرکارییە نوێیە وای لە ھەندێک لە لاوانی کورد کردووە بە چاوی سووکەوە لەو کەسانە بڕوانن کە زمانی خاوێنی خۆیان بە زمانی فارسی دەشێوێنن و کاردانەوەی جۆراوجۆریان بەرامبەر ئەم کارە ھەبووە.

یەکێک لەو کاردانەوانە شیعرێکی ھەجووە، بەناوی بەیتی دەستغەیب کە نووسەرەکەی نەناسراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.

دەقی ھەجووەکە: بەیتی دەستغەیب[١]

سڵاو ھاوڕێیان ئەم کاتەتان باش

گشتتان پیر و جوان ھەم ورد و ھەراش

خۆتان حازر کەن، واز لە ئیش بینن

سەرو تەشت ناوکەی[a] جوان ببرژێنن

میوە حازر کەن لە ھەموو تەرزێ

لە خەرجی و پارە دەستان نەلەرزێ

سەماوەر پێ کەن بۆ چای خەسوخۆڵ

دەی ڕامەوەستن، خێرا گورجوگۆڵ!

مێوژ و کاکڵەگوێز، بادام و فستق

ئەنواع شەوچەرە و برێشکە و بندق

جا بیتەقێنن گەنمەکەی شامی

لە منت نەکەوێ، دەی کەسی مامی!

بالیف بھێنن، شانی لێ دادەن

تاوێ خەفەتی دڵتان بەبا دەن

یان بۆی ڕاکشێن لەسەر گازی پشت

مۆبایلەکانتان بگرنە ناو مشت

دێمە سەر باسی بەیتی دەستغەیب

لاواز بوو لاتان لێی مەگرن عەیب

***

ھەتیوێ ھەبوو لە کوردەواری

خوێڕی و بەئاڵۆش وەکوو [b]

پووشت[c] و بێقیمەت سووک و چەکەڕۆ[d]

پاشەڵ ھەڵچڕیاو، خوا پەنا بە تۆ

فیعلی قۆڕ نەما خۆی لێ تێر نەکا

نێرەوەس[e] نەما بە خۆی فێر نەکا

دز و دوودەکی، قەوتە[f] و گیرفانبڕ

بۆ زۆردار حیزەڵ، بۆ لاواز ملھوڕ

بینیی کە عیرفان بازاڕی گەرمە

دەمی تێ نەخا زۆر لەلای شەرمە

خۆی تێ فڕێ دا بەبێ یەک و دوو

لە بیری نەما سەبرێک و دوو فوو

بە شەو و ڕۆژێ بوو بە عیرفانی

تۆژەر و پسپۆڕ، غەوسی ڕەببانی

ھەزار فەیلەسووف، دوو ھەزار زانا

گەلۆر بوون لەلای، خۆی زانا و دانا

کەوتە شرۆڤەی حاڵ و مەقامات

خەرقی عادەت و کەشف و کەرامات

ھەر وا لە پەستا فووی لە خۆی دەکرد

لەسەر گشت باسێ گفتوگۆی دەکرد

ھەر بە فیک و فاک، کاتێکی زانی

قوتبی زەمانە و بازەڵلای سانی[g]

ئەوتاد و ئەبدال لەگەڵ نوجەبا

لەلای نۆکەر بوون، ھەر وەک نوقەبا[h]

***

عیرفان چ عیرفان؟ قسە و قوونبادان

نەک سەر لە پێشی پێ لە ڕێ دانان

نەک مردن بەر لە کاتی گیانکێشان

نەک ڕیشەی نەفسی بەدکار ھەڵکێشان

نەک دەسنوێژگرتن بە خوێناوی گەش

پشتکردنە دونیا و حەق گرتنە باوەش

***

ئۆقرەی لێ بڕا، خێرا بە سووکی

ڕووی نا لە دکتۆر کەمال کەرکووکی

گوتی: دەخیلە دەسم داوێنت!

فێرم کە فارسیی جوان و خاوێنت

لەپاش فێربوونی فارسیی کەمالی

وەلای نا زیکری (مولی الموالي)

بۆ خۆنواندن، بۆ بازاڕگەرمی

دەیشیعراند خۆش خۆش بە نەزمی نەرمی

ئەدەب و ھونەر، شیعری عیرفانی

بە لەبزی فارسی، لەھجەی تارانی

بێ کۆکردن[i] لە جوان و مووچەرموو

لە گشت جێگایەک دایم دەیفەرموو:

شیعری عیرفانی بە فارسی خۆشە

بە زمانی تر پووچ و بێجۆشە

کوردی، فەڕەنگی، تورکی و عارەبی

بێبەر و تاڵن وەکو دارەبی

ئیبن عەرەبی و عەتای سکەندەر

ئیبن فاریز و ئەولیای ئەکبەر

گشتیان بە قوربان لەفزی عەجەمیی

ئاغا ماشەڵڵا، قوربانی دەمی

نەقشی و قادری، تیجانی و چەشتی

گشتیان بە قوربان گەووادێ ڕەشتی

شێخ عەبدولقادر! ئەی بازی ئەشھەب!

پێشکەش بە خۆت بێ مەقام و ئەدەب

خۆ بەوە نابێ پێت ئێژن غەوسی

دەتکەم بە قوربان حیشمەت فیردەوسی

تێگەیشتی؟ خاسە نەگەیشتی بە توون

تۆش پێ مەکەنە جەرگم بوو بە خوون!

نیففەری خۆی و عیرفان و دینی

دەیکەم بە قوربان ئاغای قەزوینی

ھەرچی فارسی بێ عەینی عیرفانە

ئێران عیرفانە، عیرفان ئێرانە

بە سەری بلە و حەلاو و زێنێ

تڕین بە فارسی سەد زیکر دێنێ

زەڕین بە فارسی خۆش و بێزەڕە

چیی فارسی نەبێ پووچ و بێفەڕە

وەڕین بە فارسی گوناھ وەرینە

فارسی شەکەر و شیر و ھەنگوینە

***

خۆلاسەی کەلام، بە ڕەقس و تەرەب

بۆ چوونە ئێران خۆش ھاتە تەڵەب[j]

بە ھەناسەی سارد، بە جەرگی سووتاو

دەستی کرد بە خڕکردنەوەی دراو

چوو بۆ کەسابەت بەبێ مەعاشی

تاوێ بە باشی، تاوێ بە پاشی

گردی کردەوە پارەی سەفەری

ملی ڕێگەی گرت بە نێرەکەری

ڤیزای وەرگرت و تفاقی کڕی

بلیتی پاسی تارانی بڕی

سووراوی سواخ دا بە لمۆزەوە

سوار بوو لە ماشێن ھەر بە پۆزەوە

گەیشتنە سنوور دایان بەزاندن

بۆ مۆرلێدان و ڕیان و خواردن

یەکەم نووسینی فارسیی چاو پێ کەوت

وشکی ھەڵگێڕا، وەستاندی لە ڕەوت

وا تاسا بە دیار ئەو نووسینەوە

ڕاما بە چاوی پڕ ئەسرینەوە

دەتگوت پەیکەرە و گیانی کێشراوە

بۆ زانینی ئەو تاقە نووسراوە

پاش ساتێ ڕامان، بە سووڕمانەوە

دەستی ھەڵبڕی بۆ پاڕانەوە:

یاڕەببی ھەر خۆت بگەی بە فریام!

ڕێگەم نیشان دەی ھەرچەندە وریام!

تۆ بێژی ئەمە قەبری کۆرش بێ؟

یا مۆزە خانە، یا جێی خۆرش بێ؟

مەزارگەی کیسرای عالی مەقامە؟

یا جێی خواردنی چێشتی بەتامە؟

(سرویسْ بھداشتی) چییە؟ نازانم

بۆ دکتۆر کەمال تێی نەگەیانم؟

ئارامی نەما و سەری پێدا کرد

کە چوو تێ گەیی، خێرا، دەستوبرد

زانیی ئاودەستە، جێگەی ڕیانە

بێچاوێنی بێ! وەی چەندە جوانە!

ڕیان بە فارسی عەینی عیرفانە

لەعنەت لەو گووەی خۆمان ھەمانە

پاش تێربوون لەوێ ئەو بەڵەکچاوە

بینیی ئوتوبووس لەڕێی وەستاوە

سوار بۆوە دیسان بە خۆشی خۆشی

ملی ڕێگەی گرت زۆر بە پەرۆشی

***

گشت ئێران گەڕا درشت و وردی

بۆ ھەر کوێ شەماڵ لەگەڵ خۆی بردی

بۆ جێنزرگەی زۆر و ھەمەجۆر

بەتایبەت ئیمامزادە تراکتۆر

جەزیرەی قشم تا بەندەر عەباس

ڕامسەر و چالووس گەڕا عام و خاس

تەورێز و مەشھەد، کیش و ئەسفەھان

ئنجا بۆ قەزوین، پاش چوونە تاران

بۆ ھەرکوێ دەچوو قۆڵیان دەبڕی

ئەویش بە حسابی عیرفان دەیخوڕی

دەیفەرموو: قەزوین سەرچاوەی نوورە

بۆ ئەھلی عیرفان چوونی زەروورە

***

ھەر گەیشتە قەزوین پێی نایە زەوی

زرتە زەلامێ سوورەی ملقەوی

زریکەی ھەڵساند لە بنی ڕانی

لەسەر بنەمای فتوای عیرفانی

خۆی تەکاند، ھەستا بە ھەنگڵەشەلە[k]

خۆی ون کرد لەوێ گورج و بەپەلە

سواری تەکسی بوو بۆ جەرگەی بازار

لەگەڵ شۆفێرێ لووت دەسکە دەستاڕ

شۆفێر جاروبار گێڕی دەگۆڕی

دەستی ھەڵدەسوو لە گەڵی شۆڕی

کەیفی دەھات بەم جۆرە عیرفانە

عیرفانی قەزوین بە کەم مەزانە!

گەیشتە بازاڕ لەناو ئاپۆرە

بینیی قەزوینی وەک زەنگەزۆرە[l]

لێی گرد بوونەوە لە ھەر چوار تەرەف

وەک ھیچ نەدیتە کردیان بە ھەدەف

مەشتی و کەبلایی[m] عارف و حاجی

وەک فەردە پەموو کردیان ھەلاجی

ھێزی پێی نەما بۆ گەشت و گەڕان

ئەستێرەی بینی لە حەوتەم ئاسمان

ئەمجاوەکوونێ ھەستا بەو تەرزە

بە زەحمەتی زۆر، بە لنگەلەرزە

لەدووی نەدەھات لنگی بەڕەوشی[n]

دیتی پساوە قەیتانی کەوشی

بۆ بەستنەوەی داھاتە زەوی

ئەونەی نەزانی یەکێ لێی نەوی

یەکێ لێی نەوی، چاوی سپی بوو

یا ئەلی مەدەد، ئەو زەبرە چی بوو؟

ڕای کرد لەو ناوە کلکی نایە کۆڵ

چوو بۆ کۆڵانێ خاڵی و چۆڵ و ھۆڵ

ھەم نووشتایەوە، قەیتانی بەستا

ئەمجاریش چزە لە پاشی ھەستا

ڕوانیی بۆ چواردەور بێ حەد و عەدەد

کەس دیار نییە، یا ئەلی مەدەد!

سەری ھەڵبڕی بێ شوبھە و ڕەیب

بینیی نووسراوە کووچەی دەستغەیب

ئنجا تێ گەیی دەستێکی غەیبی

پەنجەی خنیوە لە شوێنی عەیبی

زۆر باش تێ گەیی کامە عیرفانە

عیرفان لە نێوان جووتێ کەوانە (   )

***

ھاتەوە ئەمجار بۆ وڵاتی خۆ

تا لەسەر عیرفان بکا گفتوگۆ

ئێوارەی شیعری و کۆڕ و سیمینار

بگێڕێ بە گوڕ نەک جارێ، سەد جار

ئنجا بەرنامەی تەلەفیزۆنی

بە پۆز و فیز و بە گرژ و مۆنی

لێی کۆ بوونەوە ھەتیو و چەتیو

بۆرەزەلامی وەحشی و دۆنەدیو

زۆر بە تاسووخی[o] کەوتنە دووانی

بۆ باس و خواسی خۆشی عیرفانی

ئەحە و خولە گێژ لەگەڵ پوور گوڵچین

مچە ژنانی و میمکە گوڵجەمین

بانگیان کرد بە کوڵ بۆ باسی عیرفان

فەرموویان لێ کرد بۆ قسەی جوان جوان

بە سام و ھەیبەت چووە سەر شانۆ

خوای بان سەر ھەر وێش مزانۆ[p]

دەس نیا وە بان مێز و تریبۆن

تاقی مەکەردش دەنگ میکرۆفۆن[q]

پەی فشەکەری ئارامش نەمەند[r]

ئەفلاتوون کێیە؟ گوێدرێژی وە چەند؟

بە نووکی پەنجە عەینەکی بزواند

بە دۆشاومژە ژێرچەنەی خوراند

قوڕگی بۆ ساف کرد ھەر بە پۆزەوە

بە ھاژ و ھووژ و تەپوتۆزەوە

بە شیعری فارسی و گوێگری کوردی

کۆڕی گەرم کرد بە ملی وردی

خوێندیەوە چەند بەیت شیعری تەتەلوو[s]

مەجلیس بە جارێ بوو بە حا و حوو

چەند جارێک وتی دکتۆر ئەنووشە

زۆر جوان ئەفەرموێ ناسک وەک شووشە

لەبیری مەکەن ئاغای پڕفسۆر

یەعنی سەمیعی جەڕڕاح و دکتۆر

وتەی جوانی ھەس، عیرفانیی تایبەت

گشتی دەوایە بۆ دەردی ئوممەت

کۆرشی مەزن پادشا و ئەمیر

ڕەزا شای بەکیـ... (ببوورن) کەبیر

گشتیان عارف بوون بێ قۆرت و گرێ

کێ دەڵێ وا نییە، بیکەنە دەرێ

ناوی مەولانای ئەوەندە ھێنا

خەریک بوو لە قەبرەکەی بێتە دەرەوە و دوو تف بکاتە ناو چاوی.

ڕەخنەی لێ مەگرن لە کێش و سەروام

بە دەس خۆم نییە تووڕەم کەن ھەر وام

دەیگوت حەشیش و کراک و شیشە

ئەسڵی عیرفانە، بیکەن بە پیشە

مۆرفین و سووختە، ھێرۆیین، شیرە

گشتی زاراوەی ئەھلی مەسیرە

لێیان دەپرسی: زانای بلیمەت!

عیرفان چلۆنە؟ بێژە بێزەحمەت

خڕە، درێژە، یاخود سێگۆشە؟

ھەر با بزانین زۆرمان پێ خۆشە

ئەویش دەیفەرموو: خوشک و برایان!

ئیختیلاف ھەیە لەنێو زانایان

ھێندێکیان دەڵێن باریک و تێژە

تاقمێ دەفەرموون بستێ درێژە

بەڵام گوێ بگرن با ڕای خۆم بێژم

جوان دڵ بدەنە دەم و ڕاوێژم

ئەوەی من دەیڵێم (علم الیقین)ە

تەجروبەی خۆمە، لەلام شیرینە

دەبێ باسی کەم چارم ناچارە

عیرفان بەچێژ و خۆش و لەبارە

بە چاو نایبینی، بە پاش دەیچێژی

چیتان داوە لە کورتی و درێژی

کووچەی دەستغەیب ئەرزی مەوعوودە

بۆ خەرقی عادات جێیە بەسوودە

لەبیرتان نەچێ چوون بۆ زیارەت

سەری لێ بدەن بیکەن بە عادەت

پاش تەواوبوونی کۆڕی بەتامی

بە فارسی دوایی ھێنا کەلامی

پێکڕا جەماعەت لە پیاو و لە ژن

بەڵێنیان پێ دا بە فارسی بتڕن

بەم چەشنە گشتیان بوون بە عیرفانی

عیرفانی فارسیی ئەسڵی ئێرانی

کۆڕیان بەجێ ھێشت کەوتنە میاوە میاو

تاقەتم نەما، چیرۆکیش تەواو

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ گوڵەبەڕۆژە.
  2. ^ نووسەرێکی ئیسرائیلییە، خاوەنی چەند کتێبێکە.
  3. ^ سووک و والێکراو.
  4. ^ کەسێکە کە پێڵاوەکانی دەکات بەسەر پێوە.
  5. ^ نێرینە.
  6. ^ بەلاشخۆر، حازرخۆری بەر سێبەر، کەسێک کە لەسەر گیرفانی خەڵک دەلەوەڕێت.
  7. ^ بازەڵڵای دووەم. بازەڵڵا نازناوی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە.
  8. ^ قوتب، ئەوتاد، ئەبدال، نوجەبا و نوقەبا. زاراوەی عیرفانین. لای ئەوان پیاوچاکان لە یەکێک لەو ئاستانەدان و بەرزترین پلە قوتبە کە لە ھەموو سەردەمێکدا ھەر تەنھا یەک کەسە لە ھەموو دونیادا.
  9. ^ سڵ کردنەوە.
  10. ^ داوا، خواستن. ھەروەھا ئارەزووی جووتبوون لە وڵاخی بەرزەدا، وەک ماکەر و ماین پێی دەگوترێت ھاتنەتەڵەب.
  11. ^ ڕۆیشتن بە شەلەشەل.
  12. ^ زەردەواڵە، ژەنگەسوورە.
  13. ^ مەشتی: بە کەسێک دەڵێن زیارەتی مەشھەدی کردبێت. کەبلایی: کەسێک کە زیارەتی کەربەلای کردبیت.
  14. ^ جوان، خێرا.
  15. ^ بە تامەزرۆیی.
  16. ^ خوای بانی سەر ھەر خۆی دەزانێ.
  17. ^ دەستی نایە سەر مێزی وتاربێژی، تاقیی دەکردەوە دەنگی مایکرۆفۆن.
  18. ^ ئارامی نەما بۆ فشەکەری.
  19. ^ گۆرانیبێژێکی ڕاپی فارسە.
  1. ^ https://willatikurdewari.blogspot.com/2021/08/blog-post.html. Missing or empty |title= (help)