زمانی سویفت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زمانی سویفت (بە ئینگلیزی: Swift) له‌ ساڵی 2014 له‌ لایه‌ن كۆمپانیای Apple دروستکراوە و و به‌رده‌وام گه‌شه‌ی پێ ده‌درێت.

به‌ تایبه‌تی بۆ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی هه‌ریه‌ک لە ئەپی له‌ سیسته‌مه‌كانی: iOS, macOS, watchOS, tvOS.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ وایكرد ئه‌پڵ زمانه‌كه‌ گەشە پێبدات، بۆ جێگرتنه‌وه‌ی زمانی Objective-C بوو كه‌ پێشتر له‌ لایه‌ن ئه‌پڵه‌وه‌ به‌كار ده‌هات.

سویفت هه‌ر تایبه‌ت نییه‌ به‌ په‌ره‌پێدانی سیسته‌مه‌كانی ئه‌پڵ به‌ ته‌نها، به‌ڵكو زمانی سویفت ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت بۆ په‌ره‌پێدان و داڕشتنی ئه‌پ بۆ سیسته‌مه‌كانی؛ Linux و Ubuntu و Unix. له‌م بابه‌ته‌شدا باسی گرنگرین هۆكاره‌كان ده‌كه‌ین كه‌ پاڵنه‌ره‌ بۆ فێربوونی زمانه‌كه‌.

  • به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمان داده‌نرێت بۆ په‌ره‌پێدانی ‌iOS:

زمانی Swift به‌هۆی گرنگی پێدانی زۆری لەلایەن ئه‌پڵه‌وه‌ وایكردووه‌ كه‌ باشترین ببێت به‌ یه‌كه‌م زمان كه‌ به‌ شێوازێكی باش ئەپی سیسته‌می iOS ـی پێ درووست بكرێت. هه‌رچه‌نده‌ زمانی Objective-C ـیش توانای درووستكردنی ئەپی هه‌یه‌ بۆ ‌iOS، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ وا ده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر سویفتدا لاواز ده‌ربكه‌وێت.

  • زۆرترین داخوازی كاری له‌سه‌ره‌:

یه‌كێكه‌ له‌ زمانه‌ جیهانییه‌كان كه‌ زۆرترین داخوازی له‌سه‌ره‌ و به‌رهه‌مه‌كانی زۆرین به‌كارهێنانیان هه‌یه‌، هەر ئه‌وه‌ وایكردووه‌ له‌ کاتی درووستبوونیه‌وه‌ تا ئێستا 1.530.000 هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیانی ئه‌مریكا درووست بكات.

  • خاوه‌ن به‌رزترین مووچه‌یه‌:

به‌پێی ڕاپۆرتێكی پێگەی indeed.com، زمانی سویفت خاوه‌ن به‌رزترین مووچه‌ی مانگانه‌ بووه‌ له‌ساڵی 2016 ه‌دا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ جۆرێك مووچه‌ی مانگانه‌ی هه‌ر گه‌شه‌پێده‌رێكی سویفت 115.000 دۆلار بووه‌.

  • ئاسان بۆ فێربوون:

یه‌كێک له‌ زمانەکانی پڕۆگرامکردنە كه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانیت فێری ببیت به‌ هۆی ئاسانی كۆده‌كان. به‌ كه‌مترین كۆد ده‌توانرێت باشترین پڕۆژه‌ی پێ درووست بكرێت.

  • ئاسان بۆ درێژه‌پێدان:

به‌هۆی هه‌بوونی ئه‌پڵیكه‌یشنێكی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ناوی Xcode، ده‌توانرێت به‌ ئاسانترین كۆده‌كان ڕه‌ن بكرێن و هه‌ڵه‌كان دیاری بکرێن، هه‌روه‌ها یارمه‌تیت ده‌دات له‌ ڕاستكردنەوەی هه‌ڵه‌كان، به‌مه‌ش به‌ كه‌مترین كات ده‌توانیت پڕۆژه‌كه‌ت ته‌واو بكه‌یت.

  • خێرا لە کارپێکردن:

ده‌توانین بڵێین یه‌كێک له‌ خێراترین زمانەکانی جیهانه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆمانده‌كانی ڕوون و ئاسانن، به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ 1.62 جار له‌ زمانی Objective-C خێراتره‌. وه‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت ماندوو ناكات له‌ كاتی كار كردنی كۆده‌كانت و به‌ زووترین كات کۆدەکان کار پێبکات.

  • به‌كارهێنانی كه‌مترین فراوانی RAM:

به‌هۆی ئەوەی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ به‌ ناوی Automatic Reference Counting كه‌ بریتییه له‌ ژماردنی سه‌رچاوه‌كان به‌شێوه‌ی خودکارانە، وا ده‌كات كه‌مترین فراوانی RAM بەکار بهێنێت و له‌ كاتی كارپێكردنی كۆده‌كان كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت خاو نه‌بێته‌وه‌.

  • گەشەپێدەرانی سویفت:

به‌هۆی زۆرینه‌ی ڕێژه‌ی به‌كارهێنانیه‌وه‌ له‌لایه‌ن گه‌شه‌پێده‌ران، بۆته‌ هۆی درووستبوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌وره‌ بۆ زمانه‌، كه‌ واده‌كات گه‌شه‌پێده‌ران به‌ یارمه‌تی یه‌كتر پرۆژه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن.

  • سویفت لە داهاتوودا:

به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌پڵه‌وه‌ درووست كراوه‌، كۆمپانیاكه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری ده‌كات. هه‌ر ئه‌مه‌ وا ده‌كات داهاتووت گه‌شتر بكات، دوور نییه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ببیته‌ كارمه‌ند یاخود ئه‌ندازیارێكی كۆمپانیای ئه‌پڵ.

  • پارێزراوه‌:

سویفت جه‌ختی له‌ ئاسایشی پارێزراوی گرتۆته‌وه‌، گه‌شه‌پێده‌ران به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانن كۆدێك له‌ ئه‌په‌كانیان به‌كار بهێنن كه‌ مه‌به‌ستیان بردنی داتای به‌كارهێنه‌ران بێت.

  • یه‌كێكه‌ له‌و زمانانه‌ی كه‌ سەرچاوە کراوە (Open Source)ـە:

به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ سه‌رچاوه‌كانی كراوه‌ن، توانای هه‌یه‌ كۆده‌كانی له‌ ناو هه‌ریه‌كه‌ له‌ سیسته‌مه‌كانی Linux و Unix و Ubuntu و Android ـدا به‌كار بهێندرێت.

  • لە پله‌ی باشترین زمانەکانی پڕۆگرامکردنە:

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێكه‌ له‌ نوێترین زمانه‌كانی تایبەت بە پڕۆگرامکردن، به‌ڵام توانی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ پلەی زمانه‌ كۆنه‌كان و پله‌ی ١٧ـه‌مین باشترین زمانه‌كانی جیهان بگرێت (به‌ پێی خشته‌یه‌كی TIOBE ڕێکەوتی ٧ی مانگی ٥ی ٢٠١٩ە).

سەرچاوەکان[دەستکاری]

https://kitn.net/babat/39824 ٧ی نیسانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

https://www.tiobe.com/tiobe-index/