کاتەگۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە دە کاتەگۆریەوە ڕەوانە کراوە)
کاتەگۆری
بەشێکە لەزانستی بوون
لێکۆڵینەوە لەلایەنلۆژیک، واتاناسی، مێتافیزیک

لە ئۆنتۆلۆجیدا، کاتەگۆرییەکان یان وتەزاکان[١] بەرزترین جنسەکان لە زنجیرەی جنسەکانن،[٢] کەوایە، بە بنچینەییترین و بنەڕەتیترین تێگەیشتەکان دەژمێردرێن. لێکۆڵین و چوون بە دوای کاتەگۆرییەکاندا بە مانای دەسنیشانکردنی بناخەییترین و بەربڵاوترین پۆلەکانی شتەکانە.[٣] بۆ ئەم مەبەستە، دەبێ بۆ ھەر کاتەگۆرییەک ئەوەی کە بە جیاوازیی ئۆنتۆلۆجیک ناسراوە دیاری بکرێ. لە ئەرەستوو بەم لاوە، گەلێ سیستمی جۆراوجۆری کاتەگۆری پێشنیار کراوە، لە زۆربەشیاندا کاتەگۆریگەلێک بۆ جەوھەر و عەرەز و پەیوەندی و بارودۆخ و پێشھات بەدی دەکرێن.[٤]

ئەرەستوو[دەستکاری]

یەکێ لە ھۆگرەتییەکانی ئەرەستوو لە سەرەتاوە سەرنجدان بە چۆنیەتیی دابەشبوونی دنیای سروشت بە سەر پۆلە جیاجیاکاندا بوو، بۆ وێنە چۆن ئەوەڵ لە پۆلێ وەک «گیانلەبەران» پۆلی «گیانلەبەرە دووپاکان» و، بە دوای ئەوە، پۆلی «گیانلەبەرە دووپا بێباڵەکان» جیا دەبێتەوە.[٥] ئەو پەی بەوە بردبوو کە پۆلەکان بەپێی چۆنایەتیگەلێک کە گیانلەبەرەکە ھەیەتی، وەک ژمارەی پاکانی و شێوەی ڕێگەچوونی، لە یەکتر جیا دەکرێنەوە. ئەرەستوو لە کتێبەکەیدا دەڵێ ھەر قسەیەک کە لە بارەی بابەتێکەوە بوترێ و ھەر سیفەت و تایبەتمەندییەک کە شیاوی ئەوە بێ بدرێتە پاڵی، دەچێتە ناو یەکێ لە دە پۆلی جیاوازەوە کە «دە کاتەگۆری»یان «دە وتەزا»یان «مەقوولاتی عەشر» -یان پێ دەوترێ:

«... ھەر یەک یان نیشانەی جەوھەرن یان چەندایەتی یان چۆنایەتی یان پەیوەندی یان لە جێگایەکدا بوون یان لە کاتێکدا بوون یان لە بارێکدا بوون یان دارا بوون یان کارێک کردن یان کارێک لەسەر کران»

ھەروا کە لەم بەندەوە دیارە، دە کاتەگۆرییەکەی ئەرەستوو بریتین لە:[٦]

  • جەوھەر، وەک ئەم ئەسپە، ئەم پیاوە
  • چەندایەتی، کە یان تەنراوە وەک سێ ڕۆژ، یان پساوە وەک سێ کوڵۆ قەند
  • چۆنایەتی، وەک سپی، ڕەش، داخ، شیرین، ڕاست، چەماو
  • پەیوەندی، وەک نیوە، دوو ھێندە، گەورەتر
  • جێ، وەک لە بازاڕێکدا
  • کات، وەک دوێنێ، پارەکە
  • بار، وەک دانیشتوو، وەستاو، پاڵکەوتوو
  • خاوەنایەتی، وەک پێڵاو لە پێ، چەکدار
  • کردن، وەک تیر ھاویشتن، فێنکەوکردن، گڕدان
  • کران، وەک ھاویژران، فێنک بوونەوە، گڕگرتن

بۆ نموونە، لە بابەت بەچکەپشیلەکەی پوورە ئامینەوە، کە خۆی جەوھەرێکە، دەتوانرێ ئەمانە بوترێ: دوو کیلۆیە (چەندێتی) و مێیە (چۆنێتی) و ھیی پوورەیە (پەیوەندی) و سەعاتی ۹ی بەیانی (کات) لە پاڵ کوانووەکە (جێ) بە کزکۆڵەیی (بار) و بە سکێکی پڕەوە (خاوەنایەتی) خەوتووە (کردن) یا خەوێنراوە (کران).[٧]

کانت[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ «وتەزا» لە ھەندێ فەرھەنگدا بەرامبەر بە «مقولة» -ی عەرەبی و «category» -ی ئینگلیزی بە کار ھاتووە. بۆ وێنە، فەرھەنگی زاراوەی ئەدەبیی نووسراوی بەختیار سەجادی و محەممەد مەحموودی کە ساڵی ۲۰۰۲ لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ بووە.
  2. ^ Thomasson, Amie (2019), Zalta, Edward N. (ed.), "Categories", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Summer 2019 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2022-04-16
  3. ^ Mcdaniel, Kris. "A Return to the Analogy of Being: A RETURN TO THE ANALOGY OF BEING". Philosophy and Phenomenological Research (بە ئینگلیزی). 81 (3): 688–717. doi:10.1111/j.1933-1592.2010.00378.x.
  4. ^ Borchert, Donald (2006). "Ontology". Macmillan Encyclopedia of Philosophy, 2nd Edition. Macmillan.
  5. ^ Aristotle Metaphysics 1075a
  6. ^ "The Project Gutenberg E-text of The Categories, by Aristotle". www.gutenberg.org. Retrieved 2022-04-18.
  7. ^ Woodfin, Rupert; Groves, Judy (2006). Introducing Aristotle. Translated by فیروزکوهی, محمد.